ڕاپۆرتی کوردستانی

12:24 - 14/09/2020

مەلا بەختیار پیاوی پرۆژە شكستخواردووەكان‌

پەیسەر

هێندە شكستی هێناوە كە بەپیاوی شكستەكان ناسراوە، لەهەر پرۆژەیەكی سیاسی بوبێت یان پرۆژەكە شكستی هێناوە یان خۆی سەركەوتوو نەبووە.

حكمەت محەمەد كەریم ناسراو بە مەلابەختیار لەساڵی 1954 لەدایك بووە و وەك خۆی دەڵێت لە حەفتاكانی سەدەی رابردووەوە تێكەڵاوی سیاسەت بووە، لە چەند قۆناغێكدا بەهۆی شەهیدبوونی ژمارەیەك لە سەركردەكانی كۆمەڵە و لەسێدارەدانی بەشێكی تریان دەرفەتی ئەوەی بۆهاتە پێشەوە ببێت بەسەركردە، بەڵام هەر جارە و پرۆژەیەكی سیاسی جێدەهێڵێت و پرۆژەیەكی نوێ رادەگەیەنێت، كە شكستیش دەهێنێت خەت رەجعی پەیرەو دەكات و دەگەڕێتەوە.

مەلابەختیار و كۆمەڵەی رەنجدەران
دوو فاقی لە سەرەتای كاری سیاسی مەلا بەختیاردا
مەلابەختیار  10ی حوزەیرانی ساڵی 1970 پەیوەندی بە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە دەكات و دەبێت ئەندامی كۆمەڵە، ئەوەش لەكاتێكدابوو كە چەند مانگێك بوو كۆمەڵە دامەزرابوو، بەڵام دواتر و ساڵی 1974 بەبێ ئەوەی واز لەكۆمەڵە بهێنێت پەیوەندی بە شۆرشی ئەیلولەوە دەكات بەرابەرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و تا ئاشبەتاڵی شۆرشی ئەیلول لەناو شۆرش دەمێنێتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی پەیرەوی ناوخۆ هەر كەسێك مافی ئەندامیەتی لە یەك حزبی سیاسیدا هەیە.

مەلا بەختیار و كۆمەڵە
حكمەت محەمەد ساڵی 1975 لەناو كۆمەڵەی رەنجدەراندا وەك ئەندامی سەركردایەتی دیاری دەكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی وەك هاورێكانی دەڵێن پابەندی بڕیارەكانی سەركردایەتی نابێت و دەیەوێت، بۆچوونەكانی بەسەر شۆرشدا بسەپێنێت، بەهۆیەوە لەلایەن سەركردایەتی یەكێتی و كۆمەڵەوە سنوری بۆ دادەنرێت، سەر ئەنجام لەساڵی 1983 وە پلان بۆ جیابونەوە لە كۆمەڵە و یەكێتی دادەنێت و ئامادەكاری و زەمینە سازی بۆ دروستكردنی حزبێكی سیاسی نوێ دەكات تا لەساڵی 1985 بڕیاری جیابونەوە لەكۆمەڵە و یەكێتی و دروستكردنی ئاڵای شۆرش رادەگەیەنێت.

لەكۆنگرەی یەكەمی یەكێتی بەشداری ناكات
بەهۆی ئەوەی لە ریزەكانی یەكێتی و كۆمەڵە دەردەكرێت مەلابەختیار بەشداری كۆنگرەی یەكەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناكات كە لە 27/1/1992 لە سلێمانی دەستی بەكارەكانی كرد و دوای دوو رۆژ گوازرایەوە بۆ هەولێر، و 17 رۆژی خایاند، لەو كۆنگرەی كە مەلابەختیار و هاورێكانی بەشدارنەبوون كۆتایی هات بە ناكۆكی و دەستگەری و كوتلە و كوتلە بازی و ئاژەوە گێری و كۆمەڵەی رەنجدەران و یەكێتی شۆرشگێران لە چوارچێوەی یەكێـتی نیشتمانی كوردستان یەكیانگرت.

مەلابەختیار و حزبی زەحمەتكێشان
لەدوای راپەرینی بەهاری ساڵی 1991 وە مەلا بەختیار دەچێتە ریزەكانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و دەبێتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە، لەكاتی پێكهێنانی كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێم حزبی زەحمەتكێشان وەزیری كشتوكاڵ و ئاودێری پێدەدرێت و مەلابەختیاریش داوا دەكات ئەو بكرێت بە وەزیر بەڵام قادر عەزیز سكرتێری حزبی زەحمەتكێشان خۆی پۆستەكە وەردەگرێت و بەهۆیەوە مەلا بەختیار بڕیار دەدات واز لە زەحمەتكێشان بهێنێت.

مەلا بەختیار و گەرانەوە بۆ ناو یەكێتی
لەدوای بێ ئومێد بوونی لە حزبی زەحمەتكێشان مەلا بەختیار دەیەوێت بە ئاڵای شۆرشەوە بگەڕێتەوە ناو یەكێتی نەك هەر خۆی بەتەنها بەمەش دەیەوێت لەرێگەی بەكارهێنانی هاوڕێكانیەوە پۆستێكی بالا لەناو یەكێتی بۆ خۆی وەربگرێت، ئەوەبوو ساڵی 1993 كۆنگرەی ئاڵای شۆرش دەبەستێت و ناوی حزبەكەی لە ئاڵای شۆرشەوە دەگۆڕێت بۆ كۆمەڵەی سۆسیالیستی كوردستان و هاوینی هەمان ساڵیش بڕیار دەدات بگەڕێنەوە ناو یەكێتی و ئاڵای شۆرشی هەڵوەشاندەوە.

مەلا بەختیار و سەرۆك كۆماری
ساڵی 2018 مەلا بەختیار داوای لەیەكێتی كرد كاندیدی بكەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری بەڵام بەهۆی ئەوەی بڕوانامەی پۆلی سێیەمی ناوەندی نەبووە و بڕوانامە زانكۆیەكەشی لە زانكۆیەكی سوید بەدەست هێناوە كە لەلایەن وەزارەتەكانی خوێندنی باڵای هەرێم و عێراقەوە دانی پێدانەنراوە، لەترسی ئاشكرابوونی بڕوانامەی  ساختە و دان پێدانەنراوەكانی لەلایەن دەستەی دەستپاكی عێراقەوە، یەكێتی ناوێرێت كاندیدی بكات و پێی وایە لەكاتی ئاشكرابوونی فەزیحەیەكی گەورەی بەسەردا ساخ دەبێتەوە، بەهۆیەوە بەرهەم ساڵح كاندید دەكەن و مەلابەختیاریش بڕیاردەدات بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی حزبەكەی نەكات.

مەلابەختیار و پرۆژە بۆ كۆنگرە
رۆژی 20/7/2019 مەلابەختیار لە سلێمانی پرۆژە بۆ كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەی رادەگەیەنێت و وێنەیەكیش دەداتە كەناڵەكانی راگەیاندن، حكمەت لە كاتی راگەیاندنی پرۆژەكەیدا دەڵێت ئەگەر پرۆژەكەی لەكۆنگرە پەسەند نەكرێت ئەوە بە ئاسانی پرۆژەی تر قبوڵ ناكات، بەڵام نەك هەر پرۆژەكەی قبوڵ نەكرا، تەنانەت نەخرایە بەرنامەی كۆنگرە و یەك خولەكیش بۆ تەرخان نەكرا و مەلابەختیاریش وەك هەموو پرۆژە شكست خواردووەكانی تری قبوڵی كرد و بووە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای یەكێتی.

مەلا بەختیار و خولیایی سەرۆك كۆماری
مەلابەختیار هەموو هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی لەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا پارتی دیموكراتی كوردستان پشتیوانی بكات بۆ ئەوەی كاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری و بۆ ئەوەش ئەوەی پارتی و بارزانی بیانەوێت ئەوە دەكات، بەڵام پێناچێت یەكێتی ئەمجارەش داواكاریەكەی حكمەت پەسەند بكات.