ڕاپۆرتی کوردستانی

11:27 - 08/09/2020

حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت مووچەی ناشایستە ببڕێت؟‌

پەیسەر

قۆناغێكی دیكەی بایۆمەتری مووچەخۆران لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات، لەكاتێكدا لە قۆناغی یەكەمی پرۆسەكەدا هەزاران ناوی دووبارە و نایاسایی لە لیستی مووچەخۆراندا ئاشكرابوو بەبێ‌ ئەوەی هیچ رێكارێك بگیرێتەبەر، كە بەپێی هەندێك سەرچاوە، نزیكەی نیوەی كۆی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مووچەخۆری بندیوار و نایاسایی و نا شایستەن.

قۆناغی دووەمی بایۆمەتری
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێگری سەرۆكی حكومەت سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی لیژنەی باڵای بایۆمەتری كردووە و لە لە‌ كۆبوونە‌وە‌كەشدا گفتوگۆ لە‌بارە‌ی دە‌ستپێكردنە‌وە‌ی جێبە‌جێ كردنی قۆناغی دووەمی بایۆمە‌تری كراوە بە ‌ئاڕاستە‌‌ی بە‌رجە‌ستە‌كردنی حكومە‌تی ئە‌لیكترۆنی بە‌ سودوە‌رگرتن لە ‌تە‌كنە‌لۆژیای زانیاری لە ‌بە‌ڕێوە‌‌بردنی دامودە‌زگاكانی حكومە‌ت و فراونكردنی پرۆگرامە‌كە‌ تا بوارە‌كانی تریش بگرێتە‌وە‌.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، لە كۆبوونە‌وەكەدا‌ بڕیاردراوە لیژنە‌یە‌ك پێكبهێنرێت بۆ بە‌ردە‌وامیدان بە‌ پاككردنە‌وە‌ی لیستی مووچە‌خۆران و یە‌كلا‌كردنە‌وە‌ی فرە‌مووچە‌ی نایاسایی پشتبە‌ستوو بە‌ یاسایی چاكسازی. بۆ ئە‌و مە‌بە‌ستە‌ش فە‌رمانگە‌ی هەماهەنگی و بە‌دواداچوون و فە‌رمانگە‌ی تە‌كنە‌لۆژیای زانیاری و وە‌زارە‌تی دارایی راسپێردران بە‌م ئە‌ركە‌ هەستن.

لە قۆناغی یەكەمی بایۆمەتریدا چی روویدا؟ 
پێش دەستپێكردنی تۆماری بایۆمەتری لە ساڵی 2016 ، ژمارەی مووچەخۆرانی حكومەت زیاتر لە ملیۆنێك و 400 هەزار كەس بوو كە 95 هەزاریان خوێندكاری زانكۆ بوون و پێشتر دەرماڵەیان لە حكومەت وەردەگرت.
سەفین غەفوور، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری تۆماری بایۆمەتری لە سەروبەندی قۆناغی یەكەمی پرۆسەكەدا لە لێدوانێكی میدیایدا وتی،  ئەو 95 هەزار خوێندكارەی زانكۆ لە لیستی مووچەخۆرانی حكومەت دەرهێنراون، جگە لەوان 50 هەزار كەسی دیكەش دەرهێنران. ئێستا بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتری، حكومەت ملیۆنێك و 259 هەزار مووچەخۆر و فەرمانبەری هەیە.
هەر بە وتەی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بایۆمەتری، لە قۆناغی یەكەمدا پرۆژە 3 ملیار دیناری تێچووە و خەرجی تۆماركردنی هەر مووچەخۆرێك لەو قۆناغەدا 700 دیناری عێراقی بووە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان.

نیوەی مووچەخۆران تێبینییان لەسەرە
بەپێی قۆناغی یەكەمی بایۆمەتری مووچەخۆران، حكومەتی هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 259 هەزار مووچەخۆر و فەرمانبەری هەیە بەڵام لەو ژمارەیە بە دانپێدانانی بەرپرسانی سیاسی هەرێمی كوردستان 650 هەزار موچە خۆری بندیوارە، و موچەی مانگانەیان نزیكی چوارسەدو پەنجا ملیۆن دۆلارە.

بەپێی ژمارە فەرمییەكان:-
كۆی گشتی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان 1.255.323 (یەك ملیۆن و دووسەد و پەنجاو پێنج هەزار و 323) مووچەخۆرن

لەو ژمارەیە
كارمەندی مەدەنی = 430.231 (چوارسەد و سی هەزار و دووسەد و سی و یەك) مووچەخۆر
سەربازی = 217.979 (دووسەد و حەفدە هەزار و نۆسەد و حەفتا و نۆ) مووچەخۆر
پۆلیس و ئاسایش = 104.699 (سەد و چوار هەزار و شەشسەد و نەوەت و نۆ) مووچەخۆر
خانەنشین = 246.269 (دووسەد و چل و شەش هەزار و دووسەد و شەست و نۆ) مووچەخۆر
دەستەبەری كۆمەڵایەتی = 159.158 (سەد و پەنجا و نۆ هەزار و سەد و پەنجا و هەشت) مووچەخۆر
شەهیدان = 96.937 (نەوت و شەش هەزار و نۆسەد و سی و حەوت) مووچەخۆر.


بەمپێیەش ئێستا لە هەرێمی كوردستان بارتەقای مووچەخۆرەكانی حكومەت، مووچەخۆری بندیوار و نایاسایی هەن جا لە سلكی شارستانی یان سەربازی یان خانەنشینیدا بن.

لەلایەكی دیكەوە لە ساڵی 2017 و لە سەروبەندی كۆتایهاتنی قۆناغی یەكەمی سیستمی بایۆمەتریدا، هیوا ئەفەندی، سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیاو زانیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە میدیاكانی راگەیاند: لە كۆی 800 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر كە زانیاریەكانیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆماركراوە و ئێمە سەیری  داتاكانمان كردووە 95 هەزار مووچەخۆر دووبارەن واتا دوو مووچە و سێ مووچەیان هەیە و چەندجارێك تۆماركراون.
ئاماژەی بەوەشدا، لە رێگەی تیمێكی تایبەتی قانونی بەدواداچوون بۆ ئەو ناوە دووبارانە دەكرێت، وتیشی: "ئەو تیمە بڕیار دەدات كە مووچە دووبارەكان یاساین یان نایاسایی، چونكە هەیە فەرمانبەرە و هەیە مووچەی وارسی شەهیدانی هەیە، بەڵام هەیە مووچەكەی نایاساییە، بۆیە زانیاریەكان شی دەكرێنەوە و بڕیاریان بۆ وەردەگرێت".

بەڵام هەنوكە 3 ساڵ بەسەر كۆتایهاتنی پرۆسەكە و ئاشكرابوونی ناوی دووبارە و وەهمی و نایاسایی لەناو تۆماری مووچەخۆراندا تێپەڕیوە، بەڵام وەك پێویست هیچ لێپێچینەوەیەك نەكراوە، ئیدی نازانرێت قۆناغی دووەمی بایۆمەتری كە دەستپێدەكات چ هەنگاوێك بەدوای خۆیدا دەهێنێت.