12:36 - 16/08/2020
بۆچى پرۆژه یاساى میدیاى ئه‌لیكترۆنى مه‌ترسیداره؟
پرۆژه یاساى (رێكخستنى میدیاى ئه‌لیكترۆنى) كه ئێستا له په‌رله‌مانه و ناڕه‌زایى زۆرى شه‌قامى دروستكردووه، كه‌موكوڕى و مه‌ترسى زۆرى تێدایه، به‌و پێیه‌ى یاساى تیرۆر راده‌كێشێته ناو كێشه‌ى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و سزاكه‌شى بۆ خاوه‌نى هه‌ژمارى تۆڕه‌كان ده‌گوازێته‌وه، هاوكات سزاى خێراتر و توندترى ئه‌و كه‌سانه ده‌كات كه تۆمه‌تبار ده‌كرێن و یاساكه رۆده‌چێنه نێو ورده‌كارى كۆمێنت و ناردنى نامه‌و نامه‌ى گروپ چاته‌كانه‌وه.
كێشه‌كانى یاساكه
له مادده‌ى چوارى پرۆژه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌كراوه، سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه یاساكه كێ و كوێ ده‌گرێته‌وه، له ته‌نیش سایت و میدیا ئه‌لیكترۆنییه‌كانه‌وه هاتووه، كه ئه‌كاونت و لاپه‌ڕه كه‌سییه‌كان و گروپه‌كانى ناو ئامرازه‌كانى په‌یوه‌ندیكردن(گروپ چاته‌كان)یش ده‌گرێته‌وه.
ئه‌مه‌ش واته یاساكه مامه‌ڵه‌ى میدیا له‌گه‌ڵ ئه‌كاونت و په‌ڕه كه‌سییه‌كان ده‌كات و به ته‌نیشت ئه‌وانه‌وه به‌رپرسیاریان ده‌كات، ئه‌رك و سزا‌و حوكمى تایبه‌تیان له یاساكه‌دا بۆ دیاریكراوه، ئه‌وه له كاتێكدایه بۆ په‌ڕه‌و ئه‌كاونته كه‌سییه‌كان، یاساى ژماره شه‌شى ساڵى ٢٠٠٨(یاساى خراپ به‌كارهێنانى ئامێره‌كانى په‌یوه‌ندیكردن)ئێستا جێبه‌جێده‌كرێت و به‌پێى مادده‌ى دووى ئه‌و یاسایه سزاكان سوكترن له‌و سزایانه‌ى له‌م پرۆژه یاساى ئێستادا ئاماده‌كراون.
به‌جۆرێك سزاكانى مادده‌ى دووى یاساى ژماره‌ى شه‌شى ساڵى ٢٠٠٨ غه‌رامه‌ى ملیۆنێك بۆ پێنج ملیۆن دیناره، یاخود سزاى شه‌ش مانگ بۆ پێنج ساڵ، ده‌شكرێت له‌هه‌ندێك حاڵه‌تى قورس، هه‌ردوو سزاكه پێكه‌وه‌بن، به‌ڵام پرۆژه یاساى رێكخستنى میدیاى ئه‌لیكترۆنى سزاى ئه‌مه‌ى سپاردووه به یاساى تیرۆر(ژماره 3ى ساڵى 2006)
گرفتێكى دیكه‌ى ئه‌م یاسایه ئه‌وه‌یه، ته‌نها بڵاوكردنه‌وه‌ى بابه‌ت به تاوان ناناسێنێت به‌ڵكو له مادده‌ى یه‌كدا كاتێك پێناسه‌ى ده‌سته‌واژه‌ى میدیاى ئه‌لیكترۆنى و بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌لیكترۆنى ده‌كات، ورد ده‌بێته‌وه بۆ ناردنى نامه و ده‌ستاوده‌ستكردنى بابه‌ت و گروپ چاته‌كان، ئه‌مه‌ش واته مه‌رج نییه كه‌سێك ته‌نها به‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ى بابه‌ت بۆ عامى خه‌ڵك، لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت، به‌ڵكو ده‌كرێت به ناردنى نامه‌یه‌ك رووبه‌ڕووى لێپرسینه‌وه‌ى یاسایى بێته‌وه.
سزاى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر چییه؟
مادده‌ى ١٦ی ئه‌م پرۆژه‌یه، مادده‌ى چوارى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر ده‌خاته كار، بۆ خاوه‌نى ئه‌كاونت و په‌یج و سایته‌كان، یاخود هه‌ر ئه‌ندامێكى گروپ چاته‌كان، به‌پێى ئه‌م مادده‌یه‌ش بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌ر بابه‌تێك له ئه‌كاونتێكى كه‌سیى ئه‌گه‌ر هه‌واڵ، روونكردنه‌وه، پروپاگه‌نده‌ى تۆقێنه‌ر بڵاوبكاته‌وه، یاخود بابه‌تێك بڵاوبكاته‌وه كه هاندان بێت بۆ كارى"تیرۆر و ئاسایشى هه‌رێم بخاته مه‌ترسییه‌وه"، یاخود ترس بخاته نێو هاوڵاتیان و "هه‌ڕه‌شه له قه‌واره‌ى هه‌رێم بكات"، ئه‌وا به یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر سزا ده‌درێت كه سزاكه‌ى به‌جۆرێك ده‌بێت له پێنج ساڵ كه‌متر نه‌بێت و له ١٥ ساڵ كه‌متر نییه.
ماددەی ٤ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر
یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر له مادده‌كانى(٢-٣-٤) به ٢٢ بڕگه ئه‌و كرده‌وانه‌ى دیاریكردووه كه كارى تۆقاندن، له‌و ٢٢ بڕگه‌دا ده‌یان كرده‌وه به كرده‌ى تۆقاندن ناسێندراوه‌و سزاى تا زیندانى تاهه‌تایى، له سێداره‌كان، سزاى زیندانى پێنج بۆ ١٥ ساڵى تێدایه.
تێكه‌ڵكردنى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر كه یاساكه خۆى ره‌خنه‌ى زۆرى له‌سه‌ره و ده‌رفه‌تى زۆرى خراپ به‌كارهێنانى بۆ لایه‌نى ئه‌منیى و ده‌سه‌ڵات ره‌خساندووه، به یاسایه‌ك بۆ رێكخستنى میدیاى ئه‌لیكترۆنى سه‌رچاوه‌ى ترس و زیانى زۆره بۆ به‌كارهێنه‌رانى ئاسایى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
مادده‌ى ١١ى پرۆژه‌كه، هه‌موو خاوه‌ن ئه‌كاونت و په‌یجێك ناچار ده‌كات به‌وه‌ى، كه "روونكردنه‌وه‌و به درۆخستنه‌وه‌كان"لاى خۆى وه‌ك خۆى بڵاو بكاته‌وه، له‌و كاته دیاریكراوه‌دا كه خاوه‌نى روونكردنه‌وه‌كه ده‌یه‌وێت. ئه‌مه‌ش واته ئه‌گه‌ر خاوه‌نى ئه‌كاونتێك بابه‌تێكى له میدیایه‌ك وه‌رگرتبێت ئه‌وا دواتر ده‌بێت ره‌تكردنه‌وه‌كه‌ش لاى خۆى وه‌ربگرێت و بڵاوى بكاته‌وه. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر بڵاوى نه‌كاته‌وه لاى خۆى ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ هه‌زار دینار سزا ده‌درێت. له كاتێكدا به‌كارهێنه‌ر له میدیایه‌ك ئه‌و بابه‌ته‌ى وه‌رگرتووه.
به‌پێى مادده‌ى ١٦ى پرۆژه‌كه هیچ كه‌سێك بۆى نییه له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌ى دادگایى ده‌كرێت، زانیارى بڵاوبكاته‌وه، تا لێكۆڵینه‌وه‌كانى دادگا ته‌واو ده‌بێت، به پێچه‌وانه‌وه ٥٠٠ بۆ ملیۆنێك دینار سزاده‌درێت، ئه‌مه‌ش واته ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌پێى ئه‌م یاسا دادگایى ده‌كرێن، رێگه‌یان پێ‌نادرێت بڵاوى بكه‌نه‌وه كه له‌سه‌ر بابه‌تێكى له‌و جۆره دادگایى ده‌كرێن و دۆسیه‌یه‌یان بۆ كراوه‌ته‌وه.
هه‌ر به‌پێى مادده‌ى ١٦ جگه له سزاى ملیۆنێك بۆ پێنج ملیۆن دینارى خاوه‌نى ئه‌كاونت و سایت و په‌یج، ئه‌وا هه‌ژماره‌كه‌شیان داده‌خرێت و تۆماركردنیان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بوون یاخود دووباره‌یان كرده‌وه، ئه‌و بابه‌ته‌ى كه بڵاوى ده‌كه‌نه‌وه.
جیاوازییه‌كى خراپى دیكه‌ى ئه‌م پڕۆژه‌یه له‌گه‌ڵ یاساى ژماره ٣٥ى ساڵى ٢٠٠٧ یاساى كارى رۆژنامه‌وانى ئه‌وه‌یه، كه یاساى كارى رۆژنامه‌گه‌رى سزاى زیندانیى تێدایه، جگه له سزاى ماددى به‌ڵام ئه‌م یاسایه گریمانه‌ى سزاى ١٥ ساڵ و زیندانى و تا هه‌تایى و داخستنى پێگه‌ى میدیایى و ئه‌كاونتى تێدایه.
نه‌بوونى ئه‌م پرۆژه‌یه به یاسا، ئێستا هیچ بۆشایى و گرفتێك دروست ناكات، به‌ڵكو یاساى كارى رۆژنامه‌وانى و یاساى خراپ به‌كارهێنانى ئامێره‌كانى په‌یوه‌ندیكردن ئێستا به‌ركارن، ئه‌وه‌ش گومان ده‌خاته سه‌ر ئامانجى پرۆژه‌كه به‌وپێیه‌ى زۆرتر به ئاڕاسته‌ى ئه‌وه ده‌ڕوات كه تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و خاوه‌نى هه‌ژماره‌كان ناچار بكه‌ن كه خۆگرى بكه‌ن له ده‌ربڕینى ناڕه‌زایى یاخود كاریگه‌رى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له قاڵب بده‌ن.
له‌كاتێكدا كه یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر ره‌خنه‌ى زۆرى له‌سه‌ره‌و چه‌ندین ساڵه داواى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌كرێت، به‌ڵام پرۆژه‌یه چوارچێوه‌ى جێبه‌جێكردنى یاساى تیرۆر فراوانتر ده‌كات و واش ده‌كات ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى تیرۆر ده‌بێت زیاد له یاسایه‌ك هه‌موار بكرێته‌وه، ئه‌وه‌ش هه‌مواره‌كه ئاڵۆزتر ده‌كات.