ڕاپۆرتی کوردستانی

12:47 - 25/06/2020

رۆژانە سەدان تۆن لە بەرهەمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان خەسار دەبن‌

پەیسەر

حكومەتی ناوەندی عێراق كارتێكی دیكە دژی هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنێت و رێگا نادات بەرهەمی میوە و خۆراكی لە هەرێمەوە بڕوات بەرەو پارێزگاكانی ناوەند و خوارووی عێراق، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاویش لە هەرێمی كوردستان داوای بەدواداچوون و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە دەكات.

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان لە نوسراوێكی رەسمیدا كە كۆپییەكی لای پەیسەرپرێس پارێزراوە، داوا لە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات لە بەغداد، پشتبەست بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە ژمارە 13ی ساڵی 2019 كە تێیدا ئاماژە بەوەدراوە بازاڕی پارێزگاكانی ناوراست و خوارووی عێراق بەرووی بەرهەمی میوە و بەروبوومی ئاژەڵی جوتیارانی هەرێمی كوردستاندا كراوە بێت، بەدواداچوون بكات و داوا لە وەزارەتی كشتوكاڵە ناوەندی بكات كە كار بەو بڕیارانە بكات و رێگا بەرووی بەروبوومی جوتیارانی هەرێمی كوردستاندا بكاتەوە.

داخستنی رێگا بەرووی بەروبوومی جوتیارانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی ناوەندی لەكاتێكدایە ئێستا لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش بەروبوومی جوتیاران لەبەردەم مەترسی و هەرەشەدایە و بەرهەمی هاوردە رێگرە لە ساغبوونەوەی بەرهەمەكانیان.

رەجەب عەزیز، سەرۆكی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەڵێت، بە بازاڕكردنی بەروبوومی ناوخۆ وەستاوە و بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە رێگە نادرێت بازرگانی عەرەب بێنە هەرێمی كوردستان بۆ كڕینی سەوزە و میوە و بەرهەمی خۆماڵی جووتیارانی كورد و بردنیان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق.
بە وتەی سەرۆكی ئەنجومەنی عەلوەی هەولێر پێشتر بازرگانانی عەرەب رۆژانە 700 تۆن سەوزە و میوەی جووتیارانیان تەنها لەو پارێزگایە دەكڕی و بەگشتی رۆژانە زیاتر لە 1500 تۆن لە بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەبرانە ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەڵام ئێستا ئەو بەرهەمە هەمووی ماوەتەوە، بەوەش جووتیارانی كورد زیانێكی گەورەیان پێگەیشتووە.

بەرهەمی ناوخۆ هەرێم
بەپێی ژمارە فەرمییەكان ئێستا بەرهەمی ناوخۆ و بەروبوومە كشتوكاڵی و ئاژەڵییەكان لە هەرێمی كوردستان ساڵانە بەمجۆرەیە:-

بەرهەمی میوە 69.167 تۆنی ساڵانە
بەرهەمی پەتاتە 229.163 تۆنی ساڵانە
بەرهەمی گۆشتی سوور 85.000 تۆنی ساڵانە
بەرهەمی گۆشتی مریشك 111.400 تۆنی ساڵانە
بەرهەمی شیر 175.000 تۆنی ساڵانە


ئەمانە جگە لە بەرهەمەكانی دانەوێڵە و كەرەستە خۆراكییەكانی دیكە، بەڵام هەتا ئێستا میوە و بەرهەم و خۆراكی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان هەر لە وڵاتانی ئێران و توركیاوە، تا دەگاتە بەرازیل و هیندستان و تەنانەت وڵاتە وێرانەكانی وەك سوریا هاوردە دەكرێن، بەجۆرێك دەوترێت:
 "ئێستا هەرێمی كوردستان هیچ نییە جگە لە سۆپەرماركێتێكی گەورە بۆ ساغكردنەوەی كاڵای هاوردە".

گەنمی جوتیاران . . كێشە گەورەكە

لەم ساڵانەی دوایدا، بەردەوام كێشەی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بەرگوێ‌ دەكەوێت، سەرەتای كێشەكە ئەوەبوو كە دوای سەرهەڵدانی ناكۆكییەكانی نێوان بەرپرسانی هەولێر و بەغداد لەبارەی پرۆسەی ئابوری سەربەخۆی هەرێمی كوردستان و راگرتنی بەشەبودجەی هەرێم لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە، بە هەمان شێوەی پارەی گەنمی جوتیارانیش وەرگیرا، پارەی گەنمی جوتیاران بەو پارەیە دەوترێت كە ساڵانە حكومەتی ناوەندی لەبری كڕینەوەی گەنم دەیدات بە جوتیاران و لە ماوەی رابردووشدا پارەی ساڵەكانی 2014 و 2015 و 2016ی گەنمی جوتیاران لەلایەن بەغداوە راگیرابوو كە بڕی گشتی 557 ملیار دینار بوو.
 
لەماوەی رابردوودا بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان دانی بەوەدا نابوو كە وەزیری بازرگانی عیراق پێی ڕاگەیاندبوون نوسراوێكی بۆ سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە بۆ هەڵوەشانەوەی بڕیارێكی پێشووی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق، كە بۆ خەرج نەكردنی پارەی تەواوی گەنمی جوتیارانی كوردستان دەری كردبوو.

بەرپرسەكەی وەزارەتی بازرگانی وتبووشی، كۆی گشتی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان لای حكومەتی ناوەندی 557 ملیار دینارە.

پێشووتریش لەسەردەمی دەسەڵاتی حەیدەر عەبادیدا بەغداد لەو 557 ملیار دینارە بڕیاریدابوو 214 ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكات، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان رازی نەبوو.

مەبەست لەم نمونە هێنانەوەیە لەبارەی ژمارە و قەرزەكانی گەنمی جوتیاران لای حكومەتی عێراق بۆ ئەوەبوو كە روونبكرێتەوە ململانێی سیاسی نێوان بەرپرسانی هەولێر و بەغدا تا ئاستێك رۆچووە كە بۆ فشاركردن لە یەكتر تەنانەت دەست بەسەر رەنج و قوتی جوتیارانی هەرێمی كوردستانیشدا دەگیرێت.

ئێستاش كە هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و فیدراڵی خۆیان بۆ وەرزێكی نوێی لێكتێگەیشتن و رێككەوتنی نوێی دارایی ئامادە دەكەن و لە گفتوگۆدان، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا چیتر وەك رابردوو رەنج و رۆزی جوتیاران دەكرێتە بارمتەی سیاسی؟، پرسیاری وردتریش ئەوەیە ئایا ئەگەر رێگا بەرووی بەروبوومی جوتیارانی هەرێمی كوردستاندا نەكرێتەوە تا بەرهەمەكانیان رەوانەی بازاڕەكانی عێراق بكەن و لەملاشەوە سنوورەكان بەرووی كاڵا و بەروبوومی هاوردە و سیخناخكردنی بازاڕەكانی ناوخۆی هەرێم لە بەروبوومی ئێرانی و توركی و سوری دانەخرێت، ئەوا جوتیارانی هەرێمی كوردستان چی لە بەرهەمەكانیان بكەن و چۆن هەرێمی كوردستان لەرووی بەروبوومی ناوخۆیی و خۆراكییەوە بتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت و چەندی تر ئەو تەنزەی لەسەر بەردەوام دەبێت كە دەوترێت هەرێمی كوردستان بووەتە سۆپەرماركێتێكی گەورە بۆ ساغكردنەوەی كاڵای بیانی.