ڕاپۆرتی کوردستانی

04:15 - 18/08/2020

كازمی لە كۆشكی سپی شكات لە حكومەتی هەرێم دەكات كە لەژێر فشاری توركیادا ئامادەی رێككەوتن نییە‌

پەیسەر

سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی وەفدێكی حكومی بەرەو واشنتۆن بەڕێكەوت، ئەم سەردانەی كازمی بۆ واشنتۆن كە یەكەم سەردانێتی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان چەند دۆسێیەكی هەستیار لە جانتاكەی دەستیدایە لە سەروو هەموویانەوە پرسی مانەوەی هێزە بیانییەكان لە خاكی عێراق و سنووری پەیوەیندییەكانی بەغداد و تاران، ئەوە جگە لە دەربڕینی نارەزایی و نیگەرانی بەرامبەر حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لەژێر فشاری دەرەكیدا ئامادەنییە كێشەكانی لەگەڵ بەغداد چارەسەربكات.

بەر لە دەستپێكی گەشتەكەی بۆ واشنتۆن، مستەفا كازمی یەكەم پەیامی دا بەگوێی ئەمریكییەكاندا كە لە لێداونێكدا بۆ ئەسیۆشەیتد پرێس وتی لە ئێستادا عێراق پێویستی بە هاوكاری سەربازی راستەوخۆ لەسەر زەوی نییە، كە بە لێكدانەوەیەكی سادە دەردەكەوێت مەبەستی كازمی لەو لێدوانە جاڕدانی ئاشكرایە كە چیتر وڵاتەكەی پێویستی بە مانەوەی سەربازی ئەمریكی نییە لەسەر خاكەكەی.

"من پۆستەچی نیم"
بەر لە دەستپێكی سەردانەكەی بۆ واشنتۆن، دەنگۆ بڵاوبوەوە كە ژەنەراڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران كە جێگرەوەی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانیە، بە نهێنی خۆی گەیاندووەتە بەغداد و لەگەڵ مستەفا كازمی كۆبووەتەوە تا لە رێگەی كازمییەوە پەیامی قوم بۆ كۆشكی سپی بنێرێت، بەڵام سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا هیچ پەیامێكی تاران دەگەیەنێت بە واشنتۆن، دەڵێت من پۆستەچی نیم، كە بە رونی لەو وەڵامەدا دەردەكەوێت ئەو ئامادە نییە خۆی بخزێنێتە نێوان كێشە كەڵەكەبووەكانی كۆماری ئیسلامی و ویلایەتە یەكگرتووەكان و نایەوێت عێراق وەك رابردوو بكرێتەوە گۆڕەپانی جەنگی بە وەكالەت لەنێوان ئەو دوو جەمسەرەی هێزدا.

پێكهاتەی وەفدەكە
ئەگەرچی مستەفا كازمی بە نوێنەرایەتی عێراق دەچێتە ئەمریكا و لەدوای نوری مالیكی یەكەم سەرۆك وەزیرانە بۆ كۆبوونەوە بانگهێشتی كۆشكی سپی دەكرێت، بەڵام وەفدێكی هەرێمی كوردستانیش یاوەری دەكەن كە بەپێی زانیارییەكان وەفدەكە لە نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەرێكی وەزارەتی پێشمەرگە و بەڕێوەبەری نوسینگەی جێگری سەرۆكی هەرێم پێكهاتوون.
هاوكات د. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق كە كوردە پێش كازمی بەڕێكەوتووە بۆ ئەمریكا تا ئامادەكاریی سەردانەكەی سەرۆك وەزیران بكات و خۆشی لە كۆبوونەوەكاندا یاوەری سەرۆك وەزیران دەبێت.
بەڵام بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس لە كۆبوونەوەكانی سەرۆك وەزیراندا كەمترین كات باسی پرسی كورد دەكرێت و پەیسەر ئەوەشی زانیوە كە سەرۆك وەزیرانی عێراق نیگەرانی لە نائامادەیی هەرێمی كوردستان بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغداد بە بەرپرسانی كۆشكی سپی دەگەیەنێت و بە راشكاویش پێیان دەڵێت كە كورد لەژێر فشاری دەرەكیدا بەتایبەت فشاری توركیا نایەوێت لەگەڵ بەغداد رێكبكەوێت.

لە واشنتۆن چی روودەدات؟
بە بڕوای شرۆڤەكارێكی سیاسەتی عێراقی و كوردستانی لەم سەردانەدا بۆ واشنتۆن كازمی چەند دۆسێیەكی گەرم لەگەڵ ئەمریكاییەكان تاوتوێ دەكات.

د. سەنگەر سەید قادر، شرۆڤەكار و بەرپرسی دیسكی عێراق و كوردستانی ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی پێنج خاڵی سەرەكی وەك میحوەری گفتوگۆكانی كۆشكی سپی دەستنیشان دەكات و بە بڕوای ئەو پرسی ڕێكەوتنی ستراتیژی و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا كە ئەمە تەنها قۆناغێكی دانوستانە لەگەڵ پرسی پەیوەندی بازرگانی و ئابوری و وزە كە پرسێكێ گرنگی دانوستاندنەكانە چونكە ئەمریكا دەیەوێت كەرتی وزەی عێراق لە دەستبەسەری ڕوسیا و توركیا و ئێران رزگار بكات و رێكەوتنی چین و عێراقیش هەڵوەشێنێتەوە.

هاوكات پرسێكی تر پەیوەستە بە میلیشیاكانەوە كە ئەمریكا سورە لەسەر چەككردنیان و بە پێویستی دەزانێت پەلەبكرێت بەڵام كازمی نایەوێت عێراق بكەوێتە شەڕی ناوخۆ و تا ئیستا ڕێكاری دژیان گرتووەتەبەر.

ئەوانە جگە لە هەیمەنەی ئێران بەسەر عێراقدا و لەم پرسەدا ئەمەریكا دەیەوێت ئێران لە عێراق دەربكرێت بە پێچەوانەوە كازمی پێی وایە كەناكرێت ڕۆڵی ئێران لە ماوەیەكی كەمدا نەهێڵرێت و پێویستی بەكات و میكانزیمی دبلۆماسییە.

خاڵێكی دیكەش پرسی هاوسەنگییە لە نێوان نفوزی ئەمەریكا و ئێراندا كازمی دەیەوێت عێراق خاوەن پێگە و بڕیاری خۆێ بێت و ئەمەریكا و ئێران عێراق نەكەن بە گۆڕەپانی ململانێكانیان كە ئەم خواستە نزیكە لە خواستی ئەمەریكاشەوە.

هەرچۆنێك بێت سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كۆشكی سپی لە بارودۆخێكی هەستیاری سیاسی ناوچەكەدا بەبێ‌ لێكەوت كۆتایی نایەت، بەڵام هێشتا نازانرێت كە لێكەوتەكانی سەردانی كازمی بۆ كۆشكی سپی لەسەر ئێستا و ئایندەی نزیك مەودای عێراق چۆن دەبن و كاتێك دێتەوە سەبەتەكەی دەستی چەند هێلكەی ساغی تێدا دەبێت، چونكە بە دوور نازانرێت نەك سەبەتەی هێلكەكانی بە سەلامەتی لە واشنتۆن نەهێنێتەوە، بەڵكو دوای گەڕانەوەی جارێكی دیكە بكەوێتە بەردەم ململانێیەكی توند چ لەلایەن حیزب و گروپە شیعییەكانی ناوخۆی عێراق و چ لەگەڵ دراوسێكانی وڵاتەكەیدا.