ڕاپۆرتی کوردستانی

01:22 - 05/09/2020

یەكەم خۆپیشاندانی مەدەنی لە باشوری كوردستان‌

پەیسەر

90 ساڵ بەسەر یەكەمین خۆپیشاندانی مەدەنی لە باشوری كوردستاندا تێدەپەڕێت، كە بۆیەكەمجار كورد لەرێگەی چالاكی مەدەنیەوە هەوڵیدا داواكاریەكانی بە دەسەڵاتی ئینگلیز بگەیەنێت..

 6ی ئەیلول چی ڕوویدا؟
رۆژی 6ی ئەیلول دانیشتوانی شاری سلێمانی لەبەردەركی سەرا كۆبونەوە لەسەرەتادا نزیكەی 50 كەس بوون و دواتر بەشی زۆری دووكاندارەكانی شار دووكانەكانیان داخست و چوونە پاڵ خۆپیشاندەران و ژمارەیان بوو بەنزیكەی 400 كەس، لەلایەن رەشۆڵی هونەرمەند و فایەق بێكەسی شاعیر و عەولە سییەوە رابەرایەتی خۆپیشاندانەكە دەكرا،ئەگەرچی بەشێك لە مێژوونوسان پێیان وایە 6ی ئەیول خۆپیشاندان نەبووە و لەبنەرەتدا شۆرش بووە بەڵام ئینگلیزەكان لەرێگەی بەكارهێنانی چەك و توند و تیژیەوە دایانمركاندەوە، و 13 كەس لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەكان شەهید بوون 32 كەسیش و برینداربوون و 170 كەسیش دەستگیركران لەناو دەستگیركراوەكاندا " (فایەق بێكەس، رەشید كەریم، مامۆستا رەفیق حیلمی، مامۆستا مستەفا مەولوود، ساڵح فەفتان، شیخ محەمەد گوڵانی، شەوكەت عەزمی بابان، عەزیز فەرەج، كەریم سەعید زانستی" هەبوون.

هۆكارەكانی خۆپیشاندانەكەی 6ی ئەیلول
چەند هۆكارێك كاریگەریان لەسەر راپەڕینی 6ی ئەیلول هەبوو، لەوانەش 6 ساڵ پێش راپەڕینەكە و لە 19ی تەموزی ساڵی 1924 ئینگلیزەكان كۆتاییان هێنا بە دواحكومەتی كورد لە باشوری كوردستان بەرابەرایەتی شێخ مەحمود ئەوەش رقێكی لەلای دانیشتوانی شاری سلێمانی دروستكرد، پاشان تەواوی باشوری كوردستان بەبێ خواستی كورد خرایە سەر دەوڵەتی عێراق ئەوەش نیگەران و توڕەی كوردی بەرامبەر ئینگلیز و دەوڵەتی نوێی عێراقی زیادكرد، لە پاڵ ئەوەشدا لەنێوان ساڵانی 1929 -1932 قەیرانێكی ئابوری جیهانی گرتەوە كە بەهۆیەوە بێكاری و بێكاڵای زیادیكرد و كاریگەریەكانی لەسەر باشوری كوردستان زۆرتر بوو، جگە لەوەی زوڵم لە كورد دەكرا بەنمونە لە 731 فەرمانبەری دەوڵەت لە ناوچە كوردیەكان 60% یان كورد نەبوون.

هەروەها لە 30ی حوزەیرانی ساڵی 1930 رێككەوتنێك لەنێوان بەریتانیا و عێراق واژۆكرا، بەپێی رێككەوتنەكە بەریتانیا عێراقی دەكردە ئەندامی كۆمەڵەی گەڵان، دوای دەركەوتنی ناوەرۆكی رێككەوتنەكە دەركەوت هیچی دەربارەی مافەكانی كورد تێدا نیە، ئەوەش نیگەرانی و توڕەی كوردی زیاتر كرد.

بۆچی 6ی ئەیلول؟
بڕیار بوو رۆژی 6ی ئەیول هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرێوەبچێت و شوێنی دەنگدانیش سەرای سلێمانی بوو، بەڵام رۆشنبیران و كەسایەتیەكانی شار بڕیاریاندا بەشداری دەنگدان نەكەن و لەبری ئەوەی خۆپیشاندان و نارەزایەتی پیشان بدەن، خۆپیشاندەران بە گوتنەوەی دروشم دەستیان بە خۆپیشاندانەكەیان كرد.
6ی ئەیلول و شاعیران
6ی ئەیلول بووە هەوێنی چەندین بەرهەمی شیعری  شاعیران لەوانەش:
پیرەمێرد دەڵێت 
چەپكێ لە گوڵەكەی باخچەكەی سەرا- كە بەخوێناوی لاوان ئاو درا..
 دەك خەجاڵەت بن لە رووی مەحشەرا- ئێمە خاكی غەم ئەكەین بە سەرا.. 
كورد نەمردووە، خەیاڵتان خاوە  بەراتی نەجات بەخوێن نووسراوە.. 
من رەنگی سوورم بۆیە خۆش دەوێ مژدەی شەفەقی لێ دەست دەكەوێ.
شێخ سەلامی شاعیر دەڵێت :
لە سلێمانی جادەی بەر سەرا - بەخوێناوی كورد ئاوڕشێن كرا.. 
تەریق نابیتۆ تۆ چیت پێ ئەكەن - كوتەكی دەستی میستر هەندەرسەن.

بێكەسی شاعیر دەڵێت:
ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم و شێوەتم بیركەوتەوە - وەختی بەندی و ئەسارەت پێ بە تەوق و كۆتەوە.. 
من لە زكر و فكری تۆ غافڵ نەبووم وا تێنەگەی حەپس و تێهەڵدان و زیللەت تۆی لەبیر بردوومەتەوە.

ئەحمەد موختار بەگی جاف دەڵێت:
6 ی ئەیلوول ئێوە ئەیزانن ئەی قەومی وەفا كردار..

ئەوە رۆژێ بوو عارەب قەتڵ و عامی كوردەكانی كرد.

گۆرانی شاعیر دەڵێت:
خواكەی بولبولی باغی سەرا هەرچەندە پایزە.. بە خوێنی خۆم گوڵت بۆ ئاو دەدەم سا بۆم بلاوێنە..
 لەگەڵ ئەو جوانە پاكانەی لە دەورم مەیتیان ریزە.. لە خوێنا وێنە شێواوین بە دایكمان بناسێنە..
 بڵێ بەو بووكی تازەی یەك شەوەم گەر هاتە سەر نەعشم.. نەڵێ خۆی بۆ وەتەن كوشت و لە رێی عەشقی منا نەژیا.. وەزیفەم بوو لەپێناوی وڵاتێكا سەرم بەخشم.. كە تۆی پەروەردە كرد بۆ من لە داوێنی چیا و كەژا.

قانعی شاعیر دەڵێت:
 لە كزەی كوردان گلاراومە..

رۆژەكەی ئەیلوول تانەی چاومە.

ئەخۆلی شاعیر دەڵێت: 
بە جارێ ماڵی وێرانم سلێمانی خرۆشاوە..

بەسەر هیچ كەس نەیەت خوایە ئەوی لەم شارە قەوماوە.
به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی له‌ هه‌موو قۆناغه‌كاندا كه‌به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌دا تێپه‌ڕیوه‌ ڕۆڵی له‌به‌رچاوی هه‌بووه‌، له‌ ساڵی 2011 ش ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵك له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جارێكی دیكه‌ ڕۆڵی خۆی بینیوه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش به‌ هۆی به‌كارهێنانی چه‌ك و هێزه‌وه‌ بڵاوه‌ به‌ خه‌ڵك كرا. 

ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ هزری خه‌ڵكی باژێڕی سلێمانیدا ماوه‌ته‌وه‌ یادی ئه‌و رۆژانه‌یه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ملی بۆ سته‌مكاران نه‌داوه‌.