01:23 - 13/08/2020
"یەكێتی و پارتی لەپێناو قاچاغچێتی سنوورەكاندا شكستیان بە رێككەوتنی هەولێر و بەغداد هێنا"
دوای چەندین رۆژ و هەفتە و مانگ لە قەیران و گفتوگۆ و هاتوچۆی وەفد و موجامەلەكردنی یەكتر، تەنانەت دوای ئامادەكردنی كڵێشەی رێككەوتن و پێشبڕكێ لەگەڵ كاتدا بۆ چارەسەری كێشەكانیان، سەرەنجام حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی لەبری واژۆكردنی رێككەوتن گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و شەڕی بەیاننامە، زانیارییەكانیش وای نیشان دەدەن كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان نایانەوێت بە مەرجەكانی بەغداد بەتایبەت لەبارەی كۆنترۆڵكردنی خاڵە سنورییەكان رازی ببن و تەمی قەیران بەمنزۆكانە لەسەر هەرێمی كوردستان ناڕەوێتەوە.
چی روویدا؟
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد لەدوای دەستەبكاربوونی مستەفا كامی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق یەكێك لەو دۆسێیانەی بەردەوام شەن و كەوی كردووە دۆسێی چارەسەری ململانێكانی هەولێر و بەغداد بووە، بە ئەندازەیەك هەر خودی ئەمریكاییەكان چەند جارێك كڵێشەی رێككەوتنیان نوسیوە و فشاریشیان كردووە كە ئەم دۆسێیە چارەسەر بكرێت، بە ئەندازەیەك لە چەند رۆژی رابردوودا كڵێشەی گشتگیری رێككەوتنەكە گەڵاڵەكرا و پەیسەرپرێس ناوەرۆكەكەی ئاشكراكرد.
فشارەكانی ئەمریكاش بە رادەیەك چڕكرابوونەوە كە پێش سەردانی چاوەڕوانكراوی كازمی بۆ واشنتۆن كە بڕیارە رۆژی 20ی ئەم مانگە بێت، نەك دەبێت هەر رێككەوتنەكە واژۆكرابێت، بەڵكو پێویست بوو جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەش هەنگاوی پراكتیكی بنایە و تەنانەت دەبوو پێش گەشتەكەی بۆ ئەمریكا، سەرۆك وەزیرانی عێراق گوژمەیەك پارەی رەوانەی هەرێمی كوردستان بكردایە.
بەڵام دوای كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە هاوینەهەواری دوكان لەلایەك و هێرشی ئاسمانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان و كردنە ئامانجی چەند فەرماندەیەكی عێراق و گیانلەدەستدانیان لە لایەكی دیكە، گفتوگۆ و ئەگەری رێككەوتن گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و ئەوەی بونیادیش نرابوو بۆ چارەسەری رێژەیی كێشەكان هەرەسی هێنا.
شەڕی بەیاننامە
لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا، لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت نەیانتوانی بگەنە بڕیارێك بۆ شێوازی دابەشكردنی مووچەی 6 مانگ لەمەوبەری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، دابەشبوونیان بەسەر دوو رای دابەشكردنی مووچە بە لێبڕینەوە یان بێ لێبڕین ئاڵۆزی دروستكرد و كۆبوونەوەكە بێ ئەنجام كەوت، دوابەدوای كۆبوونەوەكەش ئەنجومەنی وەزیران راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و هێرشی كردە سەر حكومەتی عێراق.
لە بەیاننامەی حكومەتی هەرێمدا نوسرابوو:
هەموو مەرجەكانی حكومەتی فیدراڵ كە لە چوارچێوەی دەستووردان قبوڵ كراوە، بەڵام "بەداخەوە حكومەتی فیدراڵی زیاتر لە سێ مانگە ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەك وەك مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت كە ئەمەش وایكردووە حكومەتی هەرێم، نەتوانێت شایستەی دارایی مووچەخۆرانی خۆی خەرج بكات ، بەم هۆیەوە دۆخ و گوزەرانێكی نالەبار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دروستبووە، سەرەڕای ناهەمواریی بارودۆخی تەندروستی".
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەی حكومەتی هەرێمدا ئاماژە بەوەشدرابوو، بەپێی یاسا بەركارەكانی عێراق، "هەرێمی كوردستان هاوشێوەی بەشەكانی دیكەی عێراق، مافی خۆیەتی ئەو بەشە مووچەیەی كە بۆی خەرجدەكرا وەریبگرێت و پێویستە جیاوازی لەنێوان هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی عێراق نەكرێ لە خەرجكردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران".
چەند كاتژمێرێك دوای ئەم بەیاننامەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، حكومەتی عێراق بە هەمان تەشەنوجەوە هاتە سەر هێڵ و لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی دارایی عێراق بە روونی ئەوە بەدی دەكرا كە متمانەی بە ژمارەی مووچەخۆر و فەرمانبەر و زانیارییەكانی خاڵە سنورییەكان و داتاكانی نەوت نییە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێیان دەدات و باسی لە چەوساندنەوەی مووچەخۆران دەكرد لە هەرێم.
لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دارایی عێراقدا نوسرابوو: سەرباری ئەوەی كە نەرمیی زۆریان نواندووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە ئومێدی گەیاندنی خزمەت بە هاوڵاتیانی كوردستانی عێراق، بەڵام راگەیێندراوەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەنجەی بۆ سەرچاوەی كێشەكان نەبردووە.
ئاماژەیان بەوەش داوە، حكومەتی فیدراڵی بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی 114ی دەستوور پێشنیازی بەهاوبەشی بەڕێوەبردن و چاودێریكردنی داهاتەكانی گومرگ و دەروازە سنوورییەكانی كردووە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمە قایل نەبووە و نەرمیی نەنواندووە و دواتر دەیەوێت رەخنە لە حكومەتی فیدراڵی بگرێت لەبارەی نەناردنی شایستە داراییەكان پێش ئەوەی پرسە پەیوەندیدارەكان بە داهاتەكان یەكلایی بكاتەوە. ئەم جۆرە كارانە خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی كە ئەمەش مایەی قبووڵكردن نییە.
"چاوەڕوانی رێككەوتن مەبن"
ئەگەرچی بەراوردكارییەكی كورت و خێرای بەیاننامەكانی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم بەسەر بۆ ئەوەی لەنێوان دێرەكاندا ئەوە بخوێنرێتەوە كە ئەم دوو حكومەتە نەك رێكناكەون بەڵكو لە چوارگۆشەی یەكهم رۆژەكانی سەرەتای وەرزێكی نوێی كێشەدان، هاوكات ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت چاوەڕوانی رێككەوتن مەبن و هەرێمی كوردستان پابەند نەبووە.
رێبوار كەریم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەگەرچی تا شەوی سێشەممە حكومەتی هەرێم رازی بوو نیوەی گومركەكانی هەرێم بداتە بەغداو رێگە بدا چەند فەرمانبەرێكی دیوانی چاودێری دارایی عیراق و دەستەی خاڵە سنورییەكان بێنە ناو گومركەكانەوە بەپێی ماددەی 114ی دەستوور، لەبەرامبەردا بەغدا بڕی 320 ملیار دیناری دەدایە هەرێم".
دەشڵێت: "بەڵام دوێنێ حكومەتی هەرێم لەو رێگەپێدانەی بە نوێنەرانی چاودێری دارایی عیراق و دەستەی خاڵە سنورییەكان پەشیمان بویەوە، بەغداش بڕیاردا پارە نەنێرێت".
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، "ئەگەر ئەو رێكەوتنە سەری بگرتایە بە ئاسانی مووچە هەموو مانگێك بەبێ لێبڕین دەدرا، بەڵام پەشیمانبونەوەكەی حكومەتی هەرێم لە رێگرییەكانی بەغدا لە قاچاخچێتی گومركەكان ریسەكەی كردەوە بە خوری".
هاوكات ئەندامێكی دیكەی ئەنجومەنی نوێنەران باس لەوە دەكات كە ئێستا نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردووە، هەربۆیە هەرێمی كوردستان لە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد پاشگەز بووەتەوە.
ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی میدیایدا دەڵێت، سەقفی داواكاری حكومەتی هەرێم ئەوەبووە كە موچەی یەك ملیۆن و 255 هەزار كەس لەبەغداوە بێت زائیدەن بودجەیەك بۆ وەبەرهێنان، بەغداش سەقفی داواكارییەكانی بەرزبووەو بۆیە تا ئێستا نەگەیشتونەتە ئەنجام.
دان بەوەشدا دەنێت كە "حكومەتی هەرێم كە دەزانێت نرخی نەوت گەیشتووەتە 45 دۆلار موماتەڵە دەكات، واتا ئامادەنین نەوت تەسلیمی بەغدا بكەن، چونكە هەموو مەلەفەكانی گەندەڵیان ئاشكرا دەبێت، قوربانی بەخەڵك دەدەن، لەپێناو بەردەوامی گەندەڵییەكانیان".
"یەكێتی و پارتی نایانەوێت رێككەوتن بكرێت"
ئەگەرچی پریشكەكانی سوتاندنی رێككەوتنی هەولێر و بەغداد لە كۆبوونەوەیەكی چەند رۆژی رابردووی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هاوینەهەواری دوكانەوە دەرچوون، هاوكات بەرپرسی دیسكی عێراق و كوردستانی – ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی بە روونی دان بەوەدا دەنێت كە بەپێی زانیارییەكانی ئەوان پارتی و یەكێتی نایانەوێت خاڵە سنورییەكان رادەستی عێراق بكەن و لەو پێناوەشدا شكستیان بە رێككەوتنەكەی هەولێر و بەغداد هێناوە.
د. سەنگەر سەید قادر، بەرپرسی دیسكی عێراق و كوردستانی – ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی دەنوسێت، لە كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتیدا ڕێكەوتن لەگەڵ بەغداد شكستی پێهێنرا، چونكە بەغداد مەرجی ڕادەستكردنی داهاتی ٥٠% خاڵە سنورییەكانی بۆ هەرێم دانابوو و هاوكات لەگەڵ بەڕێوبردنی هاوبەش و چاودێركردنی خاڵە سنورییەكان لەلایەن بەغدادەوە
كە ئەمەش جگە لە وەی جوڵە خاڵە سنورییەكان دەخاتە ژیر چاودێری بەغداد هاوكات ڕێگری دەكات لە قاچاغی دەرمان و جگەرە و نەوت و كحول كە لەلایەن كۆمپانیاكانی حیزبەوە دەستی بەسەردا گیراوە و داهاتی مانگانەی نزیكەی ١٠٥ ملیۆن دۆلار بووە پیش كۆرۆنا.
بە لێكدانەوەی بەرپرسی دیسكی عێراق و كوردستانی سەنتەری ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی، كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان لەلایەن عێراقە تەنها زیان نیە بۆ پارتی و زیانیشە بۆ یەكێتی ، هاوكات بەڵێن بە یەكێتی دراوە ئاسانكاری بۆ كۆمپانیاكانی یەكێتی بكرێت شمەك لە ئیبراهیم خەلیلەوە داخڵی هەرێم بكەن و بەشێك لە نەوتی یەكێتی ڕەوانەی توركیا بكرێت.
كۆتایی مانگی هەنگوینی
ماڵپەڕی عێراق ئەلیوم لە راپۆرتێكدا لەبارەی هەرەسهێنانی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد دەنوسێت، كە مانگی هەنگوینی بێدەنگی نێوان ئەو دوو حكومەتە كۆتایی هات و هێرشی میدیای دەستیپێكردووەتەوە، بەڵام پرسیارێك بە كراوەیی جێدەهێڵێت، ئەویش ئەوەیە كە ئایا مستەفا كازمی خۆی دەگرێت لەسەر هەڵوێستەكانی ئێستای یان پاشگەز دەبێتەوە وەك هەندێك هەڵوێستی پێشتری و كێ دەزانێ رەنگە ئەم پیاوە لەپڕدا بچێتە هەولێر بۆ داوای لێبوردن وەك هەڵوێستەكانی پێشتری.