ڕاپۆرتی کوردستانی

04:01 - 10/07/2020

ئه‌مین زه‌كی به‌گ، گه‌وهه‌ره‌كه‌ى گۆیژه‌‌

پەیسەر

فه‌رمانده‌ى سه‌ربازیى و یه‌كێك له‌ هه‌شت دامه‌زرێنه‌ره‌ كورده‌كه‌ى سوپاى عێراقه‌، مێژوونوس بوو به‌ حه‌وت زمان مێژووى ده‌پشكنى و ده‌ینوسییه‌وه‌، سیاسمه‌تداره‌ و ٨٠ ساڵ پێش ئێستا په‌رله‌مانتارى عێراق بوو وه‌ك نوێنه‌رى سلێمانى، دۆستی ئەدەب بوو، به‌هۆى زیره‌كى و توانا تایبه‌ته‌كه‌یه‌وه‌ نازناوى "زه‌كى" به ‌به‌ردا كرا.

ئه‌مرۆ ساڵیادی كۆچی دوایی مێژوونوس و سیاسه‌تمدارێكی كورد، محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گه‌. به‌رهه‌مه‌ مێژوویه‌كییه‌كانى ئه‌و پیاوه‌ وه‌ك گه‌وهه‌رن و سه‌رچاوه‌ى ده‌گمه‌ن و ناوه‌زن، زه‌كى خزمه‌تێكى زۆرى جێهێشت بۆ نه‌وه‌كانى خۆى، خزمه‌تێك كه‌ بێ ئه‌و ئه‌ستمه‌م بوو رووبدات.

ئه‌مین زه‌كی به‌گ كێیه‌؟

محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ، كوڕی حاجی عه‌بدولره‌حمان محمود باپیره‌یه‌، ساڵی ١٨٨٠ له‌گەڕه‌كی گۆیژه‌ی شاری سلێمانی له‌دایك بووه‌، باوك و دایكی نه‌خوێنده‌واربوون و كاری به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵیان كردووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باوكی بازرگانی توتن بووه‌، ساڵی ١٨٩٢له‌ خوێندنگه‌ی موڵكی سه‌ره‌تایی خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن، ساڵی ١٨٩٣ نێردراوه‌ بۆ خوێندنگه‌ی روشدیه‌ی سه‌ربازی له‌سلێمانی و ساڵی ١٨٩٥ چووەته‌ خوێندنگه‌ی روشدیه‌ی سه‌ربازی له‌ به‌غداد و ساڵی ١٨٩٨ چووەته‌ كۆلێژی سه‌ربازی ئیسته‌نبوڵ، ساڵی ١٩٠٢ ده‌رچووه‌ و هه‌مان ساڵ به‌پله‌ی ملازمی دووه‌م له‌ فیرقه‌ی شه‌شه‌م له‌سوپای عوسمانی له‌به‌غداد دامه‌زراوه‌.

له‌ساڵی (١٩١٧)دا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی نه‌مساوه‌ مه‌دالیای جه‌نگی پێبه‌خشراوه‌، جگه‌ له‌چه‌ند نیشانه‌و مه‌دالیایه‌كی‌ دیكه‌، كه‌ گوزارشتن له‌ئازایه‌تی (محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ).

تا ته‌موزی ساڵی ١٩٢٥ چه‌ندین پله‌ی سه‌ربازی جۆراوجۆری له‌سوپای عوسمانی وه‌رگرتووه‌، له‌دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی عوسمانی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق و پۆستی دووه‌م پشكنه‌ری فه‌رمانده‌ی خوێندنگه‌ی سه‌ربازی عێراقی وه‌رگرتووه‌، له‌ساڵانی ١٩٢٥-١٩٢٨-١٩٣٧ به‌ نوێنه‌رایه‌تی سلێمانی وه‌ك ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵبژێردراوه‌، رۆژی ١٠-٢-١٩٤٢ به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ به‌یه‌كجاری ده‌ستبه‌رداری كاروباری میری بووه‌، ٩-٧-١٩٤٨ له‌شاری سلێمانی گورچیله‌ی ده‌وه‌ستێت رۆژی  دواتر له‌ته‌مه‌نی ٦٨ ساڵیدا كۆچی دوایی كردووه‌.

له‌بواری مێژووییدا به‌رهه‌می ناوازه‌ و به‌نرخی له‌بواره‌كانی شه‌ڕ و له‌شكركێشی و مێژووی سیاسی كوردستان هه‌یه‌، به‌رهه‌می به‌زمانه‌كانی توركی، عه‌ره‌بی و كوردی نوسیوه‌، زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی، فارسی، توركی، ئینگلیزی، ئه‌ڵمانی و فه‌ره‌نسی زانیوه‌، به‌هۆی زیره‌كییه‌كه‌یه‌وه‌ نازناوی زه‌كی پێدراوه‌.

محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی له‌ حه‌زی له‌ بواره‌كانی خۆشنوسی و وێنه‌كێشان و هۆنراوه‌ و ئه‌ده‌ب بووه‌.

به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌مین زه‌كی به‌گ
ئه‌مین زه‌كی به‌گ خاوه‌نی زیاتر له‌ ١٢ به‌رهه‌مه‌ و ئه‌مه‌ش ناوی چه‌ند به‌رهه‌مێكیه‌تی
• محاسه‌به‌ی نیابات - ١٩٢٨ (كه‌ تێیدا په‌راوی كرده‌وه‌كانی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا بۆ خوێنه‌ر كۆكردۆته‌وه‌)

• خولاسه‌یه‌كی تاریخی كورد و كوردستان - به‌شی یه‌كه‌م ساڵی ١٩٣١ و به‌شی دووه‌م ساڵی ١٩٣٧ (وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بیش)

•دوو ته‌قه‌للای بێ سوود- ١٩٣٥ (كه‌ پاداشتێكی ٦٩ لاپه‌ڕه‌یه‌: ساڵی ١٩٣٠ بۆ مانی كورد دابوویه‌ میری، بڵاوكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌كرا)

•تاریخ السلیمانیه‌‌ و ولایتها - ١٩٣٩
•مشاهیر الاكراد - به‌شی یه‌كه‌م ساڵی ١٩٤٥ و به‌شی دووه‌م ساڵی ١٩٤٧
•تاریخ الدوله‌‌ و الامارات الكردیه‌‌ - ١٩٤٥ 

ئه‌مین زه‌كی به‌گ و سوپای عێراق 
له‌٦ی كانونی دووه‌می ساڵی ١٩٢١، كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ری كورد و عه‌ره‌ب، به‌سه‌رۆكایه‌تی ژه‌نەڕاڵ جه‌عفه‌ر پاشا عه‌سكه‌ری كه‌ ئه‌فسه‌رێكی كورد بوو خه‌ڵكی شاری كه‌ركوك بوو، كۆبوونه‌وه‌و بیرۆكه‌ی پێكهێنانی سوپای عیراقیان گه‌ڵاڵه‌كرد،كه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی ١٤ ئه‌فسه‌ر خۆی ده‌بینیه‌وه‌، له‌و ژماره‌یه‌ هەشت ئه‌فسه‌ریان كورد بوون به‌ ناوه‌كانی (ژه‌نەڕال جه‌عفه‌ر مسته‌فا عه‌سكه‌ری سه‌رۆكی  ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر، عه‌قید حه‌مید ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر، رائید سه‌عید محه‌مه‌د نوێنه‌ری فه‌رمانده‌، رائد به‌كر سدقی عه‌سكه‌ری نوێنه‌ری سه‌رۆك، رائد تۆفیق وه‌هبی به‌گ ئامر كۆلێژی سه‌ربازی، رائد عه‌بدول ره‌زاق حلمی، نه‌قیب حه‌سه‌ن حسێن عه‌سكه‌ری، نه‌قیب محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ) به‌وه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌مین زه‌كی به‌گ یه‌كێك بووه‌ له‌دامه‌زرێنه‌رانی سوپای عێراق.