ڕاپۆرتی کوردستانی

05:20 - 09/08/2020

خولی دووه‌می تاقیكردنه‌وه‌كان و كاریگه‌رییه‌كانی كۆرۆنا و قه‌یرانی دارایی‌

پەیسەر

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌نێو وه‌زاره‌ته‌ سیادییه‌كاندا نییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ستوونی ڕاگیركردنی جه‌سته‌ی  هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌و گۆڕانكارییه‌كانیش هه‌ر له‌ڕێگه‌ی ئه‌و وه‌زراه‌ته‌وه‌ كاره‌كانییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. وه‌ك شاره‌زایان باسی ده‌كه‌ن نه‌بوونی فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی و دانانی تاقیكردنه‌وه‌ ته‌نها مه‌رجی په‌ڕینه‌وه‌و بڕینی قۆناغێكه‌ به‌ره‌و قۆناغێكی دی، ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ كیشه‌كانی به‌رده‌م زۆر كه‌س، جگه‌ له‌وه‌ش كۆرۆنا خوێندنی ئه‌مساڵی شپرزه‌و په‌راكه‌نده‌ كرد، پرۆگرامی خوێندن ته‌واو نه‌كرا، به‌ڵام به‌ پێی بڕیارێكی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ شێوازێكی دیكه‌ی وه‌رگرت، هه‌رچه‌نده‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرا خولی دووه‌می تاقیكردنه‌وه‌كان له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام نه‌درێت، به‌ڵام ئه‌ویش دووباره‌ په‌رته‌وازه‌یی تێكه‌وت.

 

به‌ پێی پلان و به‌رنامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای ده‌وامی هه‌موو ساڵێكه‌وه‌ داده‌نرێت و پێی ده‌گوترێت (ساڵنامه‌ی خوێندن) و به‌فه‌رمی ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندییداره‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌كرێت و داوجار ئه‌وانیش به‌پێی ئه‌و ساڵنامه‌یه‌ به‌رنامه‌و پلانی ئه‌و ساڵه‌ی دادێت داده‌ڕێژن، به‌تایبه‌تی ئه‌و بڕگه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ تاقیكردنه‌وه‌كان و پشووه‌ فه‌رمییه‌ دیاره‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، ساڵنامه‌ی خوێندن فه‌رمانێكی پێشوه‌خته‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌یه‌و كه‌س ناتوانێت جێبه‌جێی نه‌كات مه‌گه‌ر ئه‌و كاتانه‌ی له‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ ڕێنمایی یان فه‌رمانێكی دیكه‌ بێته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌گینا له‌ حاڵه‌ته‌ ئاساییه‌كاندا بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌.

گرنگیدان به‌ تاقیكردنه‌وه‌كان:
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاكه‌ شێوزای سه‌ركه‌وتنی قوتابی و تێپه‌ڕاندنی قۆناغێكی خوێندن له‌ هه‌رێمی كوردستان تاقیكردنه‌وه‌ی نوسینه‌كییه‌ بۆ قۆناغی (4 تا 12) بنه‌ڕه‌تی، له‌نێو ساڵنامه‌ی خوێندن دا جێگه‌ی تایبه‌تی خۆی و ڕووبه‌رێكی زۆر داگیرده‌كات له‌ نێو ساڵنامه‌كه‌دا به‌ وردی كات و به‌روای تاقیكردنه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ قۆناغ و پۆله‌كان دیاری ده‌كرێت، دواتر په‌روه‌رده‌و یه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری (بنه‌ڕه‌تی و ئاماده‌یی) و فوتابخانه‌كان به‌ پێی ئه‌و ساڵنامه‌یه‌ كاره‌كانی خۆیان ڕێكده‌خه‌ن و ئه‌و پرۆسه‌ هه‌ره‌ هه‌ستیاره‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ده‌خه‌نه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، له‌ناو ساڵنامه‌كه‌دا ناوی قۆناغه‌كانی خوێندن (بنه‌ڕه‌تی، ئاماده‌ییه‌كانی زانستی – وێژه‌یی –پیشه‌یی، په‌یمانگاكانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، خوێندنی ئه‌هلی ) دێت و بۆ هه‌ر یه‌كێیكان ڕێنمایی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌.جگه‌ له‌وه‌ش كاتیی تاقیكردنه‌وه‌كان بۆ پۆله‌كانی 9ی بنه‌ڕه‌تی و 12 ئاماده‌یی دیاری ده‌كرێت به‌و پێیه‌ی كه‌ ئه‌و دوو قۆناغه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی نیشتمانی ئه‌نجامده‌ده‌ن.

خولی دووه‌می تاقیكردنه‌وه‌كان:
خولی دووه‌م بۆ ئه‌و قوتابیانه‌یه‌ كه‌ له‌خولی یه‌كه‌می (هه‌ر دوو وه‌رزی یه‌كه‌م و دووه‌م ، یه‌كێكێان یان هه‌ردووكیان) كه‌وتوون و به‌ كۆی هه‌ردوو تاقیكردنه‌وه‌كه‌ و دواتر دابه‌شكردنی بۆ دوو، نمره‌ی قوتابی نه‌یكردووه‌ته ساتی‌ ده‌رچوون، ئه‌نجام ده‌درێت و له‌ ساڵنامه‌ی خوێندن دا ئاماژه‌ی پێده‌كرێت و به‌ پێی ڕێنمایی تاقیكردنه‌وه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت و زۆرینه‌شی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ره‌تا تا ناوه‌ڕساتی مانگی ئابی هه‌مان ساڵ و پێش ده‌ستپێكردنی خوێندنی ساڵی نوێ، قوتابی له‌و خوله‌دا به‌ دوو پرسیاری جیاواز و له‌و یه‌ك رۆژدا و به‌دوای یه‌كدا تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو وه‌رزه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌دات، به‌ دوو ده‌فته‌ر و به‌رگه‌ پرسیاری جیاواز كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان به‌ڕوونی ئاماژه‌یان پێبدرێت. وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌نجامیش ده‌بێت پێش له‌ ده‌ستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن ئه‌نجام بدرێت، تا قوتابی بزانێت ماوه‌ته‌وه‌ له‌و پۆله‌دا یان ده‌رچووه‌. ڕاده‌ستكردنی پرسیاره‌كانیشی به‌ پێی ڕێنماییه‌كانی په‌روه‌رده‌و یه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری له‌گه‌ڵ پرسیاره‌كانی خولی یه‌كه‌مدا ده‌بێت و به‌شێوازی زانستی و ڕێنماییه‌كان له‌ شوێنی تایبه‌ت و له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رو لیژنه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانه‌وه‌ هاوكات له‌ گه‌ڵ شیكارێكی نموونه‌ی ڕاده‌ست ده‌كرێن و ئه‌وه‌ش له‌ پێناوی پاراستنی نهێنی بوونی تاقیكردنه‌وه‌كان و خۆپاراستن له‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێك كه‌ دواجار له‌ به‌رژه‌وه‌ندی قوتابی نه‌بێت.

خوێندن له‌ سایه‌ی كۆرۆنادا:
ساڵی خوێندنی 2019-2020 هاوكات بوو له‌گه‌ڵ په‌یدابوونی ڤایرۆسی كۆڤید 19 و ناسراو به‌ كۆرۆنا، بوونی ئه‌و ڤایرۆسه‌و ڕێنماییه‌ ته‌ندروسیتیه‌كان بووه‌ هۆی ئاڵوگۆڕێكی ئێجگار گه‌وره‌ له‌سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیاندا، هه‌موو په‌یڕه‌وو سیسته‌م و بنه‌ماكانی گۆڕێی، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا سیسته‌می خوێندن و ڕێنماییه‌كان و ساڵنامه‌ی خوێندنیش، هه‌ربۆیه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێناوی پاراستتنی ژیانی قوتابیان و مامۆستایان و ئه‌وانه‌ی له‌نێو سیسته‌مه‌كه‌دا كارده‌كه‌ن له‌ رۆژی 25 شوبات ی 2020 بڕیاری ڕاگرتنی خوێندنی داو داتریش به‌ پێی بڕیارێكی نوێ خوێندن و نمره‌ی وه‌رزی یه‌كه‌می ئه‌و ساڵه‌ی وه‌ك بنه‌ما وه‌رگرت و بڕیاریاندا به تۆماركردنی نمره‌كانی وه‌رزی یه‌كه‌م ، خۆ ئه‌گه‌ر قوتابییه‌ك له‌ وه‌رزی یه‌كه‌مدا كه‌وتبوو ئه‌وا ئه‌و وانه‌یه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی خولی دووه‌می وه‌رزی یه‌كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

هه‌ولێر و سلێمانی:
هه‌رچه‌نده‌ به‌ پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وشی كۆرۆنا هێور نه‌بووه‌ته‌وه‌و به‌رده‌وام له‌ بڵاوبوونه‌وه‌دایه‌، به‌ڵام له‌ شارێك بۆ یه‌كێكی دیكه‌ گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت، له‌باره‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانی خولی دووه‌م/ خولی یه‌كه‌می 2019-2020 یشه‌وه‌ 9ئابی 2020دیاری كرابوو، بۆ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی خولی دووه‌م وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ڕایگه‌یاند دۆخی ته‌ندروستی هه‌ولیر ناجێگره‌، بۆیه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌وره‌رده‌ی ئه‌و پارێزگایه‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی بۆماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ دواخست و وابڕیاره‌ له‌ 19ئاب ده‌ست به‌ تاقیكردنه‌وه‌كان بكرێت، له‌ كاتێكدا ئه‌مڕۆله‌ سلێمانی یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی خولی دووه‌م ده‌ستی پێكرد.

گه‌رچی هۆكاری ڕاگه‌یه‌نراوی دواخستنی تاقیكردنه‌وه‌كان كۆرۆناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان به‌گشتی و كه‌رتی په‌روه‌رده‌یه‌ به‌تایبه‌تی، به‌ڵام له‌ سۆشیاڵ میدیا لێكدانه‌وه‌ی دیكه‌شی بۆ كراوه‌ گوترا كه‌ دوو ئیدارییه‌و خۆ جیاكردنه‌وه‌یه‌، پاڵپشتی ئه‌م بۆچوونه‌ ئه‌وه‌ بوو ناكرێت له‌ هه‌موو پارێزگاكاننی عێراق و ته‌نانه‌ت ئیرانیشه‌وه‌ خه‌ڵك هاتوچۆ بكات له‌ ژێر ڕێككارێكی ته‌ندروستی مام ناوه‌ند دا، به‌ڵام هاتوچۆ له‌ نێوان هه‌ولێرو سلێمانیدا زۆر سه‌خت و ناهه‌موار بێت و نزیك بێت له‌ ئه‌سته‌م.

قورسی و سووكی پرسیار:
گه‌رچی پۆلی 12 به‌هه‌موو به‌شه‌كانیه‌وه‌ به‌رئه‌وه‌ نه‌كه‌وت كه‌ وه‌زریی یه‌كه‌میان بۆ ئه‌ژمار بكرێت، دوێنێش كۆتا تاقیكردنه‌وه‌یان ئه‌نجامدا به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی دۆخه‌كه‌ به‌شێك له‌ پرۆگرامه‌كانیان كه‌م كرده‌وه‌، جگه‌ له‌ دۆخی خراپی لایه‌نی ده‌روونی قوتابیان و كه‌س و كاریش واچاوه‌ڕێ ده‌كرا لیژنه‌ی دانانی پرسیاره‌كان ڕه‌چاوی ئه‌و دۆخه‌ بكه‌ن، به‌ڵام نه‌ك ڕه‌چاو نه‌كرابوو، به‌ڵكو وه‌ك قوتابیه‌كان باسیان كردووه‌ پرسیاری تیدابووه‌ ئه‌وه‌نده‌ قورس بووه‌ كه‌ ساڵانی ئاساییش به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بووه‌ ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی چه‌ند هه‌ڵه‌ش له‌ دانانی پرسیاره‌كان هه‌بوو، كه‌ ئه‌وه‌ زیان له‌ دۆخی ده‌روونی قوتابیان ده‌دات.

نیگه‌رانی مامۆستایان:
بارودۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستان زۆر خراپه‌، له‌ناوه‌ڕاستی مانگی ئاب (8) نزیك ده‌بینه‌وه‌ به‌ڵام هێشتا مووچه‌ی مانگی ئازار(3)وه‌رنه‌گیراوه‌، ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی نیگه‌رانی سه‌رجه‌م مووچه‌ خۆران وله‌ناو ئه‌وانه‌شدا مامۆستایان و ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان به‌ده‌ستیانه‌وه‌ بوو بۆ فشاردروستكردن بایكۆتی هۆڵه‌كانی خوێندن بوو، كه‌ له‌ 25 شوبات ده‌وامی فه‌رمی ڕاگیرا، ئه‌و كارته‌ به‌هێزه‌ سووتا، ئه‌وه‌ی مابوویه‌وه‌ ئه‌نجام نه‌دانی تاقیكردنه‌وه‌كان بوو، به تایبه‌تی قۆناغی 12،به‌ڵام ئه‌و كاره‌ نه‌كراو ئه‌و مامۆستایانه‌ی ناویان هاته‌وه‌ بۆچاودێریی هۆڵه‌كانی خوێندن زۆرینه‌ی ڕه‌هایان په‌یوه‌ندییان كردو تاقیكردنه‌وه‌كانیش به‌ڕێوه‌ چوون، به‌ده‌ر له‌وه‌ی به‌شێك له‌مامۆستاكان باوه‌ڕیان وابووه‌ كه‌ قۆناغی 12 هه‌ستیاره‌و وه‌ك حكومه‌ت خه‌می هیچ كه‌سێكی نیه‌، ناكرێت ئه‌وانی په‌روه‌رده‌كاریش هه‌مان سته‌م له‌ قوتابیه‌كان بكه‌نه‌وه‌ بۆیه‌ چوونه‌ ناو پرۆسه‌كه‌وه‌، به‌شێكی تریشی به‌ بڕیاری وه‌زیری په‌روه‌رده‌ هه‌ر مامۆستایه‌ك چاودێریی تاقیكردنه‌وه‌كانی پۆلی 12 به‌ هه‌موو به‌شه‌كانیه‌وه‌ بكات، سوپاس –شكر-ێكی وه‌زرای پێده‌ده‌رێت و ئه‌وه‌ش بووه‌ پاڵنه‌رێكی تریی به‌شداریی كردنی مامۆستایان بوو.

له‌ هه‌مان كاتدا له‌ قۆناغه‌كانی دیكه‌ی 4 بۆ 11 هه‌موو مامۆستاكان پرسیاریان ڕاده‌ستی ئیداره‌كان كردووه‌و ئه‌مڕۆ له‌ سلێمانی و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین تاقیكردنه‌وه‌كان  به‌ڕیوه‌ چوون. هه‌ربۆیه‌ كارتی فشاری مامۆستایان بۆپێدانی مووچه‌ چیتر كارناكت و پێده‌چێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر سه‌ره‌تای ده‌وامی 2020-2021 دابنێت و هه‌ر ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕێ ده‌كرێت، یان ئه‌وه‌یه‌ زۆر به‌ئاسایی ده‌وام ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌،یان ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ توندتر ده‌كرێته‌وه‌و هۆڵه‌كانی خوێندن ناكرێته‌وه، هه‌رچه‌نده‌ كاتی ئه‌وه‌ش هاتووه‌ كه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ بیرێك بكرێته‌وه‌.