ڕاپۆرتی کوردستانی

12:41 - 07/07/2020

خوێنى هاشمى عێراق به‌ره‌و كوێ ده‌بات؟‌

پەیسەر

شه‌وى رابردوو به‌غدا دیسان بوویه‌وه‌ گۆڕه‌پانى رووداوێكى خوێناویى، هه‌واڵى كوشتنى هیشام هاشمى به‌ خێرایى گه‌یشته‌ وڵاتان و ده‌نگى دایه‌وه‌، سێ بكوژ به‌ دوو ماتۆڕ سكێله‌وه‌ له‌ نزیكى ماڵه‌كه‌ى راوه‌ستاون، كاتێك ئۆتۆمبێله‌ پرادۆكه‌ى هاشمى ده‌گات و ده‌وه‌ستێت یه‌كێك له‌ بكوژه‌كان خێرا ده‌چێته‌ لاى ده‌رگاى شۆفێر و ته‌قه‌ى لێده‌كات، كه‌مێك ده‌ڕوات و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ چوار فیشه‌كى دیكه‌ى ده‌مانچه‌ى پێوه ‌ده‌نێت، تا دڵنیا بێت كه‌ ناژیى، بكوژه‌كان هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ماوه‌ى خوله‌كێكدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

كوشتنى هیشام هاشمى شرۆڤه‌كار و چاودێرى سیاسى و ره‌خنه‌گر و پشتیوانى خۆپیشاندانه‌كان، یه‌كه‌م زله‌ بوو له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتى مسته‌فا كازمى، ئه‌و پیاوه‌ى ئێستا ترسى هه‌یه‌ له‌ كاردانه‌وه‌ى هه‌نگاوه‌كانى هه‌ڵمه‌تێكى كوشتن و تیرۆر جارێكى دیكه‌ به‌غدا بته‌نێت، بۆیه‌ش شه‌وى رابردوو جه‌ختیكرده‌وه‌، رێگه‌ى به‌ ته‌وژمى تیرۆرو كوشتن نادات و بكوژانى هاشمى سزا ده‌درێن. 

هاشمى كێیه‌ و چی كردووه‌؟

هیشام هاشمى ساڵى ١٩٧٣ له ‌به‌غدا له‌دایك بووه‌، سوونه‌ مه‌زهه‌ب بووه‌و له‌ عه‌شیره‌تى (الركابى) بووه‌، ساڵى ١٩٩٤ بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆسى له‌ زانكۆى موسته‌نسه‌رییه‌ له‌ به‌غدا به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌ كۆتایى نه‌وه‌ده‌كان سه‌رقاڵى خوێندن و توێژینه‌وه‌ بووه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ ئیسلامییه‌كان و شاره‌زایى و توانایه‌كى زۆرى له‌و بواره‌دا به‌ده‌ستهێنا، به‌دواى ده‌ركه‌وتنى داعشه‌وه‌ له‌ عێراق، بووه‌ یه‌كێك له‌ شرۆڤه‌كارە دیارو به‌ناوبانگه‌كان. 

هاشمى وه‌ك پسپۆرو شاره‌زا له‌ كاروبارى گروپه‌ چه‌كداره‌ ئیسلامییه‌كان قسه‌ی ده‌كرد، خاوه‌نى ٥٠٠ گوتارو توێژینه‌وه‌یه‌ له‌و بواره‌دا، سه‌باره‌ت به‌ داعش، قاعید، چه‌ند كتێب و توێژنه‌وه‌یه‌كه‌، كاتێك قسه‌ى ده‌كرد به‌ راشكاوى له‌سه‌ر گروپه‌ چه‌كداره‌كان ده‌دوا، به‌م دواییانه‌ش له‌ میدیاكانه‌وه‌ باسى گروپه‌ چه‌كداره‌كانى لایه‌نگرى ئێرانی ده‌كرد و ره‌خنه‌گری سیاسه‌تى ئێران بوو. له‌ ناوه‌نده‌ى بڕیارى سیاسى عێراق گرنگى به‌ بۆچوونه‌كانى ده‌درا و پێگه‌یه‌كى تایبه‌تى هه‌بوو. وه‌ك راوێژكارێكى نافه‌رمى كابینه‌كه‌ى مسته‌فا كازمى كاریكردووه‌.

هاشمى و خۆپیشاندانه‌كان

كاتێك له‌ ئۆكتۆبه‌رى ساڵى رابردوو خۆپیشاندان و ناڕه‌زایى خه‌ڵك سه‌رى هه‌ڵدا، هاشمى به‌ توندى پشتیوانى ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییانه‌ى كرد، كه‌ تێیدا نزیكه‌ى ٦٠٠ كه‌س كوژران، هاشمى داواى چاكسازى گشتگیرى له‌ سیسته‌مى سیاسى ده‌كرد، ره‌خنه‌ى له‌ لایه‌نگریى حكومه‌تى پێشوو بۆ ئێران و هه‌ژموونى گروپه‌ چه‌كداره‌كانى نزیك له‌ ئێران ده‌گرت. له‌ خۆپیشاندانه‌كان ژماره‌یه‌ك زۆر له‌ چالاكوانه‌كان رووبه‌ڕووى هه‌مان چاره‌نووسى هاشمى بوونه‌وه‌.

پرسه‌ى هاوبه‌ش

هه‌مووان پێكه‌وه‌ تاعزێ بارى خۆیان راده‌گه‌یه‌نن بۆ كوشتنى هیشام هاشمى، هه‌موو نه‌یاره‌كان له‌ عێراق، ئێران و ئه‌مریكا حه‌شد و سوپا، هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراق پێكه‌وه‌ ئیدانه‌ى ئه‌و تاوانه‌یان كرد، سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌مان شێوه‌، تیرۆركردنه‌كه‌ى به‌خێرایى له‌سه‌ر ئاستى وڵاتان ته‌قییه‌وه‌و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیاش داواى لێكۆڵینه‌وه‌یان كرد.  
ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى عێراقیش خێرا لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى دروستكرد، بۆ ئه‌وه‌ى ورده‌كارى رووداوه‌كه‌ بۆ راى گشتى ئاشكرا بكات. 

هه‌ڕه‌شه‌كان له‌ هاشمى

دواى رووداوه‌كه‌ هه‌واڵى هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ هاشمى پێش كوشتنى له‌ میدیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌نگى دایه‌وه‌، به‌ جۆرێك میدیاكانى نیۆرك تایمز و واشنتن پۆست، باسیان له‌وه‌كرد، پێشتر له ‌لایه‌ن گرپه‌ چه‌كداره‌كانى نزیك له‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هاشمى كراوه‌. 

ئه‌و میدیایانه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، هاشمى ته‌نانه‌ت پێش ده‌ستپێكردنى خۆپیشاندانه‌كانى ساڵى رابردوو هه‌ڕه‌شه‌ى كوشتنى لێكراوه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌، له‌ لیستێكى ١٤ كه‌سیى هه‌ڕه‌شه‌لێكراودا بووه‌ به‌ تۆمه‌تى به‌"كرێگیراوى ئه‌مریكا و ئیسرائیل"و خیانه‌تكارى نیشتمانى. 

نامه‌كانى واتس ئه‌پ

له‌دواى رووداوه‌كه‌وه‌ سه‌ركرده‌ى كوتله‌ى( المواطنیون)ى عێراقى غه‌یس ته‌میمى له‌رێگه‌ى هه‌ژمارى خۆیه‌وه‌ له‌ تویته‌ر چه‌ند نامه‌یه‌كى نێوان خۆى و هیشام هاشمى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ له‌رێگه‌ى واتس ئه‌په‌وه‌ قسه‌یان كردووه‌، نامه‌كان پێش رووداوى تیرۆركردنه‌كه‌یه‌، به‌پێى نامه‌كان بێت كه‌تیبه‌كانى حزبوڵا هه‌ڕه‌شەى كوشتنیان له‌ هاشمى كردووه‌.

هاوكات هاشمى داواى ئامۆژگارى له‌ ته‌میمى ده‌كات كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌دا بكات. به‌پێى وته‌ى چه‌ند كه‌سێكى نزیكى خۆى، چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ رووداوه‌كه‌ هاشمى ترسى كوشتنى هه‌بووه‌و هه‌ڕه‌شه‌ى له‌سه‌ر بووه‌. پێچەوانەی ئەو گومانانەی هەن برایەکی هاشمی داعش بە کوشتنی براکەی تۆمەتبار دەکات.

چمكى دۆخێكى خراپ

له‌دواى رووداوه‌كه‌ى دۆره‌ و ده‌ستگیركردنى چه‌ند ئه‌ندامێكى حه‌شدى شه‌عبى، چمكى دۆخێكى ئاڵۆز ده‌ركه‌وت، له‌نێوان هه‌ردوو به‌ره‌ى ئه‌مریكى و ئێرانیى له‌ عێراق، هه‌ڕه‌شه‌ى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ كرا، دوو رۆژ پێش ئێستا كاتێك جارێكى دیكه‌ موشه‌كێك ئاڕاسته‌ى باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا كرا، ئه‌مریكییه‌كان بۆ یه‌كه‌م جار‌ سیسته‌مى دژه‌ موشه‌كیان كارپێكرد و تێكیان شكاند. ئه‌وه‌ سه‌ره‌تاى دۆخێكى نوێبوو ناڕه‌زایى زۆرى لایه‌نه‌ شیعییه‌كانى لێكه‌وته‌وه‌، باڵیۆزخانه‌كه‌یان به‌ سه‌ربازگه‌ وه‌سفكرد. به‌دواى ئه‌و رووداوانه‌دا كوشتنى هاشمى له‌ زنجیرە رووداوێكى پێكه‌وه‌ گرێدراو ده‌چن، كه‌ پێده‌چێت جارێكى دیكه‌ عێراق بینه‌رى هه‌ڵمه‌تێكى خوێناوى بێت.

كازمى ده‌ترسێت

مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، كوشتنه‌كه‌ وه‌ك رووداوێكى ئاسایى نابینێت، بۆیه‌ش ده‌ڵێت رێگه‌ به‌ شه‌پۆلى دووه‌مى تیرۆر نادات، كازمى رووداوه‌كه‌ وه‌ك په‌یامێك ده‌بینێت كه‌ كابینه‌كه‌ى سه‌قامگیرى به‌خۆوه‌ نابینێت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانى ئێستاى به‌رده‌وام بێت، ئه‌وه‌ له ‌كاتێكدایه‌ سه‌رۆك وه‌زیران سه‌فه‌رى واشنتن-ى له‌ پێشه‌و پێش سه‌ردانه‌كه‌ى پێویستى به‌وه‌یه‌ جددییه‌تى خۆى بۆ ئه‌مریكییه‌كان بسه‌لمێنێت. 

ئاگره‌كه‌ له‌ عێراق به‌ كوشتنى قاسم سوله‌یمانى كه‌وته‌وه‌، ئایا به‌ رشتنى خوێنى هاشمى ده‌كوژێته‌وه‌، یاخود شه‌ڕه‌ ده‌ره‌كییه‌كان، جارێكى دیكه‌ عێراق ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ سووتوو.