ڕاپۆرتی کوردستانی

11:54 - 17/09/2020

جه‌لال مه‌سۆیى: مه‌لا به‌ختیار قه‌ت نابێته‌ پیاوێكى گه‌وره‌‌

پەیسەر

جه‌لال مه‌سۆیى پێشمه‌رگه‌ى دێرین، باس له‌ كۆمه‌ڵێك رووداوى مێژوویى سه‌رده‌مى شاخ ده‌كات و وه‌ڵامى مه‌لا به‌ختیار ده‌داته‌وه‌و پێى وایه‌، مه‌لا سوكایه‌تى به‌ یه‌كێتى و سكرتێرى كۆچكردووى حزبه‌كه‌ش ده‌كات.

مه‌سۆیى ساڵى ١٩٨٠ بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرسى ده‌سته‌ى پاسه‌وانى نه‌وشیروان مسته‌فا بووه‌و چه‌ند ساڵ له‌ شاخ له‌گه‌ڵى بووه‌، سامان گه‌رمیانى به‌ به‌رپرسى ده‌سته‌ى پاسه‌وانى نه‌وشیروان مسته‌فا دیاریكردووه‌، مه‌سۆیى ده‌ڵێت:"یه‌كێتى له‌سه‌ر بنه‌ماى ره‌خنه‌و ره‌خنه‌ له‌ خۆگرتن دروست بووه‌، به‌ڵام قسه‌كانى مه‌لابه‌ختیار سوكایه‌تییه‌ به‌ هه‌موو پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان، به‌ مام جه‌لال كه‌ به‌رپرسى یه‌كه‌م بووه‌، ئه‌گه‌ر به‌ من بێت، مه‌لا به‌ختیار نابێت هه‌واى ئه‌م شاره‌ لێى بدات". 

ئه‌و فه‌رمانده‌ دێرینه‌ پێى وایه‌، سه‌رده‌مى شاخ خه‌ڵكى ئه‌وه‌نده‌ تینوى ئازادى بوون، هه‌ركه‌سێك رووى كردایه‌ته‌ شاخ خه‌ڵك دواى ده‌كه‌وت، به‌ڵام كه‌س شوێنى مه‌لا به‌ختیار نه‌كه‌وت، له‌ یه‌كه‌م رۆژه‌وه‌ ده‌ستى هێنا به‌ دڵیا كاك شه‌هاب شه‌هید كرا، ده‌ستى هێنا به‌ دڵیا كاك ئارام شه‌هید كرا، ده‌ستى هێنا به‌ دڵیا، ئازاد هه‌ورامى شه‌هید كرا، ده‌ستى هێنا به‌ دڵیا نه‌وشیروان مستەفا رۆیى و یه‌كێتى به‌ جێهێڵا".

ده‌شڵێت:"پێم شه‌رمه‌ ئێستا من باسى مه‌لا به‌ختیار ده‌كه‌م، چونكه‌ من مه‌لا بەختیار ده‌ناسم، مه‌لا به‌ختیار ره‌نگه‌ من نه‌ناسێت به‌ڵام من ئه‌و ده‌ناسم، ئه‌زانم چۆن پیاوێكه‌، ئه‌زانم چۆن پلێتێكه‌، ئه‌زانم چۆن مرۆڤێكه، مه‌لا به‌ختیار پیاوێكى سه‌رسه‌رى بووه‌و چاكبوبێت و خراپ بوبێت گوێى نه‌داوه‌تێ، به‌ڵام من به‌ڵێنى گه‌نجێتیم داوه‌ته‌ ئه‌م میلله‌ته‌،‌".

سه‌باره‌ت به‌ كه‌سێتى نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ شاخ مه‌سۆیى ده‌ڵێت:"به‌و خوێنه‌ى رژاوه‌ له‌ پێناو ئه‌م خاكى كوردستانه‌، شتم له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ببینیایه‌ له‌سه‌ر ئه‌م شاشه‌ى ته‌له‌فزیۆنه‌ ده‌م وت، ئه‌وه‌ى واقیعه‌ ئه‌وه‌ ده‌ڵێم چونكه‌ من پێشمه‌رگه‌ بووم، پێشمه‌رگایه‌تى زۆر گه‌وره‌ بوو ئه‌مانه‌ ناشیرینیان كرد، له‌كاتى مفاوه‌زات كه‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌هاته‌ شار خه‌ڵك به‌پیرییانه‌وه‌ ده‌هات، مه‌لا به‌ختیاره‌كان ناشیرینیان كرد، مه‌لا به‌ختیار گوناحه‌ هه‌واى ئه‌م كوردستانه‌ لێى بدات، وه‌ڵام حه‌قه‌ له‌ ریزى خائینه‌كان حسابى بۆ بكرێت".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه‌ ئه‌وه‌ى مه‌لا به‌ختیار ده‌یكات له‌ پێناوى چیدایه‌، جه‌لال مه‌سۆى پێى وایه‌، ئه‌وه‌ى ده‌یكات شه‌ڕى ئه‌وه‌یه‌ گه‌وره‌ببێت، به‌ڵام قه‌ت نابێت به‌ پیاوى گه‌وره‌‌، كارى ئه‌و ته‌واو بووه‌.

مه‌سۆیى باس له‌ قسه‌یه‌كى سه‌دام حسێن ده‌كات كه‌ كاتى خۆى وتویه‌تى، یه‌كێـى به‌ هه‌ندێك چه‌كى شڕ شه‌ڕى دوو ده‌وڵه‌وت ده‌كه‌ن، مه‌لا به‌ختیار له ‌سه‌رده‌مى شاخه‌وه‌ محاوه‌له‌ ده‌كات ببێته‌ شتێكى گه‌وره‌، به‌ڵام نابێته‌ شتێكى گه‌وره‌، بیكه‌نه‌ سه‌رۆكى یه‌كێتیش نابێته‌ پیاوێكى گه‌وره‌. 

سه‌باره‌ت به‌ مه‌لا به‌ختیار و شه‌ڕى شویعى ده‌ڵێت، مه‌لا به‌ختیار به‌شدار بووه‌ له‌ شه‌ڕى شیوعى له‌ قه‌ره‌داغ، به‌ڵام كاتى خۆى به‌هۆى رووداوێك دواى رێككه‌وتنى هه‌ردوولا، دوو فه‌رمانده‌ى گه‌وره‌ى یه‌كێتییان كوشت، له‌ كاتێكدا وه‌ره‌قه‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ بووه‌ له‌رێگادا ده‌هاتنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر سه‌رباز و شه‌ماڵیان نه‌كوشتایه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ش رووینه‌ده‌دا. 

"من خۆم به‌ چاوى خۆم رووداوه‌كانم بینیوه‌، بۆیه ‌خۆم پێ راناگیرێت و ده‌گریم، شێواندنى ئه‌م مێژووه‌ تاوانێكى گه‌وره‌یه‌"جەلال مەسۆیی وادەڵێت. باس له‌ یاده‌وه‌رییه‌كانى ئاوات قاره‌مانى ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ ٢٢ى هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ى مه‌لا به‌ختیار، ئاوات قاره‌مانى ده‌ڵێت، كابراى خاوه‌ن ماڵ له‌ گوند هاوكاریكردوون، به‌ مه‌لا به‌ختیار و ئاوات قاره‌مانى گوتووه‌، له‌نێو ئه‌م قامیشانه‌ مه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ تا جه‌یش ده‌ڕوات، به‌ڵام كه‌ سوپاكه‌ نامێنێت مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێت با بڕۆین، كابراى خاوه‌ن ماڵ ده‌ڵێت، نه‌م گوت له‌به‌ر سه‌لامه‌تیتان مه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، مه‌لا به‌ختیار پێى ده‌ڵێت:"بڕۆ جه‌بان". له ‌كاتێكدا كابراى خاوه‌ن ماڵ خزمه‌تى كردوون و پاراستوونى، ئه‌مه‌ش یاده‌وه‌یى ٢٢ كۆبته‌ره‌كه‌ى مه‌لایه‌.