ڕاپۆرتی کوردستانی

12:13 - 03/08/2020

كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان برینێكی قووڵ له‌ جه‌سته‌ی نیشتماندا‌

پەیسەر

بەرەبەیانی رۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014 رێكخراوی تیرۆرستی داعش، هێرشی كردە سەر دەڤەری شەنگال و داگیریكرد، بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆری ئێزیدیەكان كۆمەڵكوژكران و بەشێكیشیان ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون، و زۆرینەشیان تا بەئەمرۆ دەگات لە كەمپەكان ژیان بەسەردەبەن و هێشتا ژیان له‌و ناوچه‌یه‌ش ئاسایی نه‌بووه‌ته‌وه‌و به‌رپرسان و كه‌مته‌رخه‌مه‌كانی ئه‌و كاره‌ساته‌ش هیچیان پێنه‌گوتراوه‌.

3ی ئاب رۆژە شومەكە
رۆژی 10ی حوزەیرانی 2014 رێكخراوی تیرۆرستی داعش شاری موسڵی داگیركرد، بەوەش داعش بووە دراوسێی شەنگال و ئێزیدیەكان، بەوپێیەی لەناو شاری موسڵەوە تا قەزای شەنگال 145 كیلۆمەترە، بەڵام دراوسێیەتی داعش و ئێزیدیەكان چەند كیلۆمەترێك زیاتر نەبوو، بەلای داعشەوە داگیركردنی شەنگال گرنگ بوو چونكە لەلایەك رێگەیەكی ئاڵوگۆڕی نێوان عێراق و سوریای دەست دەكەوت بەوپێیەی شەنگال لەسنوری رۆژئاوای كوردستان و بەدیاریكراویش پارێزگای حەسەكەیە و لەلایەكی تریشەوە كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزدی بەلای رێكخراوی تیرۆرستی داعشەوە دەست كەوت بوو، سەر ئەنجام 3ی ئابی 2014 ئەگەرچی 18 هەزار پێشمەرگە لەو ناوچەیە جێگیربوون بەڵام بەبێ بەرگریەكی ئەوتۆ ناوچەكە كەوتە دەست داعش.

لیژنەیەك بەبێ ئەنجام 
دوای كەوتنی شەنگال لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە نوێنەرانی ئەنجومەنی دادوەری و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆكایەتی هەرێم پێكهێندرا و لێكۆڵینەوە لە 500 ئەفسەر و پلەداری پێشمەرگە كرا و لەمانگی ئەیلولی ساڵی 2015 دا راپۆرتی كۆتایی لیژنەكە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بەرزكرایەوە بەڵام ئەنجامەكەی بۆ رایگشتی ئاشكرا نەكرا و هیچ كام لەو فەرماندانەشی كە تۆمەتباربوون بە جێهێشتنی شەنگال سزا نەدران.

زیانی ئێزدیەكان لە 3ی ئابدا
شەش هەزار و ٤١٧ كەس بەدیلگیران، لەو ژمارەیەش ،تائێستا 3530 كەسیان رزگاریان بووە و 2887 ئێزدی لەدەستی داعش ماون یان چارەنوسیان نادیارە.
چل و پێنج گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەوە كە زۆربەیان تەرمی ئێزدییەكانیان تێدایە
هەزار و ٢٩٣ كەس لە كاتی هێرشەكەدا كوژراون یان بەهۆی تینوێتی یان برسێتیدا گیانیان لە دەستداوە.
  سێسەد و 80 هەزار كەس ئاوارە بوون كە زۆربەیان ئێزدی بوون 
  زیاتر لە 100 هەزر كوردی ئێزدی هەرێمی كوردستانیان بەجێهێشتووە
هەزار و ٧٧٠ منداڵ بێ باوك بوون
 چوارسەد و بیست و حەوت منداڵ بێ دایك بوون 
سێسەد و شەست و پێنج منداڵ دایك و باوكیان پێكەوە لە دەستدا
  شەست و هەشت مەزار و شوێنی پیرۆزی ئێزدییەكان لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە تەقێنداونەوە .

دۆخی ئێزیدیەكان لەئێستادا 
شەش ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر كۆمەڵكوژی 3ی ئابدا بەڵام هێشتا نە شەنگال ئاوەدان بۆتەوە و نە ئێزدیەكان گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان بەجۆرێك تا ئێستاش لەكۆی 550 هەزار ئێزدی 360 هەزار كەسیان ئاوارەن و زۆرینەشیان لە 14 كەمپی تایبەت لە پارێزگای دهۆك دەژیەن، هەروەها 100 هەزار كەسیان لەدوای 3ی ئابەوە بەیەكجاری هەرێمی كوردستان و عێراقیان جێهێشتووە و لە وڵاتان بوون بە پەنابەر و كەمتر لە 20%ی ئێزیەیەكانیش گەڕاونەتەوە شەنگال، تا ئێستا 2900 كوردی ئێزدی كە لە 3ی ئابەوە بێسەروشوێنن چارەنوسیان نادیارە.

شەنگال لەژێر دەستی داعشدا
دوای زیاتر لەیەك ساڵ لەدەسەڵاتی رێكخراوی تیرۆرستی داعش بەسەر شەنگالدا رۆژی 13/10/2015 هێزی پێشمەرگەی كوردستان شەنگالی لە تیرۆرستان پاككردەوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لەسەر بەرێوەبردنی ناوچەكە، بەوپێیەی شەنگال بەشێكە لەناوچەی جێ ناكۆكی نێوان هەولێر و بەغداد دەستی ئاوەدانكردنەوەی بۆ درێژنەكرا.

پرسی بەجینۆساید ناساندنی شەنگال 
پەرلەمانی كوردستان رۆژی 3/8/2019 پرۆژە بڕیارێكی پەسەندكرد و تێیدا رۆژی 3/8/2014ی وەك رۆژی كۆمەڵكوژی ئێزیدیەكان دیاریكرد، هەروەها رۆژی 12/9/2014 وەفدێكی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای لاهای سكاڵای لەسەر رێكخراوی تیرۆرستی داعش تۆماركرد لەسەر دۆسیەی جینۆسایدی ئێزدیەكان لەشەنگال، بەڵام بەهۆی ئەوەی عێراق ئەندامی ئەو دادگایە نیە دۆسیەكە هیچ بەرەوپێش چوونێكی بەخۆیەوە نەبینی.