ڕاپۆرتی کوردستانی

01:43 - 06/07/2020

گرێى رێككه‌وتنه‌ ٥٠ ساڵییه‌كه‌ى هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كرێته‌وه‌؟‌

پەیسەر

گرێبه‌ستى ٥٠ ساڵه‌ى نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و توركیا، به‌ربه‌ستى دانوستانه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدایە، رێككه‌وتنى ئه‌و دوولایه‌نه‌ بێ ده‌ستبردن بۆ رێككه‌وتنه‌ ٥٠ ساڵییه‌كه‌ ئاسان نابێت، چونكه‌ توركیا لایه‌نێكى سه‌ره‌كى كه‌رتى نه‌وتى هه‌رێمه‌ و حكومه‌تى هه‌رێم به‌پێى ئه‌و گرێبه‌سته‌ به‌رامبه‌ر توركیا پابه‌ندیى بۆ دروست ده‌بێت، ئاڕاسته‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ن له‌ ئه‌گه‌رى رێككه‌وتنى نوێ، ده‌ستكارى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ چه‌ند سیناریۆیه‌ك هه‌یه‌.
 
شاندى حكومه‌تى عێراق له‌ دانوستانه‌كان رایانگه‌یاندووه‌، كه‌ ئه‌وان مه‌له‌فى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستانیان ده‌وێت نه‌ك داهاتى نه‌وت، به‌رپرسانى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ ئه‌مه‌ قسه‌ى جیاوازیان هه‌یه‌، هه‌ندێكیان ده‌ڵێن، ده‌یانه‌وێت داهاتى نه‌وت راده‌ست بكه‌ن نه‌ك نه‌وت خۆى، به‌ڵام هه‌ندێكیان ده‌ڵێن لارییان نییه‌ كه‌ كۆى مه‌له‌فى نه‌وت بده‌نه‌ ده‌ست به‌غدا له‌ به‌رامبه‌ر ره‌وانه‌كردنى شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان.

دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێمى كوردستان دوێنێ له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا رایگه‌یاند، دۆسیه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان ناڕوونه‌، بۆیه‌ داوایان كردووه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ گرێبه‌سته‌كاندا بكرێت، به‌ گرێبه‌سته‌ ٥٠ ساڵییه‌كه‌ى توركیاشه‌وه‌.

به‌گوته‌ى ئه‌و وه‌زیره‌، لە كۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریانداوە لیژنەیەكی نوێ دروست بكرێت بۆ پێداچوونەوەو گفتوگۆكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت،"چونكە سێكتەری نەوت نەك لای ئێمە لای بەشێكی زۆری ئەم كابینەیە ڕوون نییە‌و پێویستی بە پێداچوونەوەیە، نە داهات ‌و نە خەرجییەكەی ڕوون نییە".

له‌ ئه‌گه‌رى راده‌ستكردنى كۆى فایلى نه‌وت، رێككه‌وتنى ٥٠ ساڵیى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كه‌وێته‌ به‌ر نه‌شته‌رى ده‌ستكاریكردن یاخود پێداچوونه‌وه‌و هه‌ڵپه‌ساردن، سیناریۆى پابه‌ندبوونى به‌غدا به‌ هه‌مان شێوه‌ى هه‌ولێر به‌و رێككه‌وتنه‌وه‌ ئه‌گه‌رێكى دوور و لاوازه‌. 

رێككه‌وتنى ٥٠ ساڵیى چییه‌؟

تا ئێستا ناوه‌رۆكى گرێبه‌سته‌كه‌ بۆ په‌رله‌مانى كوردستان و بۆ راى گشتى ئاشكرا نه‌كردووه‌، له‌م خولەو خولى رابردووى په‌رله‌مانیش چه‌ند فراكسیۆنێك داوایان كرد، ناوه‌رۆكى گرێبه‌سته‌كه‌ بهێندرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان و بۆ راى گشتى ئاشكرا بكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ رووینه‌داوه‌.

ئه‌م گرێبه‌سته‌ له‌ سه‌رده‌می كابینه‌ى شه‌ش ئه‌نجامدراوه‌، كه‌ ده‌گوترێت سه‌رۆكى حكومه‌تى ئه‌و كات ئه‌نجامده‌رى رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌بووه‌، له‌ دۆخێكدا گرێبه‌سته‌كه‌ كرا كه‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ هه‌رێمى كوردستان فشارى گه‌وره‌ى كردبووه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، به‌پێى گرێبه‌سته‌كه‌ بۆماوه‌ى ٥٠ ساڵ هه‌رێم نه‌وت له‌رێگه‌ى توركیاوه‌ ده‌فرۆشێت و به‌شێكى داهاتى نه‌وت بۆ ئه‌نقه‌ره‌یه‌، هاوكات توركیا له‌ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت كه‌ له‌ به‌نده‌رى جەیهانه‌وه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێت پێنج دۆلار وه‌رده‌گرێت. ئه‌گه‌رچى باس له‌وه‌ده‌كرێت ستانداردى جیهانیى ئه‌و كرێیه‌ یه‌ك دۆلاره‌. 

هه‌ر به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ پاره‌ى نه‌وت ده‌چێته‌ هاڵك بانك-ى توركیا، ده‌وترێت بانكه‌كه‌ هى خودى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه‌ و له‌ پاره‌ى نه‌وتى هه‌رێم بڕه‌ پاره‌یه‌كى بۆ ئه‌و بانكه‌ ده‌چێت وه‌ك كرێى عموله‌، هه‌ر به‌پێى رێككه‌وتنه‌ ٥٠ ساڵییه‌كه‌ كۆمپانیا توركییه‌كان له‌ وه‌به‌رهێنان له‌ چه‌ند كێڵگه‌یه‌كى نه‌وتیى گرێبه‌سته‌كه‌یان له‌سه‌ر بنه‌ماى هاوبه‌شى ده‌بێت. هاوكات كۆمپانیا نانه‌وتییه‌كانى دیكه‌ى توركیا له هه‌رێمى كوردستان كارو وه‌به‌رهێنانیان پێده‌درێت و ئاسانكارییان بۆ ده‌كرێت. 

بەپێی خاڵێکی رێککەوتنەکە، هیچ لایەنێک ناتوانێت بە پاساوی سیاسی لە رێککەوتنەکە پاشەکشە بکات.

ئه‌ردۆغان چى به‌ عه‌بدولمه‌هدى گوت؟

ساڵى رابردوو عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق سه‌ردانى توركیاى كرد، داواى له‌ ئه‌ردۆغان كردبوو كه‌ رێككه‌وتنه‌ ٥٠ ساڵییه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌، په‌یسه‌ر ئه‌وكات له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ى ئاشكراكرد كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك گوتویه‌تى، ئه‌ردۆغان لارى نه‌بووه‌ له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ڵام داوایكردبوو ره‌چاوى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى توركیا بكرێت له‌ رێككه‌وتنى جێگره‌وه‌دا و ئه‌و سكاڵایه‌ى له‌ پاریس عێراق له‌سه‌ر توركیا تۆماریكردووه‌ بیكشێنێته‌وه‌. 

سیناریۆكان بۆ چاره‌نووسى رێككه‌وتنه‌كه‌

بێ ده‌ستكاریكردن و گۆڕینى ئه‌و رێككه‌وتنه‌، رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا ئاسان نییه‌، بۆیه‌ چه‌ند رێگه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ ده‌ستكاریكردنى.

*گونجاوترین سیناریۆ ئه‌وه‌یه‌، هه‌رێم و به‌غدا به‌ دوولایه‌نه‌ رێكبكه‌ون له‌سه‌ر پێداچوونه‌وه‌ یاخود هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێككه‌وتنه‌ ٥٠ ساڵییه‌كه‌ى هه‌ولێرو ئه‌نقه‌ره‌ و به‌و جۆره‌ قورسایى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌كه‌ به‌ته‌نها نه‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانى هه‌رێم.

*سیناریۆى دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ توركیا و عێراق بگه‌نه‌ رێككه‌وتن خۆیان دوولایه‌نه‌ بێ ره‌چاوكردنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى هه‌رێم رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌.

*سیناریۆى سێیه‌م ئه‌وه‌یه‌ به‌غدا نه‌گاته‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هیچ كام له‌ هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌، سكاڵاكه‌ى دادگاى فیدراڵى زیندوو بكاته‌وه‌و له‌رێگه‌ى یاساوه‌ كێشه‌ هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم دروست بكات، مسته‌فا كازمى له‌ كاتى سه‌ردانى شاندى هه‌رێم ئه‌مه‌ى به‌گوێى شاندى كورددا داوه‌.

*سیناریۆیه‌كى دیكه‌ش ئه‌وه‌یه‌، هه‌رێمى كوردستان به‌ خۆماڵیكردنى نه‌وت خۆى له‌ گرێبه‌سته‌كه‌ قوتار بكات، ئه‌مه‌یان دوورو مه‌حاڵه رووبدات، به‌وپێه‌ى هه‌رێم ناتوانێت وه‌ها هه‌نگاوێك بنێت بێ عێراق یاخود توركیا چونكه‌ ده‌ره‌چه‌ى نییه‌‌.

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌و ئابورییه‌ى ئێستا هه‌یه‌تى به‌ نه‌وت و داهاته‌كانى دیكه‌شیه‌وه‌، ته‌نها مووچه‌ى پێ دابین ناكرێت جگه‌ له‌وه‌ى خه‌رجییه‌كانى دیكه‌ى به‌ته‌واوى وه‌ستاندووه‌، ئه‌وه‌ش حكومه‌ت ناچار ده‌كات جوڵه‌یه‌ك بكات به‌ره‌و به‌غدا، به‌ڵام جارێ روون نییه‌ ئه‌م دۆخه‌ ناله‌باره‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى تێدایه‌ گرێى رێككه‌وتنه‌ ٥٠ ساڵییه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌و گه‌ردنى هه‌رێم له‌ كۆتوبه‌ندى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ رزگار ده‌كات، یاخود رێككه‌وتنه‌كه‌ دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات و به‌ره‌وپێشچوونه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا قڵپ ده‌كاته‌وه‌؟