ڕاپۆرتی کوردستانی

05:03 - 19/08/2020

پەرەستارەکان مەدالیای ڕەنگاڵەیان ناوێت، خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی "بەندی تاکەسی"ی زانیار عومرانی‌

پەیسەر

نووسەر: ئاوات پووری
وەرگێڕ: لاوێن ئەمانی

ئەم یاداشتە هاوکات بە بڵابوونەوەی دوایین فیلمی زانیار عومرانی بەناوی "بەندی تاکەکەسی" لە کەناڵی یوتیبەکەیدا بڵاودەکرێتەوە.

فیلمەکە بە وێنەگەلێک لە مانگرتنی پەرەستاران لە کەشی گشتیی سەردەمی قەرەنتینە لە فەڕەنسا و دەنگی هەواڵنێری کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی فەڕەنسا لەمەڕ مەترسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە زیندانەکاندا، دەست پێدەکات. دەنگ و دیمەن، ساردی و دووری قەرەنتینە لە لای بەردەنگ وێنا دەکەن و بە چیرۆکی یوسفی ئەردەڵان لە زیندانی تاکەکەسی لە سەردەمی دەسەڵاتی محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی، بەردەوام دەبێت. دەنگێک لە تاراوگەوە و گیرۆدەی قەرەنتینەی کۆرۆنا لە فەڕەنساوە کە هاوکات لەگەڵ نیشاندانی وێنەگەلێک لەو هەلومەرجە، وەک بڵێی خەریکە ڕێگەچارەیەک بۆ تێپەڕکردنی کات لە قەرەنتینەدا دەخاتە بەردەست، هەروەک چۆن لە زینداندا بە شەترەنجی درووستکراو لە خەڵووز ئەو کارەی دەکرد. دیمەنەکانی ناو فیلمەکەش لە کەشێکی خۆڵەمێشی تێکەڵ بە ڕووناکییەکی زەقی سپی و جووڵەی هێواشکراو (سلۆمۆشن) و بە بەرجەستەکردنەوەی ڕەنگە ڕەش و سپییەکان، پڕۆسەی درووستکردنی شەترەنج لە خەڵووز لای بینەر دەخولقێنن. هاوکات دەنگە گەرم و لەسەرەخۆکەی یوسفی ئەردەڵان، سەرلەنوێ و یەک بە یەک مۆرەکان لە تەنیشت یەک ڕیز دەکاتەوە و بەم شێوەیە وێنایەک لە مێژووی بەرەنگاری ئەو ڕۆژانەی سنە دەدات بە دەستەوە.

وشەی “confinement” لە ڕەگێکی لاتینییەوە دێت و مانای "زیندان" دەدات. لە زمانی فەڕەنسی ئەمڕۆکەدا لە جێگەی قەرەنتینە بەکار دەبرێت و لە زمانی ئینگلیزیدا بە واتای "زیندان" دێت. ناوی فیلمەکە لە بەستێنی سێ زمانی فارسی، فەڕەنسی و ئینگلیزیدا دەلالەت لە سێ واتای: زیندان، گەمارۆ و قەرەنتینە دەکات. کارەکانی ئەمدواییانەی زانیار عومرانی وەک دۆکیومێنتاریستێکی کوردی دوورخراوە، سەرجەمیان هەوڵێک بوون بۆ تێگەیشتن لە هاوبەشی و جیاوازییەکانی بزووتنەوە جەماوەرییەکان لە کوردستان، ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناڤین و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بزووتنەوە هەنووکەییەکانی فەڕەنسا، شوێنێک کە ئەو ئێستاکە نیشتەجێیەتی. ئەم فیلمانە هەموو خاوەنی تێڕوانینێکی سیاسین و لە ئەنجامی ژیانی ڕۆژانەی پەنابەرێک لە فەڕەنسا و هەوڵ بۆ گرێدانەوەیان بە بزاڤە هاوچەرخەکانەوە هاتوونەتە بەرهەم. "بەندی تاکەکەسی" بە جۆرێک درێژەی بەرهەمێکی‌تری زانیار عومرانییە لە کورتە فیلمی "دەمامک"دا. دەمامک ئەزموونێکی نوێ بوو لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەرەنتینە لە ڕێگەی کامێرا و مەودای کۆمەڵایەتییەوە و بە یارمەتی مۆنتاژ.

"بەندی تاکەکەسی" گێڕانەوەی یادەوەرییەکانی یوسف ئەردەڵانە لە دوو قۆناغی جیاوازی ژیانیدا: "سێ مانگ زیندانی تاکەکەسی لە گرتووخانەی قێزێل قەلعەی تاران" لە سەردەمی دەسەڵاتی محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی و "گەمارۆی شاری سنە" لە قۆناغی دوای شۆڕشی ساڵی پەنجاوحەوتی هەتاوییدا (١٩٧٩). وا پێدەچێت قورسایی ئەو بیرەوەرییانە بە ڕادەیەک بن کە بێزاری قەرەنتینەی هەنووکە کەمتر بکەنەوە.


یوسفی ئەردەڵان باس لەوە دەکات کە لە دوای ئازادبوونی لە زیندانی تاکەکەسی و بە هۆی دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە تشرینی دووەمی ١٩٧٨دا دەگەڕیتەوە شاری سنە، تاکوو لەو گۆڕانکارییەکانەدا ڕۆڵێکی هەبێت. بەڵام ئەو هەرگیز نەیدەزانی کە ئەم کۆچە، تێپەڕبوونێکە لە زیندانی تاکەکەسییەوە بۆ ناو گەمارۆ. ئەو یەکێک لە ئەندامانی شورای هەڵبژێردراو لە لایەن خەڵکی سنەوە بوو. ئەندامانی ئەو شورایە بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک هەڵبژێردران.

 

دواتر ٥٥ شورای گەڕەکیان بۆ بەڕێوەبردنی شار پێکهێنا کە پێیان دەوترا "بنکە". ئەم بنکانە خەڵکەکەیان بۆ کاروباری دەرمانی، خزمەتگوزاری، کاروباری فەرهەنگی و سیاسی ڕێک دەخست. ڕەنگە بتوانین بڵێین کە گرینگترین دەسکەوتی ڕووداوەکانی سەرەتای شۆڕش لە کوردستان، شورای شارەکان بوو. ئەم شورایە لە شاری سنە، ئەزموونێکی جیاوازی لە بەڕێوەبردنی شاردا خوڵقاند. یوسف ئەردەڵان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بە هێنانەوەی دوازدە هەزار و دوو سەد و سی (١٢٢٣٠) دەنگ، وەک یەکێک لە ئەندامی ئەم شورایە لەگەڵ "فوئاد ڕۆحانی"، "جەبار ئاریانەژاد"، "هادی مورادی"، "مەلا مەحمود ئاهەنگەر"، "مەعروف شەیخی" و "فەریدە قوڕەیشی" هەڵبژێردرا.


دووشەممە ١٩ی شوباتی ١٩٧٩، تەلەڤزیۆنی سەرتاسەری ئێران ڕایگەیاند: "کوردستان سەربەخۆیی ڕاگەیاندووە". پڕۆپاگاندایەک کە ئەگەرچی یەکەمینجار بوو لە دوای ڕووخانی محەمەدڕەزا شای پەهلەوی لە دژی بزووتنە جەماوەرییەکانی کوردستان کەوتە ڕێ، بەڵام دوایین‌جار نەبوو و تاکوو حوزەیرانی ١٩٨٠ و نقووم کردنی کوردستان لە خوێندا، بەردەوام لە لایەن دەستوپێوەندە حوکمییەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژنامەکان و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنەوە دووپات بوویەوە. ئەم ڕەوتە تا ئێستاکەش هەروا درێژەی بووە، دوایین نموونەشی بێدەنگی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکانی دەرەوەی وڵات بوو لە هەمبەر لە سێدارەدانی دوو چالاکی سیاسی کورد بە ناوەکانی "سابیر شێخ عەبدوڵڵا" و " دیاکۆ ڕەسوڵ‌زادە" کە هاوکات بوو لەگەڵ هەڵمەتی "لەسێدارە مەدەن" بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی سزای لەسێدارەدانی سێ کەس لە بەرهەڵستکارانی خۆپیشاندانەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠.
"بەندی تاکەکەسی" هەوڵ دەدات لە ڕێگەی نیشاندانی وێنە نەبینراو و کەمتر بینراوەکانی ئەو قۆناغەوە، بەخێرایی ئاوڕێک لە ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژانە بداتەوە. هەرچەندە کە گێڕانەوەکەی یوسفی ئەردەڵان هێور و لەسەرەخۆ و لە ژێر کاریگەری مانەوە لە قەرەنتینەی کۆرۆنادایە، بەڵام وێنەکان خێرا و بەدوای یەکدا دێن و دەڕۆن، ئەم هێواشی و خێراییە تێکەڵ بە زەربی هاوئاهەنگی مۆسیقای فیلمەکە کە لە لایەن "ڕووزبێ مۆسلێح"ەوە ئەفرێندراوە، لە یەک گرێ دەدرێن و ڕیتمێکی دیاریکراو دەدەن بە فیلمەکە. ڕووزبێ بۆ درووستکردنی ئەم مۆسیقایە ئیلهامی لە سروودی "خیابان خرۆشاوە"ی بەرهەمی "کاڵێ ئاتەشی" وەرگرتووە. ڕووزبێ مۆسلێح، ئاوازدانەرێکی گەنجە کە تەمەنی منداڵی خۆی لە ساڵانی ڕەشی دەیەی شەستی شاری سنەدا تێپەڕ کردووە، هەر بۆیە ئەزموونی ژیاوی لە ئەو ئاوازانەدا کە دایناون، بە تەواوی ئاوێتەی فیلمەکە دەبن و لە هاوئاهەنگییەکی تەواودان.


ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە بەرواری ١٩ی ئابی ١٩٧٩ لە ڕاپۆڕتێکدا ڕایگەیاند: " لەپاش فەرمانی ئایەتوڵڵا خومەینی لەمەڕ ناردنی هێزەکانی بە مەبەستی سەرکوتی ئەوەی کە ئەو بە ئاژاوەگێڕیی کوردەکان ناوی بردبوو، ئەمڕۆ هێزەکانی حکوومەتی ئێران لە سنەی پێتەختی کوردستان، یەکیان گرتەوە".


دوو ڕۆژ بەر لە بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ئایەتوڵڵا خومەینی لە لێدوانێکیدا لە قوم وتبووی: "ئەم ئاژاوەگێڕانە لە کوردستان و باقی شوێنەکانی تر، لە ڕیزی کافراندان، لەگەڵ ئەواندا دەبێ بە تووندی هەڵسووکەوت بکرێ، دەوڵەت دەبێ بە تووندی هەڵسووکەوت بکات، جەندرمە دەبێ بە تووندی هەڵسووکەوت بکات، ئەرتەش دەبێ بە تووندی هەڵسووکەوت بکات. ئەگەر بە تووندی هەڵسووکەوتیان لەگەڵدا نەکرا، ئێمە خۆمان بە تووندی کاردانەوە دەنوێنین".


"کریس دو کرێستەر" لە ڕاپۆڕتێکدا لەسەر ئەم وتارە کە لە بەرواری ١٩ی ئابی ١٩٧٩بۆ ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆستی نووسیوە دەڵێ: " ئەو (ئایەتوڵڵا خومەینی) ئۆلتیماتۆمی ٢٤ کاتژمێرەی دیاریکردووە کە کاتژمێر یەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ تەواو دەبێت، ئەو هۆشداری داوە کە ئەگەر تا ٢٤ کاتژمێری تر کۆتایی بەم "ئاژاوەگیڕییە نەهێنرێت، سەرباز و پاسدارانی ئیسلامی لەناویان دەبەن".



لە بەرواری ١٩ی ئابی ١٩٧٩ پەیامی ئایەتوڵڵا خومەینی چەندین جار بە مارشی نیزامییەوە لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنەوە بڵاو کرایەوە: " هەر ئێستاکە هەواڵێک گەیشت کە لە سنە "حیزبی دیمۆکرات"، ئەرتەشییەکان و ڕێکخراوەکانی ئەوانیان گەمارۆ داوە و ئەگەر تاکوو نیو کاتژمێری دیکە یارمەتیان پێنەگات، چەکەکان دەبەن. لە مزگەوتی سنەوە زانیاریمان پێگەیشتووە کە حیزبی دیمۆکرات ژنەکانی ئێمەیان بە بارمتە بردووە. بە پێداگرییەوە فەرمان بە سەرجەم هێزە سەربازییەکان دەکەم کە بە سەربازگەکانی ناوەند ڕابگەیەنن تاکوو ئەوەندەی کە پێویستە بەرەو ناو شاری سنە بجووووڵێن و بە تووندی ئاژاوەگێڕان سەرکوت بکەن. پاسدارانی شۆڕش- لە هەر شوێنێک کە هەن، بەپێی پێویست بەرەو ناو شاری سنە و کوردستان- لەڕێی پردی هەواییەوە-بکەونە ڕێ و بە تووندی سەرجەم ئاژەوەگێڕان سەرکوت بکەن. پشتگوێ خستنی ئەم فەرمانە تەنانەت بۆ یەک کاتژمێریش یان خۆ سەرپێچیکردن لە ئەرکەکان بە تووندی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. داوا لە گەلی ئێران دەکەم کە ئاگادار بن و ئەگەر هەر کام لە بەرپرسەکان سەرپێچیان کرد، بە خێرایی ئاگادارمان بکەنەوە. من چاوەڕوانی ئەوە دەکەم کە تاکوو نیو کاتژمێری تر، هەواڵی خۆ تەیارکردنی گشتیی هێزە سەربازیییەکانمان پێ بگات".



ئاگری شەڕ لە کوردستان لە دوای ئەم فەرمانەوە، جدیتر لە پێشوو داگیرسا. لە یەکەمین ڕۆژی دەرکردنی فەتواکەی ئایەتوڵڵا خومەینی، ١٢ کەس لە شاری پاوە بە تۆمەتی "بەشداری کردن لە ئاڵۆزی و تێکهەڵچوونەکان" بە دەستووری "سادقی خەڵخاڵی"، دادوەری دادگاکانی شۆڕش گوللەباران کران. دوکتور "ئەبولقاسمی ڕەشوەندی سەرداری" یەکێک لەم ١٢ کەسە بوو کە لە کۆتایی "بەندی تاکەکەسی"دا وێنە و کورتەیەک لە ژیاننامەکەی نیشان دەدرێت. شەڕ و کوشتوبڕ لە پاوەوە دەستی پێکرد و گەیشتە سنە، مەریوان و سەقز و تاکوو بۆکان و مەهاباد درێژەی کێشا، شارگەلێک کە برینەکانیان لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چل ساڵ هێشتاکەش دەرفەتی چاکبوونەوەیان بۆ نەڕەخساوە، بەو هۆیەوە کە ئەم شەڕە نایەکسانانەیە هەمووجارێک بە شێوەی تر خۆی دەسەپێنێتەوە بەسەریاندا.


ڕۆژی ١ی ئەیلوولی ١٩٧٩، ئایەتوڵڵا مەحموودی تاڵقانی لە وتارەکانی نوێژی هەینی لە زانکۆی تاران بە شێوەیەکی تووندتر و ڕقاویتر پشتگیری لە فەتوای ‌هێرش بۆ سەر کوردستان کرد و هۆکارەکەشی زۆر بەسانایی گەڕاندەوە بۆ بایکۆتی ڕیفڕاندۆمی کۆماری ئیسلامی لە نیسانی ١٩٧٩ و ڕایگەیاند: " خەڵکانێک کە لە سەرەتاوە وتیان ئێمە دەنگ نادەین بە کۆماری ئیسلامی، مانای ئەوە بوو کە بە کردەوە خۆیان لە ٩٨٪ی موسڵمانان و خەڵکی ئێران جیا کردەوە. جوو دەنگی دا، زەردەشتی دەنگی دا، مەسیحی دەنگی دا… کۆمەڵێک کەسیش وتیان ئێمە دەنگ نادەین؛ ئەگەر دەنگ نادەن، ئەی کەوایە چیتان دەوێ؟ ئەو مەلا و پێشەوا ئایینیەی (شێخ عیزەدینی حوسەینی) کە دەڵێ من دەنگ بە کۆماری ئیسلامی نادەم، یانی چی؟ کۆماری ئیسلامی چییە جگە لەوەی کە دەبێ یاساکانی خودا و قورئان پیادە بکرێت؟ ئەم گەلە ئەوە قەبووڵ ناکات. قورئانیش ئەوە قەبووڵ ناکات. قورئان دەڵێ: "قَاتِلُوهُمْ حَتَّىٰ لَا تَكُونَ فِتْنَةٌ.." لە هەر شوێنێک ئاژاوە هەبوو دەبێ بکوژی. سی ملیۆن دانیشتووی ئێران و موسڵمانەکان ملکەچی تاقمێک خۆپەرەستی سەر بە بێگانەکان نابن. هەموو گەلی ئێران دەکەوێتە ڕێ، ئێمەش لەگەڵتانین، دەکەوینە ڕێ، ئیمام خومەینیش دەکەوێتە ڕێ!". ئەم وتانەی ئایەتوڵڵا تاڵقانی لە کاتێکدا بوو کە ئەو یەکێک لە ئەندامانی "دەستەی نیازپاکی" بۆ چارەسەری کێشەی کوردستان بوو کە لە نیسانی ١٩٧٩ نێردرا بوو بۆ سنە.


دەکرێ ئەم بەشە لە وتەکانی ئایەتوڵڵا تاڵقانی وەک تاڵترین بەشی فیلمەکە لەبەرچاو بگرین، بەو هۆیەوە کە وەبیرهێنەرەوەی ئەو ساتە قەیراناوییەیە کە "میانەڕەوترین" هێزە سیاسییەکانی ناوەندیش شان بە شانی ئایەتوڵڵا خومەینی وەستان و دەرفەتی هەرجۆرە گفتوگۆیەکیان نەهێشت. بابەتێک کە چیتر ناکرێ بە لێکتێنەگەیشتنێکی سانا دایبنێین، بەوپێیەی کە تا ئەمڕۆکەش سێبەری ئەم تێڕوانین و هەڵسووکەوتانە بەسەر هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کورد و ئێرانییەوە قورسایی دەکات. هێزەکانی کورد لەو کاتەدا بڕوایان وابوو کە لە چوارچێوەی جوگرافیای ئێراندا دەتوانن بە دوای بەدەستهێنانی شێوازێک لە شێوازەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووسەوە بن. وادیارە کە هیچکام لەو شێوازانە لە قامووسی دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی کۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا جێگەی نەدەبوویەوە.
ڕەوتێک کە بە کەمترین شێوە لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییەوە دراوەتە بەر ڕەخنە، بە شێوەیەک کە ‌هێشتاکەش "ئەبولحەسەن بەنیسەدر" سەرکۆماری ئەو کاتی ئێران بە بیانووی "پاراستنی تەواوەتی سنوور" پشتیوانی لە هێرشەکەی سەر کوردستان دەکات. خاڵێک کە ئەم مافە بە خەڵکی کوردستان دەدات بەردەوام لە خۆیان بپرسن: " ئایا لە دۆخێکی هاوشێوەدا و جارێکی تر لەگەڵ خۆدزینەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە قەبووڵکردنی بەرپرسیارێتی بەرامبەر چارەنووسی خەڵکی کوردستان ڕووبەڕوو دەبنەوە و شایەتی هاودەستی ئەوان لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکان دەبن؟".



"بەندی تاکەکەسی" چاوخشاندنێکی خێرایە بەسەر تەواوەتی ئەم وتە و تێڕوانینە شەڕخوازانانە و چیرۆکە درووستکراو و درۆیینەکانی ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە. دەنگی ئایەتوڵڵا تاڵەقانی و خومەینی هاوکاتە لەگەڵ نیشاندانی سەردێڕی ڕۆژنامەکانی ''شۆڕشی ئیسلامی''، ''ئیتلاعات''، ''کۆماری ئیسلامی'' و ''کەیهان'' لە فیلمەکەدا. "پێشڕەوی ئەرتەش، داگیرکردنی کوردستان، گوللەباران، شکانی سەنگەرەکانی هێرشبەران، کۆکردنەوەی لاشەکان لە شەقامەکانی سنە، پاککردنەوەی کێو و ئەشکەوتەکانی کوردستان، دانوستانەکانی کوردستان ڕاگیران، لە خوێن و ئاگردا نقووم کرا، دەیانهەوێ ئیسلام لە کوردستان بسڕنەوە، کارەساتی خوێناوی لە کوردستان، فێڵی مەعاوییە لە سنە، ئەرتەش ڕێگەی دەربازبوونی هێرشبەرانی لە هەر چوارلاوە بەست، سنە بەتەواوی پاک کرایەوە، ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی کوردستان لە دوژمنانی شۆڕش بە تووندی بەردەوامە و …". لە بەرامبەر ئەواندا پۆستەر و پلاکاردگەلێکیش لە خەڵکی کوردستان لە شارە جیاجیاکان دەبینرێت: "ئێمە خوازیاری حکوومەتێکی فێدێراتیوین"، "بەهێز بێ یەکێتی خەباتی زەحمەتکێشانی ئێران"، "نان، ئازادی، کۆمارێکی شۆڕشگێڕانە"، "بژی مافی گەلان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان"، "بڕووخێ ئیمپریالیزم و دواکەوتوویی ناوخۆیی" و دەنگی پێشکەشکارێکی ڕادیۆ کە دەڵێ: "ئێرە دەنگی شۆڕشی ئێرانە، دەنگی شۆڕشی ئێران لە کوردستانەوە دەبیستن".
ڕیزبەندی وێنە و دەنگەکان بە باشی دەرخەری ئەوەیە کە شەڕی میدیایی دەسەڵات بە مەبەستی خۆشکردنی ئاگری شەڕ و خوێنڕیژی بۆ "سەرکوت و لەناوبردنی" داخوازییە دیموکراتیکییەکانی خەڵکی کوردستان بوو. لە بەرامبەردا، دەنگی مافخوازییەکان لە قڕموقاڵی ناو "اقتلوا" و "وا مصیبتا" و "خرۆشی شۆڕشی ئایینی"دا هەرگیز نەبیسترا، بەو هۆیەوە کە میدیاکان بە شێوەی تایبەت لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتدا بوون و دژبەران هیچ چەشنە دەرفەتێکیان بۆ بەرگری کردن لە خۆیان و خواستەکانیان بۆ نەدەڕەخسا.


ئەحمەد ئەسکەندەری، نووسەر و لێکۆڵەر لە بابەتێکدا بە بۆنەی چلەمین ساڵڕۆژی هێرشی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو لەشکەرکێشی و هێزناردنە لەسەر بنەمای هەواڵێکی درۆ بە ئایەتوڵڵا خومەینی دەستی پێکرد. ئەو بە گەڕانەوە بۆ ئەو بەڵگانەی کە لە بڵاڤۆک و ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە و دواتردا بڵاو ببوونەوە و بە ئاماژەدان بە پەیامەکەی ئایەتوڵڵا خومەینی لە ڕۆژی ١٩ی ئابدا لەمەڕ گەمارۆی ئەرتەشییەکان لە سنە دەڵێ: "بەرپرسانی ئەوکات لە کوردستان، تاران و قوم ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئەو ڕۆژانە لە سنە هیچ شتێک لە گۆڕێدا نەبووە و ئەم فەرمانی هێرش و تووڕەییەی خومەینی لەسەر بنەمای هەواڵی دەستکردی شەڕخوازان لە ئاستی سەرەوەی لەشکەری و ئایینی ئێران دەرکرا". بەڵام زۆر ڕێی تێناچێ ئەمە تەنیا هەڵەیەک لە گەیاندنی زانیارییدا بووبێت. کێبڕکێی ناوخۆیی لایەنگرانی خومەینی لە سێبەری دوو شەڕی گەورە (شەڕ لە کوردستان و تورکەمەن سەحرا و دواتریش شەڕی ئێرن و عێراق) و پێکهێنانی قەیران، ئەنجامی دڵخوازی خومەینی لێکەوتەوە. لە مەودایەکی ٩ ساڵەدا و بە یارمەتی ئەم شەڕانە توانی زۆرینەی دژبەرە خاوەن پێگەکانی لەناو بەرێت.



هێرش و هەڵگیرساندنی شەڕ لە لایەن پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی، بەسیج و ئەرتەشەوە لە دژی خەڵکی کوردستان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تووندوتیژتر بوویەوە و لە کۆتایی نیسانی ١٩٨٠ لە سنە گەیشتە لووتکەی خۆی کە دواتر بە شەڕی ٢٤ ڕۆژە ناوی دەرکرد. ڕێکخراوی چریکی فەدایی خەڵق لە دۆکیومێنتارییەکی کورتدا بەشێکی کەمی ئەم هێرش و تاوانکارییانەی وێنەگرت کە هەندێک لە دیمەنەکانی بە ڕیزبەندییەکی جیاوازەوە لە "بەندی تاکەکەسی"دا بەکارهاتوون.


گێڕانەوەی بەسەرهاتی ئەو ژنە گەنجەی کە لە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتندا دەکەوێتە بەر گوللەی قەناس بەدەستەکانی پاسداران و ئەرتەش و گیانی بەخت ئەکا لە لایەن یوسفی ئەردەڵانەوە، بڕگەی کۆتایی "بەندی تاکەکەسی" پێک دەهێنێت. وردە وردە ئاماژەکانی سەرەتای فیلمەکە بە مانگرتنی پەرەستاران لە فەڕەنسا واتادار ئەبێت و وێنەگەلێکی یەک لەدوای یەک لە پەرەستاران، کارمەندانی پزیشکی، ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و بریندارەکان، بەشداری پەرەستاران و پزیشکان لە بزووتنەوە جەماوەرییەکانی ئەو ڕۆژانەی کوردستان بە بزووتنەوەی ئەمڕۆی ئەوان لە فەڕەنسا دەبەستێتەوە. یوسفی ئەردەڵان باس لەوە دەکات کە هەرگیز ئاشکرا نەبوو ئەو کچەی لە لایەن قەناس بەدەستەکانەوە کوژرا کێ بوو. ئەو یەکێک لەو بێ‌ژومار بێتاوانانەیە کە بوونە قوربانی شەڕخوازی و داگیرکاری هێزە سەربازییەکانی حکوومەتی ناوەندی. لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەواڵی مەرگی ئەو کچە گەنجە نەناسراوە و دەنگی خەمگینی یوسفی ئەردەڵان، کامێراکە لە ڕووخساری نەجووڵاو و تێکچڕژاوی ئەو کچەوە، دەچێتە سەر دیمەنێکی هێواشی پێکەنین و جموجۆڵەکانی کوڕ و نەوەکەی لە باخچەیەکی دەورووبەری شاری پاریسدا، کۆنتراستێک کە لە ڕووخساری مردووی قوربانیدا بەدوای ژیاندا دەگەڕێت.
چیرۆکی دواتر لە زمانی ژنێک لە سنەی ئەمڕۆکەوە دەگێڕدریتەوە کە ئێمە و یوسفی ئەردەڵان بە بەردەنگ دەگرێت. ئەو شێوەی گوللەباران کردنی "شەهین باوەفا"مان دێنێتەوە بیر و دەڵێ ئێستاکەش هەر بە هەمان شێوە نەخۆشەکان مەترسی مردنیان لەسەرە و هیچ بۆیان گرینگ نییە، ئەگەر تا دوێنێ لە گەمارۆی هێزە سەربازییەکاندا بووین، ئەمڕۆکە کۆرۆنا و گرانی و کەمتەرخەمیی حکوومەت گەمارۆی داوین و توانای هەناسەکێشانیشمان بۆ نەماوەتەوە. شەهین باوەفا پەرەستارێکی کورد بوو کە لە جەرگەی شەڕی ٢٤ ڕۆژەی شاری سنە لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر و گوللەباران کرا. ئەو ژنەی کە قسەمان بۆ دەکات باس لە یاخی بوونی زیندانییەکانی ناو بەندیخانەکان بە هۆی کۆرۆناوە دەکات، بەم شێوەیە ئەڵقەیەکی تری ئەم پێوەندییە بە گەڕانەوەی کامێراکە بۆ ناو فەڕەنسا نیشان دەدرێت و دیسانەوە کۆمەڵێک دیمەن لە مانگرتنی پەرەستارانی فەڕەنسا و بە دەنگی هەواڵنێرێکی تەلەڤزیۆنی‌تر بڵاو دەبێتەوە.


بەندی تاکەکەسی پێشکەش کراوە بە یاد و بیرەوەری شەهین باوەفا، مەستوورە شەهسەواری، مێهری مەردۆخی، شەهلا و نەسرین (فریشتە) کەعبی، بەهمەن ئەخزەری، ئەبولقاسم ڕەشوەند سەرداری و ئەو پزیشک و پەرەستارانەی کە لە ماوەی شەڕی داسەپاو بەسەر کوردستاندا کوژران و گوللەباران کران و هەروەها ٩ کەس لە تیمی نێردراوی کاروانی یارمەتی بەرەو تورکەمەن سەحرا کە لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانیان بەخت کرد.



"بەندی تاکەکەسی" وێنایەکی جیاواز لە بزووتنەوە جەماوەرییەکانی کوردستان دەدات بە دەستەوە. چیرۆکی ئەم فیلمە و بەرجەستەکردنەوەی ئەو پەرەستار و پزیشکانەی کە کاریان ڕزگارکردنی گیانی مرۆڤەکانە، تانەیەکی تووند و تیژە لەو چیرۆکە هەڵبەستراوانەی کە میدیاکانی حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن لە دۆخی کوردستان لەو سەردەمەدا نیشانی دەدەن. ئەم فیلمە هاوکات لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر مێژووی هاوچەرخی کوردستان، بەو هۆیەوە کە زۆرێک لەو ناو و وێنانەی ناو فیلمەکە بۆ یەکەمین جارە نیشان دراون و دەتوانن ببنە بنەمایەک بۆ لێکۆڵینەوەی بەرفراوانتر.



کۆنفیدراسیۆنی گشتیی کار لە فەڕەنسا هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی مانگرتنی پەرەستارانی ئەم وڵاتە لە مانگی حوزەیراندا، لە بەیاننامیەکدا ڕایگەیاند کە پەرەستاران مەدالیای ڕەنگاڵەیان ناوێت. پەرەستاران بە دەربڕینی ناڕەزایەتی لەمەڕ سیاسەتە ئابوورییەکانی حکوومەتی ماکرۆن لە شارە جۆراوجۆرەکانی فەڕەنسا هاتنە سەر شەقام و ڕایانگەیاند کە ئەوانیش مرۆڤن و "پێویستیان بە چاوەدێری هەیە، تەنانەت ئەگەر کارەکەیان ئاگاداری لە کەسانی‌تر بێت". چالاکیگەلێک کە دیسانەوە لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و حکوومەتەوە سەرکوت کران. لە بەرامبەردا، خەڵکی فەڕەنسا بۆ هاودڵی لەگەڵ کارمەندانی تەندرووستی وڵاتەکەیان، هەموو شەوێک کاتژمێر ٨ی شەو لە پەنجەرە و باڵکۆنی ماڵەکانیانەوە چەپڵەیان بۆ لێدەدان. "بەندی تاکەکەسی" وەفایەکە بۆ ئەو پەرەستار و پزیشکانەی کە تەنیا لەبەر ڕزگار کردنی گیانی مرۆڤەکان دەستگیر کران و لە سەربازگە و سارا بێ ناوونیشانەکاندا گوللەباران کران. بەردەنگی ئەم فیلمە هاوڕێ لەگەڵ چێکەرەکانی، لەو دیوی چوارچێوە و یان لە پشت چاوی کامێراوە، دەوەستێتە سەر پێ و ڕێزیان لێدەنێ.




"بەندی تاکەکەسی" لە دەرهێنانی زانیاری عومرانی لەم لینکەدا لە بەر دەستدایە.