02:18 - 04/09/2020
پەرلەمانی كوردستان لە ئاستی قەیرانەكاندا بووە، یان خۆی لە قەیراندایە؟
ئینستیوتی پەی لە راپۆرتێكدا داتا و زانیارییەكانی 5 مانگی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی كۆكردووەتەوە كە بۆ خولی بەهارەی ئەمساڵ لە مانگی ئازارەوە دەستپێدەكات هەتا مانگی ئەیلول. بەپێی راپۆرتەكەش پەرلەمانی كوردستان لەو خوولەدا ژمارەیەك خوێندنەوەی یاسایی و بڕیاری دەركردووە.
داتا و زانیارییەكانی ئەم خولە:
لە پێنج مانگی وەرزی بەهارەدا، (7) دانیشتنی پەرلەمان كراوە، لەدوو خولی پێشووش (6/11/2018 تا 29/2/2020) تەنها (37) دانیشتن كراوە، واتە لە تەواوی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمان كە ماوەكەی (21) مانگ و (24) رۆژە، تەنها (44) دانیشتنی پەرلەمان كراوە كە كۆی كاتەكە، (55) كاتژمێر و (42) خولەك بووە، ئەمە لە كاتێكدا بە پێی ماددەی (51) لە پەیڕەوی ناوخۆ، رۆژانی (سێ شەممە، چوار شەممە)ی هەموو هەفتەیەك بۆ دانیشتنی پەرلەمان تەرخانكراوە، كەواتە دەبوو پەرلەمان بۆ هەروەرزێكی گرێدان نزیكەی (40) دانیشتن ئەنجام بدات.
سەرۆكی پەرلەمان لەسەر ئەنجامنەدانی دانیشتنەكان لە خولی بەهارە چوار لێدوانی جیای هەیە:
1-رۆژی (31/3/2020) لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا، وتی:" ئێمە كۆبوونەوەی نا ئاسایش بكەین تەنها شۆ دەبێت".
2-رۆژی (7/5/2020) لەدوای دانیشتنی ژمارە (4) و هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر (سۆران عومەر) سەرۆكی پەرلەمان لە بەردەم راگەیاندنەكان، وتی:"پەرلەمان كۆنابیتەوە تاوەكو بەوشێوەیی لێنەیت كە خواستی هەموو ئەو هێزانەیە كە لەناو پەرلەمانی كوردستاندا ئامادەییان هەیە، وە پەرلەمان ئەو كاتە كۆدەبێتەوە كە باس لە كێشەكانی خەڵی كوردستان بكات و بەشكۆ و بەمتمانەیەكی تایبەت بگەرێتەوە".
3-رۆژی (24/6/2020) وتی:"كەرەنتیەنە تەواوبووە، لە ئێستادا هیچ رێگرییەكی سیاسی و قانوونی نیە بۆ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان، ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامین لەگەڵا دیوانی چاودێری دارایی بۆ ئەوەی كە خشتەی قەرزەكانی حكومەت ئامادەببێت، وە چاوەرێی چارەنووسی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و ناوەندین، كە ئەو دووبابەتەمان بۆ یەكلای بووە، دانیشتنێكی گرنگ دەكەین سەبارەت بە دۆخی دارایی، بابەتی مووچە، بابەتی قەرزەكان"، كە تا كۆتای خولیش هیچ كارێك لەسەر پرسی قەرەزەكان نەكرا.
4-لە دانیشتنی ژمارە (6) لە (26/7/2020) لەسەر كۆنەبوونەوەی پەرلەمان، وتی:"جگە لە دۆخی كۆرۆنا كە پەرلەماناتی دنیا بەكەمی كۆدەبنەوە، ئێمە قەیرانێكی سیاسی درووستكراومان هەبووە لە ناو پەرلەمانی كوردستاندا، من وەك سەرۆكی پەرلەمان گیرۆدەی ئەو دۆخە سیاسیە بووم كە هێنراوەتە ناو پەرلەمان كوردستان، دووبارە كردنەوەی ئەمەی بۆچی پێنج مانگە جەلسە نەكراوە، جەلسە نەكراوە، چونكە من دەست و پێم پێوەند بووە نەمتوانیوە جەلسەكانی پەرلەمان بەڕێوەببەم، وەرگرتنی خاڵی پەیرەوی لەسەر ئەوەی كۆبوونەوە نەكراوە و ناكرێت هەڵدەگرین، خەتای منە، من بەرپرسم، من داوای لێبوردن لە خەڵكی كوردستان ئەكەم".
ئەگەر سەرەنجی لێدوانەكانی سەرۆكی پەرلەمان بدەین لەسەر ئەنجام نەدانی دانیشتنەكان پڕە لە دژ یەكی، لەگەڵا ئەوەشدا، داننان بەوەی دەست و پێوەند كرابووم نەمدەتوانی دانیشتنەكان بەرێوەبەرم، هیچ لە بەرپرسیارییەتی سەرۆكی پەرلەمان كەمناكاتەوە لەسەر هەڵوێست وەرنەگرتی بەرامبەر ئەو هەموو پێشلی پەیڕەوییە و لێدان لە شۆكی پەرلەمان.
خۆ ئەگەر بەهانەكانی سەرۆكی پەرلەمان بۆ خولی بەهارە درووستبێت، ئەی بۆچی لە (6/11/2018 تا 29/2/2020) واتە بە (15) مانگ و (25) رۆژ، تەنها (37) دانیشتن كراوە كە ماوەكەی (25) كاتژمێر و (42)خولەك بووە .
2-دۆخی یاسادانان
بەرێزان دۆخی یاسادانان لە پەرلەمانی كوردستان لە بارودۆخێكی خراپدایە،
لە كردنەوەی خولی بەهارەدا، سەرۆكی پەرلەمان، رایگەیاند بە هاوكاری لەگەڵا حكومەتی هەرێم كار لەسەر ئەم پرسانە دەكەین:
1-وەبەرهێنان.
2-پاراستی مافی نەخۆش.
3-پاراستنی سامانی ئاو.
4-پاراستنی شوێنەوار.
5-دەروازە سنورییەكان.
6-پاراستی بەرهەمی خۆماڵی.
7-ئەنجومەنی دەرمان و خۆراك.
8-قەدەغەكردنی بە قاچاخ بردنی نەوت.
9-رێكخستن و فرۆشتن و هاوردەكردنی لێدەرهێندراوەكانی نەوت.
بەڵام لەم خولەدا دۆخی یاسادانان بەم شێوەیە بوو:
خوێندنەوەی یەكەمخوێندنەوەی سێیەم
(پەسەندكردن)
(5) پێشنیاز و پرۆژە یاسا و بڕبار كراوە.(1) یاسا
(1) بڕیار
(2) بڕیاری كارگێری
*كە تایبەتبوو بە وەرگرتنەوەی پارێزبەندنی و قبوڵكردنی دەستلەكار كێشانەوەی پەرلەمانتار سۆران عومەر.
لەو (9) پرسەی كە سەرۆكی پەرلەمان لە كردنەوەی خولەكەدا راگەیاند، كاری یاسایی لەسەر (2) پرس كراوە، ئەوانیش (پاراستنی شوێنەوار، قەدەغەكردنی بە قاچاخ بردنی نەوت).
خو ئەگەر بارودۆخی پەتای كۆرۆنا و هۆكارەكانی سەرۆكی پەرلەمان بۆ خولی بەهارە، بەهەند وەربگرین، ئەی بۆ دوو خولی پێشوو پەرلەمان بۆ نەیتوانیوە بە ئەركە یاساییەكانیان هەستن، وەك:
1-كاراكردنەوەی لیژنە دەستوور.
2-ڕێكخستنی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان.
3-لامەركەزیەتی كارگێڕی و دارایی.
4- یاسای ئەرك و پێكهاتەی پەرلەمانی كوردستان
ئەمە جگە لە نەخوێندنەوەی یەكەم بۆ چەندین پێشنیازە یاسا كە ئاراستەی سەرۆكایەتی كراوە، حكومەتی هەرێمی لەو (14) پر ۆژە یاساییەی كە بەڵێنی دابوو بۆ پەرلەمانی بنێرێت تا ئێستا (3) پرۆژە یاسای ناردووە. (ماددە هۆشبەرەكان، چاكسازی، لە ئەستۆكردنی فەرمانبەران). كە ئەمەش دیسان لاوازییە بۆ پەرلەمان كە چیتر چاوەروانی پرۆژە یاساكانی حكومەت بكات، و ئەركە سەرەكییەكەی كە یاسادانانە مومارەسەنەكات.
3- دۆخی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان:
لە سێ خولی گرێدانی پەرلەماندا خوێدنەوەی یەكەم بۆ (31) پێشنیاز و پرۆژەیاسا و بڕیار كراوە، دەبوو لە ماوەی (21) رۆژدا لەلایەن لیژنە هەمیشەیەكانەوە (66) راپۆرتیان لەسەر بنوسرایە، بەڵام، تا ئێستا تەنها (26) راپۆرت نوسراوە، (4) پێشنیازە یاساش رەتكراوەتەوە كە (8) راپۆرتیان هەبووە، كەواتە (32) راپۆرت لەلای لیژنەكان ماوە و ئامادە نەكراوە، لە كاتێكدا بەپێی ماددەی (36)ی پەیرەوی ناوخۆ، (10) ئەندام یان فراكسیۆنێك، دەتوانێت لە دوای تێپەڕ بوونی (45) چل و پێنج رۆژ، بەسەر ئاڕاستەكردنی پرۆژەیەك بۆ لیژنەی تایبەتەمەند داوای روونكردنەوە لەبارەی ئەو پڕۆژەیە لە لیژنەكە بكەن، بەڵام ئەو هەنگاوە پەیڕەوییە نەگیراوەتەبەر.
بەپێی ماددەی (41)ی پەیڕەو، یەكێكی تر لە ئەرگە گرنگەكانی لیژنە، بەداوداچوونە لەسەر ئاستی جێبەجێكردنی یاساكان، بەڵام بە وەرگرتنی چەند نموونە بۆمان دەردەكەوێت لیژنەكان ئەو ئەركەیان جێ بەجێ نەكردووە، ئەگەر كاریش لەسەر كرابێت ئەنجامی نەبووە و دۆخەكە وەك خۆی ماوەتەوە، بۆ نموونە، (مردنی دەیان كەس لە نەخۆشخانەكانی هەرێم لە بەرنەمانی ئۆكسجین، بڕینی لە (21%) مووچەی مووچە خۆران، دەستگیركردنی دەیان (چالاكەوان، خۆپیشاندەر بەتایبەتی رەشبگیری ناوچەی بادینان) لە كاتی داواكردنی مافەكانیان و دەستگیركردنی دەیان (رۆژنامەنووس) لەكاتی ئەركدا، بێدەنگی پەرلەمان بەرامبەر قەرەبوو نەكردنەوەی زیان لێكەوتوانی كارەساتی لافاو لە ناوچەی باڵەكایەتی، لە كاتێكدا زیان لێكەوتوانی هەمان كارەسان لە ناوچەكانی بادینان بە بڕی (3) ملیار دیار قەرەبووكرانەوە، پێشلی یاسایی رێكخراوەكان و تەعمیم كردنی نوسراو بۆ تەنها رێكخراوێك لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە، بێدەنگی لیژنەكان لە پەلاماردانی (3) پەرلەمانتار). كە ئەمانە چەند نموونەیەكن لە ئەركی بەدواداچوونی لیژنەكان و دەبوو لەسەر ئەو پێشێلكاریانە وەزیری پەیوەندیدار پرساندنی لێبكرایە.
دۆخی چاودێری دامەزراوەكان:
سەبارەت بە ئەركی چاودێری لەسەر دامەزراوەكانی جێبەجێكردن، پەرلەمانتار دەتوانێت پشت بەست بە ماددەكانی (58 تا 76)، ئەم هەنگاوانە بگرێتەبەر لە پێناو ئەنجامدانی ئەركی چاودێری لەسەر دامەزراوەكان،
بۆ ئەم خولە پەرلەمانتاران سێ هەنگاویان گرتۆتەبەر:
ژمارەهەنگاوەكانتێبینیئاستی جێبەجێ كردن
*(116) پرسیاری ئەندامان لە خولەكانی گرێدانی پێشوو لە (1/3/2019 تا 29/2/2020) وەڵام نەدراوەتەوە، بۆ خولی بەهارە ژمارەی پرسیارەكان ئاشكرا نەكراوە.بەردەست نیە وەڵامی چەند پرسیار دراوەتەوە.
خستنەڕووی بابەتێكی گشتی بۆ گفتوگۆ بەپێی ماددەی (66) بڕگەی یەكەم، لە نێوان پەرلەمان و حكومەتدا، پەرلەمانتاران پشت بەست بەم ماددەیە (8) داوایان پێشكەش كرد تەنها كاری نیوە ناچڵ لەسەر (4) دانەیان كرا.
1-لە (8/3/2020) بە مەبەستی بەرزراگرتنی قوربانیانی كیمیابارانی كردنی هەڵەبجە (62) پەرلەمانتار لە فراكسیۆنەكانی ( یەكگرتوو، یەكێتی، مەم بورهان، دیاری ئەنوەر، ، گۆران، كۆمەڵا، پارتی، میللەت، ئازادی، هاوپەیمانی نەتەوەیی، بەرەی توركمانی، گەلی (كلدانی، سریانی، ئاشوری)، گەشەپێدانی توركمانی) داوایانكرد رۆژی (16/3) دانیشتنێكی پەرلەمان لە هەڵەبجە ببەسترێت.داواكەیان جێبەجێ نەكرا.
2- لە (7/5/2020) لەلایەن (10) پەرلەمانتار لە فراكسیۆنەكانی (كۆمەڵا، مەم بورهان، یەكێتی) داواكرا بابەتی (بەداخراوی هێشتنەوەی مزگەوتەكانی هەرێمی كوردستان) بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتن.داواكەیان جێبەجێ نەكرا.
3-لە (13/5/2020) لەلایەن (11) پەرلەمانتار لە فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، هاوپەیمانی نەتەوەیی، گۆڕان، ئازادی، سیروان بابان) داواكرا، دانیشتنێكی تایبەت ئەنجام بدرێت لەسەر (كێشەو گرفتەكانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان).لە دانیشتنی ژمارە (6) لە رۆژی (27/7/2020) داواكەیان خرایە بەرنامەی كار.
4-لە (27/5/2020) لەلایەن (17) پەرلەمانتار لە فراكسیۆنەكانی (كۆمەڵا، یەكگرتوو، نەوەی نوێ، ئازادی) داواكرا دانیشتنێكی ئاسایی ئەنجام بدرێت لەسەر راگەیاندنی (27) ملیار دۆلار قەرز لەسەر حكومەتی هەرێم، بە ئامادەبوونی سەرۆكی و جێگری ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی. داواكەیان جێبەجێ نەكرا.
5-لە (7/6/2020) لەلایەن (12) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆران، داواكرا بابەتی (دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و رێگاكانی چارەسەر) بخرێتە بەرنامەی كار و سەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەت، وەزیری دارایی، بانگهێشتنی دانیشتنەكە بكرێن. لە دانیشتنی ژمارە (7) لە رۆژی (28/7/2020) لە چوارچێوەی گفتوگۆ لەسەر دۆخی دارایی هەرێم باسی ئەو پرسە كرا.
6-لە (28/6/2020) لەلایەن (12) پەرلەمانتار لە فراكسیۆنەكانی (كۆمەڵا، یەكگرتوو، سیروان بابان، ئازادی، دیاری ئەنوەر) داواكرا (لێبڕنی مووچەی مووچە خۆران) بخرێتە بەرنامەی نزیكترین دانیشتن.لە دانیشتنی ژمارە (7) لە رۆژی (28/7/2020) لە چوارچێوەی گفتوگۆ لەسەر دۆخی دارایی هەرێم باسی ئەو پرسە كرا.
7- لە (29/6/2020) لەلایەن (12) پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی گۆڕان، داواكرا بابەتی (تۆپباران و داگیركاری خاكی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیا و وڵاتانی دراوسێوە) بخرێتە بەرنامەی كار، بە ئامادەبوونی وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە.لە دانیشتنی ژمارە (6) لە رۆژی (27/7/2020) داواكەیان خرایە بەرنامەی كار، بەڵام بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە ئامادەی دانیشتنەكە نەبوو.
8- لە (20/7/2020) لەلایەن (11) پەرلەمانتار لە فراكسیۆنەكانی (كۆمەڵا، یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، ەوە داواكرا پەرلەمان دانیشتنێكی ئاسایی ئەنجام بدات لەسەر بابەتی (كرێ و كرێنشینان لە هەردوو بواری بازرگانی و نیشتەجێ بوون).داواكەیان جێبەجێ نەكرا.
3پرساندن1-لە (18/8/2020) لەلایەن (24) پەرلەمانتار لە فراكسیۆنەكانی (كۆمەڵا، یەكگرتوو، ئازادی، عەلی حەمە ساڵح، عەباس فەتاح، مەم بورهان، هاوڕێ مەلا ستار، سەركۆ ئازاد، شایان كاكە ساڵح، سیروان بابان، دیاری ئەنوەر، شیرین یونس، شیرین ئەمین، گۆران عومەر)
4لێسەندنەوەی متمانەنیە
پرسی بودجە و ژمێرەی كۆتایی:
لە ماددەی (98) بڕگەی یەكەم، هاتووە، دەبێت لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێك ئەنجومەنی وەزیران، بودجەی خەمڵێنراو رەوانەی پەرلەمان بكات، بەڵام نەكراوە، بەپێی بڕگەی دووەمی هەمان ماددە، لەسەر ئەنجومەنی وەزیران پێویستە، لە كۆتایی مانگی نیسانی هەموو ساڵێكدا، ژمێرەی كۆتایی ساڵی پێشوو، بۆ پەرلەمان بنێرێت، كەواتە (7) ساڵە (2014-2020) بودجە و (9) ساڵە (2011-2019) ژمێرەی كۆتایی نەچۆتە پەرلەمان.
ئەگەر هۆكاری نەناردنی بودجەی (2020) پەسەندنەكردنی بودجە بێت لە بەغداد، هۆكار چی یە حكومەت ژمێرەی كۆتایی ساڵانی پێشوو نانێرێتە پەرلەمان، تا نوێنەرانی خەڵك و رای گشتی بزانن ساڵانی پێشوو بودجە چەند بووە و چۆن خەرج كراوە، هۆكار چیە پەرلەمان لەم بارەیەوە فشار ناكات.
سەرەنجە كۆتاییەكان
1-سەرۆكی پەرلەمان رۆژی (14/6/2020) بە بڕیای ژمارە (37) ی بڕیاری (4) (7/5/2020) لادانی پارێزبەندنی لەسەر (سۆران عومەر) هەڵوەشاندەوە، بەڵام بڕیارەكە نە لە وەقایعی كوردستان و نە لە سایتی فەرمی پەرلەمان، بڵاونەكرایەوە و كاریشی پێنەكرا، ئەمەش هەم دووپاش دووپاتكردنەوەی هەوڵی پەراویزخستنی پەرلەمان لەڕووی یاسایی و سیاسیەوە، وە بێدەنگ بوونی سەرۆكی پەرلەمانیش لەو بارەیوە گومان لەسەر بڕوا بوونی سەرۆك بە دەسەڵاتەكانی پەرلەمان زیاتر دەكات.
2- راگەیەندراوی لیژنەی رۆشنبیری لە رۆژی (18/8/2020) دەربارەی رەتكردنەوەی پێشنیازەیاسای (رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی)، پێشینەیەكی تری خراپی كاری پەرلەمانییە، چونكە ئەو پێشنیازە هەنگاوی یەكەمی بڕیوە، پێویست بوو لە جیاتی ئەو كاردانەوەیە، كار لەسەر رەخنەكانی رای گشتی و داڕشتنەوەی پێشنیازەكە بكرێت.
3-بەشێكی زۆر ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمان و خولەكانی پێشووش باسیان لە رەتكردنەوەی خانەنشینی و گەرانەوەی بۆ سەر كارەكانیان كردبوو، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی كە دیوانی پەرلەمان بڵاویكردۆتەوە، تەنها (8) فۆرم پڕكراوەتەوە، لەوانەش (7) دانەیان پەسەندراوە، ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵا دروشمی هەڵبژاردنی زۆرینەی پەرلەمانتاران.
4-لەم خولەدا (18) پەرلەمانتار هیچ قسەیەكیان نەكردووە، ئەگەر سەرنجیئەو قسانەش بدەین كە پەرلەمانتارانی تر كردویانن، دەردەكەوێت تەنها بەشدارییە لە پێناو بەشداری و قسەكردن بوە.
5-لەم خولەدا لە سایتی فەرمی پەرلەمان دوو راپۆت بڵاوكرایەوە، یەكیان هەڵسەنگاندن بوو، بۆ كاروباری لیژنەكان، دووەم لەسەر دۆخی یاسادانان بوو ، وێرای چەند سەرنجێكمان لەسەر هەردوو راپۆرتەكە، دەستخۆش لە سەرۆكایەتی پەرلەمان و كاروباری لیژنەكان و پەرلەمان دەكەین، خوازیارین بڕوا بهێنن بە شەفافیەت لە كارەكانیان لەسەر جەم بوارەكانی كاری پەرلەمان و و زانیارییەكانیش بۆ رای گشتی بڵاوبكەنەوە، ئەوەش ئەو مەبەدەئانەیە كە ئیسنیتتیوتی پەی كاری بۆ دەكات.
6-كۆتا خاڵا لەسەر دۆخی ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمان، بەپێی ئەم سایتە بیت مێژووی پەرلەمانی كوردستان لە ناوەراستی ساڵی (2019) ە وە دەست پێدەكات، نەك ئەرشیفی چوار خولی پێشووی لەسەر نییە، تەنانەت بەشێكی كارەكانی خولی پێنجەمیشی لەسەر نییە، بۆیە داواكاین كار بكریت بۆ دانانەوەی ئەرشیفی خولەكاتی تری پەرلەمان.
بابان جعفر حەمە
بەرێوەبەری پرۆژەی چاودێری پەرلەمان لە ئینستتیوتی پەی