12:36 - 10/09/2020
ئەرشیفی بەعس لە كوردستانەوە چۆن گەیشتە ئەمریكا؟
ماوەیەك بەر لە ئێستا ئەرشیفی ڕژێمی پێشووی عێراق لە ئەمەریكاوە
گەڕێنرایەوە عێراق، بە پێی بۆچوونە سەرەتاییەكان زانیاری گرنگی تێدایە، لەگەڵ
ئەوەشدا پرسیارگەلێكی زۆری لەبارەی ناوەڕۆكەكەیەوە وروژاندووە، بۆ چی نەتواندرا سەدام
و رژێمەكەی لە سەر كۆمەڵكوژیی كورد لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو دادگای بكرێن؟ ئەم
راپۆرتە زانیاری وردی تێدایە لەو بارەیەوە...
رژێمەكەی سەدام ئەرشیفێكی گەورە لە كوردستان جێهێشت
سوپای سەدام حوسێن دوای كشانەوەی لە باشوری كوردستان لەساڵی 1991 ئەرشیفێكی
گەورەی جێهێشت كە بەڵگەی تاوانەكانی دژی كوردیان لەخۆگرتبوو، بەڵام وەكپێویست
سوودیان لێوەرنەگیرا، هەرزوو ژمارەیەك سەركردەی سیاسی و سەربازی گوتیان چەند هەزار
بەڵگەنامەیان دەستكەوتووە، بەڵام پێویستیان بە ڕێكخستنەوەیە، ئەوە 29 ساڵ بەسەر
ئەو ڕووداوەدا تێپەڕدەكات و سەدام حسین لە سێدارەدراو حیزبی بەعسیش بووە یەكێك لەو
حیزبانەی خۆریان لەسەر كورسی دەسەڵات ئاوا بووە، بەڵام هێشتا ئەو ئەرشیفە
نەكراوەتە ئەرشیفێكی نیشتیمانی و ئەگەر ڕاست بێت هەشبێت وەك موڵكی كەسی سەیركراوە،
سەرەڕای ئەوەش دەكرا لەڕێگەی كەسیشەوە سوودێكیان هەبێت بەڵام ئەوەش نەكرا، هۆكاری
ڕاستەقینەی ئەو دۆخە چییە؟ پێویستە وەڵامێك هەبێت ..
ئەرشیفی كوردی
ئەرشیفی حزبی بەعس دەكرێت بەدوو بەشەوە، ئەوەی لەساڵی 1991 وە دەستی
بەسەرداگیرا و تێیدا ئەرشیفی كورد و كوەیت لەخۆ دەگرێت، و بەشێكی تری ئەرشیفی ساڵی
2003، كە ئەرشیفی ئەمریكی و سەركردەكانی هەرێمی و ئەرشیفی یەهودی لەخۆ دەگرێت.
مەبەست لە ئەرشیفی كوردی یان ئەوەی دەستەواژەی " كۆمەڵێك زانیاری
باكوری عێراق" ی بۆ بەكاردەهێندرێت، هەموو ئەو بەڵگەنامانەن كە كورد لەدوای تێكشكانی
رژێمەكەی سەدام لە جەنگی یەكەمی كەنداو دەستی كەوتووە لە مانگی ئازاری ساڵی 1991 وە
لەدوای سەرهەڵدانی راپەرین لە 14 پارێزگای عێراق لەكۆی 18 پارێزگا، لەپێناوی
رزگاربوون لەدەسەڵاتەكەی سەدام حوسێن لە باكور و ناوەراست و باشوری عێراق.
راپەرینەكە لەشاری رانیەی كوردستانەوە دەستی پێكرد لە رۆژی 5ی ئازاری
ساڵی 1991 و بەخێرای پارێزگا كوردیەكانی تری وەك سلێمانی و هەولێر و دهۆك و كەركوكی
گرتەوە، بەخێرایی دانیشتوانی ئەو ناوچانە گەمارۆی لقەكانی حزبی بەعس و بنكەكانی پۆلیس
و ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و ئەشكەنجەدانی سەر مخابەراتیاندا.
و پێشمەرگەكانی یەكێتی نیشتمانی بەرابەرایەتی جەلال تاڵەبانی و پارتی
دیموكرات بە رابەرایەتی مەسعود بارزانی و گروپە بچوكەكانی تر چوونە ناو كەركوك و هەندێك
جاریش شەڕی قورس ڕووی دەدا، و شەرەكە بە كشانەوەی دوا پاشماوەی رژێمی بەعس كۆتایی
هات و خەڵكی راپەڕیوو 18 تۆن ئەرشیفی حزبی بەعسیان دەست كەوت و بردیان بۆ حەشارگەكان
لە شاخەكان، پێش ئەوەی هێزەكانی سەر بەسەدام بتوانن خۆپیشاندانەكان سەركوت بكەن، كە
بەهۆیەوە 1،5 ملیۆن هاوڵاتی كوردی بڕیاریاندا كۆرەو بكەن بۆ ناوچە سنوریەكانی توركیا
و ئێران.
نارەحەتی كورد پاڵی بە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیەوە
نا كە ناوچەی دژە فڕین لە كوردستانی عێراق دروست بكەن بۆ ئەوەی ئاوارەكان بتوانن
بگەڕێننەوە بۆ ناوچەكانیان، بۆ ئەوەی پارێزراو بن لە هێرشە سەربازیەكانی رژێمی سەدام،
سەرئەنجام بەهۆی دەستوەردانی دەرەكی كە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردی بڕیاری
ژمارە 688ی پەسەند كرد لە 5ی نیسانی ساڵی 1991 كە یەكەم بڕیاری لەو شێوەیە بوو بە
دروستكردنی ناوچەی دژە فڕین و ناوچەی دابڕاو بۆ مەبەستی مرۆیی بە كشانەوەی هێزە وشكانیەكانی
عێراق لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 1991، ئەوەش كار ئاسانی كرد بۆ دروستكردنی حكومەتی
هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992.
گرنگی بەڵگەنامەكان بەلای كوردەوە
گرنگیدانی كورد بەو بەڵگەنامانە بۆ دیاریكردنی و ناسینەوەی ئەو كەسانە
بوو كە هەواڵیان بە دەزگا ئەمنیەكانی رژێمی سەركوت كەری عێراقی داوە، بەتایبەتیش دەزگای
هەواڵگری سەربازیی، بەڵام بەخێرایی دركیان بە گرنگی بەڵگەنامەكان كرد، بەوپێیەی بەڵگەی
گرنگیان تێدا بوو لەسەر كۆمەڵكوژی كورد، لە پرۆسەی ئەنفال كە لەلایەن عەلی حەسەن مەجید
كوڕی مامی سەدام حوسێنەوە سەرۆكایەتی دەكرا، ئەنفال ترۆپكی ئەو تاوانانە بوو كە پرۆسە
سەربازیەكان لەنێوان ساڵانی 1987-1989 بەبیانوی سزادانی كورد بەهۆی هاوپەیمانیەتیان
لەگەڵ ئێران لەماوەی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران-
عێراق ئەنجامدران، پرۆسەكە بە ڕووبەڕووبونەوەی یاخیبووەكان و گێرانەوەی خاكی باكوری
عێراق وەسف كرا، بەخێرایی ژمارەیەكی زۆری تاوانی دژی مرۆڤانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی
بەعسەوە ئەنجامدران كە بەهۆیەوە دەیان هەزار كورد كوژران و ئەشكەنجەدران، ئەم بەڵگەنامانە دەرفەتێكیان
دروستكرد بۆ ئەوەی بەو تاوانانە ئەوانەی تێوەگلاون ببرێنە دادگای نێودەوڵەتی بەپێی
رێككەوتنی ساڵی 1948ی نەتەوەیەكگرتووەكان سەبارەت بەكۆمەڵكوژی.
بە پاڵپشتی لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا و
دیك چینی وەزیری بەرگری ئەو كاتەی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا، پیتەر گالبرێس دیبلۆماتكاری
ئەمریكی رێگەی پێدرا گفتوگۆ بكات لەگەڵ كورد بۆ گواستنەوەی ئەو بەڵگەنامانە بۆ ویلایەتەیەكگرتووەكانی
ئەمریكا، بەمەبەستی كۆكردنەوەیان و شیكردنەوەیان لەڕووی ئەمنیەوە، یەكێتی نیشتمانی
كوردستان ساڵی 1992 رەزامەندی پیشاندا لەسەر گواستنەوەی ئەو بەڵگەنامانەی لەلایەتی
بۆ ئەمریكا، لەسەر ئەو بنەمایەی كە دان بەوەدابنرێت كەهی كوردن، ئەم مەرجە لەلایەن
پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی سۆسیالیستی كوردستانیشەوە سەپێندران بۆ گواستنەوەی
بەڵگەنامەكان، لەساڵی 1993 بەڵگەنامەكان گەیشتنە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا.
لەسەر بنەمای شیكردنەوە و كۆكردنەوەی بەڵگەنامەكان و رزگاربووەكان رێكخراوی
هیومان رایتس ۆۆچ لەنێوان ساڵانی 1992-1994 گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە رژێمی سەدام
تاوانی دژە مرۆڤایەتی مەترسیداری ئەنجامداوە، لەناو ئەو تاوانانەش كۆمەڵكوژی هەیە.
بەهۆی ئەو بەڵگەنامانەوە ئۆپۆزسیۆنی عێراق كە ئەو كاتە لەژێر چەتری كۆنگرەی
نیشتمانی عێراقی بوون گرنگی زۆریان دا بەوەی بتوانن سەدام و سەركردەكانی تری بەعس
دادگای بكەن، لەو چوارچێوەیەدا لە مانگی ئازاری ساڵی 1993 ئەحمەد چەلەبی بانگهێشت
كرا بۆ كۆبونەوە لەگەڵ مارتن ئەندیك راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لە ئیدارەكەی
بیل كلینتۆن، بابەتی كۆبونەوەكە هەوڵەكان بوو بۆ دادگایكردنی سەدام و رژێمەكەی بەشێوەی
غیبابی، لەدادگایەكی نێودەوڵەتی كە بۆ ئەو مەبەستە دادەمەزرێت.
سەرباری پاڵپشتی ئەمریكا بۆ پێكهێنانی ئەو دادگایە بەڵام رێكخراوی هیومان
رایتس ووچ سەركەوتوو نەبوو بەهۆی دوو كێشەوە یەكێكیان پەیوەندی بە خودی تۆمارەكانەوە
هەبوو كە بەڵگەی پێویست نەبوون بەجۆرێك سێیەكی بەڵگەنامە دەستخراوەكان پەیوەندیان
بە رۆتیناتی ئیداریەوە هەبوو وەك خانەنشینكردن و بەرزكردنەوەی پلە و هەندێك پرسی
تر، دووەمیش بەهۆی ئەوەی رێكخراوەكە نەیتوانی پاڵپشتی هیچ كام لە وڵاتانی ئەوروپا
بۆ پرۆژەكە مسۆگەر بكات.
ناوەندێكی لێكۆڵینەوە
لەسەر ئەو بەڵگەنامانە كەنعان مەكیە پرۆژەی عێراقی بۆ لێكۆڵینەوە و بە
بەڵگەنامەكردنی دامەزراند لەساڵی 1992 لە زانكۆی هارڤار، بەمەبەستی پاراستنی بەڵگەنامەكانی
كورد و كوەیت و پۆڵینكردنیان و شیكردنەوەیان پاشان بڵاوكردنەوەیان لەرێگەی ئینتەرنێتەوە،
دوای بڵاوكردنەوەی بەڵگەنامەكان بەخێرایی لایانبرد بەهۆی ئەوەی بەشێكیان تایبەتمەندیان
هەبوو.
بۆچی بەڵگەنامەی پێویست نەخرایە ڕوو
رێكخراوی هیومان رایتس ووچ پێی وایە كەمی بەڵگەنامەكان پەیوەندی بەوەوە
هەبوو كە حزبە كوردیەكان رێگەیان نەدا بەشێك لە بەڵگەنامەكان كە پەیوەندیداربوون بەو
كەسانەی هەواڵیانداوەتە بەعس بگوازرێنەوە بۆ ئەمریكا هەروەها بەشێك لە بەڵگەنامەكان
خرانە ژێر گڵ یان سوتێندران لە نزیك سنورەكانی ئێران، ئەگەری ئەوەش هەیە بەشێك لەو
بەڵگەنامانە بەبێ مەبەست لەناوچووبن لەكاتی گواستنەوەیان لەناوچەكانی شەڕ، گومانی
ئەوەش دەكرێت سوپای ئەمریكا بەشێك لە بەڵگەنامەكانی شاردبێتەوە.
بۆ ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە سود لە راپۆرتێكی ماڵپەری درج وەرگیراوە
كە لەلایەن جەمال العمیدی نوسەر و لێكۆڵەری عێراقیەوە ئامادەكراوە.