ڕاپۆرتی کوردستانی

02:56 - 08/07/2020

بێ ئه‌نجامیى، گفتوگۆكانی هه‌رێم و به‌غدای دواخسته‌وه‌‌

پەیسەر

گفتوگۆكانى شاندى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عێراق جارێكى دیكه‌ دواكه‌وتن، بێ ئه‌وه‌ى تا ئێستا به‌ ئه‌نجامێكى ئه‌وتۆ گه‌یشتبن، دواخستنه‌كه‌ش به‌پێى ئاماژه‌كان بێت له‌ هه‌ردوولاوه‌، هۆكاره‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ نزیك نین لێك و ئه‌گه‌رى رێككه‌وتن كه‌مه‌، شاندى كورد ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر داواكارییه‌ داراییه‌كانى عێراق ده‌ربڕیوه‌و چاوه‌ڕێى ره‌زامه‌ندى حكومه‌تى عێراقه‌ به‌ داواكانى، بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر مێز، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ریشه‌یه‌كى ئاڵۆزیی هه‌یه‌‌.

گرێكه‌ له‌ كوێدایه‌؟

به‌گوته‌ى دارا ره‌شیدی وه‌زیرى پلاندان و ئه‌ندامى شاندى هه‌رێمى كوردستان بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا، له‌دوایین سه‌ردانى شاندى كورد به‌ هه‌موو داواكارییه‌ داراییه‌كانى حكومه‌ته‌كه‌ى كازمى رازى بووه‌،"چییان داواكردووه‌ رازى بووین، به‌وه‌شه‌وه‌ كه‌ سه‌دا ٥٠ى داهاتى ده‌روازه‌ سنورییه‌كان بۆ به‌غدا بێت". 

دارا ره‌شید ده‌شڵێت:"به‌ڵام هه‌ركاتێك، بێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كاریگه‌رى له‌سه‌ر قه‌وارەى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان بكات، ئه‌سته‌مه‌ قبوڵ بكرێت". بێ ئه‌وه‌ى روونى بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و داواكارییه‌ى به‌غدا چییه‌ كه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر قه‌واره‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات. 

كۆتایى ساڵى رابردوو حكومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ كابینه‌ كار به‌ڕێكه‌ره‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى رێككه‌وتن، به‌ڵام هاتنى كازمى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ نیمچه‌ فه‌رمییه‌ى قڵپكرده‌وه‌ به‌سه‌ر كورددا، نه‌ك په‌سه‌ندى نه‌كرد به‌ڵكو ئه‌وه‌شى هه‌بوو بڕى، ئێستا مسته‌فا كازمى داواكاریى دارایى و سیاسیى هه‌یه‌. 

دوو دۆسیه‌ له‌نێو دانوستانه‌كان، له‌و دۆسیانه‌ن كه‌ هه‌رێمى كوردستان واى ده‌بینێت ئه‌وه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان دروست ده‌كه‌ن و په‌ڕوباڵى ئه‌و نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌ ده‌كات له‌ رابردوودا هه‌بووه‌.

یه‌كه‌میان دۆسیه‌ى ده‌روازه‌ سنورییه‌كانه‌، مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ئێستا به‌رنامه‌یه‌كى راگه‌یاندووه‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنى هه‌موو ده‌روازه‌ سنورییه‌كان به‌ هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه‌، ئه‌مه‌ رێك ئه‌و پرۆژه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسانى كورد لێى ده‌ترسن، ئاسمان به‌ده‌ست عێراقه‌وه‌یه‌، ده‌روازه‌كانیش كۆنترۆڵ بكات، هه‌م پێگه‌ى سیاسى هه‌رێم ئه‌وه‌شى ماوه‌ داده‌ڕمێت، هه‌م چه‌ندین گروپ و به‌رپرس زیانمه‌ند ده‌بن له‌وه‌ى ده‌روازه‌كانیان له‌ ده‌ست ده‌ربچێت به‌هۆى ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گه‌وره‌ى هه‌یانه‌ له‌و ده‌روازانه‌.

مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق دواى سه‌ردانى شاندى هه‌رێم گوتبووى، پێى وایه‌ ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن له‌سه‌ر داهاتى ئه‌و ده‌روازانه‌ بكات له‌گه‌ڵ هه‌رێم به‌و جۆره‌ى ئێستا هه‌یه،‌ ئه‌وا پاره‌یه‌كى زۆر كه‌متر ده‌نێرن له‌وه‌ى واقیعدا هه‌یه‌، به‌وجۆره‌ش رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ ئه‌و ده‌بێته‌ عه‌یبه‌یه‌ك به‌سه‌رشانیه‌وه‌. 

دۆسیه‌یه‌كى دیكه‌ كه‌ ریشه‌كه‌ى ئاڵۆزه‌ مه‌له‌فى نه‌وته‌، هه‌رێمى كوردستان پێى وایه‌ ئه‌گه‌ر كۆى مه‌له‌فى نه‌وت بكه‌وێته‌ ده‌ست به‌غدا رۆڵى سفر ده‌بێته‌وه‌ له‌ سیاسه‌تى نه‌وتیى عێراقدا و به‌غدا هه‌موو كاره‌كان به‌ڕێوه ‌ده‌بات، له‌مه‌دا كۆمپانیا حزبییه‌كانیش زیان ده‌كه‌ن. 

به‌گوته‌ى دارا ره‌شید وه‌زیرى پلان دانان یه‌كێك له‌و كێشانه‌ى له‌سه‌ر مه‌له‌فى نه‌وت هه‌یه‌ زۆریى خه‌رجى كۆمپانیاكانه‌ كه‌ زیاتره‌ له‌ خه‌رجى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى له‌ عێراق كار ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ هه‌ندێكى بڕواپێكراو نه‌بێت بۆ به‌غدا، بۆیه‌ ئێستا حكومه‌تى هه‌رێم به‌ نیازه‌ به‌ گرێبه‌ستى كۆمپانیاكاندا بچێته‌وه‌ به‌ڵام دیارنییه‌ چۆن ئه‌و كاره‌ ده‌كات و چى پێده‌كرێت.

گرفتى گه‌وره‌تر ئه‌وه‌یه‌ نه‌وتى هه‌رێم به‌ رێككه‌وتنێكى ٥٠ ساڵه‌ له‌گه‌ڵ توركیا، خراوه‌ته‌ نێو هاوكێشه‌یه‌كى سیاسى و ئابوورى ئاڵۆزه‌وه‌، ئه‌گه‌ر دۆسیه‌ى نه‌وت له‌ده‌ستى هه‌رێم نه‌مێنێت، به‌غدا ئاماده‌ نییه‌ ئه‌و پاره‌ زۆره‌ بدات به‌ توركیا له‌ به‌رامبه‌ر هه‌نارده‌ى نه‌وت، بۆ نموونه‌ هه‌رێم بۆ تێپه‌ڕینى هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت به‌ خاكه‌كه‌یدا پێنج دۆلار ده‌دات به‌ توركیا له ‌كاتێكدا ستانداردى جیهانى یه‌ك دۆلاره‌، جگه‌ له‌وه‌ى رێككه‌وتنه‌ ٥٠ ساڵییه‌كه‌ پابه‌ندى دارایى له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان دروست ده‌كات و به‌ ئاسانى قاچى لێى نابێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئاسته‌نگێكى دیكه‌یه‌. 

شاندى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌كان زۆر پێداگرییان كردووه‌ كه‌ مووچه‌ به‌ده‌ربكرێت له‌و كێشانه‌ى كه‌ هه‌یه‌، مووچه‌كه‌ بدرێت تا له‌سه‌ر ئه‌و كێشانه‌ رێككه‌وتن ده‌كرێت، به‌ڵام به‌غدا ته‌نها كارتى به‌هێزى ده‌ستى مووچه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت به‌ راگرتنى مووچه‌ هه‌رێم بهێنێته‌ ژێر بار.

ئه‌حمه‌د مه‌لا ته‌لال گوته‌بێژى حكومه‌تى عێراق شه‌وى رابردوو رایگه‌یاند، گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام دەبن به‌ ئامانجى گه‌یشتن به‌رێككه‌وتن، به‌ڵام به‌گوته‌ى ئه‌و بۆ رێككه‌وتن كاتى زیاتریان پێویسته‌.

دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌ریمى كوردستان چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا رایگه‌یاند:"حكومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو نەوتی هەرێم(نەك تەنها داهاتی نەوت) ڕادەستی بەغداد بكات، تەنانەت بە داهاتە نانەوتییەكانیشەوە، بەڵام بە مەرجێك لە بەرامبەردا عێراق شایستە داراییەكانی هەرێم بە پارەی سەرجەمی مووچەو پڕۆژەكانەوە بنێرێت".

ده‌شڵێت:"ئەگەر عێراق بڵێت تۆ هەموو داهاتەكانم ڕادەست بكەو منیش نیوەی ئەوەی كە پێویستە بۆت دەنێرم، ئەی نیوەكەی تری چۆن دابین بكرێت؟ تۆ هیچ داهاتێكی دیكەت بۆ خۆت نەهێشتووەتەوەو ئەویش نیوەیت بداتێ، چۆن ئیدارەی هەرێمی كوردستانی پێدەكرێت؟"

به‌پێى ئاماژه‌كان بێت، كابینه‌كه‌ى كازمى توندتر له‌ هه‌موو كابینه‌كانى دیكه‌ بۆ په‌لوپۆكردنى هه‌رێمى كوردستان هاتووه‌ته‌ سه‌ر خه‌ت، ده‌یه‌وێت ئه‌و دۆخه‌ داراییه‌ خراپه‌ى كه‌ هه‌یه‌ بقۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سازشى یه‌كجاره‌كیى پێبكات، هه‌رێمى كوردستان چاوه‌ڕێى تێپه‌ڕینى كاته‌ تا به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت یاخود فشارى لایه‌نى ده‌ره‌كى ببێته‌ فریادره‌سى ئه‌م شانۆییه‌ چه‌ند ساڵه‌ ئاوا به‌رده‌وامه‌، ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كه‌ ده‌بنه‌ سووتى ئه‌و ململانێیه‌ خه‌ڵكین كه‌ تواناى چاوه‌ڕوانییان نه‌ماوه‌.