03:16 - 15/09/2020
نەوشیروان مستەفا: لە شۆڕشدا هیچكات نەمانویستووە زیان بە پرۆژە ئابوری و ستراتیژییەكانی كوردستان بكەوێت
نەوشیروان مستەفا، سەركردەی نیوسەدە خەباتی كورد لە تۆمارێكی ڤیدیۆیدا كە مێژووەكەی بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، تێڕوانینی خۆی لەبارەی پرۆژە ئابوری و ستراتیژییەكانی هەرێمی كوردستان لە سەروبەندی شۆڕشدا دەخاتەڕوو و رایدەگەیەنێت كە هیچكات نەیانویستووە زیان بە پرۆژە ئابوری و ستراتیژییەكانی هەرێمەكە بگەیەنن.
هەر لەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا كە تەواوی دەقەكەی دەست پەیسەرپرێس كەوتووە و لەگەڵ پسپۆڕان و مامۆستایانی زانكۆ و كەسانی ئەكادیمیدا گفتوگۆ دەكات، رەوانشاد دەڵێت: ئەو شەڕەی لەگەڵ حكومەتی مەركەزی كردوومانە بۆ ئەوەبووە ئابوری وڵاتەكەمان ببوژێنینەوە.
هەر لەو تۆمارەدا رەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوان گروپێكی بێ دەسەڵات نەبوون و زۆرجار داوایان لێكراوە كە هەندێك دامەزراوەی ئابوری هەبوون لە كوردستان تێكی بدەن، بەڵام هیچكات ئامادەنەبوون شتی وا بكەن و بە پێچەوانەوە لە شۆڕشدا هەوڵدراوە كارگەكان، شوێنە پیشەسازییەكان، رێگاوبانەكان، پردەكان، بەنداوەكان پارێزراوبن و زیانی ئابوری بەر كوردستان نەكەوێت.