ڕاپۆرتی کوردستانی

02:43 - 23/06/2020

چارەنووسی پەكەكە لە پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و توركیادا‌

پەیسەر

وابڕیارە شاندێكی باڵای توركیا سەردانی بەغداد بكەن و لە نزیكەوە لە كێشە ھەڵپەسێراوەكانی نێوانیان بكۆڵنەوە، شاندەكە كێن و كەی دێن؟ ئەو تەوەرانە چین كە لە نێوان عێراق و توركیادا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە؟ ئاخۆ لەبارەی قەندیل و چارەنووسی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە چ بڕیارێك دەدەن؟ چارەنووسی سەربازگەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان بە كوێ دەگات؟ ئاخۆ بۆ هێرشەكانی داهاتوو تەنها ڕەزامەندی عێراق وەردەگرێت یان بە كراوەیی بۆیان بەجێدەهێڵن...

 

دوای ڕاپەڕینی هەرێمی كوردستان لە 1991هاتە ئاراوە، ئیترسنوورەكانی عێراق لەگەڵ توركیا كەوتە ژێردەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بە گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی تایبەتی، بەو پێیەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەو سنوورەدا دەستڕۆشتووە و حیزبی دستە باڵایە، هەركاتێكیش توركیا (بەبیانووی پارتی كرێكارانی كوردستان) هێرشی (ئاسمانی – سەرزەویی) كردبێتە سەر باشووی كوردستان، خێرا بەرپرسیارێتی خراوەتە سەر حكومەتی ناوەند بەو پێیەی كە حكومەتی ناوەند بەرپرسە لە پاراستنی سنوورەكان.

گەرچی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانیەكان باس لەوە دەكەن كە هاتنی پارتی كرێكارانی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی پێشوو بە پێی ڕێكەوتنی نێوان ئەو دوولایەنە بووە و تا ئەو كاتەش توركیا هیچ هێرشێكی بۆ سەر ئەو ڕێكخراوە نەكردووە، بەڵام لە دوای 1991 ەوە تا ئێستا چەندین جار هێرشی جۆراوجۆر كراوەو بۆ ئەو مەبەستەش چەندین بنكەی سەربازیی و ئەمنییان لە هەرێمی كوردستان كردووەتەوە. دواترین هێرشیش دەگەڕیتەوە بۆ سەرەتای ئەم هەفتەیەو تا ئێستاش بەردەوامەو بە دوو قۆناغی جیاواز جێبەجێكراون (چنگی هەڵۆ، چنگی پڵنگ). لە هەمان كاتیشدا بەغداد و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەڵوێست و كاردانەوەی خۆیان هەبووەو زۆرترین كاردانەوەشیان دەركردنی بەیاننامەی ناڕەزایەتی و بانگكردنی باڵیۆزوكۆنسووڵەكانی ئەو وڵاتە زیاتر تێنەپەڕیوە.
بە پێی ڕاپۆرتێكی سایتی –بەغداد پۆست- بۆ گفتوگۆكردنی زیاتر لە بارەی دۆسیەی پارتی كرێكارانی كوردستان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق وابڕیارە شاندێكی تایبەت لە توركیاوە سەردانی بەغداد بكەن، ئەوە لە كاتێكدایە كە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە كە پێویستە هەموو دراوسێكانی ڕێز لەسەروەریی عێراق بگرن.
بە پێی سەرچاوەكەی بەغداد پۆست رۆژی پێنج شەمەی ڕابوردوو كاتێك باڵیۆزی توركیا – فاتح یەلدز- بانگهێشت كراوە باس لەو كراوە باكووری ئەو وڵاتە كەمەبەستی هەرێمی كوردستان بووە چەند ساڵە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە  لە نێوان هەردوو وڵاتدایەو یەكلایی نەبووەتەوە.
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانیەكە كە ئەویش لە سەرچاوەیەكی ئاگاداریی سیاسی عێراقەوە وەریگرتووە ئەو تەوەرانەی بڕیارە باسی لێوەبكرێت بریتین لە : دۆسیەی پارتی كرێكارانی كوردستان، بوون و مانەوەی هێزی سەربازیی و هەواڵگریی توركیا لە سەر خاكی عێراق، پەیوەندییە بازرگانیەكان و لە هەمووشی گرنگتر دۆسیەی ئەو نەوتەی كە بە بۆری دەچێـتە بەندەری جیهان و پاشان چۆنیەتی داڕشتنەوەی ئاسایشی سنوورەكانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیتەتی وەبەرهێنانی ئابووری توركیا لە عێراق.
بەپێی هەواڵەكەی بەغداد پۆست بەرژەوەندی هاوبەش زۆرن لە نێوان عێراق و توكیادا و ماوەیەكی زۆرە بۆ هەلێك دەگەڕێن كە تیایدا لەبارەیەوە بگەنە ئەنجامێكی دڵخۆشكەر بۆ هەردوولا، لایەنی توركیش هیچ پێناخۆش بوون یان نیشاندانی ناڕەزایەتی نیشان نەداوە لە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوانیان،
هەروەها باس لەوەش كراوە كە شاندە باڵاكەی توركیا لەچەند رۆژی داهاتوودا دەگاتە بەغداد و گفتوگۆی دابینكردنی ئاسایش و هێرشەكانی ئەم دواییەو چەند بابەتێكی دیكە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی بكەن، هەروەها لە لایەن عێراقیشەوە باس لە داهاتوو چارەنووس و مانەوەی هێزی سەربازیی توركیا بكرێت.
وەك چاودێرانیش باسی دەكەن بینانووی بوون و مانەوەی هێزە سەربازییەكان و هێرشەكانی توركیا پەیوەستە بە بوونی بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كودستان لەو سێگۆشەیەدا كە دەكەوێتە نێوان هەر سێ وڵاتی (ئێران، عێراق و توریا) و بە چیاو ناوچەكانی قەندیل بەناوبانگە. بۆیە بەدووری نازانن باسیش لە چارەنووسی ئەو هێزەش بكەن كە لە كۆتایی هەشتاكانەوە تا ئێستا بنكەو بارەگاو ئیدارەی سەربەخۆی خۆیان لێدروست كردووە.
سەرچاوەكە گوتوویەتی ئەو كێشە هەڵپەسێراوانە بە هیچ شێویەك شایانی چارەسەر نین و تەنها ڕێگە چارەش لەیەكتری گەشتنە، بەتایبەتی هەبوونی ئەو هێرشانەی كە ناوەناوە سوپای توركیا دەیكاتە سەر باشووری كوردستان و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پەكەكە، ئەوەش تەنها لەڕێگەی ئاگاداركردنەوەو ڕەزامەندی وەرگرتنەوە دەبێت، ئەگینا چارەسەركردنی بوون و مانەوەی هەردوو هێزی سەربازیی توركیا و پەكەكەش هەروا شتێكی ئاسان نیەو دەست بەردابوونیشیان هەروا بەو ئاسانییەو بە دانیشتن و دوو دانیشتنی شاندە سیاسی و سەربازییەكانی ئەو دوو وڵاتە چارەسەر نابن.

هاوكات چاودێران بە وردی دەڕواننە وەزیری دەرەوەی عێراق لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئاخۆ بەشداریی دەكات لەو كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەدا یان نەخێر، بە هەمان شێوە كەسیش نازانێـت چ هەڵوێستێكی دەبێت و پێشنیارو سەرنجەكانی چی دەبن؟ ئەوەی كەهەیە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق نوێنەرایەتی سیاسەتی وڵاتێكی خاوەن سیادەی خۆی دەكات و كاری پرۆتۆكۆلییە، بە پێی سەرچاوەكە فوئادحسین وەزیری دەرەوەی عێراق هەفتەی پێشوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا – جان ئیف لودریان-  بەتەلە فۆنی قسەیان كردووە ، گوتویەتی پێویستە لەسەر هەموو وڵاتان كە ڕێز لەسەروەریی و سەربەخۆیی عێراق بگرن، بنەمای دەستوەرنەدان پەیڕەو بكەن، كێشەكانیش لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكەن.
هەروەهاگوتوشیەتی: سیاسەتی ئەمڕۆی عێراق ئەوەیە پەیوەندی ڕێك و هاوسەنگی هەبێت لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێیدا، هەروەها جەختیشی كردووەتەوە گفتوگۆكانیان لەگەڵ پەیمانی ناتۆدا بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی پێكەوە ڕوو بەڕووی داعش ببنەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە توركیا ئەندامێكی دیاری هاوپەیمانێتی ناتۆیەو لەلایەكی دیكەشەوە تۆمەتبارە بە پەنادان و هاوكاریی كردنی داعش و لە هەمان كاتیشدا پارتی كرێكارانی كوردستان لە ڕووی یاساییەوە لای ئەوان بە پارتێكی قەدەغەكراو ناسێنراوەو لە لیستی تیرۆردایە.
سەرچاوەكەی بەغداد پۆست ئەوەی یەكلایی نەكردووەتەوە شاندەباڵاكەی توركیا لە كێ پێكدێن و بەسەرۆكایەتی كێ دەبن و كەی دەگەنە بەغداد و لەگەڵ كێ كۆدەبنەوە، بەڵام ئەوەی هەیە وەك باس دەكرێت، پێدەچێت وەزیرانی دەرەوەو نوێنەرێكی سەربازیی و میت و بازرگانی و ئابووری بن، لە هەمان كاتیشدا نەزانراوە كە پێشوازیكارانی شاندەكە لە عێراق كێ دەبن و چۆن و كەی و لەكۆێ پێشوازییان لێدەكرێت و لە هەمان كاتیشدا نەزانراوە دەرئەنجامەكان چی دەبن و لێكەوتەكانی ئەو كۆبوونەوەیەش لە سەر هەرێمی كوردستان چی دەبێت و هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش چی دەبێت.