ڕاپۆرتی کوردستانی

01:11 - 20/08/2020

شه‌ڕی خوێناویی سنه ‌و كاردانه‌وه‌ی فه‌تواكه‌ی ئیمام‌

پەیسەر

هێشتا چه‌ند مانگێكی كه‌م به‌سه‌ر شۆڕشی گه‌لانی ئێراندا تێپه‌ڕی نه‌كردبوو كه‌ ئایه‌توڵا خومه‌ینی فه‌توایه‌كی له‌ دژی كورده‌كان ده‌ركردو فه‌رمانی به‌ سوپای وڵاته‌كه‌یدا كه‌ هیرش بكه‌نه‌ سه‌ریان، ئه‌و قسانه‌ی خومه‌ینی له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستاش به‌ (فه‌توای خومه‌ینی له‌ دژی كوردستان) به‌ناوبانگه‌ كه‌ بووه‌ هۆی خڕبوونه‌وه‌ی سوپای تازه‌ وه‌سه‌رپێ خۆكه‌وتووتی ئێران و سه‌ره‌و ژێر بوونه‌وه‌ بۆ قه‌تڵوعامی كورده‌كان.

مانشێت و هه‌واڵی گه‌رمی رۆژنامه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ پڕپڕن له‌ كوشتن و سزادانی كورده‌كانی رۆژهه‌ڵات، دادگا گه‌ڕۆكه‌كانی شۆڕش و فڕین و بۆمبارانی فڕۆكه‌كان به‌ فه‌رمانی خومه‌ینی كه‌وتنه‌ گیانی خه‌ڵكی كوردو دڵیان هه‌ركه‌سی نه‌گرتایه‌ ملیان به‌ سڵنگێكه‌وه‌ ده‌كردو مۆری خیانه‌ت و دژه‌ شۆڕشیان پێوه‌ ده‌ناو وه‌ك تاوانبارو دژه‌ نیشتمان و خاك ده‌ناسێندراو كه‌سیش نه‌یده‌توانی ده‌نگی لێوه‌ بێت، چوون ئه‌و ڕۆژانه‌ بۆكوردی رۆژهه‌ڵات پییان ده‌گوترێت ڕۆژه‌ ڕه‌شه‌كان، له‌ ئاسمانه‌وه‌ فڕۆكه‌و له‌ زه‌ویشه‌وه‌ ته‌قه‌ی تفه‌نگ سنگی كوردانی رۆژهه‌ڵاتی كون ده‌كرد. ئه‌و رۆژانه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی كوردی رۆژهه‌ڵاتدا به‌ شه‌ری سی رۆژه‌و سنه‌ی خوێناوی ناوی ده‌ركردووه‌.

پرسیار ئه‌وه‌یه‌: شۆڕشی گه‌لانی ئێران كه‌ به‌شی رۆژئاوای ئه‌و وڵاته‌ له‌لایه‌ن كورده‌كانه‌وه‌ ئه‌نجام درا، بۆچی لێی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌و له‌دژیان فه‌توای كافربوون و یاخیبوونیان دا؟ ئایا پاڵنه‌ره‌كانی خومه‌ینی چی بوون  وا فه‌توایه‌كی له‌وجۆره‌ی ده‌ركرد؟ پاڵنه‌ره‌كان مه‌زهه‌بی بوون یان نه‌ته‌وه‌یی، كه‌ له‌ڕووی مه‌زهه‌به‌و زۆرینه‌ی ده‌وڵه‌ت شێعه‌و كوردیش سونی بوو، یان نه‌ته‌وه‌یی بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌وان كوردن؟

له‌كۆتاییه‌كانی مانگی ئابی 1979(28 مرداد 1358) دا كه‌ هێشتا ئێران له‌ گه‌رم و گوڕیی شۆڕشه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی ساردنه‌بوبوویه‌وه‌، هێشتا هێزه‌ چه‌كداره‌ په‌راكه‌نده‌و په‌رش و بڵاوه‌كان كۆنه‌كرابوونه‌وه‌و له‌ژێر سایه‌ی ئینقیلابیه‌كاندا نه‌بوون، مه‌هدی بازرگان سه‌رۆك وه‌زیران بوو، ئه‌و هه‌رچه‌نده‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ئایدۆلۆژی به‌ شۆڕشی نوێوه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی جه‌بهه‌ی میللی و كه‌سێكی ئازادیخواز ده‌هاته‌ به‌رچاو، به‌ڵام خومه‌ینی وهاوكاره‌كانی له‌بیری ئه‌وه‌دا بوون كه‌ له‌ ڕێگه‌ی (ئیمام جومعه‌، دادگاكانی شۆڕش، كۆمیته‌كانی شۆڕش، سوپای پاسداران و ئه‌ندامانی حیزبوڵا)ه‌وه‌ چاره‌سه‌ریی دۆخه‌ ناوخۆییه‌كانی ئێران بكه‌ن و له‌ناو ئه‌وانه‌شدا دۆخی كوردستان.

لە بەرواری ١٩ی ئابی ١٩٧٩ پەیامی ئایەتوڵڵا خومەینی چەندین جار بە مارشی نیزامییەوە لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنەوە بڵاو کرایەوە: " هەر ئێستاکە هەواڵێک گەیشت کە لە سنە ئەرتەشییەکان و ڕێکخراوەکانی ئەوانیان گەمارۆ داوە و ئەگەر تاکوو نیو کاتژمێری دیکە یارمەتیان پێنەگات، چەکەکان دەبەن.
لە مزگەوتی سنەوە زانیاریمان پێگەیشتووە کە حیزبی دیمۆکرات ژنەکانی ئێمەیان بە بارمتە بردووە.

ئیمام خومه‌ینی ده‌یگوت: بە پێداگرییەوە فەرمان بە سەرجەم هێزە سەربازییەکان دەکەم کە بە سەربازگەکانی ناوەند ڕابگەیەنن تاکوو ئەوەندەی کە پێویستە بەرەو ناو شاری سنە بجووووڵێن و بە تووندی ئاژاوەگێڕان سەرکوت بکەن.

پاسدارانی شۆڕش- لە هەر شوێنێک کە هەن، بەپێی پێویست بەرەو ناو شاری سنە و کوردستان- لەڕێی پردی هەواییەوە-بکەونە ڕێ و بە تووندی سەرجەم ئاژەوەگێڕان سەرکوت بکەن. پشتگوێ خستنی ئەم فەرمانە تەنانەت بۆ یەک کاتژمێریش یان خۆ سەرپێچیکردن لە ئەرکەکان بە تووندی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. داوا لە گەلی ئێران دەکەم کە ئاگادار بن و ئەگەر هەر کام لە بەرپرسەکان سەرپێچیان کرد، بە خێرایی ئاگادارمان بکەنەوە. من چاوەڕوانی ئەوە دەکەم کە تاکوو نیو کاتژمێری تر، هەواڵی خۆ تەیارکردنی گشتیی هێزە سەربازیییەکانمان پێ بگات".

فه‌رمانی جوڵاندنی هێزه‌كان له‌سه‌رده‌ستی بازرگان دا بوو، به‌ڵام خومه‌ینی ئه‌و كاره‌ی كردو به‌چه‌ند خوله‌كێك و چه‌ند دێڕێك گه‌وره‌ترین گۆڕانكاریی له‌ مێژووی ئێران و كوردستانی رۆژهه‌لاتیشدا دروستكرد.

گه‌رچی داریوش فروهه‌ر له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنی ئه‌و رۆژانه‌دا به‌جدی له‌باره‌ی داواكاریی كورده‌كانه‌وه‌ قسه‌ی ڕاشكاوانه‌ی كردووه‌و گوتوویه‌تی كێشه‌ی كورده‌كان كێشه‌یه‌كی هه‌ستیارو مێژینه‌یه‌و ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می شۆڕش و پێشتریش هه‌مان ئه‌و كێشه‌یه‌یان هه‌بووه‌، بۆیه‌ ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر داواكانیان بگه‌یه‌ننه‌ سه‌ركردایه‌تی شۆڕش و له‌ هه‌مان كاتیشدا له‌ ئه‌نجامی گفتوگۆی تایبه‌تیم له‌گه‌ڵ كورده‌كان گه‌شتوومه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ كورده‌كان نیه‌تی دابه‌شكردنی خاكی ئێرانیان نیه‌و خوازیاری خۆبه‌ڕێوه‌به‌رین –خودموختاری- له‌نێو خاك و سنووری ئێراندا، ئه‌وه‌ش كارێكی عه‌یب و نه‌نگی نیه‌و پێویسته‌ قسه‌ی له‌باره‌وه‌ بكرێت. داریوش له‌باره‌ی كێشه‌ی مه‌زهه‌بی نێوان شێعه‌و سونه‌وه‌ ده‌ڵێت ئه‌و ماوه‌یه‌ی من له‌وێ بووم و گفتوگۆم له‌گه‌ڵ كورده‌كان كردووه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی له‌و جۆره‌م هه‌ست پێنه‌كردووه‌.

سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ بانگه‌شه‌یان بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ كورد خوازیاری جیابوونه‌وه‌ نین و نایانه‌وێت ئێران پارچه‌پارچه‌ بكه‌ن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین شاندیان گفتوگۆیان كردبوو، به‌ڵام دیاربوو به‌ به‌رنامه‌ی پیشوه‌خته‌و بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ په‌لاماری كوردستان دراو سنه‌و چوارده‌وریان خوێناویی كرد ، سه‌رجه‌م میدیاكانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ ڕه‌نگی خوێن و هه‌واڵی مه‌رگ و له‌ سێداره‌دانی كورده‌كان پڕكران، هه‌ربۆیه‌ به‌شێكی زۆر له‌ كوردان له‌ ولات وه‌ده‌ر نران و تا ئێسته‌ش به‌شی زۆریان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێرانن و ئه‌و ڕۆژه‌ ڕه‌شانه‌ش بوونه‌ته‌ یاداوه‌رییه‌ك كه‌ هه‌رگیز له‌یادناكرێت.