ڕاپۆرتی کوردستانی

05:08 - 23/08/2020

نەخۆشخانەو فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان‌و سوتاندنی بەڵگەنامە دەكرێنە ئامانجی خۆپیشاندان‌

پەیسەر

هەرێمی كوردستان شەپۆلێك خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەخۆیەوە بینی، شەپۆلێك كە خوێندنەوەی ئاسان نییە، چونكە نە كەس پشتیوانی دەكات و نە هیچ كەس خۆی بە خاوەنی دەكات بەوپێیەی خۆپیشاندەران هەڵیانكوتاوەتە سەر ژمارەیەك بینا و دامەزراوەی خزمەتگوزاری كە زیانەكانی بەر هاوڵاتیان كەوتووە لە نمونەی سووتاندنی بەڵگەنامەی 30 ساڵی هاوڵاتیانی هەڵەبجە لە شارەوانی ئەو پارێزگایە.

چی روویدا؟
كاتژمێر 10:30 ی شەوی 23-8-2020 خوپیشاندەران پەلاماری ژمارەیەك بارەگای حكومەت‌ و حیزبیشیان دا و بەهۆیەوە ژمارەیەك ئۆفیسی حكومی سوتان و شەش خوپیشاندەریش بریندار بوون.

نوخشە ناسیح، قائیمقامی هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند لەدوای سەعات 10 و نیوی شەو، كۆمەڵێك هەڵیانكوتایە سەر بارەگا حكومیەكان، لە وانە قائیمقامیەت و شارەوانی و هاتووچۆی ناوشاری هەڵەبجە و زیان بە دامەزراوە حكومیەكان گەشتووە و كومەڵێك مەلەف و بەڵگەنامە سوتاون .
نوخشە ناسیح دەڵێت " ئیمە لەگەڵ هەموو داواكاریەكانی خۆپیشاندەرانداین ، بەڵام خۆپیشاندانی هێمنانە، بەهۆی خۆپیشاندانەكانی شەوی ڕابردووەوە، ناچارین دەوامی ڕەسمی بۆ ماوەیەك ڕابگرین."

لەلایەكی دیكەوە هەمان رۆژ لە گەرمیان خۆپیشاندان ئەنجامدرا و خۆپیشاندەران هەڵیانكوتایە سەر بینای قایمقامیەتی كەلار و بەشێكیان سوتاند و زیان بە ئوتومبیلی تایبەتی چەند پۆلیسێكی پاسەوانی بیناكە كەوت، ئەوە جگە لە هەڵكوتانە سەر نەخۆشخانەیەكی تایبەتی كۆرۆنا لە گەرمیان كە لەلایەن خێرخوازانەوە دروستكرابوو.

كێ‌ خاوەندارێتی دەكات؟
تا ساتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە هیچ لایەنێك یان گروپێك بە رەسمی پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانەكان دەرنەبڕیوە بەهۆی ئەو كارە دزێوانەی لە خۆپیشاندانەكاندا ئەنجام دراون بەپێی هەندێك گرتەی ڤیدیۆیش كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ كە بەردەوام داوای خۆپیشاندان دەكات و لە میدیای زمانحاڵی حیزبەكەیەوە دەیەوێت وەك ئاراستەكاری خۆپیشاندانەكان خۆی نمایش بكات، كاتێك لە پاركی ئازادی سلێمانی دەچێتە نێو خۆپیشاندەران بە هوها و جنێوی نەشیاو و تێگرتنی بەرد و دەبەی ئاو راودەنرێت.


تۆمەتی تەقەكردن و بەكارهێنانی چەك
بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ـی پارتی لە هەڵەبجە، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ئاڵۆزییەكانی شەوی رابردووی هەڵەبجە و تەقەكردن لە بارەگای پارتی لەو شارە، رایدەگەیەنێت "ئەوەی جێگەی سەرنجە لەلای ئێمە، وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان؛ دوێنێ ئێمە تاكە لایەنی سیاسی بووین لە شاری هەڵەبجە هێرشمان كرایە سەر. هێرش نەكرایە سەر هیچ لایەنێكی دیكە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وا بڵاوكراوەتەوە پاسەوانەكانی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردووە و بەشێك لە بەرپرسانی حیزبیش گومان لە خۆپیشاندەران دەكەن و دەڵێن چەكیان پێ‌ بووە.

سوتانی بەڵگەنامە
كوێستان ئەكرەم، سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە لە لێدوانێكی میدیایدا رایگەیاند، بەداخەوە، بەڕاستی بەو شێوەیە داوای ماف ناكرێت، كە هێرش بكەنە سەر فەرمانگە حكومییەكانی ئەو پارێزگایە، ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین هاووڵاتییان داوای مافەكانی خۆیان بكەن، بەشێوەیەكی تەندروست، بەڵام نەوەك بەمشێوەیە".

لەبارەی زیانەكانیش، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە وتی بەداخەوە شارەوانیی هەڵەبجە رووبەڕووی سووتان بووەوە، باڵەخانەكە هەمووی زیانی بەركەوتووە، لەڕووی دۆسیە و دۆكیومێنتەكانیش، بەشی گەنجینە و كۆگای شارەوانی و هەرچیی مامەڵە و دۆكیومێنتی خەڵك و فەرمانبەران هەیە هی 30 ساڵ، هەمووی سووتاوە".

سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجە جەخت دەكاتەوە لەوەی "بەدڵنیاییەوە دەستێكی تێكدەر و گێرەشێوێن بوون" ئەم كارەیان كردووە "بەڵام خەیاڵیان خاوە، چونكە دەتوانین دۆكیومێنت دروست بكەینەوە، چونكە ئەوەلیات هەر لێرە نییە، و پەیوەستین بە زۆربەی بەڕێوەبەرایەتییانی دیكەوە، ناوی هیچان ناهێنم، بۆ ئەوەی بیر لەوە نەكەنەوە بچن رووبەڕووی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەش ببنەوە".

بەڵام هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە رەتیدەكاتەوە هیچ بەڵگەنامەیەكیان سوتابێت و رایدەگەیەنێت لەگەڵ ئەوەی باڵەخانەكەیان سوتێنراوە، بەڵام بەڵگەنامەكانی هاوڵاتیان سەلامەتن.

فوئاد ئەحمەد، لێپرسراوی بنكەی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، رێكاری یاسایی بەرامبەر هێرشكەران گیراوەتەبەر و چاوەڕوانی دادگا دەكەن.
ئاشكراشیكرد، كە توانیویانە بەڵگەنامەكان بەزووترین كات بگوازنەوە، بۆیە هیچ بەڵگەنامەیەكیان نەسوتاوە.

لێپێچینەوە دەكرێت
لەپاڵ ئەوەی بەرپرسانی كارگێڕی و بەڕێوەبەرانی ئەو فەرمانگانەی دەستدرێژییان كراونەتە سەر و سوتێنراون داوای بەدواداچوونی یاسایی و لێپێچینەوە دەكەن، هاوكات سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هاتووەتە سەر هێڵ.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت كە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە ئەنجامداوە و نیگەرانی قووڵی خۆیان بەرامبەر ئەو ئاژاوە و پشێوی و هێرشكردنە سەر دامودەزگاكانی حكومی و موڵك و ماڵی گشتی و هاوڵاتییان دەربڕیووە.

وتوشیەتی؛ سووتاندن و تێكدانی موڵك و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان ، دەچێتە خانەی تاوان و پێویستە ڕێكاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر.

هەرچۆنێك بێت ئێستا لە هەرێمی كوردستان زیانێكی بەرچاو بەر بەشێك لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان كەوتووە و هێشتا تەپوتۆز و دوكەڵی رووداوەكان بە تەواوی نەنیشتووەتەوە، بەرای بەشێك لە چاودێرانیش گومان دەكرێت بە دەستی سیاسی داوای خۆپیشاندەران لە داوای مافەوە گۆڕدرابێت بۆ پەلاماردانی بارەگا خزمەتگوزارییەكان و هەندێكیش بڕوایان وایە رەنگە جۆرێك لە پەیامی سیاسی بێت لە بەشێكی حزبێكەوە بۆ حزبێكی تر بەناوی خەڵكەوە.