11:53 - 22/06/2020
كەمكردنەوەی مووچە بۆ ئەم مانگە وەك ئازارشكێن وایە بۆ نەخۆشییەكی درێژخایەن
سەرەنجام ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا كە بۆ مووچەی ئەم مانگەی مووچەخۆران بە رێژەی لەسەدا 79 تەمویلی وەزارەتەكان بكات، واتا رێژەی لەسەدا 21 لە مووچەی ئەم مانگەی مووچەخۆران ببڕدرێت.
لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران چی روویدا؟
ئەگەرچی ئەو رێژەیە وەك لە راگەیەندراوی رەسمی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە تەنها بۆ مووچەی ئەم مانگەیە، بەڵام جیاواز لەو بژاردەیەش چەند بژاردەیەكی دیكە لەبەردەمی ئەنجومەنی وەزیراندا بوو، كە بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر پرێس، سەرەتا پلانەكە وابووە رێژەیەكی بەرزتر لە مووچە ببڕدرێت بەڵام بەشێك لە وەزیرەكان و تیمی وەزاری لایەنێكی دیاریكراو فشاریان كردووە كە ئەگەر هەر بڕیارە بڕێك لە مووچە ببڕدرێت ئەوا پێویستە هەرچی زیاترە رێژەی لێبڕینەكە كەمبكرێتەوە و سەرەنجام لە سەروو لەسەدا 30 دابەزێندراوە بۆ لەسەدا 21.
هەر بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە وەدەستیخستوون، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا سەرجەم وەزیرەكان رەزامەندبوون بە كەمكردنەوەی ئەو رێژە مووچەیە وەك پلانی ناچاری بۆ دەستكردن بە دابەشكردنی مووچە، تەنانەت تیمی وەزاری لایەنێكی سیاسی كە پشكی لە سەرجەم لایەنەكان زیاترە لە شەراكەتی حكومەتدا بۆ خۆیان بەیاننامەی كەمكردنەوەی رێژەكەیان نووسیوە، بەڵام دواتر لە راگەیاندنە سێبەر و شەخسییەكانیان و تەنانەت لە پەیجە بێ دایك و باوكەكانیانەوە و ئەوانەی وەك پێشتر بەشێكیان ئاشكرا بوون كە بەپارەی دزراوی چەند ساڵەی ئەم میللەتە سپۆنسەری دەكرێن و بەڕێوەدەبرێن، كەوتوونەتە درۆ و بوختان بەخشینەوە و وای نیشان دەدەن كە ئەوان دژی ئەم بڕیارە دەستە جەمعییە ناچارییەی حكومەت بوون.
ئازارشكێنێكی كاتی بۆ نەخۆشییەكی درێژخایەن..
بەپێی زانیارییە میدیاییەكان و دانپێدانانی حكومەت، ئەوەی كە ئێستا هەیە كەمكردنەوەی مووچەیە تەنها بۆ مووچەی یەك مانگ، كە دواتر بەپێی بەرواری یاسایی بڕیارە لە یەكی تەمموزی ئەمساڵەوە یاسای چاكسازی بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەپێی ئەو یاسایەش هەوڵی بنەبڕكردنی گەندەڵییەكی بێ شوماری كەڵەكەبووی 30 ساڵی دوو ئیدارەی و ئیدارەی موشتەرەكی دوو حیزبی دیاریكراو دەدرێت، بەپێی خەمڵاندنەكانیش ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجێبكرێت ئەوا مووچەی نزیكەی 70 هەزار مووچەخۆری بندیوار دەبڕدرێت كە بەپێی بۆچونی چاودێران بەشی هەرەزۆری ئەو مووچەخۆرە بندیوارە بێكارانەی بوون بە بار بەسەر مووچەخۆرانی فیعلییەوە كادیرانی حیزب و گروپە جیاوازەكانی حیزبێكی دیاریكراون، هەربۆیە رایەك هەیە پێیوایە كە ئەم شینەی ئێستا حیزبێك دەیكات "بۆ هەریسەكەیە نەك بۆ ئیمام"، بە واتایەكی تر ئەم ژاوەژاوەی دەنرێتەوە ئامانج لێی پەخستنی پرۆسەی چاكسازی و پاككردنەوەی تۆماری مووچەخۆرانی فیعلی هەرێمی كوردستانە و هەولێكە بۆ دروستكردنی لەمپەڕ لە بەردەمیدا.
دەتوانرێت چاكسازی بكرێت؟
ئێستا هەرێمی كوردستان لە رەوشێكدایە كە لە مانگی حوزەیراندا فەرمانبەر و خانەنشین و مووچەخۆرەكانی چاوەڕوانی مووچەی مانگی شوبات دەكەن، ئەوە جگە لە بلۆككردنی چەندین مووچەی مانگەكانی ساڵانی رابردوو و پاشەكەوتكردنی بڕێكی زۆری ئەو مووچانەش كە دابەشكراون،
بەپێی ژمارە فەرمییەكان
كۆی گشتی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان 1.255.323 (یەك ملیۆن و دووسەد و پەنجاو پێنج هەزار و 323) مووچەخۆرن
لەو ژمارەیە
كارمەندی مەدەنی = 430.231 (چوارسەد و سی هەزار و دووسەد و سی و یەك) مووچەخۆر
سەربازی = 217.979 (دووسەد و حەفدە هەزار و نۆسەد و حەفتا و نۆ) مووچەخۆر
پۆلیس و ئاسایش = 104.699 (سەد و چوار هەزار و شەشسەد و نەوەت و نۆ) مووچەخۆر
خانەنشین = 246.269 (دووسەد و چل و شەش هەزار و دووسەد و شەست و نۆ) مووچەخۆر
دەستەبەری كۆمەڵایەتی = 159.158 (سەد و پەنجا و نۆ هەزار و سەد و پەنجا و هەشت) مووچەخۆر
شەهیدان = 96.937 (نەوت و شەش هەزار و نۆسەد و سی و حەوت) مووچەخۆر.
ئەگەرچی هەر خودی ئەم ژمارانە سەلمێنەری ئەوەن كە هەرێمی كوردستان بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانەكەی كراوەتە هەرێمێكی موچەخۆری بەرخۆر كە دەوترێت بەشی زۆری بۆ ململانێی حیزبی و كڕینی دەنگدەر و كۆكردنەوەی خەڵك بووە لە دەوری دوو حیزب لەسەر حسابی حكومەت، هاوكات گومانی گەورە لە وردەكاری ئەو ژمارانەدایە كە سیخناخ بن لە مووچەخۆری وەهمی و كەسانی ناشایستە و كەسانێك كە لە یەك كاتدا لە یەك مووچە زیاتریان هەبێت، ئەوە جگە لە جۆرێك لە بێكاری دەمامكدار لە هەرێمی كوردستان كە لەناو خەڵكی هەرێمەكەدا پێیان دەوترێت "بندیوار" كە گوزارشتە لە كەسانێك بێ ئەوەی هیچ كار و بەرهەم و دەوامێكیان هەبێت لەسەر حسابی حكومەت مووچە وەردەگرن، كە بە بڕوای شارەزایانی دارایی ئەم بندیوار و مووچەخۆرە ناشایستە و وەهمییانەی حیزب بوونەتە مایەی ئەوەی كۆی مووچەخۆرانی فیعلی هەرێمەكە تووشی قەیران بن و زیاتر لە 50 رۆژ لەنێوان دوو مووچەدا چاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەی چەندین مانگ و ساڵ پێش ئێستایان بن. لە هەمان كاتدا ماوەیەك پێش لە ئێستا جێگری پارێزگاریی هەڵەبجەی باسی لەوە كرد لە بانكی پارێزگاكەیان ژمارەیەك خەڵكی رۆهەڵاتی كوردستان پارەی خانە نشینیەكانیان وەرنەگرتووەو ئەوەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو كە خەڵكی ناشایستە بە هۆكاریی جیاواز كراونەتە بار بەسەر مووچە خۆرانی فیعلی هەرێمی كوردستانەوە.