ڕاپۆرتی کوردستانی

10:00 - 30/06/2020

وه‌زاره‌تى دارایى رێنمایى جێبه‌جێكردنى یاساى چاكسازى ده‌ركرد‌

پەیسەر

وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى رێنماییه‌كانى جێبه‌جێكردنى یاساى چاكسازیى ئاڕاسته‌ى وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌ نه‌به‌ستراوه‌كان به‌ وه‌زاره‌ته‌كان كرد، به‌پێى رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تى دارایى له‌ ئێستاوه‌ یاساى چاكسازى ده‌كه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌و له‌سه‌ر هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانه‌، به‌پێى یاساكه‌ پله‌ نا یاساییه‌كان و خانه‌نشینه‌ نا یاساییه‌كان دیارى بكه‌ن.

به‌پێى رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تى دارایى، ته‌واوى ورده‌كارى چۆنێتى جێبه‌جێكردنى یاساى چاكسازى بۆ هه‌موو وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌كان دیاریكراوه‌و ده‌بێت لاى خۆیانه‌وه‌ جارێكى دیكه‌ چاوپێشخشاندنه‌وه‌ به‌ دۆسیه‌ى فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان بكه‌ن، ئه‌و پلانه‌ى به‌ نا یاسایى زیادكراون هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌.

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خانه‌نشینه‌ نا یاساییه‌كانه‌، ده‌بێت لیسته‌كه‌یان ئاماده‌بكرێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌كانه‌وه‌و به‌رزبكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیار له‌ بڕینى ئه‌و مووچه‌ نا یاساییانه‌ بدات. 

به‌شێكى دیكه‌ى رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تى دارایى تایبه‌ته‌ به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌رچاوى مووچه‌ى پله‌ باڵاكان، كه‌ ئیتر ده‌بێت حكومه‌ت به‌پێى یاساكه‌ مووچه‌كانیان پێبدات و ورده‌كارى كه‌مكردنه‌وه‌كه‌ى دیاریكردووه‌، به‌وانه‌ى ئێستا له‌ خزمه‌تتدان و ئه‌وانه‌شى خانه‌نشینن.

وەزارەتی دارایی چەند لیژنەیەک بە ئەندامێتی پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری دروست دەکات، بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و پێداچوونەوە بە لیستی خانەنشینی مووچەخۆرانی خانەنشیندا، هاوکات لیژنەکان چاودێری جێبەجێکردنی یاساکە دەکەن لەهەموو وەزارەتەکان.

گشتاندنی دارایی ژمارە(١٠) بابەت؛ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی

 

رێنمایی دارایی ژمارە(١٢) بابەت؛ خزمەت و پلەی وەزیفی

 

رێنمایی دارایی ژمارە (١٣) بابەت؛ خانەنشینی