ڕاپۆرتی کوردستانی

01:04 - 03/08/2020

دانپێدانی سه‌ركرده‌یه‌كی داعش، ئه‌بو سوراقه‌ چۆن باس له‌ كچه‌ ئێزدیه‌كان ده‌كات؟‌

پەیسەر

رۆژی 3 ئابی 2014له‌كاتێكدا چه‌كدارو پێشمه‌رگه‌كانی سنووری قه‌زای شنگال خه‌ڵكی سڤیل و بێتاوانی ناوچه‌كه‌یان به‌جێده‌هێشت به‌ته‌مه‌نه‌كان و خه‌ڵكانی شاره‌زاو خوێنده‌واریان نه‌بێت نه‌یانده‌زانی چ كاره‌ساتێك به‌ڕێوه‌یه‌ بۆیان، ئه‌وان پێیان وابوو هێرشی كۆمه‌ڵێك چه‌كداره‌و دێن و ده‌ڕۆن، وایانده‌زانی وه‌ك هه‌موو شه‌ڕه‌كانی دیكه‌یه‌و هێنده‌ی پێناچێت كۆتایی دێت، به‌ڵام وا ده‌رنه‌چوو.

به‌ڵام ئه‌وچه‌كدارانه‌ی كه‌ ڕوویان له‌ ناوچه‌كه‌ كردبوو ده‌یانزانی چی ده‌كه‌ن و باشیش له‌وه‌ ئاگادار بوون به‌ره‌و كێ ڕووبه‌ڕوون،‌ئه‌وان هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كیان كردبوو، هه‌ربۆیه‌ له‌ماوه‌یه‌كی ئێجگار كه‌مدا ئه‌وه‌ی كه‌ چاوه‌ڕوان نه‌ده‌كرا ڕوویدا.

كاره‌كته‌ركانی ئه‌و كاره‌ساته‌ كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێك بوون كه‌ به‌مه‌رامی جیاواز بۆ خواستی پشت په‌رده‌ی خۆیان هاتبوونه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌و به‌مه‌به‌ستیش په‌لاماری شنگالیان دا، چوون له‌ ڕووی دینییه‌وه‌، شنگالیه‌كان ئێزدیی بوون وله‌ ڕووی سیاسیشه‌وه‌ پشتیوانی ئه‌وتۆ نه‌ده‌كران.

زۆرن ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌شداریی ئه‌و كاره‌ساته‌یان كرد، به‌ڵام كه‌من ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ لیكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌، ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی عیراق یه‌كێك له‌و تاوانبارانه‌ی ده‌ستگیركردووه‌و دواتر دانپێدانانه‌كانی بۆ ڕای گشتی خستووته‌ ڕوو، كه‌ناڵی الجزیره‌ش به‌شیك له‌وانه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. تاوانباره‌كه‌ ناوی خۆی (ع.أ.ح) یه‌و به‌ ئه‌بو سوراقه‌ بانگكراوه‌، به‌ڵام له‌ناو خه‌ڵكدا دواجار به‌ (خوێنڕێژه‌كه‌ی داعش) به‌ناوبانگ بووه‌.به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته‌ ئه‌بوسوراقه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی ژماره‌یه‌ك چه‌كدار ده‌چنه‌ ئۆردوگای قه‌حتانیه‌ و هه‌رچییان ده‌ست بكه‌وێت ده‌یكوژن، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ بكۆڵنه‌وه‌ كه‌ كامه‌یان ژن و منداڵه‌و كامی تریان چه‌كداره‌و پیره‌، ئه‌وان ته‌نها مه‌به‌ستیان بوو ژنه‌ گه‌نج و جوانه‌كان بهێڵنه‌وه‌. ئه‌وان كچۆڵه‌كانیان وه‌ك دیلی جه‌نگی بۆخۆیان ده‌بردو نه‌یانده‌كوشتن، ئه‌و تاوانباره‌ له‌ دادگای لێكۆڵینه‌وی  موسڵ دانی به‌ هه‌موو شتێكدا ناوه‌و به‌ پێی ماده‌ی چواری یاسای تیرۆری عیراق داداگایی كراوه‌، ئه‌و له به‌رده‌م دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی موسڵدا دانی به‌هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌دا ناوه‌ كه‌ ئه‌نجامی داون، یان به‌شداریی تێداكردوون.

 تاوانبار له‌به‌رده‌م دادوه‌ردا گوتی له‌دایكبووی 1989 یه‌و له‌ دایكوباوكێكی عیراقی و دانیشتووی شاری موسڵ بووه‌، له‌ مانگی ته‌موزیی 2014 په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ داعشه‌وه‌، ئه‌وه‌شی نه‌شاردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ڕووی بیروباوه‌ڕه‌وه‌ هه‌ڵێبژاردوون، له‌ناوی جه‌زیره‌ بۆ یه‌كه‌مجار به‌یعه‌تی به‌ كه‌سێك داوه‌ به‌ناوی –ابو ئه‌نمار- و بۆ ماوه‌ی 35 رۆژ له‌ناوچه‌ی جه‌زیره‌ ده‌چێته‌ خولی سه‌ربازیی و به‌كارهێنانی چه‌ك.

ئه‌بو سوراقه‌ له‌باره‌ی خوله‌كه‌وه‌ گوتوویه‌تی له‌په‌نای فێربوونی به‌كار هێنانی چه‌ك وانه‌ی ئایینی و په‌ره‌وه‌رده‌كردنیان فێركردوون،  دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ كڵاشینكۆفێك و 4 مه‌خزه‌نی فیشه‌كیان پێداوه‌، دوای ئه‌وه‌ی جل و به‌رگی داعش له‌به‌ر ده‌كات ناوی لێنراوه‌ -ئه‌بو سوراقه‌- و خستوویانه‌ته‌ به‌شی -بێته‌ل- ی سه‌ربازیی كه‌ به‌ جیهاز به‌ناوبانگه‌، ده‌بێت بگوترێت به‌شی جیهاز له‌نێو هه‌موو ڕێكخراوو حیزبه‌كاندا زۆر هه‌ستیاره‌و پێویستی به‌كه‌سانی متمانه‌پێكراوو تایبه‌ت هه‌یه‌.

ئه‌بو سوراقه‌ باس لورۆژی ڕووداوه‌كه‌ی شه‌نگال بۆ دادوه‌ر كردووه‌، گوتوویه‌تی فه‌رمانی بۆ هاتووه‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتی 15كه‌س بكات و بچن بۆشه‌ڕی شنگال، هێرشه‌كه‌ كاتژمێر3 شه‌و ده‌ستی پێكردووه‌و ئه‌وان به‌ره‌و ئۆردزگای قه‌حتانیه‌ رۆشتوون، به‌ پێی وته‌ی ئه‌بو سوراقه‌ كۆی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی به‌شداربوون 200 چه‌كداری داعش بوون، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش چه‌كی جۆراوجۆریان پێ بووه‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌رگریی بكرێت چوونه‌ته‌ نێو ئۆردوگاكه‌وه‌و له‌ پێشدا چوارده‌وریان گرتووه‌و هه‌رچی كچی گه‌نجیان ده‌ستكه‌وتووه‌ به‌ناوی دیلی جه‌نگه‌وه‌ بردوونیان و وه‌ك كه‌نیزه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كردوون.

ئه‌بو سوراقه‌ له‌ درێژه‌ی دانپێدانانه‌كه‌یدا گوتوویه‌تی كه‌ گه‌نج و پیاوی به‌ته‌مه‌ن و ژنانی به‌ته‌مه‌ن و ته‌نانه‌ت هه‌رزه‌كارو منداڵی سه‌روو 3ساڵیشیان كوشتووه‌ جگه‌ له‌ ژن و كچانی گه‌نج و جوان، وه‌ك ئه‌و باسی كردووه‌ زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌شی كوژراون له‌سه‌ر جاده‌و كۆڵانه‌كان و به‌دیارچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ بووه‌و یه‌كسه‌ر له‌كاتی ده‌ستگیركردنه‌كه‌دا بووه‌ به‌ بێ ڕوونكردنه‌وه‌ی هیچ هۆكارێك.

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ منداڵی خواری 3 ساڵیان وازلێهێناوه‌ به‌بێ خواردن و شیرو پێداویستی و دایكه‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیان بردوون، ئه‌وه‌ش بۆئه‌وه‌ی له‌ برسان و له‌ تینوویدا بۆخۆیان بمرن، ئه‌و فه‌رمانه‌ش له‌و كه‌تیبه‌یه‌وه‌ بووه‌ كه‌ فه‌رمانی به‌مان كردووه‌، هه‌رچی ژن و كچه‌ ده‌ستگیركراوه‌كانیشه‌ به‌سه‌ر خۆیاندا دابه‌شیانكردوون، چوونه‌ته‌ ناوماڵه‌كانی ئه‌و ئۆردوگایه‌و ده‌ستدرێژییان كردوونه‌ته‌ سه‌ر.

ئه‌بوسوراقه‌ دوای ئه‌وه‌ له‌شه‌ڕه‌كانی قه‌زای بێجی به‌شداریی ده‌كات له‌ 2015 و له‌ دانپیدانانه‌كانیدا هاتووه‌ كه‌ ئه‌وان هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق و هه‌موو جۆره‌ چه‌كێكیان له‌و هیرشه‌دا به‌كارهێناوه‌و ئه‌و گوتوویه‌تی له‌و هێرشه‌دا 7 مه‌خزه‌ن فیشه‌كی كڵاشینكۆفی ته‌قاندووه‌.

ئه‌بوسوراقه‌ له‌ دانپێدانانه‌كانیدا گوتوویه‌تی دواتر به‌ره‌و ناوچه‌ی حه‌مام عه‌لیل رۆشتوون و دواتریش بۆناوچه‌ی جه‌زیره‌و ، دوای ئه‌وه‌ش كه‌ داعش شكستی ته‌واوی به‌سه‌ردا دێت چه‌ك داده‌نێت و له‌ناوچه‌ی حه‌زر ده‌مێنێته‌وه‌ و بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر خۆی ده‌شارێته‌وه‌و دوای ئه‌وه‌ ده‌چێته‌ كه‌مپی جه‌دعه‌ له‌ مووسڵ و بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بێت، به‌ڵام بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كه‌، به‌ڵام كه‌ دووباره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ تا له‌وێ نیشته‌جێ ببێت ، هه‌ر له‌وێی له‌ڕێگه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگریی عێراقییه‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێت و دواتر ده‌ستگیرده‌كرێت.

گه‌رچی ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌لجه‌زیره‌ باسی له‌وه‌ نه‌كردووه‌ كه‌ چاره‌نووسی ئه‌و تاوانباره‌ی كاره‌ساتی شه‌نگال به‌چی گه‌شتووه‌ به‌ڵام به‌ پێی ماده‌ی چواری تیرۆر دادگایی كراوه‌ كه‌ بڕگه‌كانی بریتین له‌:
1-سزای ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ له‌سێداره‌ دانه‌ ئه‌گه‌ر خۆی كاره‌كانی كردبێت یان هۆكارو پشتیوانی سه‌ره‌كی بوویبێت له‌و كارانه‌ی له‌ ماده‌كانی (2 و 3) دا هاتوون، ئه‌وانه‌ی كه‌ پلانیان داڕشتووه‌، خه‌ڵكیان هانداوه‌، یان ئه‌وانه‌ی كه‌ كاره‌كه‌یان كردووه‌ وه‌ك یه‌كن و له‌ سێداره‌ ده‌درێن.

2-زیندانی هه‌میشه‌یی بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست كاری تیرۆرستی ده‌كه‌ن یان ده‌بنه‌ هۆی شاردنه‌وه‌ی كاری تیرۆرستی.

به‌پێی ئه‌و ماده‌یه‌ی كه‌ ئه‌بوسوراقه‌ی له‌سه‌ر دادگایی كراوه‌ سزاكه‌ی له‌سێداره‌دانه‌و ئیتر ئه‌وه‌ش یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌ ئاخۆ دادگا فه‌رمانه‌كه‌ی ده‌ركردووه‌ یان نه‌، ئاخۆ له‌سێداره‌ دراوه‌ یان ماوه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی كه‌ تائێستا ماوه‌ته‌وه‌ برینی قووڵی ئێزدییه‌كانه‌، مانه‌وه‌و دیارنه‌مانی ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و كچ و ژنانه‌یه‌ كه‌ چه‌كداره‌كانی داعش وه‌ك كه‌نیزه‌ك بردینان و وه‌ك دیلی جه‌نگی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كردن و له‌نێو خۆیاندا كڕین و فرۆشیان پێكردن و تائێستاش كه‌س وكاریان به‌ته‌مان رۆژێك له‌ رۆژان بێنه‌وه‌ ناویان و چیرۆكه‌ غه‌مگینه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ڕه‌شه‌یان بۆ بگێڕنه‌وه‌و ئه‌م خه‌مه‌ش بچێته‌ سه‌ر خه‌مه‌ مێژووییه‌كانی دیكه‌یان.