12:30 - 09/09/2020
بەغداد مەرجی دەستوریی و یاسایی دادەنێت بۆ رێككەوتن لەگەڵ هەولێر
حكومەتی عێراق جەخت دەكاتەوە كە پێویستە ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد بەپێی بەند و بڕەگە و مادە دەستوریەكان چارەسەربكرێت، ئامادەش نییە لەدەرەوەی دەستوور هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیمزا بكات.
هەروەك بەغداد بڕیاریداوە كە هێڵەكانی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد بگوازرێتەوە بۆناو پرۆژەبودجەی ساڵی 2021ی عێراق.
دواین پێشهات
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، خاڵە هاوبەشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد زیاترن لەو خاڵانەی مایەی ناكۆكین، بەڵام حكومەتی عێراق مەرجی سەرەكی ئەوەیە كە هەر رێككەوتنێك بكرێت لەنێوان هەولێر و بەغداد دەبێت یەكانگیربێت لەگەڵ بەند و ماددە دەستورییەكانی دەستوری عێراق، هەروەك دەیەوێت رێككەوتنەكە بەرگێكی یاسایی هەبێت بۆ ئەمەش وەفدی حكومەتی ناوەندی بە وەفدی هەرێمی كوردستانیان راگەیاندووە كە هێڵە ستراتیژییەكانی رێككەوتنی هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند دەگوازنەوە بۆناو پرۆژەیاسای بودجەی 2021 لەو رێگەیەشەوە دەیەوێت جۆرێك لە رەزامەندی پەرلەمانی و چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ رێككەوتنەكە دروستبكات.
حكومەتی عێراق: بەرپرسیارین بەرامبەر هاوڵاتیانی كورد
وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت بەغداد بەرپرسیارە بەرامبەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، رێككەوتنی ئەم دواییانە لەنێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كراوە و بەندەكانی ئەو رێككەوتنە و ئەنجامەكەی ئەوەیە، كە دەوڵەت لە بەرامبەر هاووڵاتییانی كورد بەرپرسیارە.
داواشی لە هەرێمی كوردستان كرد كە بەپێی بڕگە و بەندە دەستورییەكان كێشەكانیان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی چارەسەر بكەن.
بە وتەی مەلا تەڵاڵ، سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رێككەوتوون گفتوگۆكان بەردەوام بێت، بۆئەوەی هەموو ئاستەنگییەكان چارەسەربكرێن و هەردوولا پابەندی پابەندبوونە دەستوورییەكانیان بن و دەستوور دەبێتە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنە.
بەغداد مەرجی هەیە
یەكێكی دیكە لە هێڵەكانی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغداد باسكردن بووە لە مەرجەكانی بەغداد بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان.
پەیسەرپرێس زانیویەتی كە وەفدی حكومەتی عێراق بە وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان راگەیاندووە، ئەوان بەر لەوەی باس لە هیچ یەكێك لە خاڵ و بەندەكانی رێككەوتن بكەن لەگەڵ هەولێر، مەرجیان ئەوەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی رێككەوتنەكە بێت، چونكە نەیانشاردووەتەوە كە بەغداد جۆرە نیگەرانییەكی هەیە بەرامبەر پابەندنەبوونی هەولێر بە رێككەوتنەكانەوە.
پێشتریش بەغداد و تەنانەت خودی سەرۆك وەزیرانی عێراق نەیشاردبۆوە كە قەیرانی متمانە هەیە لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەنددا.
لە سەردانەكەیدا بۆ بەغداد كە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا بوو، لە پەراوێزدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدابوو، پەیسەرپرێس لەكاتی خۆیدا بڵاویكردەوە كە لەو كۆبوونەوەیەدا بەغداد بێ متمانەیی خۆی بە هەولێر گەیاندیبوو بە سەرۆكی هەرێم و لە كۆبوونەوەكەدا مستەفا كازمی وەك ئاماژەدان بە نەبوونی متمانەی بەغداد بە پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە رێككەوتنەوە وتوبووی: "گرنگە متمانەی نێوان هەردوولا بونیاد بنرێتەوە و پێشتر كەموكوڕی هەبووە"، هیواشی خواستبوو كە جارێكی دیكە بە تێڕوانینێكی نوێی هاوبەشەوە هەوڵ بدرێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان.
هەرێمی كوردستان چی دەڵێت؟
دوای گەیشتنی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆك وەزیران و ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ وەفدی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی وەزیری دارایی، وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیران لە لێدوانێكی میدیایدا ئاشكرای كرد كە بڕیاردرا لیژنەی تایبەتمەند و لاوەكی دروست بكرێن بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان لەبارەی پرسەكانی؛ نەوت و گاز، شایستە داراییەكان، كارەبا، دەروازە سنوورییەكان و قەرزەكان.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لیژنەی تایبەتمەند و لاوەكی دروست بكرێن بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان لەبارەی پرسەكانی؛ نەوت و گاز، شایستە داراییەكان، كارەبا، دەروازە سنوورییەكان و قەرزەكان. چاوەڕوان دەكرێت ئەم لیژنانە ئەنجامی بەدواداچوون و گفتوگۆكانیان لەبەر رۆشنایی بڕگە و ماددەكانی دەستووری عێراق بخەنە بەردەستی شاندی باڵای هەردوولا بۆ ئەوەی رێككەوتنیان لەبارەوە بكرێت.
هەورامی ئاماژە بەوەشدەكات كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی دەربڕیوە بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق سەبارەت بە پرسی داهاتی نەوتی و نانەوتی و داهاتی دەروازە سنوورییەكان.
ئەگەرچی ئێستا هەمووان دەڵێن دانوستانەكان لە ئەنجامی باش نزیكبوونەتەوە، بەڵام بەرای چاودێران هێشتا ناتوانرێت دڵنیاییان لێ بەدیبكرێت، بەوپێیەی كە ئەم سەردانەی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد ئەڵقەیەكی زنجیرەیەك سەردانی پێشترە كە تا هەنوكە هیچی وای لێ سەوز نەبووە، هەروەك مشتێكە لە خەرمانی سەدان سەردان و كۆبوونەوەی بەرپرسان و نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی چەند كابینەی رابردووی حكومەتی ناوەندیدا كە هیچ ئەنجامێكی نەبووە و هەمووجارێك وەفدەكان هاوشێوەی ئێستا وتویانە نزیكین لە رێككەوتن و ئەنجامی باش، بەڵام لە واقیعدا ئەوەیە كە بەدرێژایی 6 ساڵی رابردوو هەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوام لە تەشەنوجی پەیوەندیدا بوون و بەردەوام هەردوولا یەكتریان تۆمەتباركردووە و سەرئەنجامەكەشی قەیرانی دارایی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و بێ مووچەیی و لێبڕین و پاشەكەوتی مووچەی مووچەخۆران بووە.