ڕاپۆرتی کوردستانی

06:02 - 13/09/2020

مەلا بەختیار ئاو بە ئاشی كێدا دەكات؟‌

پەیسەر

لەداوی بڵاوبوونەوەی چاوپێكەوتنێكی مەلا بەختیار لە كەناڵی ڕووداو، گومان و دوودڵییەكان لە بارەی هەندێك لە لاپەڕەكانی مێژووی حیزبی و كەسی زیاتر چەكەرەیان كردووە، ڕووداو بۆ قسەكردن لەسەر كتێبێك بانگهێشتیان كردووە كە لەم چەند رۆژەی داهاتوودا دكەوێتە بازاڕ، گەرچی كوردسات و گەلی كوردستان كە دوو ئۆرگانی فەرمی و نافەرمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانن، و مەلا بەختیاریش بە فەرمی پێی گوتوون كە بانگی بكەن و لەسەر كتێبێكی چاوپێكەوتنی لەگەڵ بكەن، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە، هەرچەندە نازانرێت بۆچی وەڵامیان نەداوەتەوەو لە هەمان كاتدا تەلەفزیۆنی ڕوداوو بانگهێشتیان كردووە، ئەوەش پێدەچێت گومانی زۆرتر هەڵبگرێت، كاتێكیش ئەو گومانە تۆختردەبێتەوە كە زۆرینەی چاوپێكەوتنەكەو پرسیارەكان ڕووبەرێكی زۆری بۆ هەندێك پرسیار تەرخان كردبووگكە پەیوەستە بە نەوشیروان مستەفاوە، ئەوە لە كاتێكدا كە خودی مەلا بەختیار باس لەوە دەكات هەموو ئەو بابەتانەی لە دوو توێی كتێبەكەیدا باسی كاك نەوشیراون –سەردەمی یەكێتی- كردووە ناچێتە 30 لاپەڕە.

گەرچی خۆشی لە سەرەتاو ناوەڕاست و كۆتایی چاوپێكەوتنەكەدا باس لەوە دەكات كە ئەوشتانە لە غیاب و نەمانی هەردوو سەركردە –مام جەلال و كاك نەوشیروان- ەوە سەرچاوەیان نەكرتووە، بەڵام سەرجەم گومانەكان دەچنە ڕیزی ئەو خانەیەوە، هەرچۆنێك بێت بۆ وردبوونەوەی زیاتر لەو چاوپێكەوتنە، نە پەنا بۆ كتێبە مێژوییەكان دەبەین، و نە پەنا بۆ هەلدانەوەی لاپەرەكانی شۆڕش و كەسێتی مەلا بەختیار دەبەین، بەڵكو هەر لەڕێی وتەكانی خۆیەوە هەندێك هەڵوێستە دەكەین.

وەك مەلا بەختیار خۆی باسی دەكات چەندین پێشنیارو ڕەخنەی هەبووە و پێشكەشی كردووە، بە حیزبەكەی . بەڵام بە قسەیان نەكردووە، دەبێت خۆی و خەڵكیش ئەو پرسیارە وەڵام بدەنەوە كە بۆچی بە قسەی نەكراوە؟

 ئەو كاتێك دێتە سەر بابەتەكە دەڵێت: من و ئەوان و ساڵێكی دیكە مەرحەبایی یەك دەكەینەوە. ئەوەش دۆخی خراپی حیزبەكەی لە ئێستادا شرۆڤە دەكات.
پرسیار ئەوەیە لە ماوەی ئەو ساڵەدا كە دێتە پێشەوە چی ڕوو دەدات وا یەكێتی بەرگەی ناگرێت و پەنجەی پەشیمانی دەگەزن بۆ ئەوەی بە قسەی مەلا بەختیاریان نەكردووە؟ یان ئەوەیە پلانێكی ژێر بەژێریی هەیەو ئەو ئاگادارەو سەركردایەتی و سەرۆكەكانی یەكێتی ئاگادارنین، یان بە دیوێكی دیكەدا بایەخ بەو جۆرە گۆڕانكارییانە نادەن و باكیان نیە چی دێتە پێشەوە، ئەوە دەبێت وەڵام بدرێتەوە.

لە بەشێك لەو چاوپێكەوتنەدا تەرخان كراوە بۆ ئەوەی مەلا بەختیار نەچووەتە پێشەوەو هەوڵدراوە بۆ ئەوەی لە كۆنگرەو كۆنفراسەكانی كۆمەڵە دەرنەچێت.
وەك خۆی دەڵێت: نەك هەر كاك نەوشیراون بەڵكو زۆر هەبوون لەوانەی كە ناڕازیی بوون بۆ ئەوەی مەلا بەختیار دەربچێت، ئەوەش جێگەی پرسیارە، بەڵگەكان چی بوون. هۆكارەكان چی بوون؟ پرسیار ئەوەیە ئایا متمانەیان بە تواناو بڕواو هەڵس و كەوتەكانی نەبووە. یان هۆكار چیی بووە؟ ئەوەش دەبێت دوو لایەنە وەڵام بدرێتەوە بەتایبەتی ئەوانەی كە ڕێگربوون – بەحساب- لە  هاتنە پێشەوەی مەلا بەختیار.

مەلا بەختیار كە دێتە سەر كۆتا كۆنگرەی حیزبەكەی باس لەوە دەكات: لەناو كۆنگرە هەموو دەرگاكانی گفتوگۆ داخران، برادەرانی ئامادەكاریی كۆنگرە لە پشتی پەردەوە لە گەڵ كۆمەڵێك خەڵك ڕێككەوتبوون كە بەو شێوەیە تێی پەڕێنن، تێیان پەڕاندو پیرۆزیان بێت، مەلا بەختیار جگە لە ڕاكێشانی پەنجەی تاوان بۆ ئامادەكارانی كۆنگرەی یەكێتی ڕادەكێشێت و لە هەمان كاتیشدا باسی ئەو كەسانەی پشتی پەردە ناكات كێن، ئەوانەن كە لەناوخۆی یەكێتیدان یان لە دەرەوە؟ لەكاتێكدا ئەو دەڵێت شانازی دەكەم كە خۆمم هەڵنەبژارد.

یەكێك لەو ڕەخنانەی كە هەیەتی لە سەر ئەدا ئێستای حیزبەكەی ئەوەیە تا دەسەڵاتی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندی سیاسی یەكێتی تا ئێستا لەسەر دەسەلاتەكانی گفتوگۆ هەیە، فەراغی هاوسەنگی لەناو یەكێتی ، فەراغی ناهاوسەنگی لەبەرامبەر پارتی و گۆڕان و ولاتانی ئیقلمیمش. تاوانی ئەوەش دەگەڕێنیتەوە بۆ كەمتەرخەمی و گوێ پێنەدانی كۆسرەت رەسووڵ .

لە لایەكی دیكەشەوە باسی ئەو سەركردایەتیە نوێیەی یەكێتی دەكات و بە جۆرێك لە بێبایەخكردنەوە دەڵێت: كە 76 ئێمە پێشمەرگە بووین ،. ئەو 120 كەسە هیچیان پێشمەرگە نەبوون، ئیمتیحانیان دەكەین هیچیان لە مێژووی یەكێتی دا دەرناچن، چوون ئاگایان لە حیزبەكەش نیە. كەك دەڵێت: كەسانێك لەم كۆنگرەی دواییدا دەرچووە بۆ سەركردایەتی حەرەسی من بووە، هی وا دەرچووە فەزاحەتی وای هەیە پیاو ڕووی نایە باسی بكات. زێوانی قەبرەكەی مام جەلالیش خۆی دەداتە قەڵەم.
لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستانەوە. وەك مەلا بەختیار باسی دەكات بە بڕیاری كام نەوشیروان بووبێـت. و لەبەرژەوەندی مام جەلال. بەڵام هەر كەمێك لە دوای ئەو قسانە خۆی لە زاری مام  جەلالەوە دەڵێت : كۆمەڵە خۆیان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان داوە، بەویژدانەوە دەیڵێم  مام جەلال ناوی كەسی نەبردووە، ئەوەش بۆچوونەكەی مەلا بەختیار لاوازتر دەكات لەوە هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵە بڕیاری تاكەكەس بووبێت، ئەوە جگە لەوەی كاك نەوشیراون بە ڕوونی وەڵامی ئەو پرسیارانەی داوەتەوە.

ئەوانەی كە ڕەخنەی مەلا بەختیاریان كردووە، و لەسەر هەلوێست و وتارەكانی قسەی خۆیان هەبووە، مەلا بەختیار وەك پارێزەرێكی ڕای ئازادو پرۆسەی دیموكراسیەت بە موبتەزەل ناوییان دێنێت، پرسیار ئەوەیە ئەوانەی كە مەلا بەختیار بە موبەتەزەل ناویان دەهێنێت و بە شایانی ئەوەیان نازانێت وەڵامیان بداتەو كێن؟ لە هەمان كاتیشدا دەڵێت مێشێك میوانم نییە، ئەو لە بەرامبەر ڕەخنەكانی كێدا مێشێك میوانی نیە؟ لە كاتێكدا بۆ نوسین و بۆچوونی هەندێكی دیكە بە شێوزاێكی هەڕەشە ئامێزەوە دەڵێت: ئەگەر ئەوانە بیانەوێت مێژوو بشێوێنن یان بوختانم بۆ دروست بكەن چ لەسەر شەخسەكان و چ لەسەر سیاسەتی یەكێتیش ئەوەی نەمگوتووە لەم كتێبەدا لەمەوداوا دەیڵێم، بۆیە گومانی زۆر لەسەر ئەوەیە ئەو جۆرە كەسانە لەناوخۆی یەكێتیدا بن و بیانەوێت وەڵامێكی بدەنەوە.. هەربۆیە ئەم بۆچوونە دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی ئەگەر گۆڕانگاریش لە ڕووداوەكان دا نەكرابێت خاتری و خۆتری گیراوەو هێشتا بە ڕاستگۆیی دۆخەكەی هەڵنەسەنگاندووە.

بۆ ڕاستی و دروستی ئەوەی ئەو كتێبە بە مەبەست نوسراوە بە ئاشكرا دەڵێت: زۆر شتم پەردەپۆش كردووە ، زۆر بابەتم شاردووەتەوە، زۆر بەڵگەنامەم لایەو بڵاوم نەكردووەتەوە، خاتریم گرتوون.

مەلا بەختیار لە كاتێكدا كە بەرپرسیارێتی باڵای هەبووە زانیویەتی ئەو هەموو خراپەكارییە بەرامبەر خەڵك دەكرێت و دزی وفزی دەكرێت و بەر پرسەكان لە نەوتەوە تا جەوت دەبەن، ژێر زەمینەكانیان پڕبووە لە فەردە دۆلار، پرسیار ئەوەیە لەكوێیان بووەو چۆن پەیدایان كردووەو چۆن لەكاتی خۆیدا –جگە لەقسە- ئیجرائاتێكیان نەكردووە. ئەوە لە كاتێكدایە كە دۆخی میللەت بە یەكێك لە ژێرزەمینەكانی بەرپرسانی حیزبەكەی چارەسەر دەكرا، ئەی بۆچی لە ئێستادا ئەوە دێنێتەوە یاد، پرسیارێكی دیكەش ئەوەیە ئاخۆ ژێرزەمینی ماڵی ئەویش فەردە دۆلاری تێدا هەبووە یان نە؟.

مەلا بەختیار ئەوەش ناشارێتەوە كە ئێستای هەرێمی كوردستان هێشتا شەڕی مەلایی و جەلالی تێنەپەڕاندووە، بە ڕاشكاوانە دەڵێت بەڵێ هێشتا تارمایی ئەو مێژووە بەسەرمانەوەیە. لە شۆڕشی ئەیلوولدا دەیان كەس لە سەر نامووس كوژراون. لە نێو یەكێتیش ئەوانە كراوە.

مێژووی خوێناوی یەكێتی و پارتی لە زاری مەلا بەختیارەوە وا باس دەكرێت كە ڕێكخراوە جیهانیەكانیش یەكێتی و پارتییان بە حیزبی دیل كوژ ناو هێناوە، لەكاتێكدا كە مەلابەختیار وەك خۆی دەڵێت مام جەلال پشتیوانی لە تاوانی كوشتنی پێشمەرگەیەكی شیوعی كردووە كە بە برینداریی خستویانەتە ناو گونیەیەكەوەو بەردێكیشیان خستوەتە ناوی بۆئەوەی زووتر نوقم ببێت.

 بۆ ئەو مەبەستە مە لا بە ختیار دەڵێت : لەناو یەكێتی دا زۆر بوون پیاوكورژ، زۆربوون دیل كوژ.
یەكێك لە پرسیارەكان كە لێی دەكرێت دەڵێت: ئەوەی كە لە بەرامبەر من و ئاڵای شۆڕش كراوە، قەت، هەرگیز لە بیرم ناچێتەوە ئەمە سایكۆلۆژیای نوسینی ئەو بابەتەیە كە مەلا بەختیار لە دوتوێی كتێبەكەی و چاوپێكەوتنەكەی باسی دەكات.

چاوپێكەوتنەكە كات و شوێنی جێگەی گومانی زیاتر هەڵدەگرێت و دەبێت چاوەڕێش بكرێت تا كتێبەكەی بەناوی – لە بری بیرەوەریی – دەكەوێتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی لەبارەیەوە قسەی زانستی و مێژوویی لەسەر بكرێت.

بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەبارەی چۆنیەتی دروست بوونی یەكێتی و كۆمەڵەی ڕەنجدەران و نامەكەی مام جەلال كە لەلایەن كاك ئارامەوە كراوە بە كوردی و نهێنیەكانی ئەو قۆناغە كلیك لەسەر ئەم بەستەرە بكەن.

ئه‌و وتاره‌ی بووه‌ به‌ردی بناغه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی‌