12:41 - 19/08/2020
ئێران و توركیا داهاتی ئاوی هەرێمی كوردستان سفر دەكەن
بۆ ساڵی سێیەم هەرێمی كوردستان بەهۆی گرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەكانی دەرەوەی خاكی خۆیەوە تینوو دەكرێت، كۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەك و توركیاش لە لایەكی دیكە سەرچاوە ئاوییەكان دەگرنەوە و عەمباری دەكەن، بەڵام هەرێمی كوردستان لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا نەیتوانیوە كەمترین ئاسایشی ئاوی خۆی پارێزراو بكات و هەركات لە دەرەوەی سنوور ئاوی لێبگیرێتەوە ئەوا لە ناوخۆدا تینوو دەبێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان چی دەكات؟
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان مەترسی لێنیشتووە كە بەهۆی گرتنەوەی روباری زێی بچوكەوە لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێران، هەرێمەكە تووشی گرفتی گەورەی كەمئاوی ببێت و لە روونكردنەوەیەكدا دەڵێت: كۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوەڕاستی مانگی ئاب، بۆ ساڵی سێیەم لەسەریەك لە وەرزی هاویندا ئاوی هەردوو رووباری سیروان و زێی بچوك دەگرێتەوە، داهاتی ئاوی كرد بە سفر، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەو كردارە پێچەوانەی هەموو عورف و یاسایەكی نێودەوڵەتیە و ئاوی رووبارە هاوبەشەكان موڵكی هەردوو خەڵكی عێراق و ئێرانە، بەتەنها مافی هیچ كام لەو وڵاتانە نییە.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە روونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەوەشداوە كە بە گرتنەوەی ئاوی ئەو دوو ڕووبارە بەسەدان هەزار ماسی لەناو چوون، سەرەڕای ئەوەی زیانێكی زۆری بەجووتیارانی ناوچەكە گەیاندووە، زۆربەی بەرهەمەكانیان وشك دەبن.
ئەوە جگە لەوەی كە دانیشتووانی قەزای پشدەر بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بەئاوی زێی بچوك بۆ خواردنەوە و پێداویستیەكانی تر دەبەستن، بۆیە زۆر بە توندی ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن لە گرتنەوەی ئاوی رووباری سیروان و زێی بچوك، ئەمەش وەك سزایەك بەرامبەر خەڵك و جوتیارانی هەرێمی كوردستان ناوزەد دەكەن.
ئەردۆغان: 10 ساڵە بە عێراق دەڵێین ئاو هەڵبگرن
گرفتی ئاو و مەترسی گرتنەوەی سەرچاوەكان لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان تەنها لە خاكی ئێراندا نییە، بەڵكو لە توركیاش بە هەمان شێوە لەماوەی رابردوودا كارتی ئاو دژی عێراق و هەرێمی كوردستان بەكارهێنراوە و لە ئێستاشدا جارێكی دیكە مەترسی دروستبووەتەوە.
لە مانگی نیسانی ساڵی 2018، دوای ئەوەی حكومەتی توركیا بڕیاریدا بۆ پڕكردنەوەی بەنداوی ئەلیسو بەشێك لە روباری دیجلەی گرتەوە، لە بەرامبەردا عێراق دەنگی نارەزایی لێ بەرزبوەوە، لەو سەروبەندەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامی نارەزاییەكانی عێراقدا وتی خستنەكاری بەنداوی ئەلیسۆ پاشگەزبوونەوەی بۆ نییە و ماوەی 10 ساڵە بە حكومەتی عێراق دەڵێین خۆی ئامادە بكات و ئاو هەڵگرێت، بەڵام دەسەڵاتدارانیان گوێ ناگرن و خەمی میللەتیان نییە.
هەر لەو سەروبەندەدا ئەردۆغان وتیشی، هەرگیز لە كردنەوەی بەنداوی ئەلیسۆ پاشگەز نابینەوە، پێویستە عێراق ڕێز لە ڕای ئێمە و گەلی ئێمە بگرێ، كاتێك بەنداوەكە پڕ ئاو دەبێت، بەردانەوەی ئاوەكە ئاسایی دەبێتەوە، ئێمە ماوەی 10 ساڵە بە عێراق دەڵێین خۆی ئامادە بكات و ئاو هەڵگرێت. بەنداو دروست بكەن بۆ وڵات و گەلەكەتان، بۆچی ئەم ئاوە لە كەنداو بەبێ ئەوەی هیچ سوودێكی لێ ببینن، بەفیڕۆی دەدەن، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق لەمبارەیەوە هیچیان نەكرد، ئەوان گوێ لە كەس ناگرن، ئەمە كەی كێشەی ئێمەیە؟
لەم وتانەی سەرۆك كۆماری توركیادا كە پێش دوو ساڵ لەبارەی خەمساردی عێراق بەرامبەر پرسی ئاو كردوونی دەردەكەوێت كە نە عێراق و نە هەرێمی كوردستان مەترسی كارتی ئاویان وەك پێویست نەگرتووە و بەردەوام بۆ ئەوەی تینو نەبن چاویان لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆیان بووە.
سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان
بەگشتی لە هەرێمدا جگە لە شێوە جیاوازەكانی دابارین، لە بەفرو بارانو تەرزەو شەونم، دوو سەرچاوەی سەرەكی، دەرامەتی ئاو، بۆ كوردستان فەراهەم دەكەن، ئەوانیش ئاوی سەر زەویو ئاوی ژێر زەویە.
لە كوردستاندا ئەو سەرچاوانەی كە ئاوی سەر زەویان پێكهێناوە، دەكرێن بە دوو بەشەوە، ئەوانیش رووبارە وەرزییەكانو رووبارە هەمیشەییەكانن.
رووبارە وەرزییەكان
رووبارە وەرزییەكان ئەو رووبارانەن، تەنها لە وەرزی بارانباریندا ئاویان پێدا دەڕواتو لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا وشك دەبن، لە راستیدا توێژینەوەیەكی وردو زانستی لەبەردەستدا نیە، قەبارەو ئاستو رێژەی رووبارە وەرزییەكانی لە هەرێمدا دەستنیشان كردبێت.
بەشێكی زۆری چەمو رووبارە بچوكەكانی كوردستان دەچنە خانەی رووبارە وەرزییەكانەوە، هەندێ زانیاری نافەرمی رێژەكەیان بە 55% ئاوی سەرزەوی هەرێم، دەخەمڵێنێت، ئەم رووبارانە تەنها لە وەرزی بارانباریندا ئاویان تێدایەو لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا وشك دەبن، ئەگەرچی تەنها وەرزێك ئاو بەم رووبارانەدا دەڕوات، بەڵام ئەگەر بێتو بەنداو و بەربەستی پێویستیان لەسەر دروستبكرێت، ئەوا رۆڵێكی گەورەیان دەبێت لە گلدانەوەی ئەو ئاوەی لە وەرزی بارانباریندا بە ئاوەڕێژگەكانیاندا دەڕوات، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە تا ئێستا هیچ بەنداوێك لەسەر رووبارە وەرزییەكان لە هەرێمدا دروست نەكراون.
رووبارە هەمیشەییەكان
هاوكات رووبارە هەمیشەییەكان لە هەرێمی كوردستاندا بریتین لە چوار رووباری سەرەكی لەگەڵ لقەكانیان، بەگشتی ئاوی رووبارەكانی هەرێم سەرچاوەی سەرەكی زیادكردنی سامانی ئاوی رووباری دیجلەیە، بەوپێیەی هەموویان ئاوەرێژگەكانیان تێكەڵ بە رووباری دیجلە دەبێت. ئەگەرچی خودی رووباری دیجلەش لە خاڵی هاتنە نێو عێراقەوە، كە گوندی فیشخابورە لە هەرێمی كوردستان، تاوەكو شارۆچكەی فەتحە كە كۆتا سنوری جوگرافی هەرێمی كوردستانە، نزیكەی 488 كیلۆمەتری دەكەوێتە خاكی هەرێمەوە، بەڵام بەوپێیەی ئەو ناوچانە دەكەونە چوارچێوەی سنوری مادەی 140و ناوچە جێناكۆكەكانەوە، لێرەدا لەچوارچێوەی رووبارەكانی هەرێم باسی ناكەین.
ئەو چوار رووبارە هەمیشەییەی هەرێم (خاپور، زێی گەورە، زێی بچوك، سیروان)، ساڵانە 30 ملیارو 150 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ هەرێم فەراهەم دەكەن، بەڵام ئەو بڕە ئاوەی بەفیعلی كوردستان سودی لێدەبینێت، ئەو بڕە ئاوەیە كە بەنداوەكانی هەرێم گلیدەدەنەوە، ئەویش بڕەكەی 12 ملیارو 100 ملیۆن مەتر سێجایە، ئەوەشی كە ماوەتەوە واتە بڕی 18 ملیارو 50 ملیۆن مەتر سێجا، تێكەڵ بە رووباری دیجلە دەبێتو دواتر ناوەڕاستو باشوری عێراق سودی لێدەبینن.
گرفتی سەرەكی پەیوەندیدار بە رووبارە هەمیشەییەكانی كوردستانەوە، ئەوەیە كە 49% ئاوەكانیان لە دەرەوەی سنوری هەرێمەوە دێن، واتە لە ئێرانو توركیاوە، لە ئێستاشدا بەهۆی هەستكردنی وڵاتان بە گرنگی سامانی ئاو، هەریەكە لە ئێرانو توركیا چەندین بەنداوو پرۆژەی ئاودێریان لەسەر ئەو رووبارانە دروستكردوە، كە رەنگە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئاوی ئەو رووبارانە بەشێوەیەكی بەرچاو كەم ببنەوەو لە هەندێ سیناریۆی مەترسیداریشدا رەنگە بە تەواوی وشك بكەن، هەروەكو ئەو بارودۆخەی بەسەر رووباری زێی بچوك و ئەڵوەندا هات لە ساڵانی رابردوودا.
ئاوی ژێر زەوی
ئاوی ژێر زەوی بە یەكێك لە گرنگترین سەرچاوەكانی ئاوی سازگار لە جیهاندا لەقەڵەم دەدرێت، چونكە 96%ی ئەو ئاوە سازگارە ناسەهۆڵیە پێكدەهێنێت، كە لەسەر گۆی زەوی هەیە، هەروەك 30 بۆ 40%ی ئاوی خواردنەوەی جیهان لە سیستمی ئاوی ژێر زەویەوە فەراهەم دەكرێت.
هەرێمی كوردستان بەهۆی پێكهاتە جیۆلۆجیەكەیو كەشوهەواكەیەوە بە ناوچەیەكی دەوڵەمەندی ئاوی ژێر زەوی دادەنرێت، ئەو ئاوی ژێر زەویەی ئێستا لە كوردستان سودی لێدەبینرێت بە 5 ملیارو 400 ملیۆن مەتر سێجا دەخەمڵێنرێت.
ئاوی ژێر زەوی دوو جۆرە، ئاوی ژێر زەوی چینەكانی رووی زەوی، ئاوی ژێر زەوی چینە قوڵەكانی زەوی، هەروەها بە دوو شێوەش دەردەكەوێت، شێوەیەكیان سروشتیەو بە هۆكاری جیۆلۆجی لەڕێی كانیاوەكانەوە دەردەچێت. شێوەی دووەمیان دەستكردەو لە رێگەی بیر لێدانەوە دەردەهێنرێت.
دەركەوتنی شێوە سروشتیەكەی ئاوی ژێر زەوی لە كوردستاندا، لە رێگەی كانیاوەكانەوە، بونێكی زۆری هەیەو لە ماوەی رابردوودا یەكێك بووە لە سەرچاوە سەرەكیەكانی ئاو، بەڵام بەوپێیەی ئەم شێوەیەی ئاوی ژێر زەوی پەیوەندی بە بڕی بارانو بەفرەوە هەیە، هەر بۆیە بەهۆی وشكەساڵیەكانی ماوەی رابردووەوە، چەندان كانیاو لە هەرێمدا وشكبوون، كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوی ژێر زەوی هەرێم بە نزیكەی 400 كانیاو خەمڵاندویەتی.
شێوەی دووەمی دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی، بریتیە لە شێوەی دەستكرد، لە رێگەی بیر لێدانەوە دەردەهێنرێت، لەوبارەیەشەوە دوو جۆر بیر هەیە، بیرێكیان ئاوی چینە نزیكەكان دەردەهێنت، كە لە كوردستاندا بیری سوری پێدەوترێتو قوڵیەكەی 50 بۆ 120 مەترە. جۆرێكی تریان بیری ئیرتیوازی پێدەوترێتو ئاوی چینە قوڵەكانی زەوی دەردەهێنێت، بە قوڵی 300 بۆ 1500 مەتر. جۆری یەكەمی بیرلێدان، كە پشت بە ئاوی چینە نزیكەكانی زەوی دەبەستێت، خراپترین شێوەیانە، چونكە ئاوی ئەم چینانە پەیوەستن بە بڕی بارانبارینەوەو ئەگەری وشكبوونی یەكجارەكیان هەیە. بەڵام بیری ئیرتیوازی پشت بەو سامانەی ئاو دەبەستێت، كە بە درێژایی چاخە جیۆلۆجیەكان لە ماوەی هەزاران ساڵدا دروستبوون. هەربۆیە زۆربەی ئەو وڵاتانەی، پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن، لە رێگەی بیری ئیرتیوازی زۆر قوڵەوە ئاوی ژێر زەوی دەردەهێنن. لە وڵاتێكی وەكو سعودیە لە قوڵایی 1600 مەتر ئاوی ژێر زەوی دەردەهێنن، لەوبارەیەوە لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا 460 ملیار مەتر سێجا ئاوی ژێر زەویان دەرهێناوە، بەبێ ئەوەی ئەو پرۆسەیە كاریگەری خراپی لەسەر ژینگەو سروشتی پێكهاتەكانی زەوی ئەو وڵاتە دروستكردبێت.
لە كوردستاندا نزیكەی ٢٠ هەزار بیر هەیە، كە ئاوی ژێر زەوی دەردەهێنن، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە، زۆربەی هەرە زۆری ئەو بیرانەی لەماوەی ساڵانی رابردوودا لێدراون، بیری سورینو پشت بە ئاوی چینە نزیكەكانی زەوی دەبەستن، كە ئەگەری نوێبوونەوەیان زۆر لاوازە، چونكە بڕەكەیان پەیوەستە بە رێژەی ئەو بەفرو بارانەی لە وەرزی داباریندا دەبارێ. هەربۆیە بەهۆی زۆری ژمارەی بیرەكانەوە ئاوی ژێر زەوی چینە نزیكەكان لە كوردستاندا بەشێوەیەكی مەترسیدار كەمیكردوەو بەپێی هەندێ خەمڵاندن پڕبوونەوەی حەوزەكانیان پێویستی بە 10 وەرزی بارانبارین هەیە، واتە دە ساڵی بێ وشكەساڵی، كە ئەوەش لە بارودۆخی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەویو گۆڕانەكانی كەشوهەوا كارێكی نامومكینە.
سەرچاوەكان
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
راگەیاندنی پڕكردنی بەنداوی ئەلیسو
دەرامەتە ئاوییەكانی هەرێمی كوردستان
هەرێم لەبەردەم قەیرانی ئاودا – رۆژنامەی زەمەن