ڕاپۆرتی کوردستانی

07:36 - 21/07/2020

سلێمانى خه‌ریكه‌ له‌ قۆناغێکی دیكه‌ى مه‌ترسیدار ده‌په‌ڕێته‌وه‌‌

پەیسەر

سلێمانى خه‌ریكه‌ قۆناغێكى دیكه‌ى مه‌ترسیدار تێده‌په‌ڕێنێت، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌ قوربانى و ماندوبوونى زۆره‌وه‌ شه‌پۆلى دووه‌مى ڤایرۆسى كۆرۆنا خاوبووه‌ته‌وه‌، خه‌ڵك و پزیشكانیش دڵخۆشن له‌ دۆخى نوێى خاوبوونه‌وه‌ى به‌ڵاكه‌، به‌ڵام پزیشكان دوودڵى خۆیان ناشارنه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكى ده‌ست له‌ خۆپارێزیى شل بكه‌نه‌وه‌، شه‌پۆلێكى دیكه‌ى مه‌ترسیدارى ڤایرۆسه‌كه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌. 

سلێمانى له‌ هێرشى دووه‌مى كۆرۆنادا، له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا بووه‌ قوربانى یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستى پارێزگاكانى عێراق، دواى چه‌ند مانگێكى پڕ له‌ دوودڵیى و نیگه‌رانى، ئێستا له‌ چوار نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به‌ كۆرۆنا له‌ سلێمانى ١٧٠ نه‌خۆشى كۆرۆنا ماون، ژماره‌ى توشبوونى رۆژانه‌ بۆ نیوه‌ یاخود سێیه‌كى ژماره‌ى پێشوو دابه‌زیوه‌، ته‌ندروستى سلێمانى هێشتا سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى، ته‌نها ئه‌وانه‌  له‌ نه‌خۆشخانه‌كان گل بده‌نه‌وه ‌كه‌ دۆخى ته‌ندروستییان ناجێگیره‌.

دكتۆر هێرش سه‌ید سه‌لیم، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى سلێمانى به‌ خاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌كه‌ و داكشانى ژماره‌كان دڵخۆشه‌، به‌ڵام نایشارێته‌وه‌ دوودڵه‌ له‌وه‌ى ئه‌گه‌ر خه‌ڵك له‌ خۆپارێزى پاشه‌كشه‌ بكه‌ن، ئه‌وان هێرشى سێیه‌مى كۆرۆنا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ رووده‌دات و دۆخه‌كه‌ هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه،‌"ئه‌م خاوبوونه‌وه‌یه‌ ده‌بێته‌ بنه‌ما بۆ ئه‌وه‌ى خۆمان توند بكه‌ینه‌وه،‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ جارێكى دیكه‌ توشبووین بتوانین خۆمان كۆنتڕۆڵى بكه‌ین".
 
هێرش سه‌ید سه‌لیم بۆ په‌یسه‌ر پرێس باسیله‌وه‌كرد، ژماره‌كان داكشاون، ڤایرۆسه‌كه‌ خاوبووه‌ته‌وه‌، نه‌خۆشه‌كان مه‌ترسى زۆریان له‌سه‌ر نییه‌، له‌ چاو دوو هه‌فته‌ى پێشوو "زۆر باشترن"، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا زۆر جه‌خت له‌وه ‌ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هه‌رگیز نابێت به‌و چاوه‌، ته‌ماشاى دۆخه‌كه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌مه‌ كۆتاییه‌ و شار به‌ره‌و خاڵى بوونه‌وه‌ له‌ كۆرۆنا ده‌ڕوات.

روونیكرده‌وه‌:"له‌ هیچ وڵاتێك خاوبوونه‌وه‌ى هه‌میشه‌یى نییه‌، ئه‌وه‌ نییه‌ كۆتایى به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ بێت، ڤایرۆسه‌كه‌ خاو ده‌بێته‌وه‌و ژماره‌كان كه‌م ده‌بنه‌وه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ شار خاڵى بێته‌وه‌ له‌ ڤایرۆسه‌كه،‌ تاك و ته‌را هه‌ر ده‌بێت، بۆى هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر خۆپارێزى په‌یڕه‌و نه‌كرێت دواى ماوه‌یه‌ك ڤایرۆسه‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه، نه‌ سه‌ركه‌وتن هه‌یه‌، نه‌ خاوبوونه‌وه‌ى ته‌واو هه‌یه‌ له‌ كۆرۆنادا، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ خاو بوونه‌وه‌یه‌، ئه‌گینا ئه‌م ڤایرۆسە بوونى ده‌مێنێت". 

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه‌ ئایا هه‌موو ڤایرۆسێك پاش ماوه‌یه‌ك ئه‌و سوڕه‌ چالاكه‌ى خۆى نامێنێت، بۆ كۆرۆناش ئه‌مه‌ به‌م شێوه‌یه‌؟ جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى سلێمانى ده‌ڵێت:"هه‌موو ڤایرۆسێك به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ سوڕى به‌هێزى خۆى ته‌واو ده‌كات و به‌هه‌مان گوڕى سه‌ره‌تا نامێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ شێوى خۆى بگۆڕێت و به‌ گوڕێكى به‌هێزتر بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌م ڤایرۆسه‌ تواناى گۆڕانكارى له‌ خۆیدا زۆره‌". 

ته‌ندروستى سلێمانى له‌ سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى مه‌ترسى كۆرۆناوه،‌ چه‌ند رێگه‌یه‌كى كار پێكردووه‌ بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشه‌كان، له‌وانه‌ش چاره‌سه‌رى ده‌رمانیى، به‌كارهێنانى پلازماى خوێن و دوایین رێگاش به‌كارهێنانى ده‌رزیى(IV IG) واته‌ ده‌رزى پێدانى مینۆ گڵۆبین، بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى به‌رگرى جه‌سته‌ى چه‌ند نه‌خۆشێك، ئه‌م رێگه‌ى دواییى له‌سه‌ر ئاستى دونیا بۆ ٧٥ نه‌خۆش به‌كارهاتووه‌، پێنجیان له‌ سلێمانى بوون، سێ یان سوودیان له‌و شێوازه‌ نوێیه‌ بینیوه‌. 

تا ئێستا ده‌رمانه‌ روسییه‌كه‌ له‌ سلێمانى به‌كارنه‌هاتووه‌، تەندروستی سلێمانی نوسراوى داواكارى كڕینى كردووه‌و ده‌یه‌وێت تا به‌غدا كاروانێك له‌ ده‌رمانه‌كه‌ى بۆ ره‌وانه‌ ده‌كات، خۆى هه‌ندێك بكڕێت، ده‌رمانه‌کە به‌فه‌رمى له‌ ده‌ستى حكومه‌تدا نییه‌ له‌ سلێمانى، له‌ بازاڕ ده‌ستده‌كه‌وێت. 

دكتۆر هێرش سه‌ید سه‌لیم پێشبینى ده‌كات، له‌مانگى نۆى داهاتوو یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ى كه‌ پێشبڕكێى دروستكردنى ڤاكسین ده‌كه‌ن، ڤاكسینى كۆرۆنا به‌رهه‌م بهێنێت. 

ئه‌گه‌رچى سلێمانى چه‌ند هه‌نگاوێكى به‌ره‌و رزگاربوون له‌ دۆخى مه‌ترسى هه‌ڵناوه‌، به‌ڵام سامان به‌رزنجى وه‌زیرى ته‌ندروستى هه‌رێمى كوردستان ئه‌مڕۆ رایگه‌یاند له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان:"هێشتا لە قۆناغی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناداین و داوامانکردووە بەستنی دەمامک بکرێتە ناچاری". ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، تا ئاساییبوونه‌وه‌ زیاتر بێت، ئه‌وا ئه‌ركى خۆپارێزى زیاتر ده‌بێت.

له‌ سلێمانى تا ئێستا به‌پێى داتا فه‌رمییه‌كان حه‌وت هه‌زار و ٥٠٠ توشبووى كۆرۆنا تۆماركراون، له‌و ژماره‌یه‌ سێ هه‌زار و ٤٩٠ چاكبوونه‌ته‌وه‌و نزیكه‌ى سێ هه‌زار و ٦٠٠ كه‌س تا ئێستا ڤایرۆسه‌كه‌یان تێنه‌په‌ڕاندووه‌، ٣٣٦  توشبوو له‌ سلێمانى مردوون.