ڕاپۆرتی کوردستانی

12:54 - 27/08/2020

رێكارەكانی بەغداد بۆ رێگری لە باندەكانی قاچاغچێتی هەرێمی كوردستان‌

پەیسەر

حكومەتی عێراق بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی فرۆكەخانەكان لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و جەخت لە بەستنەوەی دەروازە سنورییەكانیش بە دەستەی دەروازەكانی حكومەتی فیدراڵی دەكاتەوە، هاوكات لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش قاچاغی و كاری نایاسایی لە سنوورەكان بەردەوامە و بەغداد بیر لە چەند بژاردەیەك دەكاتەوە بۆ رێگری لەو قاچاغچێتییە.

هەنگاوی یەكەم
بەپێی راگەیەندراوێكی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق، ئەنجوومەنی دەستەكە بە سەرۆكایەتیی عومەر وائیلی، سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق، كۆبووەتەوە و 
بەشێكی كۆبوونەوەكە تایبەت بووە بە  دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، كە تێیدا گفتوگۆكراوە لەبارەی فەرمانی دیوانی ژمارە 83ی تایبەت بە كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی فڕۆكەخانەكان، كە فەرمانەكە دەرچووە بۆ ئەوەی دەست بەكارەكانیان بكەن لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی بەڵام فەرمانبەری بۆ دانەنراوە.

هاوكات بەپێی زانیارییەكان ئەنجوومەنی دەستەی دەروازە سنوورییەكان لە كۆبوونەوەكەدا رێككەوتوون لەسەر راسپاردەیەك كە پێویستە هەرێمی كوردستان پابەندبێت بە بڕیاری ژمارە 13ی ساڵی 2019 كە لە یەكێك لە بڕگەكانیدا هاتووە، دەبێت دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بە دەروازە سنوورییەكانی عێراق گرێبدرێتەوە و بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی فرۆكەخانەكان هەڵبوەشێتەوە و بەڕێوەبەرایەتییەكی دیكە دروست بكرێت كە تایبەتە بە ئاسایشی فڕۆكەخانەكان.

رێككەوتن لەسەر دەروازەكان
جیاواز لە فرۆكەخانەكان، یەكێكی دیكە لە دۆسێكانی ئێستای نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەستنەوەی دەروازەكانی هەرێمە بە دەستەی دەروازەكانی عێراقەوە بۆ ئەوەش ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند خاڵێكی بڵاوكردووەتەوە كە بەپێی وتەی رەسمی خۆیان ئەو خاڵانە بنەماكانی رێككەوتنی هەولێر و بەغدادن لەبارەی دەروازەكان بەجۆرێك:-

یەك:- یەكخستنی رێكارەكانی دەروازە سنوورییەكان ئاسمانی، وشكانی و دەریایی؛ دەكرێت گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی دەرەكی بكرێت و رێكبكەون لەسەر ژمێرەی گومرگی، ئەوەش دوای جێبەجێكردنی رێككەوتنی هەردوولا. تیمێكی كاری تەكنیكی پێكدەهێندرێت لە فەرمانبەرانی حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە.
 
دوو:- یەكخستنی رێكارەكانی گومرگ و دەروازەكان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ تەواوی دەروازەكانی حكومەتی فیدراڵی بە هەر رێگەیەكی كاركردن كە پشتی پێدەبەسترێت لەگەڵ پێناسەی گومرگی یەكگرتوو.
 
سێ‌:- دانانی سیستمێكی ژمێرە لەبارەی داهاتە گومرگییە بەدەستهاتووەكان لە رێگەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و مامەڵەكردن پێی بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ی ساڵی 2019.
 
چوار:- دانانی رێنمایی و رێكارەكان، كە حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان پێوەی پابەندبن بۆ تووندتۆڵكردنی هاتنی كەرەستە و كاڵای هاوردەكراو بەپێی یاسای گومرگی فیدراڵی و یاساكانی دیكە.


قاچاغی بەردەوامە
ئەو هەنگاوانەی عێراق لەكاتێكدایە هێشتا پرسی قاچاغچێتی و مامەڵەی نایاسایی لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و راپۆرتە میدیاییەكانیش بەردەوام باس لەوە دەكەن كە لە هەرێمی كوردستان باندی ئاشكرای قاچاغچێتی هەن و نوسینگەی رەسمییان هەیە كە سەر بە بەرپرسانن و هەركەس بیەوێت دەتوانێت پارەیان بداتێ‌ و كەلوپەل لە وڵاتانی دەرەوە بەبێ‌ گومرگ و پشكنین ئامدیوی هەرێمی كوردستان بكات.

عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد كە دوو ئەندامی پەرلەمانی كوردستانن لەوبارەیەوە بەڵگەی پێویستیان كۆكردووەتەوە و بەڵگە و دۆكۆمێنتەكانی قاچاغچێتیكردنیشیان لە هەرێمی كوردستان هاوپێچی سكاڵایەك كردووە و رادەستی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستانیان كردووە و ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی یاسادایە.

لە نوسینێكی هاوبەشی كورتدا هەردوو پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد، ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێن، كۆی دۆسیەی گەندەڵی و قاچاخی خاڵە سنوریەكانمان داوە بە دادگا، ئامادەییمان دەربڕی لە دادگا دژی هەموو ئەوانەی ئەم كارانە دەكەن وتە و شایەتی بدەین.
ئاماژەیان بەوەشداوە كە لەگەڵ سەرۆكی داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەتەوە، ڕاپۆرتێكی پڕ وەردەكاریان لە بارەی قاچاخی و كۆمپانیاكان و گەندەڵی خاڵە سنوریەكان، داوە بە داواكاری گشتی، داوایانكرد سكاڵای یاسایی بجوڵێندرێت و ئەوانیش ئامادەن لە دادگا ئامادەبن، دژی ئەو گەندەڵی و قاچاخیە وتە بدەن.

هەرێم دەگەڕێتەوە سەردەمی مەجلیس تەنفیزی
بەبڕوای چاودێران، ئەم قاچاغی و كارە نایاساییانەی بۆ بەرژەوەندی گروپێكی تایبەت لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێن تەنها زیانی دارایی و تەندروستی و ئەمنی بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ناگەیەنێت، بەڵكو رەهەندێكی گەورەتری هەیە ئەویش بچوكبوونەوە و نزیكبوونەوەی لەبارچوونی هەرێمی كوردستانە.
شوان محەمەد، رۆژنامەنوس لەوبارەیەوە لە نوسینێكی كورتدا دەڵێت، تۆ هەر بەردەوامبە لە قاچاخچێتی لە دەروازەكان و فڕۆكەخانەكان، بەغداش تۆ دەكات بە مەجلسی تەشریعی و تەنفیزیەكەی سەردەمی سەدام.
ئەو رۆژنامەنوسە نوسینەكەی بەمجۆرە دەستپێكردووە، دەستەی خاڵە سنوریەكانی فیدرالی، لە كۆبونەوەی خۆیان لەسەر پێشنیارێك رێك كەوتون بۆ بەستنەوەی خاڵە سنوریەكانی هەرێم بە دەوڵەتی فیدرالی و داواكردن لە هەرێم كە بڕیاری ژمارە ١٣ ی ساڵی ٢٠١٩ جێبەجێ بكات،
ئەمە تەنها یەك مانای هەیە ، تۆ نەتتوانیوە ٣٠ ساڵە ئیدارەیەكی شەفافی دەروازەكان بكەیت و بیخەیتە خزمەتی خەڵكی هەرێمەوە، بەڵكو بە ئێستاشەوە لە خزمەتی حیزب و سەرانی حیزبدابێت، پیرۆزە تۆ شەرعیەتی ئەخلاقی ئیدارەدانی ئەو شوێنانەت نەماوە، بۆیە زۆرێك لە خەڵكیش حەزدەكات بچنەوە سەر بەغدا.
ئیتر پەرلەمان و حكومەتەكەشت دەبێتەوە مەجلیسی تەشریعی و تەنفیزی سەردەمی سەدام، گرفتەكە ئەوەیە دوایی دەنگ بەرزدەكاتەوە و هاوار دەكات و كوردایەتیمان پێدەفرۆشێتەوە، ناڵێت من گەندەڵ و فاشیل بووم.