01:55 - 25/06/2020
ئاستەنگەكانی بەردەم رێككەوتنی هەرێم و بەغداد
رۆژی 23ی ئەم مانگە شاندێكی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی گەیشتە بەغداد و لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی عێراق كۆبوونەوە، پەیسەرپرێس لەم راپۆرتەدا وردەكاریی ناكۆكییەكانی نێوانیان ئاشكرا دەكات.
كازمی بەروونی قسەی كردووە
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە وەفدی هەرێمی گوتووە " ئێمە لەقەیرانێكی قوڵی دارایداین و پەنا بۆ قەرزكردن دەبەین چیتر چاوەرێی هاوكاری بێ بەرامبەری ئێمە مەكەن، من خەلێكی كوردستانم خۆش دەوێت و بێ موچەی فەرمانبەرەكانی ئازارم دەدات بەڵام ئەوە پەیوەندی بەو كابینەیەی منەوە نیە كە چەند مانگێكە دەستبەكاربووە.
كازمی راشیگەیاندووە بەداخەوە دۆخێك لەناو حزبە سیاسیەكانی عێراق دروست بووە كە هەرێمی كوردستان پابەندی ئەو رێككەوتنانە نابێت كە واژۆیان دەكات و دوای ماوەیەك خۆی لەجێبەجێكردنیان دەدزێتەوە ئێستا حكومەتی هەرێم سیاسەتی برسیكردن پەیرەو دەكات لەپێناوی ئەوەی پارەی زیاتری لە بەغداد دەستبكەوێت، بۆ ئەمەش حزبە سیاسیەكانی عێراق ژمارەیەكی زۆری بەڵگەی گەندەڵی حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمیان لەرێگەی چەند پەرلەمانتارێكی كوردەوە دەستكەوتووە و ئەو بەڵگەنامانە لەلای دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاكی عێراقیش هەن، بۆیە چاودێری هەر رێككەوتنێك دەكەن كە كابینەكەی من لەگەڵ هەرێم بیكات و ئەگەر بەدلێیان نەبێت فشارم لەسەر دروستدەكەن.
لەراستیدا نامەوێت بچمە ژێر باری رێككەوتنێك كە حزبە سیاسیەكانی عێراق تورە و نیگەران بكات و دواتریش هەرێم پابەند نەبێت پێوەی.
مستەفا كازمی وتوشیەتی، ئێوە هاتوون داوای جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی عادل عەبدولمەهدی و حكومەتی هەرێم دەكەن، بەڵام بۆچی پابەندی رێككەوتنی پێشووترتان نەبوون لەگەڵ عەبدولمەهدی، بەغداد لەدوای ساڵی 2014 وە چەندین جار نیاز پاكی بەرامبەر ئێوە پیشانداوە و بودجەی رەوانەكردووە بەڵام ئێوە یەك بەرمیل نەوتتان رادەست نەكردووە، هەموو دامەزراوەكانی عێراق و چاودێریكردن و حزبەكان گومانیان لەخەرجی و داهاتی هەرێم هەیە ئەوەی گومانەكەی زیاتركردووە دووشتە یەكێكیان ئەوەیە خۆتان ئاشكرای ناكەن و ئەوەی تریشیان ئەوەیە هەركەسێك باسی گەندەڵییەكانی حكومەتی هەرێم بكات ئێوە بە خۆفرۆش و خائینی دەزانن.
سەرۆك وەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە، ئێوە دەڵێن داهاتی هەرێم بەشی نیوەی موچەی فەرمانبەران ناكات ئەی كە وایە بۆچی رادەستی بەغدادی ناكەن و كۆتایی بهێنن بەو گومانانەی هەیە.
حكومەتی هەرێم ئامادەیی پیشانداوە
بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس قوباد تاڵەبانی لەبەرامبەردا بەكازمی راگەیاندووە ئەوان بۆ رێككەوتن هاتوون و ئامادەشن جێبەجێی بكەن و پابەندی هەموو رێككەوتنێكیش دەبن، داواشیكردووە تا رێككەوتن دەكرێت هاوشێوەی مانگی رابردوو بەغداد 400 ملیار دیناری تر رەوانەی هەرێم بكات، لەبەرامبەردا كازمی رایگەیاندووە دەبێت رێككەوتن بكرێت یان هێڵە هاوبەشەكانی رێككەوتن دیاری بكرێن ئەوكاتە پارە رەوانە دەكات.
ئاستەنگەكانی بەردەم رێككەوتنەكە
یەكەم:- ئاستەنگی بەردەم رێككەوتنی هەرێم و بەغداد پرسی ئەو پارەیەیە كە هەرێم داوای دەكات بەجۆرێك حكومەتی هەرێم دەیەوێت لەبەرامبەر رادەستكردنی كۆی داهاتی نەوت و دەروازە سنوریەكان 900 ملیار دیناری دەستبكەوێت و لەبەرامبەردا بەغداد پێشنیاری 550 ملیار دیناری كردووە.
بژاردەی دووەم ئەوەیە هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی ناوخۆ رادەستبكات لەبەرامبەر 600 ملیار دینار و بەغدادیش پێشنیاریكردووە 400 ملیار دینار بێت، ئەگەرچی دواتر بەغداد لەم پێشنیارانە پاشەكشەی كردووە و داوایكردووە هیچ بڕەپارەیەك دیاری نەكرێت و بەپێی داهاتی مانگانە بەشێك لە بودجە رەوانەی هەرێم بكرێت.
دووەم:- ئاستەنگی بەردەم رێككەوتنەكە ئەو گرێبەستانەیە كە هەرێم كردویەتی لەگەڵ كۆمپانیاكان و توركیا، بەغداد پێی وایە بەهەدەردانی زۆری تێدایە و ناشیەوێت قەرەبووكردنەوەیان لەئەستۆ بگرێت، بەغداد نمونەی ئەوەی هێناوەتەوە كە چۆن مانگی رابردوو لە 360 ملیۆن دۆلاری نەوت تەنها 86 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێم بۆ ماوەتەوە.
سێیەم:- بەغداد لەبەشداریكردنی كۆمپانیا ناوخۆیەكان لەخاوەنداریەتی كێڵگەی نەوتی و بۆری هەناردەی نەوت گومانی هەیە و دەیەوێت خۆی سەرپەرشتی هەناردە و گرێبەستەكان بكات هاوشێوەی پارێزگاكانی تر نەك ئەو كارە بەهەرێم بسپێرێت.
چوارەم:- هەرێم دەیەوێت رێككەوتنەكە كاتی بێت و بەغداش دەیەوێت هەمیشەیی بێت تا دەركردنی یاسای نەوت و غاز
بەغداد كارتەكانی دژی هەرێم بەكاردەهێنێت؟
یەكەم:- سكاڵەیەكی بەغداد هەیە كە لە مانگی ئایاری ساڵی 2014 لەدادگای پاریس لەدژی توركیا تۆماركراوە و تێیدا ئەنكەرەی بە بەفیرۆدان و بردنی نەوتی عێراق تۆمەتباركردووە، بەغداد سكاڵاكەی وەستاندووە، بەڵام ئەگەر هەرێم و بەغداد نەگەنە رێككەوتن پێدەچێت یەكێك لەبژاردەكان دەستپیكردنەوەی ئەو پرۆسەیە بێت، بۆ ئەمەش ئەگەری بەهێز ئەوەیە بەغداد و ئەنكەرە لەسەر نەوتی هەرێم رێككەوتن بكەن و توركیاش دەیەوێت لەپرسی دادگای پاریس رزگاری بێت، لەچەند رۆژی رابردوودا میدیاكان بڵاویانكردەوە بەغداد و ئەنكەرە لەسەر " پرسی نەوت و وزە و پەكەكە و ئاوی دیجلە و فورات و مانەوەی هێزەكانی توركیا لەخاكی عێراق " دەست بەگفتوگۆ دەكەن، كازمی لەدیدارەكەیدا بە وەفدی هەرێمی گوتووە بەم زوانە دەروازەیەكی نوێ لەنێوان عێراق و توركیا لە پارێزگای نەینەوا دەكرێتەوە پێدەچێت ئەمە بەشێك بێت لەو رێككەوتنە.
دووەم:- سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراق لە دادگای فیدراڵی لەدژی نێچیرڤان بارزانی و ئاشتی هەورامی هەیە و پرۆسەی دادگایكرنەكە وەستێندراوە، بەپێی سكاڵەكەی عەبدولكەریم لعێبی وەزیری پێشووی نەوت ئەگەر هەرێم بدۆرێت دەبێت وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەموو رێكارێك بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بگرێتەبەر، لەناویشیاندا ئەو كۆمپانیایانەی كار لەنەوتی هەرێم دەكەن دەخرێنە لیستی رەشەوە و لەدادگاكانی دەرەوە سكاڵایان بۆ قەرەبووكردنەوە لەسەر تۆمار دەكرێت.
سێیەم:- یەكێتی نیگەرانە
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی نیگەرانن لەوەی قوباد تاڵەبانی رەشنوسی برینی موچەی فەرمانبەرانی نوسیوەتەوە و پاكنوسی كردووە، هەروەها نیگەرانن لەوەی كە سەرۆكایەتی شاندی حكومەتی هەرێمی بۆ توركیا قبوڵكردووە لەكاتێكدا دەزانێت بەغداد مەرجەكانی قورس كردووە و پرۆسەی نەوتی هەرێمیش لەژێر دەستی توركیادایە و رێككەوتن قورسە، بۆیە داوایان كردووە مەسرور بارزانی خۆی بەرپرسیاریەتی شكستی دانوستانەكان لەئەستۆ بگرێت و خۆی سەردانی بەغداد بكات.
پارتی دابەش بووە
بەپێی زانیاریەكانی سەرچاوەكە نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی رێككەوتنی هەرێم و بەغداد ناكات و پێی وایە مەرجەكانی حكومەتی فیدراڵی قورسن لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی پشتیوانی ئەوە دەكات هەرێم و بەغداد رێككەوتن بكەن.
هەرێم پێشنیارێكی نوێی كردووە
بەپێی زانیاریەكانی سەرچاوەكە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا چاودێری گفتوگۆكانی هەرێم و بەغداد دەكات و بەجدیش دەیەوێت هەردوولا بگەنە رێككەوتن، بۆ ئەمەش فشاری لەسەر هەردوولا دروستكردووە، ئەوەی بەلای ئەمریكاوە گرنگە ئەوەیە رێككەوتن لەسەر غازی سروشتی كوردستان بكرێت بۆ ئەوەی عێراق چیتر پێویستی بەكارەبا و غازی ئێران نەبێت، هەروەها حكومەتی هەرێم داوایكردووە باڵیۆزخانەی ئەمریكا چاودێری جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمجارەی نێوان هەولێر و بەغداد بكات.