ڕاپۆرتی کوردستانی

02:53 - 16/07/2020

مووچه‌ى نوێ به‌ چ میكانیزمێك دابه‌شده‌كرێت؟‌

پەیسەر

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌ره‌تاكانى یاساى چاكسازى خستووه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌ڵام هیچ كام له‌ رێگاكان ئه‌نجامى خێران ناده‌ن به‌ ده‌سته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى مووچه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیارى خێرایان له‌باره‌وه‌ نه‌دات.

تا ئێستا به‌رنامه‌ى حكومه‌ت بۆ دابینكردنى مووچه‌ى مانگى داهاتوو نادیاره‌، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌رنامه‌دایه‌ مانگى داهاتوو مووچه‌ به‌ بایۆمه‌ترى بدرێت، به‌ڵام نزیكه‌ى ٢٥٠ هه‌زار مووچه‌خۆر تا ئێستا بایۆمه‌ترییان نییه‌. چه‌ند رێگه‌یه‌كى دیكه‌شی له‌ژێر رۆشنایى یاساى چاكسازیى گرتووه‌ته‌ به‌ر تا بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌ى بارى سوك بێت.

سه‌رچاوه‌کانى داهات

گۆڕانكارى ئه‌وتۆ به‌ ئاڕاسته‌ى زیادكردن له‌ سه‌رچاوه‌ى داهاتى هه‌رێمى كوردستان رووى نه‌داوه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ ئه‌م مانگه‌ به‌غدا پاره‌ى دیكه‌ ره‌وانه‌ ناكات، سه‌رچاوه‌ى داهاتى نه‌وت هه‌ندێك زیادیكردووه‌، بێ ئه‌وه‌ى بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ى كورتهێنانى مووچه‌ پڕ بكاته‌وه‌، هاوكات داهاتى ناوخۆش له‌نێوان ١٢٠ بۆ ١٥٠ ملیار دینارێكه‌ له‌م دۆخه‌دا.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، حكومه‌ت ده‌یه‌وێت له ‌رێگه‌ى كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوه‌وه‌ بۆ دابینكردنى مووچه‌ له‌ مانگى داهاتووه‌وه‌، ئه‌ركى سه‌رشانى خۆى سوك بكات و ئه‌و بڕه‌ پاره‌ى بۆ مووچه‌ پێویسته‌ كه‌م بكاته‌وه‌، به‌ جۆرێك ده‌یه‌وێت بایۆمه‌ترى بخاته‌ كار تا ئه‌و كه‌سانه‌ى دووباره‌ یاخود وه‌همین ده‌ربكه‌ون.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر تا ئێستا ٢٠٠ هه‌زار خانه‌نشینى مه‌ده‌نى و ٤٢ هه‌زار له‌ هێزه‌كانى ئاسایش بایۆمه‌ترییان نییه‌، حكومه‌ت نیازى هه‌یه‌ دابینكردنى مووچه‌ى ئه‌مانه‌ بخاته‌ ئه‌و كاته‌ى كه‌ خۆیان تۆمار ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئاسان نییه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ هێزه‌كانى ئاسایش كه‌ پێشتر به‌بیانووى ئه‌منیی و راده‌ستنه‌كردنى زانیارى كه‌سى هێزه‌كانیان ئاماده‌ نه‌بوون خۆیان له‌ سیسته‌مه‌كه‌دا تۆمار بكه‌ن. 

هه‌نگاوێكى دیكەی‌ حكومه‌ت به‌ نیازه‌ له‌م مانگه‌وه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ى ببینێت، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ژمێریارى هه‌ردوو یه‌كه‌ى هێزه‌كانى حه‌فتا و هه‌شتایه‌، دوێنێ جوتیار عادل گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئیتر ئه‌و هێزانه‌ یه‌كه‌ى ژمێریارى سه‌ربه‌خۆیان نه‌ماوه‌، یه‌ك یه‌كه‌ى ژمێریارییان ده‌بێت له‌ وه‌زاره‌ت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر تۆمارى مووچه‌ى ئه‌م هێزانه‌ چووه‌ته‌وه‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ڵام كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌ ئه‌و‌یش به‌دواداچوون و جه‌ردكردنى تۆمارى ناوه‌كانه‌، كه‌ ئایا چه‌ند ناوى وه‌همى تێدایه‌ و چه‌ندى ئێستا له‌ خزمه‌تدایه ‌و چه‌ندى دابڕاوه‌. ئه‌گه‌ر به‌دواداچوون بۆ ورد و درشتى ناوه‌كان نه‌كرێت ده‌ركه‌وتنى ئه‌وه‌ ئاسان نییه‌. مه‌گه‌ر له‌ رێگه‌ى تۆمارى بایۆمه‌ترییه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ ناوه‌ وه‌همییه‌كان ده‌ربكه‌ون. هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كان تا ئێستا ئه‌و یه‌كه‌ ژمێریارییانه‌  به‌ ته‌واوى وه‌رنه‌گیراون له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌وه‌.

رێگه‌یه‌كى دیكه‌ حكومه‌ت به‌ نیازه‌ ئه‌نجامى خێرا بدات به‌ ده‌سته‌وه‌، بڕینى ده‌رماڵه‌ نا یاساییه‌كانه‌، به‌پێى به‌ دواداچوونى په‌یسه‌ر ئێستا سه‌رنج له‌سه‌ر ئه‌و ده‌رماڵانایه‌ كه‌ به‌ نا یاسایى و به‌ چه‌ند قات ده‌درێن، وه‌ك ئه‌وه‌ى بۆ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى ده‌رماڵه‌یه‌كى سه‌دا ٣٠٠ خه‌رج ده‌كرێت، بۆ ده‌ستەى ده‌ستپاكى و چاودێرى دارایی و داواكارى گشتیش به‌ هه‌مان شێوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌رماڵانه‌ى كه‌ هى مه‌ترسین و مه‌ترسییه‌كه‌ بوونى نییه‌ یاخود ده‌رماڵه‌ى خۆراكن و مووچه‌خۆره‌كه‌ له‌ ده‌وام نه‌بووه،‌ وه‌ك ده‌وامى پێشمه‌رگه‌. حكومه‌ت به‌ نیازه‌ له‌م رێگه‌یەشه‌وه‌ شتێك له‌ مووچه‌ كه‌م بكاته‌وه‌.

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ خانه‌نشینە نا یاساییه‌كانه‌، پێناچێت ئه‌مه‌ وا به‌ زوویى ئه‌نجامه‌كه‌ى ده‌ربكه‌وێت، به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ر جێبه‌جێش بكرێت له‌رێگه‌ى لیژنه‌وه‌ كاتێكى زۆرى ده‌وێت و ده‌بێت له‌ دواجاردا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیارى له‌باره‌وه‌ بدات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕیارى خێرا له‌باره‌ى ئه‌مانه‌وه‌ بدات ئه‌وا داهاتێكى زۆر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت. بۆیه‌ بۆ ئه‌م چه‌ند مانگه‌ى له‌پێشن به‌م خاوییه‌ى ئێستا ئه‌مه‌یان سودێكى ئه‌وتۆى نابێت، بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى مووچه‌.

سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ى پله‌ باڵاكان، ئه‌مه‌ش یه‌كێكى دیكه‌ له‌و رێگایانهیە‌ حكومه‌ت به‌ نیازه‌ داهاتى پێ بگێڕێته‌وه‌، به‌ڵام رێژه‌یه‌كى زۆر نییه‌ بۆ بوودجه‌ى گشتى ناگێڕێته‌وه‌. 

سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌كانى چاكسازى له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان كه‌ بەگوته‌ى عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان قه‌باره‌ى گه‌نده‌ڵى له‌و ده‌روازانه‌دا ١٥٠ ملیۆن دۆلارى مانگانه‌یه‌، به‌پێى به‌ دواداچوونه‌كانى په‌یسه‌ر تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێك بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌مه‌ نه‌نراوه‌. 

له‌سه‌ر دۆسیه‌ى نه‌وتیش حكومه‌ت به‌ نیازه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆسیه‌كه‌دا بكات، چونكه‌ نیوه‌ زیاترى داهاتى نه‌وت بۆ كۆمپانیاكانەو ئه‌و نیوه‌شى ده‌مێنێته‌وه‌ به‌شێكى ده‌درێته‌وه‌ به‌ناوى قه‌رزه‌وه‌، كه‌ روون نییه‌ قه‌رزه‌وه‌ چییه‌و هى كێیه‌، داهاتى نه‌وت بۆ حكومه‌ت مانگى رابردوو ٨٦ ملیۆن دۆلار بووه‌، بۆ ئه‌م مانگه‌ كه‌ به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ك روویداوه‌ ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ بگاته‌ ١٢٠ ملیۆن دۆلارێك به‌م قه‌باره‌یه‌وه‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌ ئاسان نییه‌. 

بژارده‌ خراپه‌كه‌ بۆ خه‌ڵك ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م مانگه‌ش حكومه‌ت به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر لێبڕینى مووچه‌، ئه‌گه‌ر رێوشوێنه‌كان وه‌ك ئێستا بڕۆن و چاره‌سه‌رى خێرا نه‌دۆزرێته‌وه‌، وه‌ك رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ ئه‌گه‌رى زۆره‌وه‌ حكومه‌ت جارێكى دیكه‌ به‌ لێبڕینه‌وه‌ مووچه‌ ده‌دات.