10:06 - 31/08/2020
زێڕی رۆژهەڵاتی كوردستان چ سودێكی بۆ خاك و خەڵكی ناوچەكە هەیە؟
رۆژهەڵاتی كوردستان ناوچەیەكی زۆر پڕبایەخی ئابوورییە، سەرەڕای سرووشتە جوان و دڵڕفێنەكانی دەوڵەمەندە بە كانزا جۆراوجۆرەكان، لەناویشیاندا زێڕو زیوو نەوت، ئەگەر لە باشووری كوردستان نەوت بە یەكێك لە كێشە
سەرەكیەكانی ناسەقامگیریی و ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغداد و ناتەبایی ناوخۆییە،
ئەوا لە رۆژهةلاتی كوردستان زێڕ –ئاڵتوون- ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت و كانەكانی ئاڵتوون
لەوێ هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ئەوەی ئێران جەخت لەسەر دەست بەسەراگرتنی تەواوی ئەو
ناوچانەی لەبەرچاو بێت و بە هیچ شێوەیەك دانوستانی لەسەر نەكات.
بە پێی سەرچاوە فەرمییەكانی ئێران 30% سەرجەمی زێڕی بەرهەمهاتووی ئێران لە
ناوچە كوردیەكانی رۆژئاوای ئەو وڵاتەیە كە دابەش بوون بەسەر پارێزگاكانی (ورمێ و
سنە) دا، بە پێی سەرچاوەیەكی فەرمی ئێران و تایبەتمەند لە بواری كانزاكاندا –روزگار
معدن- باس لەوە دەكات كە ئەوان ئامارێكیان لەبەردەستدایە تیایدا هاتووە، ئێران لە
ڕێزبەندی 57 هەمین وڵاتانی جیهاندایە لەبەرهەمهێنانی زێڕدا، لەنێو هەموو كانە
ئاڵتوونیەكانی ئێرانیشدا زێری ناوچەی كوردستان باشترین جۆرەكانیەتی.
بە پێی سەرچاوەكان ساڵانە زیاتر لە 6 تۆن زێڕ
دەردەهێنرێت، هەرچەندە سەرچاوە فەرمیەكانی ئێران لەبەر هەر هۆكارێك بێت دەگوترێت
3.500 بەرهەم دەهێنرێت، جگە لە كانزاكانی دیكە ساڵانە نزیكەی یەك تۆن زیوییش
بەرهەم دەهێنرێت، 700 كەس كاری تێدا دەكەن
و ژمارەیەكی زۆركەمیان خەڵكی ناوچەكەن، وەزرەتی پیشەسازیی ئێران بڵاوی كردووەتەوە
كە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان خاوەنی 51 جۆر كانزایە و
بە گشتی یەك ملیار و 214 ملیۆن تۆن یەدەگی كانزایی هەیە كە گرنگترینیان زێڕە.
هەردوو كانگای زێڕی زەرشۆران و ئاقدەڕە
لە تكاب و ساینقەڵا كە كەوتوونەتە باشووری پارێزگای ورمێ، لە گرنگترین سەرچاوەی
كانزای زێڕن.
ساڵانە هەزار و 35 تۆن خۆڵی زێڕ
لەم دوو شوێنە بەرهەم دەهێنرێت و بۆ كارگەی تایبەتی بۆ ئەوەی زێڕەكەی جیا بكرێتەوە
ئامادە دەكرێن.
بەگوێرەی "ئیرنا" زەرشۆران بە گەورەترین كانگای
زێڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژمار دەكرێت، هەر ئێستە 700 كەس لە كانگاكە كار دەكەن
و 30%ی كۆی زێڕی یەدەگی ژێر زەوی ئێران لەم كانگایە دایە.
ساڵی 2015 یەكەم شمشی زێڕ
بەرهەم هێنرا و هەر ئەوكات رۆژانە 20 كیلۆ زێڕی 24 عەیار بەرهەم دەهات كە ساڵانە
دەكاتە زیاتر لە سێ تۆن، بەگوێرەی ئەو پلانەی دانرابوو دەبێ ئێستە ساڵانە شەش تۆن
بەرهەم بهێنرێت. دەگوترێ 110 تۆن زێڕی خاوێن لەم كانگایە هەیەدا بوونی هەیە.
ئەوە لە كاتێكدایە كە
شارەزایانی باس لەوە دەكەن كە كۆی گشتی یەدەگی زێڕ ئێران 310 هەزار تەنە.
بە پێی سەرچاوەكان لە تیكاب لە شەش كانگای گەورەدا خەریكی هەڵكەندنی
شوێنەكەن و دواتر بە شۆفڵ خۆڵەكە باردەكرێت و دەبرێتە كارگەی خاوێنكردنەوەو
جیاكردنەوەی كانزاكان. كانە ئاڵتوونەكانی زەرەشۆران دەمكراوەو سەرئاوەڵان و ئەمەش
كەمترین تێچووی هەیەو بە باشترین جۆری كانەكانی جیهان دێتە ئەژمار.
ئەو كارگەیەی كە بۆ جیاكردنەوەی
خۆڵ و خاشاك ئامادەكراوە بۆ ئەوەی كانزاكانی لێ جودابكرێتەوە، كارگەكە زێڕ لە خۆڵ
و خاشاك جیادەكاتەوە لە چەند ساڵی رابردوودا بە هۆی لەبەرچاو نەگرتنی ستاندارد و
رێوشوێنە تەندروستیەكان كارگەكە داخرابوو، هەرچەندە لە میدیاكان و مۆڵەتی
كاركردنەكەدا بە باشترین شێوە داڕێژراوە، بەڵام هیچیان نەچوونەتە بواری
جێبەجێكردنەوە..
وەك میدیا ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران باسی دەكەن ناوچەی تیكاب و
ئاواییەكانی دەورووبەری كێشە و شوێنەواریی خراپ و تێكدەری ژینگەیی لێدەكەوێتەوە و
باس لەوە دەكرێت كە تیكاب بە یەكێك لە هەژارترین شارەكانی كوردستانی رۆژهەڵات دێتە
ئەژمار، بێكاریی لاوەكان و تەرخان نەكردنی
بودجە بۆ ژینگەو ڕێگاوبانی ناوچەكە لەگرینگترین كێشەكانی ئەو شارە دێتە ئەژمار.
لەبەر ئەوەی ناوچەی زەڕەشۆرن و
تكاب لە رۆژهەڵاتی كوردستان ناوچەیەكی سەختەو سەرمای زۆرە لەوەرزی زستاندا كاركردن
تیایدا ڕادەگیرێت و ئەو ماوەیەش كە كاری تێدا ناكرێت مووچەو پارەی گرێبەست بە
كرێكار و فەرمانبەرەكانی نادرێت و ئەوەش لە لایەن رۆژنامەكانی ئێران و یاسا ناسان
و ڕێكخراوەكانی كرێكاران نیگەرانییان دەربڕیوە، بەڵام هیچیان وەڵامیان
وەرنەگرتووە.
كانگەی زێڕی زەرە شوران وەكوو گەورەترین كانگەی زێڕی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ٣٩ كیلۆمەتری شاری تیكاب و باشووری پارێزگای ورمێ هەڵكەوتوەە و
خاوەنی ١١ میلیۆن تۆن زێڕی پاشكەوت كراوە.
بەدرێژایی مێژووی دەسەڵاتدارانی ئێرانی ژینگەی كوردستانی
لەبەرچاو نەگیراوە، بە وشك كردنی سەرچاوە
ئاویەكان و سووتانی دارستان، لەوەڕگەو لێرەوارەكان بەرەوڕووی مەترسی فەوتان و
لەنێوچوون كردووە و بە ئاستێكی كەم ئاوڕی لە دۆخی خەڵك داوەتەوە، هەر بۆیە خەڵكی
كورد لە رۆژهەڵات لە ریزی هەژارترین و كەمداهاتترین هاوڵاتیانی ناو ئێران دێنە
ئەژمار، لەكاتی دەستبەكاربوونی تیمەكان لە تیكاب فەرمانداری ئەو شارە گوتبووی
دەروویەكی زۆر باشە بۆ ناوچەكەیان كە زێڕ لەناوچەكەیان دەردەهێنرێت، بەڵام ئەو
قسانە تائێستا نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوەو تا ئێستا هیچی لەدۆخی پێش دۆزینەوەو
كاركردن لەو كانانەدا نەگۆڕاوە.
لەگەڵ ئەوەشدا بە پێی وتەی
پەریسا عابدپور، كە بەرپرسی پەیوەندییە گشتیەكانی وەزارەتی پیشەسازیی ئێران بووە،
گوتوویەتی 31%ی هەموو كانزاكانی ئێران دەكەونە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا –ورمێ-
، بە پێی وتەكانی ئەو 48 جۆرە كانزا لەو پارێزگایە بوونی هەیەو دیارترین و
پڕبەهاترینیان زێڕو زیوە.
رۆژهەڵاتی كوردستان بە سامانە
سروشتییەكان دەوڵەمەندە، بەڵام سامانەكەی بۆ خەڵكی ناوچەكە سوودی لێ وەرناگیرێت،
بە پێی وتەی جێگری بەڕێوەبەرایەتی گەڕان و كنەكردنی كانزاكانی ئێران لە 21 شوێنی
پارێزگای كوردستان –سنە- زێڕ هەیەو لە
بەشێكیشی دەست بەكاركراوە. بە پێی وتەی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە لە ئێستادا لە ئێران
30 تەن زێڕ دەردەهێنرێت و لەناوخۆ بەكاردەهێنرێت و هەمووشی لەژێر دەستی
دەوڵەتدایە. بەرنامەشیان هەیە زیاتر پەرەی پێبدەن.
یەكێكی تر لەو شوێنانەی كە لە
رۆژهەڵاتی كوردستان كانزای زێڕی تێدا دۆزراوەتەوەو ئێران سەرقاڵی دەرهێنان و
بردنیەتی بە بێ ئەوەی هیچ بۆ ناوچەكە بكات و سوودێكی بۆ كوردانی ئەو ناوچەیە هەبێت
، -قروە-یە ، قروە دەكەوێـتە باكووری رۆژهەڵاتی شاری سنەو باشووری رۆژهەڵاتی كامیاران، بە پێی وتەی ژووی
بازرگانی پارێزگای سنە ڕێژەیەكی زۆری زێڕ لەو ناوچەیەدا هەیەو پێشبینی دەكرێت لە
نێوان 11 بۆ 30%ی زێڕی هەموو ئێران لەوێ بێت. جگە لە قروە لە چەندین شوێنی تری
پارێزگای كوردستان –سنە- زێر دۆزراوەتەوەو بە پێێ بەرنامەی ئەو وڵاتە سەرقاڵی
كنەكردن و دەرهێنانی دەبن. هەروەها ئاماژەیان بەوە كردووە ساڵێ پار 3 تۆن شمشە زیڕیان لە قروە دەست كەوتووە.
باس لەوە دەكرێت 300 كەس لەو
كارخانەیەدا كاردەكەن بەڵام كەمترینیان خەڵكی ناوچەكەن و ئەگەر خەڵكی ناوچەكەش بن
دەبێت لە لایەن بەرپرسانی ئەمنی و سوپای پاسدارانەوە پشتگیریی بكرێن.