03:06 - 30/07/2020
تراژیدیای ژیانی ئەو منداڵانەی بەهۆی دەستدرێژی سێكسی داعشەوە لەدایكبوون
راپۆرتێكی نێودەوڵەتی باس لە ژیانی ئەو منداڵانە دەكات كە بەهۆی دەستدرێژییە سێكسییەكانی تیرۆریستانی داعشەوە هاتونەتە دونیا و باس لەوە دەكات ئەو منداڵانە كە بەشی زۆریان لە ژنە ئێزدییەكان لەدایكبوون لەرووی تەندروستی و جەستەیی و دەرونییەوە ناساغن و ژمارەیان زیاتر لە 2000 منداڵن.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێكدا بە ناونیشانی "میراتی تیرۆر، نەهامەتی منداڵە ئێزیدییەكانی قوربانی داعش" باسی لەوە كردووە كە نزیكەی 2000 منداڵی ئێزدی كە لە بەرەنجامی دەستدرێژی سێكسی تیرۆریستانی داعش لەدایكبوون یان لەلایەن ئەو گروپەوە دەستبەسەر بوون و ئێستا گەڕاونەتەوە ناو خێزانەكانیان گرفتی گەورەی تەندروستی جەستەیی و دەرونییان هەیە.
لەو راپۆرتەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا كە لە 56 لاپەڕە پێكهاتووە و ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوكراوەتەوە باسی لەوە كردووە زیاتر لە 1900 منداڵ كە پێشتر لای گروپی تیرۆریستی داعش بوون ئێستا گەڕاونەتەوە ناو خێزانەكانیان، بەڵام نەیانتوانیوە وەك منداڵێكی تەندروست بگەڕێنەوە ناو كۆمەڵگا و شوێنەواری ئەشكەنجە و تۆقاندن و دەستدرێژی و ناچاركردنیان بە بەشداری شەڕ و كردەوە تیرۆریستییەكان لەسەر جەستە و دەرونیان ماوەتەوە.
مات وێڵز، جێگری بەڕێوەبەری پرۆگرامی وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە راپۆرتەكەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا دەڵێت: ئەو منداڵانەی كە لە چنگی داعش رزگاریان بووە پێویستیان بە هاوكاری بەپەلەی تەندروستی و دەرونی هەیە و پێویستە بەرپرسانی عێراق و بەرپرسانی رێكخراوە هاریكاری و نێودەوڵەتییەكان خەمی جدی و بەپەلەیان لێبخۆن.
بە وتەی وێڵز چارەسەری ئەو منداڵانە چ لەرووی تەندروستی جەستەیی و چ لەرووی دەرونییەوە ساڵانێك كاتی پێویستە و ئەگەر لە ئەمڕۆوە دەستبكرێت بە چارەسەریان تا چەند ساڵێكی دیكە دەتوانرێت وەك تاكێكی تەندروست بگەڕێندرێنەوە ناو كۆمەڵگا.
كێشەی تەندروستی جەستەیی و دەرونی
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتەكەیدا رای كەسانی پسپۆڕ و چالاكانی مافی مرۆڤ و راهێنەرانی دەرونی و توێژەرانی كۆمەڵایەتی وەرگرتووە و لەبەر رۆشنایی رای ئەوان منداڵەكانی بەسەر دوو گروپدا دابەشكردووە
گروپی یەكەم: ئەو منداڵانەی كە ناچاركراون چەك هەڵبگرن و بەشداری جەنگ و كردەوە تیرۆریستییەكان بكەن.
گروپی دووەم: ئەو منداڵ و كچە هەرزەكارانەی كە دەستدرێژی سێكسییان كراوەتەسەر.
هاوكات راپۆرتەكە بە راشكاوانە ئاماژەی بەوەداوە كە خێزان و كەسوكاری ئەو منداڵانە وەك پێویست ناتوانن چارەسەری تەندروستی و دەرونی منداڵەكان بكەن و هەندێكجاریش خێزانەكانیان لەبری ئەوەی وەك نەخۆشێك هەوڵی چارەسەریان بدەن فشاری زیاتر دەخەنەسەریان و هێندەی تر دەرونیان ئاڵۆز دەكەن.
لێبودنی نێودەوڵەتی دانپێدانانی چەند منداڵ و هەرزەكارێكی لە راپۆرتەكەیدا وەك بەڵگە بڵاوكردووە و یەكێك لە دانپێدانانەكان هی كوڕە هەرزەكارێكی تەمەن 15 ساڵانە و دەڵێت، "من ناچاركراوم بەشداری شەڕ بكەم و هیچ دەرفەتێكم نەبوو، ئەگەر چەكم هەڵنەگرتایە دەكوژرام هەربۆیە لەپێناو مانەوەم لە ژیان بوومەتە چەكداری داعش و ئێستاش ناتوانم ئەو رۆژە تاڵانە لەبیری خۆم بەرمەوە.
هەر لە دانپێدانانەكاندا راپۆرتەكە دانپێدانانی كچە هەرزەكارێكی تەمەن 14 ساڵانی بڵاوكردووەتەوە كە دەستدرێژی سێكسی كراوەتەسەر و دەڵێت "ماوەی 5 ساڵ لای داعش دەستبەرسەربووم، ئەگەرچی زۆر منداڵ بووم بەڵام ناچاركرام شوو بە چەكدارێك بكەم و چەندینجار كڕین و فرۆشتنم پێوەكراوە و دەستدرێژی سێكسی كراوەتەسەرم".
دایكانی منداڵەكان دووجار قوربانین
ژنانی رفێندراوی ئێزدی بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەی لێبودرنی نێودەوڵەتی پێكدەهێنن، بەتایبەت ئەو ژنانەی كە لە بەرئەنجامی كۆیلەكردن و دەستدرێژی سێكی دووگیان بوون و ئێستا دایكی ئەو منداڵانەن، راپۆرتەكە تێیدا هاتووە كە ئەم ژنانە دووجار قوربانین، جارێك كە دەستدرێژییان كراوەتەسەر و جارێكیش كە بوونەتە دایكی منداڵێك كە لەناو خێزان و هۆزەكەیاندا قبوڵكراو نییە و بە ناچاری دەستی لە منداڵەكەی هەڵگرتووە.
یەكێك لەو ژنانە لە راپۆرتەكەدا باسی ژیانی خۆی كردووە و داوا لە خێزانەكەی خۆیی و هۆزەكەی و جیهان دەكات لەوە زیاتر ئەشكەنجەیان نەدەن.
ئەو ژنە كە ئێستا تەمەنی 22 ساڵە دەڵێت من بە خواستی خۆم نەبوومەتە دایك و دەستدرێژیم كراوەتە سەر، بەڵام ئێستا ناتوانم بەبێ منداڵەكەم هەڵبكەم و داوادەكات حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان رۆڵیان هەبێت لەوەی ئەو منداڵانە بەهۆی دابونەریتەوە لە باوەشی دایكیان دوورنەخرێنەوە.