ڕاپۆرتی کوردستانی

12:42 - 29/06/2020

هاوبه‌شه‌كانى حكومه‌ت بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان گفتوگۆ ناكه‌ن‌

پەیسەر


كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ هه‌ناوى بێ متمانه‌یى نێوان پێكهێنه‌ره‌كانیدا دواى نۆ مانگ له‌ هه‌ڵبژاردن له‌ دایك بوو به‌ پرۆسه‌یه‌كى پڕ ته‌نگه‌ژه‌ى سیاسیدا كه‌وته‌ سه‌رپێ، ئاڵنگارى سه‌ختى به‌رده‌مى هه‌ر له‌ده‌ستپێكه‌وه‌ ئه‌و ناكۆكییانه‌ بوو كه‌ له‌نێوان یه‌كێتى و پارتیدا هه‌بوون، گره‌وى سه‌ركه‌وتنى كابینه‌كه‌ بێ دروستكردنى ته‌بایى سیاسى ناكرێت.

له‌ مێژووى سیاسى باشوورى كوردستاندا بڕیاره‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان هه‌میشه‌ له‌سه‌ر مێزى كۆبوونه‌وه‌ى حزبه‌كان دراون و حكومه‌ت و په‌رله‌مان بێ خواستى لایه‌نه‌كان ده‌ست و پێ به‌ستراون، ئێستا بۆ رزگاربوونى له‌م دۆخه‌ هه‌رێمى كوردستان پێویستى به‌ بڕیارى خێراو رادیكاڵه‌ و دۆخه‌كه‌ هیچى دیكه‌ به‌ به‌ریەوە‌ نه‌ماوه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت. 

له‌ماوه‌ى یه‌ك ساڵى ته‌مه‌نى كابینه‌كه‌دا تا ئێستا، پێكهێنه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانى هیچ گفتوگۆیه‌كى هاوبه‌ش له‌نێوانیاندا نه‌بووه‌، هه‌روه‌ك له‌ماوه‌ى حه‌وت مانگى دانوستاندا هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌شیان نه‌كرد. 

دوورى و ساردى نێوانى هاوبه‌شه‌كان، بۆ كابینه‌كه‌ بۆته‌ سه‌رئێشه‌یه‌كى گه‌وره‌، به‌ تایبه‌ت ئێستا زیاتر له‌ هه‌ركات حكومه‌ت پێویستى به‌ ته‌بایى سیاسى هه‌یه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ى هاتوونه‌ته‌ پێشى، تا ئێستا ئه‌و دوو حزبه‌، ئاماده‌نین كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵیش بكه‌ن، ئه‌گه‌رچى چه‌ند هه‌وڵێك هه‌بووه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌.

هاوبه‌شه‌كانى كابینه‌ى نوێ دوورى و دۆستییان هه‌ڵنه‌بژاردووه‌، به‌ڵكو پێكه‌وه‌ن و شه‌ریكه‌ ده‌سه‌ڵاتن و شەڕێکی ساردیش بەڕێوەدەبەن، به‌ڵام هێشتا بۆ سه‌رخستنى حكومه‌ت و چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى خه‌ڵك، ئاماده‌نین بچنه‌ سه‌ر مێزى دانوستان.

چاكسازى له‌ ده‌رگاى پێكهێنه‌رەكاندا

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان تا ئێستا سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌رنامه‌ى چاكسازى وه‌ك ئه‌وه‌ى بڕیارى لێدراوەو رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كراوە جێبه‌جێبكرێت، ناكۆكى به‌شێك له‌ یه‌كێتى و پارتى به‌ردێكى گه‌وره‌ى له‌رێگاى چاكسازى داناوه‌، به‌جۆرێك هه‌ركاتێك هه‌نگاوه‌كان نزیك ده‌بنه‌وه‌ به‌ره‌یه‌كى ناكۆكى ده‌كرێته‌وه‌و به‌جارێك سه‌رنجه‌كان ده‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌و ناكۆكییه‌ى كه‌ قوت ده‌كرێته‌وه‌. 

ده‌رباز محه‌مه‌د ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت، پەیوەندى نێوان یەکێتى و پارتى لە ئاستێکى خراپدایە و هۆکارە بۆ ئەوەى پرۆسەى چاکسازى بە رێکارى خۆیدا نەڕوات. ئه‌و به‌رپرسه‌ى گۆڕان جه‌ختیكرده‌وه‌، دواخستنى چاکسازى دۆخى خەڵک خراپتر دەکات تا رۆژێك زووتر بكرێت باشتره‌، به‌ڵام لەناو یەکێتى و پارتیدا کەسانێک هەن نایانەوێت چاکسازى بکرێت.

ناكۆكى یه‌كێتى و پارتى

تا ئێستا سه‌ركردایه‌تى نوێى یه‌كێتى له‌گه‌ڵ پارتى كۆبوونه‌وه‌یان نه‌كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناكۆكى به‌شێك له‌ هه‌ردوو حزب به‌ تێپه‌ڕبوونى کات ئاڵۆزتر ده‌بێت. له‌ماوه‌ى رابردوو چه‌ند هه‌وڵێك هه‌بوون بۆ كۆبوونه‌وه‌، كاكه‌مین نه‌جار ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى چه‌ند جارێك بۆ میدیاى حزبه‌كه‌ى ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، له‌ نزیكترین كات له‌گه‌ڵ یه‌كێتى كۆده‌بنه‌وه‌و گرفتیان نییه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌، هاوكات فازڵ میرانى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا گوتى، ئه‌وان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تى نوێى یه‌كێتى ده‌كه‌ن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا ئێستا ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ رووینه‌داوه‌.

ئاراس شێخ جه‌نگى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا كۆتایى هه‌فته‌ى رابردوو ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، كه‌ به‌شێك له‌ پارتى ئاماده‌ نین مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تى نوێى یه‌كێتى بكه‌ن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رازى نین له‌گه‌ڵ یه‌كێتـى كۆببنه‌وه‌، ئه‌گه‌رچى وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، ئه‌وان لارییان نییه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌. 

تا ناكۆكى ئه‌و پێكهێنه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌ى حكومه‌ت به‌رده‌وام بێت، ئه‌سته‌مه‌ حكومه‌ت بتوانێت هه‌نگاوى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بۆ چاكسازى و چاككردنى دۆخى هه‌رێم بنێت، چونكه‌ هه‌ر بڕیارێك ده‌بێت له‌ هه‌ردوولا جێبه‌جێبكرێت ئه‌گه‌رنا سودێكى ئه‌وتۆى نابێت.

فرسه‌ت سۆفى پارێزگارى هه‌ولێر و به‌رپرسى پارتى، به‌روونى ده‌ڵێت، یه‌كێتى و پارتى به‌رپرسن له‌و دۆخه‌ى ئێستا دروست بووه‌و به‌ نا یاسایى خه‌ڵكى خۆیان كردووه‌ به‌ مووچه‌خۆر، ده‌بێت پێكه‌وه‌ دابنیشن و بڕیارى چاكسازى بده‌ن. له‌ راستیدا جگه‌ له‌ دانیشتنه‌كانى به‌شكردنى پۆسته‌كانى حكومه‌ت، و په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوانیان بۆ دابه‌شكردنى پۆسته‌كانى به‌غدا، هیچ دانیشتنێكى فه‌رمى له‌نێوان ئه‌و دوو حزبه‌دا نه‌كراوه‌ له‌باره‌ى پرسه‌ گشتییه‌كان و چاره‌سه‌رى گرفته‌كان. 

گۆڕان مانۆڕێك ده‌كات

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ستى به‌ مانۆڕێكى سیاسى كردووه‌، له‌پێناوى ئه‌وه‌ى دڕكوداڵى به‌رده‌م رێگاى چاكسازى لابه‌رێت، بۆ ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ حزبه‌كان كۆده‌بێته‌وه‌و له‌باره‌ى دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ رزگاركردنى دۆخى هه‌رێم له‌و قه‌یرانەى تێیكه‌وه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات.

شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ڵێت، سه‌ردانه‌كانیان به‌ ئامانجى دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌ چاره‌یه‌كه‌ بۆ ده‌رچوون له‌م قۆناغه‌، هاوكات جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وان له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رنامه‌یه‌كى  چاكسازى رێككه‌وتوون بۆ به‌شداریى له‌ كابینه‌ى حكومه‌ت سازش له‌ چاكسازى ناكه‌ن، شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا سه‌باره‌ت به‌ دوورى و ناكۆكى لایه‌نه‌كان پێى وایه،‌ دوورى و كۆنه‌بوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان خراپه‌و كاریگه‌رى خراپى ده‌بێت. 

بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌

له‌مێژووى سیاسى باشوورى كوردستاندا، هه‌میشه‌ بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر مێزى كۆبوونه‌وه‌ى حزبه‌كان دراوه‌، حكومه‌ت په‌رله‌مان بێ ئیراده‌ى حزبه‌كان هه‌نگاوى ئه‌وتۆیان نه‌ناوه‌، به‌تایبه‌ت له‌م خوله‌ ئه‌مه‌ زیاتر ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌.

دۆخى هه‌رێمى كوردستان گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك كه‌ بڕیارى توند و رادیكاڵى پێویسته‌، ئه‌وه‌ش به‌وه‌ى حزبه‌كان پشت له‌ به‌رژه‌وه‌ندى حزبى و ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان بكه‌ن و له‌پێناو خه‌ڵك بڕیارى بوێرانه‌ بده‌ن و حكومه‌ت و په‌رله‌مانیش ناچار بكه‌ن به‌ رێوشوێنى خێراو بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان. 

ئایا حزبه‌كان پشت له‌ ناكۆكییه‌كان ده‌كه‌ن و له‌پێناوى خه‌ڵك ده‌چنه‌ سه‌ر مێزى بڕیاردان، یاخود كێشه‌ سیاسییه‌كان هێنده‌ دیكه‌ كێشه‌كانى خه‌ڵك ئاڵۆزتر و ژیانیان وێرانتر ده‌كات؟