عیراق

12:51 - 05/08/2020

سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا: كێشە لەسەر بازنەی هەڵبژاردن هەیە‌

پەیسەر

سەعد متڵەبی سەركردە لە دەوڵەتی یاسا بەپەیسەرپرێسی راگەیاند هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆتە پێویستیەكی سەرەكی، بەوپێیەی ئەم هەڵبژاردنەی كە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێستای بەدوای خۆیدا هێنا زۆر پرسیاری لەسەرە، و شەرعیەتی بەرامبەر گەل لەدەست داوە، و یەكێك لەداواكاریەكانی خۆپیشاندەران لە رابردوو و ئێستاشدا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پەرلەمانی ئەم خولە ئەوەی سەلماند كە ناتوانێت كێشە سەرەكیەكان چارەسەر بكات، بەنمونە ماوەی دوو سێ مانگ ئەنجومەنی نوێنەران نیە و ئەو نەبوونە ماوەیەكی زۆرتریش دەخایەنێت.

ئەو سەركردەیەی دەوڵەتی یاسا دەڵێت توڕەیی و نیگەرانی خەڵك بەرامبەر ئەنجومەنی نوێنەران هەیە و بەشێكیان پێیان وایە پێویستە ئەم ئەنجومەنە هەڵوەشێتەوە و ئەنجومەنێكی تر لەرێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە بێتە ئاراوە. متڵەبی دەڵێت داواكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە  بۆ توڕەكردن یان نیگەران كردنی هیچ كوتلەیەكی سیاسی نیە.

سەركردەكەی دەوڵەتی یاسا راشیگەیاند ناكۆكی لەبۆچوون و تێروانیەكان هەیە، هەموولایەك لەسەر ئەوە كۆكن كە دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت، بەڵام ناكۆكی لەسەر بازنەی هەڵبژاردن هەیە، زۆرینەی كوتلەكان پشتیوانی ئەوە دەكەن هەر پارێزگایەك یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، بەڵام هاوپەیمانی سائیرون داوا دەكات بازنەی هەڵبژاردنی بچوكتر بێت و لەسەر ئاستی قەزاكان بێت تائێستا ئەو كێشەیە چارەسەر نەكراوە.