ڕاپۆرتی کوردستانی

05:01 - 26/07/2020

مه‌ترسییه‌كانى به‌رده‌م یه‌ده‌گى نه‌وت و غازى سروشتى هه‌رێمى كوردستان له‌ سۆنگه‌ى بازاڕى ئابورى جیهانیه‌وه‌‌

بەهرۆز جەعفەر

تا ئێستاش له‌زۆرنه‌ی وڵاتانی دونیادا نه‌وت وه‌ك تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی وزه‌ سوودی لێوه‌رده‌گیرێت، بۆ دابینكردنی بودجه‌ی ساڵانه‌یان پشتی پێده‌به‌سترێت، به‌ڵام به‌ تێپه‌ربوونی كات ده‌ركه‌وت هه‌رچه‌نده‌ له‌كاتی خۆیدا نه‌وت سوودی زۆره‌، به‌ڵام كێشه‌كانیشی كه‌م نین، ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ به‌هۆی تاك سه‌رچاوه‌ییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و ته‌نها پشت به‌ نه‌وت ده‌به‌ستن ئابورییه‌كه‌یان تووشی سه‌كته‌و جه‌ڵته‌ ده‌بێته‌وه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌ناو ئه‌وانیشدا هه‌رێمی كوردستانه‌..

 

 له‌ماوه‌ى ساڵانى (2013 بۆ 2020)  ئابورى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان ڕووبه‌ڕووى سێ سه‌كته‌ بووه‌ته‌وه‌:

 یه‌كه‌م، دابه‌زینى نرخى نه‌وت.
دووه‌م، به‌هه‌ده‌رچونى داهات له‌ بۆڕى نه‌وتى كه‌ركوك- جه‌یهانى توركى به‌هۆى داخستنى كاتى و شه‌ڕى داعش و بارودۆخى سیاسى  له‌دواى (16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017) ه‌وه‌.
سێهه‌میان، گرفتى مه‌ترسیدار ڕووبه‌ڕووى یه‌ده‌گى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ك و كۆمپانیاكانى كاركردن له‌لایه‌كى تر بۆته‌وه‌.
بۆ زانینى زانستیانه‌ى ئه‌وه‌ى دۆخى ووزه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌كوێى بازاڕى ئابوریی جیهانه‌وه‌ ڕێ ئه‌كات، پێویسته‌ دڵنیابین له‌ یه‌ده‌گى ڕاسته‌قینه‌ى نه‌وت و غازى سروشتى هه‌رێمى كوردستان، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌بێت له‌ڕێگه‌ى كێڵگه‌  نه‌وتیه‌كانى هه‌رێمه‌وه‌ له‌ توانا هایدۆركاربۆنیه‌كان ئاگاداربین. هه‌روه‌ها گرنگه‌ سۆراخى ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ نه‌وت له‌ كوێوه‌ هه‌رێمى كوردستانى تووشى كورتهێنانى گه‌وره‌ كردووه‌ له‌ بودجه‌دا (huge budget deficits).

یه‌ك: یه‌ده‌گ و سه‌رچاوه‌ى نه‌وت و غاز له‌ هه‌رێمى كوردستان.
پێش هه‌موو شتێك تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵیه‌ك هه‌موو جارێك دروست ئه‌بێت له‌ زانینى ڕاسته‌قینه‌ى ئه‌و یه‌ده‌گه‌ى باس ئه‌كرێت، هۆكاره‌كه‌ى لێك جیا نه‌ كردنه‌وه‌ى (سه‌رچاوه‌- Resource) یه‌ له‌  (یه‌ده‌گ – Reserve)، مه‌به‌ست له‌ "سه‌رچاوه‌" كانى نه‌وت و غاز یان خه‌ڵوز بریتى یه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و مادده‌  سه‌ره‌تایی و كانزایانه‌ى كه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌و نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌ (سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌تایی زانراو و نه‌زانراوه‌ له‌ ژێر زه‌وى)  كه‌ ئه‌شێت له‌ ڕووى ئابورییه‌وه‌ به‌كاربخرێت یان نا، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ "یه‌ده‌گ"  سه‌رچاوه‌ى زانراوى  ووزه‌یه‌ له‌ هه‌ر كێڵگه‌یه‌كدا دواى ئه‌وه‌ى به‌ فلته‌رى ڕێككاره‌ ئه‌ندازه‌یی و جیۆلۆجیه‌كاندا تێپه‌ڕیوه‌. جا بۆ ئه‌وه‌ى  "سه‌رچاوه‌" ببێته‌ "یه‌ده‌گ" چوار فاكته‌رى سه‌ره‌كى هه‌میشه‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ دیارى ئه‌كات، ئه‌وانیش لایه‌نى ته‌كنیكى، جیۆلۆجى، ئه‌منى، وه‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ى نرخ  (تقلب الاسعار- Price Volatility ) ه. 

 لایه‌نى ته‌كنیكى بۆ نمونه‌، عێراق ووڵاتێكه‌ له‌ ڕووى نه‌وته‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌ڕووى ته‌كنیكیه‌وه‌ پشت به‌ كۆمپانیا ئێرانیه‌كان یاخود ئه‌مریكی و بیانییه‌كان ئه‌به‌ستێت، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ زۆرجار ملكه‌چیان بێت. لایه‌نى جیۆلۆجى بۆ نمونه‌ هه‌ندێكجار نه‌وتى خاوى قورس  -Heavy Crude Oil  چڕییه‌كه‌ى به‌پێى ستانداردى (API) نییه‌ كه‌ ئینستیوتى پیترۆلیۆمى ئه‌مریكى به‌ (20) پله‌ داى ناوه‌ (نابێت كه‌متر بێت) به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ئه‌م كێڵگه‌یه‌ تووشى  داخوران یاخود ئاوى تێكه‌ڵ بێت، یان ووشك بێت، بۆ نمونه‌: كێڵگه‌ى كێوه‌ چرمه‌له‌  -Kewa Chirmila   وشك بوه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌پێی ڕووماڵى ساڵانه‌ى نه‌وت و غاز له‌ ئینستیوتى مێدیتریانه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ى هه‌رێمایه‌تى-  MIRS له‌و ته‌وه‌ره‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌كێڵگه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، ده‌رئه‌كه‌وێت كه‌ له‌ ( بلۆكى تازه‌) ه‌دا كۆمپانیاى Oil Search Ltd نه‌یانتوانیوه‌ نه‌وت به‌ده‌ستبهێنن و بڕى (393.3) ملیۆن دۆلار زیانیش به‌ر كۆمپانیاى ناوبراو كه‌وتوه‌، له‌ (كێڵگه‌ى به‌رده‌ ڕه‌ش) به‌هه‌مان شێوه‌ یه‌ده‌گه‌كه‌ زۆر كه‌مبویه‌وه‌.  كێڵگه‌ى نه‌وتى ته‌ق ته‌ق  یه‌كێكى تره‌ له‌و كێڵگانه‌ى  كه‌ نزیك بۆته‌وه‌ له‌ هه‌ره‌سهێنان، له‌ (683) ملیۆن به‌رمیلى ساڵى (2011) ه‌دا كه‌ به‌رهه‌مى هێناوه‌ گه‌یشتۆته‌ (356) ملیۆن به‌رمیل له‌ساڵى  (2015) ه‌دا، هه‌روه‌ها له‌سه‌ره‌تاى (2020) ه‌دا ڕۆژانه‌ كه‌متر له‌ (14000) چوارده‌هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى به‌رهه‌مهێناوه‌، له‌كاتێكدا پێشوو تر (140000) سه‌ت و چل هه‌زار به‌رمیل به‌رهه‌مى هه‌بوه‌ له‌ ڕۆژێكدا.

فاكته‌رى ئه‌منى، گه‌وره‌ترین هه‌ره‌شه‌ى به‌رده‌م كه‌رتى غازو نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌ (2020) دا له‌ده‌ستدانى چه‌ند كێڵگه‌یه‌كه‌ كه‌ ئه‌كه‌ونه‌ ناو جوگرافیاى ناوچه‌ دابڕاوه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش حكومه‌تى عێراقى به‌ زه‌برى هێز له‌ چوارچێوه‌ى باسوخواستى كۆنترۆڵكردنى مه‌زره‌ سنورییه‌كانى هه‌رێم دا ئه‌نجامى بدات.

فاكته‌رى ئه‌منى، ڕۆڵى گرنگ ئه‌گێرێت له‌ دیاریكردنى یه‌ده‌گى نه‌وت و غازدا، بۆ نمونه‌ "مینا" كانى جیهان هه‌میشه‌ جێگه‌ى مشتومڕو ناكۆكییه‌ هه‌رێمایه‌تى و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانن، كۆنترۆڵكردنیان هۆكارى جه‌نگه‌كان بووه‌، " میناى عه‌قه‌به‌ له‌ ئوردون وه‌ك تاكه‌ ده‌روازه‌ى ئاوى"، میناى "سیفاستوبول له‌ دورگه‌ى قرم" كه‌ ڕووسیا هه‌یمه‌نه‌ى هه‌یه‌ به‌سه‌ریدا، "میناى حه‌یفا له‌ ئیسرائیل"، له‌ سوریا "ته‌رتوس"، له‌ قوبرس تازه‌ ده‌ست به‌ دۆزینه‌وه‌و ده‌رهێنانى غاز كراوه‌ له‌ لیماسول و لارناكا، له‌ توركیا "جه‌یهان".. له‌ هه‌رێمى كوردستان دوو كێڵگه‌ى هه‌ره‌ سه‌ره‌كى نه‌وت و غاز به‌رده‌وام له‌ ژێر مه‌ترسیدان كه‌ كێڵگه‌كانى "كۆرو مۆر-Kor Mor" و  "خورمه‌ڵه‌- Khurmala" یه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ڕووى جوگرافییه‌وه‌ ئه‌كه‌ونه‌ ناوچه‌ ته‌ماسییه‌كانى نێوان حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى مه‌ركه‌زیی له‌لایه‌ك، ئێران و توركیاش له‌لایه‌كى تر، ئه‌مه‌ش وا ئه‌كات له‌ ناكاو یه‌ده‌گێكى زۆر له‌ده‌ست ده‌ربچێت، هه‌روه‌ها لایه‌نێكى ترى مه‌ترسى ئه‌منى بریتى یه‌ له‌ ترانزێتى بۆڕییه‌كان كه‌ به‌خاكى توركیادا تێپه‌ڕ ئه‌بێت (ئه‌مه‌ ئه‌چێته‌ خانه‌ى جیۆپۆڵه‌تیكى ووزه‌وه‌ كه‌ ئاكامه‌كه‌ى له‌دوو ئه‌گه‌ر تێپه‌ڕ ناكا: یان هاریكاری هه‌رێمایه‌تى یاخود ناكۆكى)، جارى وا هه‌یه‌ له‌ناوخۆدا هه‌ندێ جار هێڵه‌كانى بۆڕیی  تووشى مه‌ترسى جۆراوجۆر ئه‌بنه‌وه‌...

كۆتا فاكته‌ر (تقلب الأسعار) كه‌ مه‌ترسى و نادڵنیاییه‌ له‌وه‌ى (نرخ) ى كاركردنى كۆمپانیاكانى كار له‌ بوارى ئاماژه‌ پێدراودا وا ده‌رنه‌چێت، مه‌سه‌له‌ن كۆمپانیایه‌ك له‌ قۆناغى یه‌كه‌مدا له‌ چوارچێوه‌یه‌كى به‌رفراوان دا ده‌ست ئه‌كات به‌: گه‌ڕان و پشكنین و پاشان كه‌ ئه‌گاته‌ (ده‌رهێنان) نرخى نه‌وت دائه‌به‌زێت، ئیتر كێڵگه‌كه‌ به‌جێ ئه‌هێڵێت یان هه‌ر ڕێككارێكى تر به‌ پێى جۆرى گرێبه‌سته‌كان، كه‌ لێره‌دا گرێبه‌سته‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم  به‌گشتى  گرێبه‌سته‌ له‌سه‌ر شێوازى (به‌شدارى وه‌به‌رهێنان - Producing Sharing Contract) كه‌ تێیدا به‌رپرسیارێتى یاسایی و دارایی و ژینگه‌یی ئه‌كه‌وێته‌ سه‌ر حكومه‌تى خانه‌ خوێ (هه‌رێمى كوردستان).

دووه‌م: یه‌ده‌گى ڕاسته‌قینه‌ى هه‌رێمى كوردستان
له‌ به‌ر ڕۆشنایی پێدراوه‌كانى سه‌ره‌وه‌دا، ده‌رئه‌كه‌وێت گومان و مه‌ترسی له‌سه‌ر یه‌ده‌گى ڕاسته‌قینه‌ى نه‌وت و غازى سروشتى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌.

 سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش سێ سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كى و فه‌رمى هه‌یه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان داتایه‌كى جیاواز له‌سه‌ر یه‌ده‌گى هه‌رێمى كوردستان ئه‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌، ئه‌وانیش وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم و، ئاژانسى ووزه‌ى جیهانى (IEA) ، وه‌ ده‌ستگاى ڕووپێوى جیۆلۆجى ئه‌مریكی (USGS) ه‌ كه‌ یه‌ده‌گى نه‌وت به‌ (41) ملیار به‌رمیل و غازیش به‌ (54) تریلیۆن پێ سێجا مه‌زه‌نده‌ ئه‌كات.  سه‌رچاوه‌ى دیكه‌ش هه‌ن هه‌ندێكیان له‌گه‌ڵ عێراق دا باسى ئه‌كات، هه‌ندێكیشیان به‌ "ناوچه‌و زنجیره‌كانى زاگرۆس" ناوى كوردستان دێنێت، كه‌ زیاتر له‌ (65%) ى زاگرۆس ئه‌كه‌وێته‌ دیوى ئێران (ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان) ه وه.

كاتێك ساڵى (2006) وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان (MNR) دامه‌زرا، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌وه‌ى كۆى یه‌ده‌گى نه‌وت له‌ ناوچه‌كانى ژێر ده‌سته‌ڵاتى هه‌رێم (45) ملیار به‌رمیل نه‌وته‌ ده‌ستى به‌كاره‌كانى كرد، له‌ ساڵى (2011) ئه‌م یه‌ده‌گه‌ زیادیكردو، وه‌زاره‌ت به‌ (70) ملیار به‌رمیل مه‌زه‌نده‌یان كردووه‌، له‌ كۆنفڕانسى یه‌كه‌مى ووزه‌ى عێراق له‌ شارى سوله‌یمانى كه‌ ئینستیوتى مێدیتریانه‌ ڕێكى خستبو له‌ (11ى ئۆكتۆبه‌رى 2017) دكتۆر بێوار خه‌نه‌سى ڕاوێژكارى پێشوى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێم بۆ ووزه‌ به‌ (60) ملیار به‌رمیل یه‌ده‌گ نه‌وتى هه‌رێمى كوردستانى لێكدایه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌كاته‌ (4.5%) قه‌باره‌ى یه‌ده‌گى جیهان، كه‌ هه‌موو جیهان یه‌ده‌گه‌كه‌ى (1138) ملیار به‌رمیله‌،  ژماره‌ى دانیشتوانى هه‌رێم  (5ملیۆن و 755 هه‌زارو 43 كه‌سه‌) به‌م پێوانه‌یه‌ هه‌ر هاونیشتیمانیه‌ك خاوه‌نى (8800 بۆ 12000) هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌ له‌ هه‌رێم.

 هه‌روه‌ها له‌ تێڕوانینى حكومه‌تى هه‌رێمدا كۆى یه‌ده‌گى غازى سروشتى به‌ (200) تریلیۆن پێ سێجا (له‌ نێوان 3.5 – 6 تریلیۆن مه‌تر سێجا) دایه‌، به‌دیاریكراوى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كان به‌ (5.7) تریلیۆن مه‌تر سێجا باسى ئه‌كات، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كۆى یه‌ده‌گى غازى هه‌موو جیهان (186 تریلیۆن م3) یه‌، كه‌واته‌ هه‌رێمى كوردستان (3%) قه‌باره‌ى غازى جیهان پێك ئه‌هێنێت، كه‌ له‌ (57) بلۆكدا هه‌رێم مامه‌ڵه‌ى جۆراوجۆرى له‌سه‌رئه‌كات، ئێ به‌ڵام ئه‌م بڕه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستى گه‌وره‌ترین  كێڵگه‌كان  وه‌ریبگرین، كێڵگه‌ى كۆرمۆر (70%) ى بۆ پێداویستى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له‌ناوخۆدا به‌كار ئه‌هێنرێت، تێبینى ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ وه‌زاره‌تى كاره‌با و سامانه‌ سروشتیه‌كان له‌ یه‌ك به‌روار و ساڵدا دامه‌زراون، له‌ هه‌رێمى كوردستان ڕێژه‌ى به‌كاربردنى كاره‌با نا سروشتى زیادیكردووه‌، خاوه‌نى گه‌وره‌ترین پێشانگه‌ بۆ فرۆشتنى مۆلیدات و ووزه‌ى كاره‌بایی "ئه‌رده‌وان موحسن مموندى" بۆ تۆڕى ڕووداو ئه‌ڵێت: ساڵانه‌ (500000) پێنج سه‌ت هه‌زار مۆلیده‌ دێته‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌.

 

ڕاوێژكارى وه‌زاره‌تى كاره‌با له‌ هه‌رێم "حه‌مه‌ ئه‌مین هه‌ورامى" ده‌ریخستووه‌  هه‌رێمى كوردستان ڕۆژانه‌ (11000000) یانزه‌ ملیۆن لیتر سوته‌مه‌نی پێویسته‌ بۆ وێستگه‌كانى كاره‌با كه‌ ئه‌مه‌ تێچووه‌كه‌ى زۆره‌، ئه‌شڵێت هه‌وڵدراوه‌ كه‌ غازى سروشتى به‌كار ببه‌ین و بتوانرێت  ڕۆژانه‌ (2600) مێگاوات كاره‌با به‌ (420) ملیۆن پێ سێجا غاز به‌رهه‌م بهێنین، ئه‌مه‌ش بۆ هه‌رێمێك به‌ پێى ژماره‌ى دانیشتوان كه‌م بێت و، ژماره‌ى كارخانه‌ گه‌وره‌كانى پیشه‌سازیشى سفر بێت. بێگومان پێویستى به‌ پێداچونه‌وه‌یه‌.

سێهه‌م: مه‌ترسی سكاڵاكان له‌سه‌ر كه‌رتى ووزه‌ى هه‌رێمى كوردستان
هه‌رێمى كوردستان، سێ سكاڵاى گه‌وره‌ى له‌سه‌ره‌، یه‌كه‌میان سكاڵاى دادگاى فیدراڵى عێراقه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ى هه‌رێم چۆن سه‌ربه‌خۆیانه‌ نه‌وته‌كه‌ى ئه‌فرۆشێت. دووه‌میان سكاڵاى كۆمپانیاى دایناسیتى پیترۆلیۆمه‌ له‌سه‌ر خودى "ئاشتى هه‌ورامى" وه‌زیرى پێشوى سامانه‌ سروشتیه‌كانى هه‌رێم، كۆمپانیاكه‌ له‌ دادگاى شاهانه‌ى له‌نده‌ن سكاڵاكه‌ى تۆماركردوه‌و، داواى (1.5) ملیارونیوێك دۆلار له‌حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌كات (به‌ پێى ڕاپۆرتێكى ئۆیه‌ڵ پرایس)، ده‌قى ووته‌ى سكاڵاكار له‌ دادگا (له‌ به‌رده‌ستى ئێمه‌یه‌-توێژه‌ر) ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆمپانیاى ناوبراو دوو هاوبه‌شى كوردیی هه‌بوه‌، له‌كاتى به‌كارهێنانى ده‌سته‌ڵاتى وه‌زیر (كۆنترۆڵ) داواى پاره‌ى ناشه‌رعى لێكردون به‌ ڕێژه‌ى (20% بۆ 30%).

سكاڵاى سێهه‌م، كه‌ ڕاسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ توانا هایدرۆكاربۆناته‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ دادگاى پاریس كراوه‌، دادگاى نێوبژیوانى نێوده‌وڵه‌تى بۆ كاروباره‌ بازرگانیه‌كان له‌ پاریس یاخود (ژوورى بازرگانى پاریس) وه‌كو ڕێكخراوێكه‌ جیهانى وایه‌ بۆ نێوبژیوانى (التحكیم-Arbitration) له‌و ناكۆكییه‌ بزنسییانه‌ى دروست ئه‌بن.  له‌م چه‌مبه‌ره‌دا كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ عێراق و توركیاش تیایدا ئه‌ندامن، سكاڵاكه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ كراوه‌ كه‌ توركیا گرێبه‌ست یان دێڵێكى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراقدا هه‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ى هێڵى بۆڕى كه‌ركوك- جه‌یهان بۆ فرۆشتنى نه‌وتى عێراق له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ (ئه‌م هێڵه‌ ساڵى 1977 بونیادنراوه‌ به‌ ئاى تى پى ITP ناسراوه‌). به‌ڵام توركیا ئه‌مه‌ى پێشێلكردووه‌؟. به‌وه‌ى سه‌روه‌رى عێراقى پێشێلكردووه‌و، بێ گوێدانه‌ به‌غداد مامه‌ڵه‌یه‌كى ترى هاوشێوه‌ى له‌ناو هه‌مان وڵاتدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان دا ده‌ستپێكردووه‌و، هێڵى بۆڕى كوردستان-توركیا ى كردۆته‌وه‌. بۆیه‌ له‌ساڵى (2014) وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق له‌ پاریس سكاڵا له‌سه‌ر حكومه‌تى توركیا تۆمارئه‌كات.

ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ له‌كاتێكدا ڕوویدا، كه‌ توركیا له‌دواى جه‌نگى كه‌نداوه‌وه‌ (1990) ه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى له‌گه‌ڵ عێراقدا بچرابو، له‌دواى ڕووخانى سه‌ددام (2003) ه‌وه‌  په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق باش نه‌بو، سه‌ره‌تا نورى مالیكى بو به‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌و (8) ساڵه‌ هیچ ئۆفه‌رێكى به‌ توركیا نه‌دا به‌هۆى نزیكى ناوبراو له‌ ئێرانه‌وه‌. دواتریش حه‌یده‌ر عه‌بادى هه‌مان ئه‌زمونى مالیكى له‌گه‌ڵ توركیا دووباره‌كرده‌وه‌. بۆیه‌ به‌پێچه‌وانه‌ى به‌غداوه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى حكومه‌تى  هه‌رێم  له‌ ساڵى (2007 بۆ 2017) به‌هێزترین ئه‌ڵقه‌ى په‌یوه‌ندى بوه‌ له‌گه‌ڵ توركیا.

له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌، به‌هۆى سه‌ركه‌وتنه‌كانى پێشمه‌رگه‌و، لاوازبونى سوپاى عێراق له‌به‌رانبه‌ر داعش، عێراق كۆنترۆڵى ئاسایش و سه‌ربازیی له‌ده‌ستدا. هه‌رێمى كوردستان مرخى له‌وه‌ خۆشكرد كه‌ نه‌وتى كه‌ركوك به‌ هێڵى بۆڕى كوردستاندا بفرۆشێت (واشى كرد). بۆیه‌ له‌ ساڵى (2014) ه‌دا بێ گوێدانه‌ حكومه‌تى عێراق حكومه‌تى هه‌رێم نه‌وتى هه‌ردوو كێلًگه‌ى ته‌ق ته‌ق و تاوكێ ى ڕوانه‌كردو دواتریش كێڵگه‌ى شێخان. عێراقیش هه‌مان ساڵ سكاڵاكه‌ى تۆماركرد. دواتر كه‌ له‌دواى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017 ه‌وه‌ حكومه‌تى عێراق به‌ زه‌برى هێز كۆنترۆڵى كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى كه‌ركوك و موسڵى كرده‌وه‌، حكومه‌تى هه‌رێم (40%) ى ئاستى هه‌نارده‌كردنى نه‌وته‌كه‌ى كه‌مى كرد. پاشان هه‌رێم ناچاربو بگه‌رێته‌وه‌ بۆ به‌غدا بۆ دانوستان. جارێكى تر سكاڵاكه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه‌یسه‌كه‌ى دادگاى پاریس (ICA) لایه‌نى سه‌ره‌كى تیا عێراق و توركیایه‌، به‌ڵام لێكه‌وته‌كه‌ى ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستانه‌.

 

وا چاوه‌ڕوان ئه‌كرێت عێراق داواكه‌ بباته‌وه‌، بۆیه‌ توركیا له‌ (2020) ڕێگره‌ له‌وه‌ى هه‌رێم و به‌غدا بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسى نه‌وت. ئه‌گه‌ر عێراق داواكه‌ بباته‌وه‌ ئه‌و كاته‌ توركیا ناچار به‌ مه‌رجه‌كانى عێراق ئه‌بێت، واته‌ هێڵى ووزه‌ى  كوردستان – جه‌یهانى توركى نامێنێت. ئه‌وكات ئه‌بێت هه‌رێم بچێته‌وه‌ به‌غداو به‌غدادیش چۆنى بوێ ئاوا مامه‌ڵه‌ به‌ فرۆشتن و ده‌رهێنانى نه‌وتى كوردستانه‌وه‌ ئه‌كات. خۆ ئه‌گه‌ر توركیاش داواكه‌ بباته‌وه‌ ئه‌وا هه‌رێم زیانى گه‌وره‌ ئه‌كات و ده‌یان هێنده‌ ده‌ستوه‌ردانى توركیا له‌ هه‌ریًم زیاتر ئه‌كات.

  تیۆریزه‌كردنى  ووزه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان
 نه‌وت و غاز بابه‌تێكه‌، زیاتر ئه‌چێته‌ ناو چوارچێوه‌ى زانستێكى نوێوه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پێى ئه‌وترێ (په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان- International Political Economy) ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ئاماژه‌ بێت بۆ تاتوێ كردنى جۆرو ڕێبازى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌نێوان "فاعل-ئه‌كته‌ر" ه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا، ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بریتى یه‌ له‌ په‌یوه‌ندى نێوان حكومه‌تى ده‌وڵه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ بازاڕى جیهانى دا. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئایا په‌یوه‌ندى دروستكه‌رانى بڕیار له‌هه‌رێمى كوردستان یاخود سێكته‌رى نه‌وت و غازى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ بازاڕى جیهانى دا چییه‌ و چۆنه‌؟.
تا هه‌نوكه‌ یه‌كێك له‌ به‌هێزترین تیۆرییه‌كان له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا (ریالیسته‌كانن- الواقعیون-Realists)، ئه‌مانه‌ لایانوایه‌ سروشتى به‌شه‌ریه‌ت به‌دو خراپه‌، به‌هێزترین ئه‌كته‌رێك هه‌بێت كه‌ له‌ سیسته‌مى نێوده‌وڵه‌تى دا ڕۆڵ بگێرێت "ده‌وڵه‌ت" ه‌، په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌كانیش له‌نێوان ده‌وڵه‌ت یان یه‌كه‌كاندا له‌سه‌ر بنه‌ماى هاریكارى نییه‌ به‌ڵكو بریتى یه‌ له‌ "كێبركێ كردن" له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانى هێزى زیاتردا، بۆیه‌ ئه‌بێت په‌یوه‌ندییه‌كى ڕاسته‌وخۆ له‌نێوان هێزى سیاسى و سامانى ئابوری دا هه‌بێت، یه‌كێك له‌ پێشه‌نگه‌كانى ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ "فریدریچ لیست  “Friedrich List ه‌ ساڵى (1841) له‌ ئه‌ڵمانیا كتێبى   (The National System of Political Economy) نووسى، باس له‌ سیسته‌مێكى نیشتیمانى ئه‌كات له‌ ئابوریی سیاسی دا، له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى چۆن نه‌ته‌وه‌- نیشتیمانێك ئه‌توانێت ئاستى سامان و هێزى خۆى به‌رزبكاته‌وه‌؟.، بانگه‌شه‌ى ئابورییه‌كى كۆزمۆپۆلیتى ئه‌كات (كۆزمۆپۆله‌تیك یانى ئایدۆلۆجیایه‌كه‌ كه‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تى به‌ ڕابردوو، به‌ ئاینده‌كه‌یه‌وه‌، به‌ هه‌ر نه‌ته‌وایه‌تى و ناسنامه‌یه‌كى جیاوازه‌وه‌ ئینتیمایان بۆ یه‌ك كۆمه‌ڵگه‌و یه‌ك بازنه‌ هه‌بێت، به‌مانایه‌كى تر هه‌موو ئه‌خلاقیاتێك له‌یه‌ك سه‌رچاوه‌وه‌ بێت، به‌ كورتیه‌كه‌ى سه‌رمایه‌دارى به‌هاى هاوبه‌شه‌ ئابوری ئه‌بێت له‌ناوخۆدا گرێ نه‌درێ  به‌ باج ه‌وه‌و قازانجى ئابورى بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ى به‌شه‌رییه‌). له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ئه‌ڵمانیا زیندانى كردو ناچاریان كرد واز له‌ ناسنامه‌كه‌ى بهێنێت.
لێره‌دا، هه‌رێمى كوردستان، پێگه‌یه‌ك نییه‌ بۆ پیشه‌سازى و، هه‌موو كه‌ره‌سته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى له‌ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ئه‌كات، هه‌موو كرێیه‌كى وه‌به‌رهێنان خۆى ئه‌یدات، نه‌یتوانیوه‌ سێكته‌رى ووزه‌ و پیشه‌سازى نه‌وت و غاز له‌ چوارچێوه‌ى سیسته‌مێكى نیشتیمانى دا به‌رجه‌سته‌بكات.

سه‌رئه‌نجام:
یه‌ده‌گى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌ (45) ملیار به‌رمیل نه‌وت تێپه‌ڕ ناكات و، ئه‌و بڕه‌ش له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدایه‌، ئه‌كرێت بوترێت "ئابورى" له‌هه‌رێمى كوردستان نییه‌، چونكه‌ سیسته‌مێكى دارایی نییه‌ و، ده‌ستگایه‌كى نیشتیمانى سێكته‌رى نه‌وت و غازى سروشتى ئاڕاسته‌ ناكات. له‌م بابه‌ته‌دا ئه‌وه‌ى گرنگه‌ هه‌نارده‌كردنى ئه‌و یه‌ده‌گه‌یه‌، ئه‌وه‌ش بێ شك ئه‌مڕۆ یان سبه‌ى له‌ ڕێگه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ده‌ریاى سپی یه‌وه‌ ئه‌بێت (كه‌ پێویسته‌ كورد چاوى له‌م وه‌رچه‌رخانه‌ جیۆپۆڵه‌تیكیه‌ بێت له‌ بوارى ووزه‌دا). 

هه‌روه‌ها ده‌رئه‌كه‌وێت هه‌تاوه‌كو پیشه‌سازیی ووزه‌ى هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌وێت قه‌یرانى دارایی و ئابوریی هه‌رێمه‌كه‌ گه‌وره‌ترو كه‌ڵه‌گه‌تر ئه‌بێت!. ئه‌مه‌ش داوامان لێ ئه‌كات كه‌ سێكته‌رى نه‌وت و غازى سروشتى و كانزاكانى تر به‌ ته‌واوه‌تى له‌ هه‌ر شه‌ش قۆناغه‌كه‌دا پیاچونه‌وه‌ى پێدا بكه‌ین: گرێبه‌سته‌كان، گه‌ڕان و پشكنین، ده‌رهێنان، پاڵاوتن، هه‌نارده‌كردن، بازاریكردن، لۆبى بۆ كردن له‌ ده‌ره‌وه‌.

لێره‌دا به‌ پێویستى ئه‌زانم سه‌رنجتان ڕابكێشین بۆ ڕووماڵى ئینستیوتى مێدیتریانه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ى هه‌رێمایه‌تى www.mirs.co  كه‌ به‌ هه‌ر سێ زمانى ئینگلیزى، عه‌ره‌بى، كوردى، ته‌وه‌قوعاتى ساڵانه‌ى نه‌وت و غازى جیهان و كوردستان بڵاوئه‌كاته‌وه‌، تیایدا نادڵنیایی، ئاڕاسته‌كان، ئاڵنگارییه‌كانى كه‌رتى ووزه‌ى هه‌رێم ڕوون كراوه‌ته‌وه‌. به‌م نزیكانه‌ بڵاوئه‌بێته‌وه‌.

- سه‌رۆكى ئینستیوتى مێدیتریانه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ى هه‌رێمایه‌تى-MIRS، خوێندكارى دكتۆرا له‌په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان.