03:31 - 05/09/2020
كورد داواكارییەكی تایبەتی هەیە لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق
هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تا دێت لەمپەڕی زیاتری لەبەردەمدا دروستدەبێت، لە ناوخۆدا كورد و سوننە و بەشێك لە شیعەكان لەدژی وەستاونەتەوە و لە دەریشەوە جگە لە ئێران توركیاش هاتووەتە سەرهێڵ و پێیوایە یاسای پێشنیاركراوی هەڵبژاردن رێژەی دەنگی توركمانەكان دەخاتە مەترسییەوە.
كورد دەیەوێت جیاواز بێت
تا ئێستا یەكێك لەو بڕگانەی لە دواین رەشنوسی یاسای هەڵبژاردندا هەیە تایبەتە بە بازنەكانی هەڵبژاردن، چونكە لە رەشنوسی یاساكەدا بازنەكانی هەڵبژاردن بەپێی ژمارەی دانیشتوان دابەش دەكرێت و بەشێوەی فرەبازنەیی دەبێت، بۆ ئەمەش بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە جیاوازەكان داوادەكەن كە هەڵبژاردنەكە هاوشێوەی یاسای پێشوو بازنەكانی هەڵبژاردن دابەش بكات و عێراق یەك بازنە بێت.
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، لە دواین پێشهاتدا لە هەرێمی كوردستانەوە پەیام نێردراوە بۆ بەغداد و پێشنیاركراوە كە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ئیستیسنای تێدا بكرێت و ئەگەر لە پارێزگاكانی دیكەش بازنەكان بەسەر ناوەند و قەزاكاندا دابەشبكرێن لە هەرێمی كوردستان بە یەك بازنەیی ئەنجام بدرێت، بەڵام تا ئێستا لایەنی عێراقی نە پێشنیارەكەی رەتكردووەتەوە و نە پەسەندیشی كردووە.
توركیا ناڕازییە
تا ئێستا ئەوەی كە دیاربووە كۆماری ئیسلامی ئێران دڵخۆش نەبوو بەو هەڵبژاردنە پێشوەختەی كە بڕیار دراوە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا ئەنجام بدرێت و بە پرۆژەیەكی ئەمریكی و خۆرئاوای دەزانی، بەڵام ئێستا توركیاش هاتووەتە ناو هاوكێشەكەوە و بەپێی زانیارییەكان توركیا نایەوێت هەڵبژاردن لە ئێستادا لە عێراق بكرێت، لە ئەگەری كردنیشیدا نایەوێت فرەبازنە بێت و مەترسی هەیە كە دەنگی توركمانەكان بەتایبەت لە كەركوك و نەینەوا پەرت ببن و نەتوانن بگەنە كورسی پەرلەمانی یان رێژەیەكی زۆر كەمی كورسی بەدەستبهێنن، چونكە لە هیچ قەزایەك توركمان ناتوانێت زۆرینەی دەنگەكان بهێنێت و كورسی قەزاكە بۆ خۆی مسۆگەر بكات.
لە عێراقیش نەیاری زۆرە
بەشێوەیەكی گشتی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق نەیاری لە یار زیاترە، جگە لە دەرەوەی خاكی خۆی لەناو خاكی عێراقیشدا بەشێك لە لایەن و پێكهاتەكان دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختن، ئەوەش لەكاتێكدا كە خودی بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەڵوەشانەوەی كابینەی پێشووی حكومەت بەهۆی ناڕەزایی شەقام و خۆپیشاندانەكانی ناوەراست و خوارووی عێراقەوە بوو، بەڵام لە ئێستادا بەشی زۆری گروپە شیعییەكان بەتایبەت ئەوانەی كە دەوترێت لە تارانەوە نزیكن بە ئاشكرا دەڵێن كە خوازیاری هەڵبژاردن نین بەو شێوە بڕیارلێدراوە و هەندێكیان بە مەترسی لەسەر پێگەی سیاسی خۆیانی دەزانن، بەتایبەت كە باس لەوە دەكرێت مستەفا كازمی هاوپەیمانێتییەكی سیاسی بۆ بەشداری هەڵبژاردنەكان دروستبكات و هاوسەنگی ناو ماڵی شیعی و شێوازی دابەشبوونی نفوزی سیاسی لە ناوچە شیعەنشینەكان بگۆڕێت.
هەڵبژاردنی پێشوەخت چییە؟
شارەزایانی بواری هەڵبژاردن تێڕوانینی جیاوازیان بۆ مەفهومی هەڵبژاردنی پێشوەخت هەیە، بەوپێیەی چەمكێكی وا لە دەستوردا هیچ ئاماژەیەكی پێنەدراوە، بەڵام لەوەدا كۆكن كە هەڵبژاردنی پێشوەخت دوای دۆخێكی چەقبەستووی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەبێتە رێگەی تێپەڕاندنی قەیران.
بە بڕوای هەندێك، مەبەست لە هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەو هەڵبژاردنەیە كە بەر لە وادەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدرێت كاتێك كە بارودۆخی سیاسی دەگاتە بن بەست و حكومەت شكست دەهێنێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا لایەنەكان وەك دەرچەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پەنا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەبەن.
دیارە بارودۆخی عێراق لە مانگەكانی كۆتایی ساڵی 2019 كۆمەڵێك ناڕەزای و خۆپێشاندانی بەخۆیەوە بینی لەبەرئەنجامی كۆمەڵێك هۆكار كە دیارترینیان بێكاری و هەژاری و كەمی خزمەتگوزاری و زاڵبوونی هەیمەنەی هێزە چەكدارەكان و دەست تێوەردانی دەرەكی، وایان لە خەڵك كرد بۆ ماوەی چەند مانگێك لە شەقامەكانەوە داوای گۆرینی سیستەمی سیاسی بكەن.
لەئەنجامدا لە ژێر گوشاری نارەزای شەقام و بەشێك لەلایانە سیاسیەكان پەرلەمانی عێراق بڕیاری گۆرینی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و یاسای هەڵبژاردنی دا وەك ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، دوای دەست بەكاربوونی سەرۆك وەزیرانی نوێ و تێپەڕبوونی چەند مانگێكیش لە تەمەنی كابینەكەی، مستەفا كازمی بڕیاریدا كە هەڵبژاردنی پێشوەخت لە بەرواری ( 6-6-2021) ئەنجام بدڕێت.