02:21 - 23/08/2020
دوای 12 لێكتێگەیشتن هەولێر و بەغداد كۆدەبنەوە، ئەنكەرەش لەمپەڕ دروستدەكات
جارێكی دیكە پرسی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد گەرم دەبێتەوە، بەتایبەت دوای سەردانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كۆشكی سپی و یاوەریكردنی لەلایەن وەفدێكی دامەزراوەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی چەند وەزارەتێك، بەڵام هاوتەریب لەگەڵ ئەو گەرمبوونەوەیە، جارێكی دیكە توركیا دەیەوێت لەمپەڕەكانی بەردەم رێككەوتنەكە زەق بكاتەوە و ئەو درزەی كە لە 2014ەوە كەوتووەتە نێوان هەردوو پایتەختەكە تادێت گەورەتری بكات.
كۆبوونەوەكانی هەولێر و بەغداد دەستپێدەكەنەوە
ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی میدیایدا دەڵێت، لە پەراوێزی بەشدارییكردنیان لە گەڕی دووەمی دیالۆگی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و عێراق لە واشنتۆن، دەرفەتی گفتوگۆیان هەبووە لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەردوو وەزیری دارایی ونەوتی فیدڕاڵ، لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە كە بڕیارە لەم هەفتەیەدا كۆبوونەوەكانی هەرێم و بەغدا دەستپێدەكەنەوە و درێژە دەدرێن بە كۆبونەوەكانی پێشوو بەمەبەستی رێككەوتنێكی كۆنكرێتی لەسەر ئیلتزامی نەوتی و دارایی هەرێم و زامنكردنی ماف و بەشە بوودجەی هەرێم لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢١.
سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەشڵێت، هەرێم پشكی دەبێت لەو ئاسانكاری و پشتیوانییە داراییانەی كە بۆ عێراق دەكرێت لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانەوە بەمەبەستی چارەسەركردنی كورتهێنانی بودجە.
لەلایەكی دیكەوە، دارا ڕەشید ئەندامی شاندی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێم لەگەڵ عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕاستە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بانگێشتی بەغدای كردووین بۆ گفتوگۆ و ڕێككەوتنی كۆتایی.
وتیشی، لە ڕێككەوتنی كۆتایی نزیك بووینەتەوە و هیوادارین بەزوویی كۆبوونەوەكە بكرێت، ئەو ڕێككەوتنە دەچێتە ناو یاسای ساڵی 2020ـی عێراق ئەنجام بدرێت.
لێكتێگەیشتنەكە چۆنە؟
بەر لە دەستپێكی گەشتەكەی بۆ ئەمریكا، مستەفا كازمی بڕیاریدا كە 320 ملیار دینار رەوانەی لقی هەولێری بانكی ناوەندی بكرێت، تا حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچە بەكاری بهێنێت، بڕیاری رەوانەكردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێرقەوە لەكاتێكدا بوو كە هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند بە بەیاننامەی زبر یەكتریان بە پەكخستنی رێككەوتن تۆمەتبار دەكرد.
بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنەی ئێستا هەیە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی 3 مانگ سوودمەند دەبێت لە رەوانەكردنی بڕی 320 ملیار دینار لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە لەبەرامبەردا حكومەتی ناوەندی داوای بەشێك لە داهاتی سنوورەكان و بەڕێوەبردنی هاوبەشی دەروازەكان دەكات.
خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدا، راگەیەندراوێكی لەسەر وردەكاری رێككەوتنەكە بڵاوكردەوە.
بەپێی راگەیەنراوەكەی شوانی، رێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا كاتییە و تا پەسەندكردنی یاسای بودجەی ساڵی 2021ی عێراق بەردەوام دەبێت، تا ئەوكاتەیش بەغدا مانگانە، 320 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران.
خالید شوانی ئاماژەی بەوەشدابوو كە دوایی ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوە و ۱۲ جار گۆڕینەوەی پێشنیاز و تێبینی، پڕۆسەی دانوسانەكە هەڵكشان و داكشانی زۆری بەخۆ بینی و دانوستانێكی قورس و ئاڵۆزبوو و لەیەك كاتدا هەوڵەكانمان هەم بۆ دابینكردنی مافە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێم و هەم بۆ پاراستنی مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان بوو، رێككەوتنەكە تاوەكو ئیقراركردنی یاسای بوودجەی ۲۰۲۱ بەردەوام دەبێت و قۆناغێكی نوێی دانوستان لەسەر بوودجەی ۲۰۲۱ دەست پێدەكەینەوە ، بەپێی رێككەوتنی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش مانگانە ۳۲۰ ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەكرێت.
بە وتەی شوانی، رێككەوتنەكە میكانیزمی مامەڵەكردنی لەگەڵ داهاتی خاڵە سنوورییەكانی لەخۆگرتووە كە بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی فیدرالی ژمارە ٦ ساڵی ۲۰۱۹ دەبێت و كۆمەڵێك مەلەفی تری وەك بابەتی چاودێری، وردبینی و میكانیزمی چارەسەركردنی كۆمەڵێك مەلەفاتی تری دارایی و ئابووری لەخۆدەگرێت.
توركیا لەمپەڕ دروستدەكات
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، پێچەوانەی ئەمریكا و ئەوروپا كە پشتیوانی رێككەوتنی هەولێر و بەغداد دەكەن، توركیا ناكۆكی لەگەڵ رێككەوتنەكە هەیە و نایەوێت رێككەوتنێكی لەو شێوەیە لەنێوان هەرێم و عێراق لەسەر پێیەكانی خۆی بوەستێت، چونكە هەم لەرووی دارایی و هەم لەرووی سەربازی و سیاسییەوە بە دژی بەرژەوەندییەكانی خۆی دەزانێت.
پەیسەر زانیویەتی كە توركیا دژایەتی خۆی بۆ رێككەوتنەكە نەشاردووەتەوە و بە بەشێك لە سەركردەكانی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە كە نایەوێت ئەو رێككەوتنە بەو جۆرەی كە هەیە ئەنجام بدرێت بەتایبەت لە پرسی خاڵە سنورییەكان و ئیدارەدانی هاوبەشی دەروازە سنورییەكان لەلایەن هەرێم و بەغداوە.
رێككەوتنی ئەمنی
هاوكات یەكێكی دیكە لە كێشەكانی توركیا لە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد پەیوەندی بە پرسی بوونی هێزەكانی لە خاكی هەرێمدا هەیە، چونكە دوای ئەوەی لە ساڵی 1982 پارتی كرێكارانی كوردستان لە كۆنگرەی بەیروت بڕیاریدا كە هێزەكانی بگوازێتەوە ناوچە سنورییەكانی عێراق، لە ساڵی 1983 توركیا رێككەوتنێكی ئەمنی لەگەڵ عێراق واژۆكرد و بەپێی ئەو رێككەوتنە هێزەكانی توركیا بۆیان هەبوو لە قوڵایی 10 كیلۆمەتری خاكی عێراقدا ئۆپەراسیۆنی ئەمنی ئەنجام بدەن، بەڵام ئێستا بە وتەی بەرپرسانی هەرێم توركیا چەندین هێندە زیاتر لەو قوڵاییەی كە لە رێككەوتنەكەدا بۆی دەستنیشانكراوە هاتووەتە خاكی هەرێمەوە و بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش دان بەوەدا دەنێت كە توركیا چاوی لەوەیە موسڵ داگیربكات.
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە تویتێكد لەبارەی بەزاندنی سنوور و هاتنە ناوەوەی سوپای توركیا بۆ هەرێمی كوردستان نووسیویەتی، پەلاماری توركیا بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەی زاخۆ پێشهاتێكی جیۆسیاسی زۆر جددیە. دەشڵێت، چڕی هێرشەكان زەنگێكی مەترسیدارە.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەشكردووە، داوای سەركردەكانی تورك بۆ زیندووكردنەوەی داواكردنی پارێزگای موسڵ لە لایەن توركیاوە زیاتر لە هەموو پێشهاتەكانی دیكە مایەی نیگەرانییە.
هەرچۆنێك بێت ئێستا چ هەولێر و چ بەغداد بە خۆشی یان ناچاری چاوەڕوانی واژۆی كۆتایی رێككەوتنن، لە واشنتۆنیش كازمی بە نوێنەرانی كوردی لە تیمەكەیدا وتووە كە داوای لە بەرپرسانی هەرێم بكەن زوو كارەكان تەواو بكەن و رێككەوتنەكە ئەنجام بدرێت، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە دەیان لەمپەڕی ناوخۆیی و هەرێمی دەتوانن هەولێر و بەغداد لە رێككەوتن رابگرن یاخود فشاری ئەمریكا ناچاری كردوون كە هەرچی زووترە رێككەوتنەكە بكرێت.
پرسیاری دیكەش ئەوەیە ئایا ئەم رێككەوتنە دەتوانێت كۆتایی بەو كێشە گەورەیە بهێنێت كە لە ساڵی 2014ەوە لەنێوان هەولێر و بەغداد سەریهەڵداوە، یان هاوشێوەی رێككەوتنەكانی پێشتر وەك دەرمانێكی ئازارشكێنی كاتییە بۆ نەخۆشێكی شێرپەنجە، نە چاكی دەكاتەوە و نە هیچ لە تەندروستی دەگۆڕێت و تەنها بۆ ماوەیەك هەستی ئازاری كەمدەكاتەوە.