ڕاپۆرتی کوردستانی

02:32 - 16/09/2020

نەوشیروان مستەفا بۆ سەركردەكانی ئاش: ئێوە بە خائین حوكم دراون، بەڵام وەك ئیلتیزامێكی ویژدانی حوكمی كوشتن لەسەرتان لادەبەم‌

پەیسەر

نەوشیروان مستەفا، رابەری نیوسەدە خەباتی گەلی كورد لە نامەیەكدا كە ئاراستەی مەلابەختیار و هاوڕێكانی كردووە لە كاتی ئاڵای شۆڕش بە وردی تیشكی خستووەتە سەر ئەو خیانەت و لادانانەی كە ئەنجامیان داوە لە نمونەی كاركردن وەك خەت مایل و پێدانی زانیاری لەسەر هاوڕێكانیان و شۆڕش، لەپاڵ ئەوەشدا دەڵێت وەك ئیلتیزامێكی ویژدانی و وەفایەكی برایەتی مەسئولیەتی ئەوەی گرتووەتە ئەستۆ كە حوكمی كوشتنیان لەسەر لابەرێت كە لەلایەن پلینیۆمەوە بەسەریاندا دراوە.

دەقی نامەكە:-

نامەی نەوشیروان مستەفا وەک بەڵگەی هەوڵی ئەو بۆ رزگارکردنی سەرکردەکانی ئاش لە حوکمی اعدام.
برایانی بەڕێز
کاک بەختیار
‎کاک پشکۆ
‎کاک شێخعەلی
‎سڵاوێکی گەرم

‎لەو دو جارەدا کە سەردانم کردن و لەو نامەیەدا کە بۆم نوسی بون بە راستی ویستم بە جۆرێک قسە بکەم کە ئێوە هەست بە برینداربونی شعور نەکەن و هەوڵم‌دا زۆر بە نەرمی و دیپلۆماسی هەمو مەسەلەکانی لە سەرتانە و ئەوەی ئێمەش ئەمانەوێ تێتان بگەیەنم، بەڵام پێ‌ئەچێ لە کارەکەم‌دا سەرکەوتو نەبوبم بۆیە بە پێویستم زانی لەم چەند نقطیە ئاگادارتان بکەم:

 

ئێوە لەلایەن پلینۆمەوە محاکەمە کراون و (تجریم) کراون

‎١. ئەم نامەیەتان پاش‌گەزبونەوەیە لە هەمو قسەکانی پێشو و ئاشتان لە ریزی یەکێتی‌دا داناوە و مەجالی ئەوەتان تێدا نەهێشتوەتەوە کە لە پاشەرۆژدا پێکەوە لەگەڵ ئەوان تێ‌هەڵچنەوە و پیاو بۆی هەیە ئەمەشتان وەکو قسە و ئیشەکانی ترتان بەرامبەر کۆمەڵە و یەکێتی بۆ حساب بکا.

‎٢. ئێوە لەلایەن پلینۆمەوە محاکەمە کراون و (تجریم) کراون، ئەگەر بڵێن خۆتان لەوێ نەبون، بەیان و بڵاوکراوە و نامە و نوسینەکانتان لەوێ بون، کردەوە و شایەتەکان و مدعی‌یەکان لەوێ بون و هیچ دیفاعێکی خۆتان دادی نەئەدان و دیفاعی هیچ محامی‌یەکیش لە تاوانەکەی سوک نەئەکردن. جا لەبەرئەوەی رەنگە واتان زانی‌بێ هەڕەشە یا بۆ ئیبتیزاز ئەوەمان کردبێ، حەز ئەکەم بیرتان بخەمەوە کە ئێوە بە (خائین) حوکم دراون بەرامبەر کۆمەڵە و یەکێتی و پێشمەرگە و شۆرش. ئەشزانن لەم قۆناغەدا یەکێک خائین بێ بەرامبەر بەو مفهومانە یعنی چی و رەئی خەڵک و تاریخ چی ئەبێ لەسەری، وا بە کورتیش (حیثیاتی) حوکمەکەتان بیر ئەخەمەوە کە هەر ٦٠ کادرە سیاسی و عسکری‌یە اساسیەکەی کۆمەڵە بە ناوی سەریحەوە ئیمزایان کردوە:

ئێوە وەکو خط مائل لە ناو کۆمەڵە و یەکێتی‌دا کارتان کردوە

‎١. ئێوە وەکو خط مائل لە ناو کۆمەڵە و یەکێتی‌دا کارتان کردوە، رێکخستنتان بە نیازی تێکدان و روخانی کۆمەڵە و یەکێتی و پێشمەرگە دروست کردوە لە ناو ریکخستنی کۆمەڵە و یەکێتی و پێشمەرگەدا.

‎٢. ئێوە بەهۆی بڵاوکردنەوەی نهێنی‌یەکانی شۆڕشەوە کە بە حوکمی مەسئولیەتە قیادی‌یەکانتان زانیوتانە جاسوسی‌تان بۆ دوژمن کردوە، ئەوەندی نهێنی‌تان زانیوە لە بڵاوکراوەکانتان دا بۆ ئێران و عێراق و جود و لایەنەکانی ترتان نوسیوە. جگە لەوەی ئەو ئەندام و لایەنگرانەی ئێوە، ئەوەی تەسلیمی عێراق و ئێران و جود بوە، هەرچی زانیوە وتویەتی مەگەر بۆ خۆی خراپ بوبێ.

‎٣. ئێوە بازرگانی‌تان کردوە بە ناوی شەهیدەکانەوە، سوێندی درۆتان بە گۆڕەکانیان خواردوە و مقابەلەی درۆتان بە ناوەوە دروست کردون، تەوھینتان پێ‌کردون و تربیەتی ئەندام و لایەنگرەکانی خۆیشتان بەم ئسلوبە کردوە.

‎٤. دوڕویی و دوزمانی و لیبرالیزم و هەلپەرستی و پیلانگێڕان و لە خشتەبردنی تێکۆشەرانتان بڵاوکردۆتەوە و ئەوەتان کردۆتە (قیم)ی سیاسی و اخلاقی حیزبی خۆتان.

‎٥. پەیوەندی‌تان کردوە بە دەوڵەت و لایەن و حیزبی بێگانەوە بۆ وەرگرتنی یارمەتی و پشتیوانی بۆ انشقاق و یاخیکردنی پێشمەرگە و تێکدانی ریزەکانی کۆمەڵە و یەکێتی و پێشمەرگە و معلوماتەکانی ئێمەتان بۆ مەبەستی خۆتان داوە بەوانە.

‎٦. بون بەهۆی روخاندن و سارکردنەوە و دانیشتنی سەدان کادر و پێشمەرگە و تەسلیم بونەوەیان بە عیراق و ئێران و رۆیشتنیان بۆ دەرەوە.

‎من ئەوەی لەسەرم بو وەکو ویژدانی خۆم و وەفای برایەتی و جۆرێک لە التزام بەرامبەر هەندێ کەس کردم

‎جا براینە نامەوێ زیاتری لەسەر بڕۆم، من ویستم سەبارەت بە موقعی خۆم و برایەتی و دۆستایەتی و هاوڕێ‌یەتی دەساڵی رابردو کارێک بکەم ئەو حوکمەتان لەسەر لاببەم بە جۆرێک لێ‌ی دەربچن کە نە ئێوە بەو دەردە بچن و نە منیش پرتە و بۆڵەم بێتەسەر.

خۆتان ئەزانن بۆ من لە ئەستۆگرتنی ئەو مەسئولیەتە واتە جێ‌بەجێ‌نەکردنی بڕیاری بەگشتی هەمو کادرەکان یەعنی چی، وە بۆ ئێوەش کە ئەو بڕیارەتان لەسەر لابچێ چی یەعنی چی و ئەبێ و چی بنوسن و چی بکەن و چی بڵێن.

‎من ئەوەی لەسەرم بو وەکو ویژدانی خۆم و وەفای برایەتی و جۆرێک لە التزام بەرامبەر هەندێ کەس کردم، ماوە ئێوەش بەشەکەی خۆتان بکەن، ئەگینا من لێ ی دەرچوم و هیچی تر قسەی هاوڕیکانم ناهێنمە سەر خۆم.

 

‎دوبارە سڵاو
‎واژۆی: نەوشیروان مستەفا
‎٥/٦ی ١ی ١٩٨٦

‎بۆ قسەکردن دەربارەی هەر قسەیەکی هەتانە کاک ابراهیم جلال خاوەن دەسەڵاتە. وەڵامتان بداتەوە و مەسەلەکانتان عائیدی ئەوە، برادەران هەر یەکەیان بەلایەکا رۆیشتون و هەرم من بە تەنیا لەم ناوەم، کاک برایم ئەزانێ برادەران بە چی رازی ئەبن.
‎واژۆی: نەوشیروان مستەفا