ڕاپۆرتی کوردستانی

01:32 - 11/09/2020

ئه‌و پڕۆژه‌ گرنگانه‌ى له‌سه‌رده‌مى پادشایه‌تى بۆ سلێمانى كران‌

پەیسەر

له‌ سه‌رده‌مى پادشایه‌تى و له‌ په‌نجاكانى سه‌ده‌ى رابردوو له‌ عێراق ئه‌نجومه‌نى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ دامه‌زرا، ئابوورى عێراق گه‌شه‌ى به‌رچاوى به‌خۆوه‌ بینیبوو، به‌راورد به‌ وڵاتانى ناوچه‌كه‌، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بناغه‌ى چه‌ندین پرۆژه‌ى ستراتیژیى و پڕ بایه‌خى دانا، كه‌ هه‌ندێكیان تا ئێستاش بوونه‌ته‌ كۆڵكه‌یه‌كى به‌هێزى ئابوورى عێراق. تا ئێستاش عێراق جگه‌ له‌و پڕۆژانه‌ى سه‌رده‌مى پادشایه‌تى پرۆژه‌ى ستراتیژى دوور مه‌وداى وا گه‌وره‌ى به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌.

چه‌ند ساڵێك دواتر عێراق به‌ جۆرێك گه‌شه‌ى به‌خۆوه‌ بینیى، زۆرینه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى كوه‌یت، داوایان ده‌كرد وڵاته‌كه‌یان بخرێته‌ سه‌ر عێراق. 

هه‌ندێك له‌ پرۆژه‌ گه‌وره‌و گرنگه‌كانى سه‌رده‌مى پادشایه‌تى، به‌ر سلێمانى كه‌وت، پرۆژه‌كان له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستاش وێنه‌یان نه‌بووه‌و له‌ شاره‌كه‌ هیچ حكومه‌تێك بناغه‌ى پرۆژه‌ى ئابوورى و ستراتیژى دوورمه‌وداى له‌ شاره‌كه‌ دانه‌ناوه‌، ئه‌و پرۆژانه‌ سلێمانییان كرده‌ بووكى عێراق، هه‌زاران هه‌لى كاریشیان ره‌خساند بۆ خه‌ڵك و شاره‌كه‌ بووه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌هێزى ئابوورى وڵات، تا چه‌ندین ساڵ دواتر و هه‌ندێك له‌ پرۆژه‌كان تا ئێستاش بایه‌خێكى زۆریان بۆ ئابوورى و كشتوكاڵى عێراق و هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌. هه‌ندێكیشیان بێ هیچ شوێنگره‌وه‌و پرۆژه‌یه‌كى نوێ له‌ جێگایان، پوكانه‌وه‌.

كارگه‌ى جگه‌ره‌ى سلێمانى

نه‌دیم پاچه‌چى ساڵى ١٩٥٦ وه‌زیرى ئابوورى، له‌سه‌ر بنه‌ماى بڕیارى ئه‌نجومه‌نى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ بڕیاریدا به‌ راده‌ستكردنى ته‌نده‌رى پرۆژه‌ى كارگه‌ى جگه‌ره‌ى سلێمانى، به‌ كۆمپانیاى هاونى ئه‌ڵمانى، دواى ئه‌وه‌ى له‌ ٢٥-١٠-١٩٥٦  كه‌مكردنه‌وه‌ى ئاشكراى بۆكرا، پرۆژه‌كه‌ به‌ گوژمه‌ى ٣٩٠ هه‌زار ٧٥٠ دینار و ٧٧٥ فلس ده‌ستیپێكرد، له‌گه‌ڵ ٢٧ هه‌زار و ٦٩٥ دینار و ١٥٨ فلس، بۆ ئامێرى یه‌ده‌گ و ئامێرى دانان و رێكخستن.

كارگه‌كه‌ له‌ چوار به‌شى سه‌ره‌كى پێكده‌هات، جگه‌ له‌ كارگێڕى، سیسته‌مێكى هه‌وایى تایبه‌تى هه‌بوو (ئه‌یر كۆندێشن) پێنج شوێنى تایبه‌تى به‌ ئاماده‌كردنى توتن هه‌بوو هه‌ریه‌كێك له‌وانه‌ى چوار هه‌زار كیلۆ تۆتنى له‌ خۆ ده‌گرت له‌ رۆژێكدا، هه‌روه‌ها ئامێرى تایبه‌تى هه‌بوو بۆ پاككردنه‌وه‌ى توتنه‌كه‌ له‌ دڕك. چه‌ندین ئامێرى دیكه‌ى پێشكه‌وتووى تێداتبوو. 

كارگه‌كه‌ هه‌شت شوێنى به‌رهه‌مهێنانى له‌خۆده‌گرت، هه‌ر یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ شه‌ش هه‌زار و ٦٠٠ جگه‌ره‌ى له‌ یه‌ك خوله‌كدا به‌رهه‌مده‌هێنا، وه‌ چوار ملیۆن جگه‌ره‌ى رۆژانه‌ به‌رهه‌مى گشتى كارگه‌كه‌ بوو، له‌ ٢٤  كاتژمێردا  ١٦كاتژمێر كارى ده‌كرد. 

كارگه‌ى جگه‌ره‌ى سلێمانى ٥٠ مه‌كینه‌ى تایبه‌تى هه‌بوو بۆ دروستكردنى پاكه‌ت و قوتوى جۆراوجۆر ده‌یفرۆشته‌وه‌، ئه‌م كاره‌ به‌ شێوه‌یه‌كى ئۆتۆماتیكى به‌ڕێوه‌ده‌چوو. 

كارگه‌ى جگه‌ره‌ى سلێمانى له‌سه‌ر رووبه‌رى چوار هه‌زار و ٢٠٠ مه‌تر چوار گۆشه‌ بنیاتنرا، به‌ ته‌نیشت كۆگاى توتنه‌وه‌، كارگه‌یه‌كى پاشكۆى هه‌بوو بۆ چاكسازى و خۆپاراستن له‌ نیكۆتین، ماوه‌ى بنیاتنانى كارگه‌كه‌ ١٩ مانگ بوو. 

كارگه‌ى جگه‌ره‌ى سلێمانى، چێشتخانه‌ى تایبه‌تى هه‌بوو بۆ كرێكاران و هۆڵى كۆبوونه‌وه‌و په‌خشكردنى سینه‌ما و  شانۆ. كارگه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ به‌ڵێنى دا بۆ ماوه‌ى ساڵێك سه‌رپه‌رشتى كاركردنى كارگه‌كه‌ بكات و بۆ ماوه‌ى ١٨ مانگیش راهێنان به‌ چه‌ند كه‌سێك بكات، له‌سه‌ر ئامێره‌كان.

به‌نداوى دوكان

له‌ ساڵی ١٩٥٤ مه‌لیك فه‌یسه‌ڵى دووه‌م به‌ردى بناغه‌ى به‌نداوى دوكانى دانا، له‌ حوزه‌یرانى ساڵى ١٩٥٩ كاركردن له‌ به‌نداوه‌كه‌دا ته‌واوبوو، پرۆژه‌كه‌ به‌ كوالێتییه‌كى به‌رز و به‌ربه‌ستێكى كۆنكرێتى به‌هێز دروستكراوه‌، به ‌به‌رزى ١١٦،٥ مه‌تر دروستكرا، تواناى هه‌ڵگرتنى شه‌ش ملیار و ٨٠٠ ملیۆن مه‌تر چوار گۆشه‌ ئاوی هەیە، جگه‌ له‌وه‌ش سه‌رچاوه‌یه‌كی نایاب و ده‌گمه‌نى و‌زه‌ى كاره‌بایه‌، كه‌ له‌ سه‌رەتادا پێنج یه‌كه‌ى گه‌وره‌ى وزه‌ى له‌ خۆ ده‌گرت، كه‌ هه‌ر یه‌كێك له‌وان ٨٠ مێگاوات كاره‌باى ده‌دا.  تێچووى به‌نداوه‌كه‌ ١٤ ملیۆن دینارى عێراقى بوو. 

لە بناغەی ئەم بەنداوەدا مەلیک فەیسەڵ فلسێکی عێراقی دانا وەک ھێمایەک بۆ ئەو سەردەمە کە بچووکترین دراوی ئەوسەردەمە بوو، درێژی بەنداوەکە ٢٦٠ مەترە. بەرزییەکەی لە ئاستی ڕووی دەریاوە ٥١٦ مەترە. رێڕه‌وى تایبه‌تى هه‌یه‌ بۆ كاره‌با و بۆ ئاودێرى به‌ جیا. 

به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان

یه‌كێكى دیكه‌ له‌ كاره‌كانى ده‌سته‌ى بنیاتنانه‌وه‌ى عێراق، دروستكردنى به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان بوو، چه‌ند ساڵێك لێكۆڵینه‌وه‌ كرا تا گونجاوترین شوێنیان له‌ عێراق بۆ ئه‌م به‌نداوه‌ دۆزییه‌وه‌، ساڵى ١٩٥٥ گرێبه‌ستى دروستكردنى ئه‌نجامدراو كۆمپانیای هارزاى ئه‌مه‌ریكى پرۆژه‌كه‌ى جێبه‌جێكرد و  لە ٢٣-١١-١٩٦١ به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان به‌ فه‌رمى كرایه‌وه‌. 

بەرزیی به‌نداوه‌كه‌ ١٢٨ مەترەو پانییەکەی لە بنەوە ٥٠٠ مەترە و لە سەرەوە ١٧ مەترە، درێژییەکەی ٥٣٥ مەترە، توانای گلدانەوەی (٣ ملیار م٣) یە، ئێستا به‌هۆى ته‌مه‌نییه‌وه‌ تواناى گلدانه‌وه‌ى كه‌مبووه‌ته‌وه‌ بۆ  بۆ (٢٫٥٧ ملیار م٣)، بەرزترین ئاستی کارپێکردنی لەڕووی دەریاوە ٤٨٥ مەترە، بەنداوەکە سێ یەکەی کارۆ ئاوی بەکارھێنانی کارەبایی لەسەرەو توانای ھەریەکەیان ٨٣ مێگاوات كاره‌بایه‌. لە بەرزترین ئاستی بەنداوەکەدا، ٣ دەرچەی ئاودێری لەسەرە ھەریەکەیان (١٧٥ م٣ لە چرکەیەکدا) ئاوی پێدا تێپەڕدەبێت، کە لەکاتی پێویستدا ئاو بۆ خوارووی بەنداو بەربدرێتەوە، ٣ کەناڵی زیاد ئاوی (سپیڵ وەی) ھەیە کە لەوەرزی لافاودا توانای تێپەڕاندنی (١٩٠٠م٣ یە لە چرکەیەکدا)، بۆ ھەریەکەیەکیان کە لەوەرزی لافاودا بۆ کردنە دەرەوەی ئاوی زیادە بەکار دەھێنرێت.

كارگه‌ى رستن و چنین

له‌ ٢٩-٣-١٩٥٨ ئه‌نجومه‌نى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، ره‌زامه‌ندى ده‌ربڕى له‌سه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌كى كۆمپانیاى ساتا كاتاى یابانى، بۆ دامه‌زراندنى كارگه‌یه‌كى رستن و چنینى خورى له‌ سلێمانى و رستنى لۆكه‌ له‌ شاره‌زوور، هاوكات لیژنه‌ى كڕیارى سه‌رپشك كرد، بۆ كڕینى ئامێرى چنین و ٨٠ئامێرى رستن كڕدران، كارگه‌كان به‌رهه‌مێكى باشى قوماشیان هه‌بوو ژماره‌یه‌كى زۆر هه‌لى كاریشى ره‌خساندبوو.

جوتیارانى ناوچه‌كه‌ش كه‌ رێژیه‌كى باش لۆكه‌یان به‌رهه‌م ده‌هێنا بازاڕى خۆیان بۆ دروست بوو.