ڕاپۆرتی کوردستانی

05:10 - 11/08/2020

ئەو كوردەی یەكەم كودەتای سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داهێنا‌

پەیسەر

له‌ مێژووی كۆن و نوێی ناوچه‌كه‌دا به‌و پییه‌ی كه‌ كورد پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌بووه‌، چه‌ندین به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌یان له‌ ئه‌ستۆدا بووه‌و جاری واش هه‌بووه‌ تا پله‌ی كۆتا به‌رپرسیارێتی رۆشتوون، به‌ڵام به‌هۆكاری جۆراوجۆر نه‌یهێڵراوه‌ كاره‌كانیان بگاته‌ مه‌نزڵ، یه‌كێك له‌وانه‌ كوردێكی ناوچه‌ی عه‌سكه‌ری نزیك كه‌ركووكه‌ به‌ناوی به‌كر سدقی، ئه‌و له‌ رۆژی 11 ئابی 1938 تیرۆر كرا، سدقی لەملازمی یەكەوە بۆ سەرۆكی ئەركان و دروستكردنی كارتی فشار و لابردنی سەرۆك وەزیران و دواتر كێشه‌ی دیكه‌شی به‌دوای خۆیدا هێنا..

سدقی كێیە؟
بەكر سدقی كوڕی شەفیق عەسكەریە، لەگوندی عەسكەری نزیك كه‌ركووك  لە دایك و باوكێكی كورد ساڵی 1890 لەدایك بووە، خوێندنی سەرەتای و ناوەندی و ئامادەیی لە بەغداد تەواوكردووە و دواتر دەچێتە ئیستەنبوڵ و لەوێ لە خوێندنگای سەربازی دەخوێنێت، بەپلەی ئەفسەر كۆلێژی سەربازی تەواو دەكات، و لەریزەكانی سوپای عوسمانی بەشداری جەنگی جیهانی یەكەم دەكات، لەدوای كۆتایی هاتنی جەنگ لەساڵی 1918 دا بەكر سدقی دەگەڕێتەوە عێراق و دوای ئەوەی بەریتانیەكان 6/1/1921 سوپای عێراق دادەمەزرێنن، سدقی بەپلەی ملازمی یەك پەیوەندی بەسوپای عێراقەوە دەكات، پاشان بەرەبەرە پلە سەربازیەكەی بەرزدەكرێتەوە.

سدقی و كودەتای سەربازی
27/تشرینی دووەمی 1936 لەكاتێكدا پلە سەربازیەكەی فەریق بوو و قائیدی فرقەی دووی سوپای عێراق بوو بەكر سدقی كودەتایەكی سەربازی لەدژی كابینەی حكومەتەكەی یاسین هاشمی كرد و تێیدا مۆڵەتێكی 3 كاتژمێری بۆ پادشای عێراق دیاریكرد بۆ ئەوەی حكومەتەكەی هەڵوەشێنێتەوە، حكمەت سلێمان یاداشتی هەردوو جەنەراڵی سەربازی بەكر سدقی و عبدولەتیف نوری دایە دەست رۆستەم حەیدەر سەرۆكی دیوانی پادشایەتی عێراق.

لەمیانی كودەتاكەدا جەعفەر عەسكەری كە وەزیری بەرگری بوو، هەوڵیدا كودەتاكە بوەستێنێت، بۆ ئەمەش بەكر سدقی داوای چاوپێكەوتنی لێكرد و شوێنێكیان دیاریكرد، بەڵام لەگەڵ هاتنی جەعفەر عەسكەری بە بڕیاری بەكرسدقی وەزیری بەرگری كوژرا.

تا دەهات ئاستی كودەتاكە زیاتر دەبوو و هێزی زیاتریش دەهێندرا بۆ بەغداد بەهۆیەوە مەلیك فەیسەڵ پادشای عێراق ناچار بوو لە رۆژی 29/تشرینی یەكەم لەوتارێكدا حكمەت سلێمان كاندیدی كودەتاچیەكانی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت راسپارد، و كابینەیەك بەتەواوەتی رەنگدانەوەی خواستی كودەتاچیەكان بوو، بەهیچ شێوەیەك خواست و ئیرادەی دیوانی پادشایەتی پێوە دیار نەبوو، لەو كودەتا سەربازیەدا بەكر سدقی بووە سەرۆكی ئەركانی سوپا لە شوێنی تەها هاشمی، بەهۆی سەركەوتنی كودەتاكەی بەكر سدقیەوە هەریەك لە یاسین هاشمی و رەشید عالی گەیلانی و نوری سەعید بەهاوكاری باڵیۆزخانەی بەریتانیا، لەعێراق هەڵهاتن.

ئەگەرچی سدقی نەیویست ببێت بە سەرۆك وەزیران بەڵام حاكمی یەكەم و كۆتایی عێراق بوو، زۆرینەی بڕیارە سیاسیەكان لەلایەن ئەوەوە دەردەچوون، و لیستێكی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دروستكرد و زۆرینەی كاندیدەكانیش لایەنگری خۆی بوو، هەڵبژاردن 20ی شوباتی 1937 بەرێوەچوو و ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بەوشێوەیە بوو كەلەلایەن بەكر سدقیەوە پلانی بۆ دانرابوو، بۆ ئەوەی شەرعیەت بدات بە دەسەڵاتی نوێی عێراق.

بەكر سدقی و ئینگلیز
بەكر سدقی لەسەرەتادا پەیوەندیەكی باش و بەهێزی لەگەڵ بەریتانیەكان هەبووە، لەچەند بەڵگەنامەیەكدا هاتووە كە ئینگلیزەكان چەند جارێك سدقیان بەكارهێناوە، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەی ئینگلیزەكان ڤیزە نادەن بە بەكر سدقی پەیوەندیەكانیان تێكدەچێت.

 كوژرانی سدقی
بەكر سدقی بڕیار دەدات بچێت بۆ توركیا بۆ ئامادەبوون لە نمایشێكی سەربازی كە بڕیار بوو لە 18ی ئابی 1937 بەرێوەبچێت، وەك لەسەرچاوە مێژوویەكاندا هاتووە ئینگلیزەكان بڕیاریاندا لەرێگەی توركیا بیكوژن، سدقی لە 9ی ئاب بەفرۆكەیەك بەغدای بەرەو موسڵ بەجێهێشت، بڕیاربوو لە موسڵەوە بە شەمەندەفەر بچێت بۆ توركیا، بەڵام دوای ئەوەی هەستی كرد پلانگێریەك لەدژی هەیە بڕیارەكەی گۆڕی و بڕیاریدا بەفرۆكە بچێت بۆ توركیا، رۆژی 11ی ئاب سدقی چوو بۆ فرۆكەخانە لە باخچەی فرۆكەخانە لەگەڵ عەقید محەمەد عەلی جەواد و موقەدەمی فرۆكەوان موسا عەلی دانیشتبوو، نائب عەریف عەبدوڵا تەلەعفەری بەرەوڕوویان چوو بۆ ئەوەی ساردەمەنیان پێشكەش بكات و دەمانچەیەكی لەژێر جلەكانیدا شاردبۆوە، كاتێك لە بەكرسدقی نزیك بۆوە تەقەی لێكرد و بەكر سدقی و محەمەد عەلی جەواد فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقی كوژران، و بكوژەكەش دوای دەستگیركردنی دانی بەوەدانا كە لەلایەن محمود هندیەوە راسپێردراوە بۆ كوشتنی بەكر سدقی و دواتریش ئەو ئەفسەرە دیارنەما.

باس لەوە دەكرێت كە ئەفسەری هەواڵگری بەریتانی لە موسڵ پلاندارێژەری پرۆسەكە بووە، سەرلەبەیانی رۆژی 12ی ئاب تەرمی بەكر سدقی و هاورێكەی گواسترانەوە بۆ بەغداد و لە ڕێورەسمێكی فەرمیدا بە بەشداری وزیرەكانی حكومەت و گەورە ئەفسەران و پەرلەمانتاران و باڵیۆزی وڵاتان لەگۆڕستانی باب الاعزەمیە بەخاكسپێردرا، دوای كوژرانی بەكر سدقی جەنەراڵ عەبدوللەتیف نوری جێگەی گرتەوە.

سدقی پێشەنگی كودەتا
بەرای بەشێك لە مێژوونوسان بەكر سدقی دەرگای یەكەم بەشداری سوپای لە پرۆسەی سیاسی كردەوە، بە واتایەكی تر بووە پێشەنگی یەكەم كودەتای سەربازی بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی و دوای ئەویش لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین كودەتای سەربازی تر ئەنجامدران، و تا بەئەمرۆش دەگات سوپا رۆڵی لە بەڕێوەبردنی وڵاتانی ناوچەكەدا هەیە.