ڕاپۆرتی کوردستانی

03:28 - 30/08/2020

ئه‌فسه‌رێكى به‌شدار له‌ ئه‌نفال چیرۆکی پڕئازاری تاوانەکە دەگێڕێتەوە‌

پەیسەر

سه‌باح حه‌مدانى رائیدێكى سه‌رده‌مى به‌عسه‌و له‌ ئه‌منى عامه‌ كارى كردووه‌، سه‌باح به‌م دواییانه‌ له‌ زنجیره‌ چاوپێكه‌وتنێكى ته‌له‌فیزیۆنیدا، زۆر په‌ڕه‌ى نهێنى فایله‌ داخراوه‌كانى سه‌رده‌مى تاریكى به‌عسى هه‌ڵدایه‌وه‌، ئه‌فسه‌ره‌ى سه‌رده‌مى به‌عس كه‌ وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، شاهید و بینه‌رى رووداوه‌كانى ئه‌نفال بووه‌، له‌ به‌شێكى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا به‌ راشكاوى چه‌ند سوچێكى فایلى پڕ ئازارى ئه‌نفالى هه‌ڵدایه‌وه‌.

سه‌باح حه‌مدانى له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوسى عێراقی حه‌مید عه‌بدوڵا له‌ گفتوگۆیه‌كدا باس له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنى پرۆسه‌ى ئه‌نفال ده‌كات، ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ش ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ تێیدا عه‌لى حسن مجید فه‌رمانەكه‌ى پێ راگه‌یاندوون، ده‌شڵێت، ئەویش فه‌رمانى له‌ سه‌دام وه‌رگرتبوو.

ره‌نگه‌ بۆ زۆربه‌مان رووداوه‌كانى ئه‌نفال و چوارچێوه‌ى گشتیى تاوانه‌كه‌ ناڕوون نه‌بن، به‌ڵام شاهیدى و دانپێدانانى یه‌كێك له‌ به‌شداربووه‌كانى تاوانه‌كه‌ گرنگى خۆى هه‌یه‌، گه‌وره‌یى تاوانى ئه‌نفالیش به‌ جۆرێكه‌ كه‌ ره‌نگه‌ تا چه‌ندین ساڵى دیكه‌ ورده‌كارى نوێ ئاشكرا ببن.

سه‌باح حه‌مدانى كه‌ پله‌كه‌ى رائیدى ئه‌من بووه‌، باس له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ئه‌منى عامه‌ بۆ یه‌كه‌م جار عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جید فه‌رمانى ده‌ستپێكردنى ئه‌نفالى پێراگه‌یاندوون، ده‌ڵێت:"من بۆخۆم به‌ شه‌خسى ئاماده‌بووم له‌ باره‌گاى كارووبارى باكووری ئەمنی عامە، كه‌ عه‌بدولره‌حمان شاكرچى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرد، كه‌ پێشتر ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌منى هه‌ولێر بوو دواتر‌ هاته‌وه‌ ئه‌منى عامه‌و بووه‌ سه‌رۆكى لیژنه‌ى كارووبارى باكوور(هه‌رێمى كوردستان) عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جدیش ئاماده‌بوو".

حه‌مدانى ده‌ڵێت، عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جید، به‌ ئاماده‌بوونى فه‌رمانده‌كانى ئه‌من و هه‌واڵگریى گوته‌یه‌كى پێراگه‌یاندین و گوتى، بڕۆن ده‌ست به‌ پرۆسه‌ى "پاككردنه‌وه‌ى باكور"بكه‌ن هاوشانى پرۆسه‌ى سه‌ربازى بۆ سه‌ر باكوور. بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ند شوێنێكمان ئاماده‌كردووه‌، به‌گوته‌ى حه‌مدانى مه‌به‌ستى له‌ شوێنه‌ ئاماده‌كراوه‌كان، سه‌ربازگه‌ى مه‌كته‌ب خالید(سه‌ربازگه‌ى فه‌یله‌قى یه‌ك) له‌ كه‌ركوك و سه‌ربازگه‌ى دوبز بوو كه‌ ئه‌مه‌ى دووه‌میان تایبه‌ت بوو به‌ سه‌ربازى تازه‌و راهێنان و ئاماده‌كردنیان.

ئه‌وه‌ى داوكراوبوو له‌ ئه‌فسه‌ره‌كان و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى ئه‌من و موخابه‌رات، كه‌ ده‌بێت هه‌ڵبستن به‌ پرۆسه‌ى (جەرد) گه‌ڕان و پشكنین، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ناسنامه‌كان، وه‌ پۆلێنكردنى  كاره‌كانیان، هه‌ر یه‌كێك له‌ئه‌فسه‌ره‌كان ئه‌وانه‌ ده‌ستگیر ده‌كه‌ن كەلو‌په‌له‌كانیان ده‌ستبه‌سه‌ردا ده‌گرن. له‌ وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى كه‌ پرۆسه‌ى ده‌ستگیركردنه‌كه‌ كێی ده‌گرته‌وه‌؟ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ى به‌عس ده‌ڵێت، هه‌ر كه‌سێكی ده‌گرته‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ناوچه‌ى پشتێنه‌ى ئه‌منیى بوایه‌، پشتێنه‌ى ئه‌منیش له‌ ده‌ربه‌ندیخان تا دهۆكى ده‌گرته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ى پشتێنه‌ى ئه‌منى روونیده‌كاته‌وه‌، كه‌ به‌عس له‌ بنه‌مادا ئه‌و ناوچانه‌ى قه‌ده‌غه‌كردبوو، قه‌ده‌غه‌بوون بۆ نیشته‌جێبوون، هه‌ر بوونێكى دیكه‌ له‌و ناوچانه‌ قه‌ده‌غه‌بوو. ده‌ڵێت، پرۆسه‌یه‌كى ته‌واو عه‌شوائى و تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ بوو ده‌زگا ئه‌منییه‌كان له‌وه‌ نه‌گه‌یشتبوون كه‌ چۆن جیاكارى بكه‌ن، كێ پێویسته‌ بگرن و كێ نه‌گرن، پرۆسه‌ى جه‌ردكردنه‌كه‌ ته‌واو بێسه‌روبه‌ر‌ بوو. 

به‌گوته‌ى ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌، هیچ كه‌سێك له‌ پرۆسه‌كه‌ به‌ده‌رنه‌كراوه‌، زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ى ده‌ستگیر ده‌كران، خێزان و ژن و منداڵ بوون، بێ هیچ دوودڵییه‌ك ده‌ستگیر ده‌كران و راستەوخۆ له‌ سه‌ربازگەى مه‌كته‌ب خالید و بۆ دوبز ده‌گوازرانه‌وه‌.

به‌ چ تۆمه‌تێك ئه‌و كوردانه‌تان ده‌ستگیر ده‌كرد؟ وردبینى، وردبینى ئه‌منیى، تۆ چى ده‌كه‌ى له‌م ناوچه‌یه‌؟ كارت چییه‌؟ واته‌ تۆماركردنى هه‌موو زانیارییه‌كان. سه‌باح به‌م جۆره‌ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى دایه‌وه‌.

ده‌ڵێت، به‌م جۆره‌ پرۆسه‌ى ده‌ستگیركردنه‌كه‌ به‌رده‌وام بوو به‌ڵام ئازادكردنى هیچ كه‌س له‌وانه‌ بوونى نه‌بوو. ده‌ستگیركردن و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و كۆككردنه‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ هه‌بوو. به‌و جۆره‌ له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا ١٠ هه‌زار ژن و منداڵ و پیرو گه‌نج، له‌ هه‌ردوو سه‌ربازگه‌كه‌ كۆکرانه‌وه‌.

سه‌باح حەمدانى باس له‌وه‌ ده‌كات، دواى ئه‌وه‌ی عه‌بدولره‌حمان شاكرچى به‌ڕێوه‌به‌رى كارووبارى باكوور له‌ ئه‌منى عامه‌، تاهیر جەلیل جلبوش سكرتێرى عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جید ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ و داواى فه‌رمان ده‌كان، فه‌رمان له‌ نوسینگه‌ى عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جیده‌وه‌ دێته‌وه‌،"بیانكوژن و بیانشارنه‌وه‌" به‌ڵام فه‌رمانه‌كه‌ى به‌و جۆره‌ بوو كه‌ له‌ چه‌ند پارێزگایه‌كى جیاواز بیانشارنه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌و پارێزگایانه‌ى سنورى كراوه‌ى بیابانییان هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌نبار، سه‌ماوه‌، موسڵ، زیقار.

به‌ چاوى خۆم رووداوه‌كانم ده‌بینى و له‌ دڵه‌وه‌ ده‌گریام، نه‌مده‌توانى به‌ شێوه‌یه‌كى ئاسایى خۆم كۆنتڕۆڵ بكه‌م، هه‌ر له‌ هۆڵه‌كانى زیندانى ئه‌و دوو سه‌ربازه ‌كه‌ چه‌ندین منداڵ له‌دایك بوون، له‌و كاته‌دا، هیچ دادگاییكردن و شتێكى له‌و جۆره‌ نه‌بوو ته‌نها فه‌رمانێك هات، كه‌ ده‌بێت ئیعدام بكرێن. "بیانكوژن و بیان شارنه‌وه"‌.

دواى فه‌رمانه‌كه‌ پرۆسه‌ى كوشتن و شاردنه‌وه‌یان ده‌ستیپێكرد، ئۆتۆمبێله‌كانى ئه‌من و موخابه‌رات ده‌چوونه‌ نێو زیندانه‌كان و پڕیان ده‌كردن، ده‌چوونه‌ ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ بۆیان دیاریكراون. به‌گوته‌ى ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ یه‌كێك له‌ ئۆتۆمبێله‌كان ویستوویه‌تى هه‌ڵبێت و به‌شدار نه‌بێت له‌و پرۆسه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌دا بووه‌ كوژراون، دواتریش له‌ ئه‌منى عامه‌ له‌ به‌غدا ئۆتۆمبێله‌كه‌ى بینیوه‌ته‌وه‌.

هیچ دادگاییكردنێك هه‌بوو؟ نه‌خێر دادگایى ئه‌وان گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان بوو منداڵ و خێزانه‌كانیان گوله‌باران ده‌كرد و چاڵه‌كانیان داده‌پۆشى، مامه‌ڵه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ ده‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ى مرۆڤ نه‌بن.

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ى به‌عس ده‌ڵێت، من پێم وایه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ راست نییه‌ كه‌ ده‌وترێت، 180 هه‌زار كه‌س كوژراون، به‌ڵكو به‌پێى هه‌ڵسه‌نگاندنى من 16 بۆ 17 هه‌زار كه‌س كوژران له‌و پرۆسه‌یه‌دا، رۆژنامه‌نوسه‌كه‌ پرسیار ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌نده‌ به‌ كه‌م ده‌زانى؟ نا نه‌خێر، ئه‌وانه‌ مرۆڤ بوون خۆ مریشك نه‌بوون، عێراقى بوون و سته‌ملێكراوبوون.

بڕیارى كوشتنه‌كه‌ له‌ عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جید بوو یاخود سه‌دام حسێنەوە بوو؟ سه‌باح حه‌مدانى ده‌ڵێت:" من ئاگادارى فه‌رمانى عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جید بووم، به‌ڵام خۆ ئه‌و به‌ ئاره‌زووى خۆى هه‌ڵسوكه‌وت ناكات، ئه‌ویش فه‌رمانى پێدراوه‌، به‌ڵام عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جید وه‌ك سه‌رۆك كۆمارى باكور وابوو. ئه‌و پابه‌ند بوو به‌و بڕیارانه‌ى كه‌ له‌ سه‌دامه‌وه‌ پێى ده‌گه‌یشت.

ئه‌فسه‌ره‌كان هیچ بۆچوونێكى خۆیان ده‌رنه‌بڕى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌؟ كه‌س نه‌یده‌توانى گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكات، ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئێمه‌ بوو جێبه‌جێكردنى فه‌رمانه‌كان بوو.