ڕاپۆرتی کوردستانی

02:50 - 23/06/2020

هەولێر ئامادەیە مەرجەكانی بەغداد جێبەجێ‌ بكات‌

پەیسەر

وەفدی كوردی جارێكی دیكە گەڕایەوە بۆ بەغداد، ئەمجارە ئامادەیە بەشی هەرەزۆری داواكارییەكانی حكومەتی ناوەندی چ لەبارەی دۆسێی نەوت و چ لەبارەی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەكان جێبەجێ‌ بكات و لە بەرامبەردا تەنها مەرجی رەوانەكردنی مانگانەی شایستە داراییەكانە، بەڵام چاوەڕوان ناكرێت بەغداد ئەو گەرموگوڕییەی جارانی مابێت لەبارەی رێككەوتن، بەتایبەت كە ئێستا خۆی بۆ قەیرانێكی دارایی قورس ئامادە دەكات و چاوەڕوان دەكرێت بۆ ماوەی دوو ساڵ دەستبكات بە سیاسەتی سكهەڵگوشینی ئابوری ناچاری و كەمكردنەوەی خەرجییەكان.

كورد ئاڵای سپی هەڵدەكات

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، لەم سەردانەیدا بۆ بەغداد، وەفدی كوردی هیچ هێڵیكی سووری نییە، تەنانەت بە جۆرێك لە جۆرەكان ئامادەن بە بەرپرسانی بەغداد بڵێن ئامادەین بۆ جێبەجێكردنی هەموو مەرج و داواكارییەكانتان، بۆ ئەوەش دەسەڵات دراوە بە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە سەرۆكایەتی وەفدەكە دەكات، تا رێككەوتن واژۆبكات لەسەر هەموو فایلەكانی وەك نەوت و بڕی هەناردە و فرۆشتن و رادەستكردن و گەڕاندنەوەی داهاتەكەی بۆ بەغداد، هاوكات هەماهەنگی لەبارەی دۆسێی گومرگ و داهاتی خاڵە سنورییەكان و تەنانەت ئامادەی گفتوگۆن لەبارەی رادەستكردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم.

هەر بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، لە سەردانەكەی چەند رۆژی رابردووی سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانی بۆ بەغداد، سەرۆكی هەرێم داوای لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە كە رێككەوتنی كۆنكرێتی ئەنجام بدەن لەبارەی دۆسێكان و دانی بەوەشدا ناوە كە هەردوولا ماندوو بوون لەو ناكۆكییانەی لە چەند ساڵی رابردوودا هەبوون و خواستی هەرێمی بۆ وەلانانی ئەو كێشانە و هەڵدانەوەی پەڕەیەكی تازە نیشانداوە.

بەغداد خۆی چاوەڕوانی قەیرانە

عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت، بەهۆی لێكەوتە ئابورییەكانی كۆرۆنا و رەوشی بازاڕی نەوتەوە، هەندێك قەیران بەرۆكی حكومەت دەگرێت كە توانای تێپەڕاندنی نەبێت.

بە وتەی عەلاوی، پلانی ئابوری عێراق ئەوەیە كە لەماوەی ئەمساڵدا لانی كەم لەسەدا 10ی خەرجییەكانی كەمبكاتەوە تا بتوانێت خۆی لەگەڵ دۆخی قەیراناویدا بگونجێنێت.

ئەو وتانەی وەزیری دارایی عێراق و داننان بەوەی كە عێراق خۆی بۆ قەیران ئامادە دەكات، دەكرێ‌ بە بارێكدا وا لێكبدرێتەوە كە لەم كاتەدا بەغداد ناتوانێ‌ خۆشی لە قەیران قوتار بكات نەك هەرێمی كوردستان، هەروەك ئێستا بەهۆی ناجێگیری و داخرانی كارگە و پیشەسازی و وەستانی هێڵە ئاسمانییەكان و سەرجەم سێكتەرە زەبەلاحەكانی جیهان بەهۆی پەتای كۆرۆنا و پڕبوونی بەشی زۆری كۆگاكانی نەوت و نەبوونی كڕیار، ناتوانرێ خەمڵندنی دروست نەك بۆ ساڵێك بەڵكو تەنانەت بۆ مانگێكیش ئەنجامبدرێت، هەر بەوهۆیەشەوە بەغداد لە ئێستادا ناتوانێت هیچ رێككەوتنێكی درێژخایەن لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات.

ئاڵۆسكاندنی دۆسێكان

شیروان میرزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی ئامادەگی هەرێمی كوردستان بۆ رێككەوتن دەڵێت، چاوەڕوان دەكرێت رێككەوتن لەنێوان هەولێر و بەغداد ئەنجام بدرێت، چونكە وەفدی هەرێم ئامادەیە گفتوگۆ و رێككەوتن لەسەر هەموو دۆسێكان بكات.

بەڵام پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا بۆچونی جیاوازە و پێیوایە كورد كاتێك هەموو كارتەكانی تێكەڵكردووە بە ئاسانی ناگەنە رێككەوتن.

كاتع ركابی، ئەندامی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەوبارەیەوە رایدەگەیەنێت، سەردانی سەرۆكی هەرێم و وەفدەكانی هەرێم بۆ بەغداد ئیجابیاتی خۆیانیان هەیە، بەڵام ئەوەی كە هەرێمی كوردستان هەموو دۆسێ‌ ناكۆكەكانی پێكەوە گرێداوە و هەموویان پێكەوە بهێنێت بۆ گفتوگۆ، لەمپەڕ لەبەردەم لێكتێگەیشتن و چارەسەری كۆتایی كێشەكان دروستدەكات.

بە بڕوای ركابی، پێویستە هەرێمی كوردستان دۆسێ‌ بە دۆسێ‌ لەگەڵ بەغداد رێككەوتن بكات، چونكە دۆسێكان جیاوازن و دۆسێیەك بۆ دۆسێیەكی دیكە پێویستیان بە گفتوگۆی جیاوازە.

حكومەتی هەرێم هیچ ئاسۆیەكی لەبەردەمدا نەماوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدا وەفدی رەوانەی بەغداد كردووە، كە بەهۆی راگرتنی شایستە داراییەكانی لەلایەن بەغدادەوە تووشی قەیرانێكی قوڵی دارایی بووە، قەیرانێك بە ئەندازەیەك كە نەتوانێت تەنانەت مووچەی فەرمانبەرەكانی دابینبكات و ئێستا كە مانگی حوزەیران لە كۆتایدایە، فەرمانبەرەكانی هەرێمەكە چاوەڕوانی مووچەی مانگی شوباتن.

هاوكات پێش رەوانەكردنی وەفدەكەی بۆ بەغداد، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی خۆیدا و بە دەنگی سەرجەم وەزیرەكانی ناو ئەنجومەنەكە، بڕیاریدا كە بۆ ئەم مانگە تەمویلی وەزارەتەكان بە رێژەی لەسەدا 79 بكات و لەسەدا 21 لە تەمویلی سەرجەم وەزارەتەكان ببڕێت.

هاوكات وەزارەتی دارایی راسپێردراوە كە بەپێی ئەو تەمویلە رێنمایی دەربكات بۆ وەزارەتەكان لەبارەی دابەشكردنی مووچە و دەستنیشانكردنی میكانیزمی بڕینی رێژەیەك لە مووچەی فەرمانبەران.