ڕاپۆرتی کوردستانی

06:08 - 21/06/2020

سلێمانی خراپترین پارێزگای عێراقە و بووەتە كانگای تووشبوون و مەرگ بە كۆرۆنا‌

پەیسەر

وەزارەتی تەندروستی عێراق لەسەر بنەمای ژمارەی توشبوان و ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە پارێزگاكانی ریزبەند كردووە بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشەوە، لە ریزبەندییەكەشدا دەردەكەوێت كە پارێزگای سلێمانی بەراورد بە رووبەر و ژمارەی دانیشتوانەكەی مەترسیدارترین و گرفتارترین پارێزگایە و كۆرۆنا بە تەواوی تێیدا بڵاوبووەتەوە.

ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە تا رۆژی 20/حوزەیرانی 2020ی كردووەتە نمونە، بەپێی ئامارەكان ژمارەی توشبوان بەپێی ریزبەندی پارێزگاكە بەمجۆرەیە:-

بەغداد : 12.499 توشبوو
سلێمانی: 2114 توشبوو
بەسرە: 1972 توشبوو
واست: 1584 توشبوو
نەجەف: 1336 توشبوو
میسان: 1324 توشبوو
زیقار: 1161 توشبوو
كەربەلا: 923 توشبوو
بابل: 903 توشبوو
هەولێر: 790 توشبوو
دیوانیە: 640 توشبوو
كەركوك: 603 توشبوو
دیالە: 581 توشبوو
ئەنبار: 320 توشبوو
موسەنا: 295 توشبوو
سەلاحەدین: 158 توشبوو
دهۆك: 141 توشبوو
نەینەوا : 137 توشبوو


لەپاڵ ئەو ژمارانەی توشبوواندا، وەزارەتی تەندروستی عێراق بە هەمان ریزبەندی ژمارەی ئەو كەسانەشی تۆماركردووە كە بە پەتاكە گیانیان لەدەستداوە لەو ماوە دیاریكراوەدا كە ئەویش بەجۆرێكە:-


بەغداد 494 كەس
سلێمانی 71 كەس
بەسرە 39 كەس
واست 38 كەس
نەجەف 24 كەس
میسان 35 كەس
زیقار 45 كەس
كەربەلا 31 كەس
بابل 25 كەس
هەولێر 12 كەس
دیوانیە 21 كەس
كەركوك 22 كەس
دیالە 33 كەس
ئەنبار 15 كەس
موسەنا 16 كەس
سەلاحەدین 4 كەس

 
بەم ریزبەندییەش بێت دەردەكەوێت كە سلێمانی بە هەمان شێوە لەدوای بەغداد زۆرترین حاڵەتی گیانلەدەستدانی لەسەر ئاستی عێراق تۆمار كردووە، بەڵام كۆمەڵێك پرسیار دێنە پێشەوە كە پێویستیان بە وەڵامی ماتماتیكییە، ئایا ژمارەی دانیشتوان لەنێوان بەغداد و سلێمانیدا، چەند جیاوازن؟.

 با بە ژمارە وەڵام بدرێنەوە
بەپێی دواین سەرژمێری عێراق كە لە ساڵی 2014دا لە عێراق ئەنجامدراوە، ژمارەی دانیشتوان لە پارێزگای بەغداد بە 7.665.000 (حەوت ملیۆن و شەش سەد و شەست و پێنج هەزار) كەس دەستنیشانكراوە، بەڵام ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی 1.937.000 (یەك ملیۆن و نۆسەد و سی و حەوت هەزار)كەسن، كەواتە ژمارەی دانیشتوانی بەغداد نزیكەی 4 هێندەی ژمارەی دانیشتوانی سلێمانییە.

هەر بەپێی تۆمارەكانی دواین سەرژمێری، ژمارەی دانیشتوانی بەسرا 2.796.000 (دوو ملیۆن و حەوتسەد و نەوەت و شەش هەزار) كەسن و دانیشتوانی پارێزگای نەینەواش (3.500.000) (سێ‌ ملیۆن و پێنجسەد هەزار)كەسن، واتا بەو دوو پارێزگایە دانیشتوانەكەیان 3 هێندەی سلێمانییە بەڵام بە هەردوكیان تەنها 2.106 (دوو هەزار و سەد و شەش توشبوو) و تەنها 38 حاڵەتی گیان لەدەستدانیان هەیە، واتا بە پێنج هێندە دانیشتووەوە ژمارەی توشبوانیان لە ژمارەی تووشبووانی سلێمانی كەمترە و بە تەنهاش سلێمانی لە هەردوو ئەو پارێزگایانە ژمارەی گیانلەدەستدانی زیاترە.

خۆ ئەگەر ئەو ژمارانەی سەرەوە كە پشتیان بە ئاماری رەسمی تەندروستی عێراق بەستووە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان بكەینە رێژە ئەوا رێژەكان بەجۆرێك دەبن كە :-

رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا
بەغداد 0.16%ی دانیشتوانەكەی توشی كۆرۆنا بوون.
بەسرە 0.7%ی دانیشتوانەكەی تووشی كۆرۆنا بوون
نەینەوا 0.0.3%ی دانیشتوانەكەی توشی كۆرۆنا بوون
سلێمانی 0.10%ی دانیشتوانەكەی تووشی كۆرۆنا بوون


رێژەی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا
بەغداد 0.006ی دانیشتوان بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە
بەسرە 0.001ی دانیشتوان بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە
نەینەوا 0.000ی دانیشتوان بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە
سلێمانی 0.00.3ی دانیشتوان بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە


واتا بەغداد كە ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاتر لە 4 هێندەی سلێمانییە تەنها 2 هێندەی سلێمانی حاڵەتی گیانلەدەستدانی هەیە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانەكەی، بەڵام سلێمانی بە تەنها 3 هێندەی بەسرا و نەینەوا ژمارەی گیانلەدەستدانی هەیە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانەكانیان.

بە بڕوای چالاكانی بواری تەندروستی، ئەم ئامارە مەترسیدارانەی سلێمانی پێویستی بە بەدواداچوونی ورد هەیە و پێویستە لێكۆڵینەوەی جدی لەوە بكرێت بۆچی سلێمانی بووە كانگای كۆرۆنا و مەترسیدارترین پارێزگای عێراق؟

هاوكات پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارەش بدرێتەوە كە لە ئامارەكانی رابردوودا لەكاتێكدا تەندروستی سلێمانی لایزبەندی یەكەمی پارێزگاكانی عێراقی گرتبوو بۆچی ئێستا بووەتە نا تەندروستترین و مەترسیدارترین پارێزگا؟

ساڵی 2014 لە سەروبەندی شەڕی گروپی تیرۆریستی داعش و سەرەتای بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە،  وەزیری تەندروستی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان بە رەسمی رایگەیاند: 
"قەیرانی دارایی و جەنگی دژ بە تیرۆر و كەمی بڕی ئەو دەرمانەی لە بەغداوە بۆ هەرێم دێت، هاوكات نەمانی ڕێگەی وشكانی كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر كەرتی تەندروستی لە هەرێمدا".

وتیشی:" سەرباری ئەو ئاستەنگانە، كەرتی تەندروستی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە شاری سلێمانی بە پلەی یەكەم دێت و زۆر نزیك بۆتەوە لە ستانداردی جیهانی، ئامارەكانی یونسێف و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەیان بەوە كردوە سلێمانی پێشەنگی تەندروستی پارێزگاكانی عێراقە.

بە بڕوای چاودێران، ئێستا كە سلێمانی لە لوتكەوە داتەپیوەتە خراپترین ئاست، زیاتر لە لێكەوت یان هۆكارێكی هەیە، بۆ نمونە رۆژی شەممە 20/6/2020 بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەبەردەمی مایكی كەناڵەكانی راگەیاندندا دەڵێت، بەرپرسانی شارەكەی ئاگاداركردووەتەوە كە ئەو رەوشەی ئێستا لە سلێمانی هەیە لە هەر شارێكی دونیادا هەبوایە لە 15 رۆژ كەمتر كەرەنتین نەدەكرا، بەڵام بڕیاری كەرەنتینەكردن نادرێت.

لە لایەكی دیكەوە لە سەروبەندی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەڵمەتێكی بە سیاسیكردن و قۆستنەوەی كارەساتەكە بۆ دەستكەوتی شەخسی و حیزبی لە میدیا و سۆشیال میدیادا دەستیپێكرد و هەوڵدرا وا وێنا بكرێت كە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان راست نییە و خەڵك هان دەدرا پابەند نەبێت بە رێكارەكانی خۆپاراستن و بە پێچەوانەی هەموو جیهانەوە لەكاتێكدا جیهان هەوڵی كەمكردنەوەی قەرەباڵغی دەدا، لە سلێمانی هەوڵی گردبوونەوە و خۆپیشاندان دەدرا، كە سەرەنجام تەندروستی شارەكە هەرەسی هێنا و یاسا و داواكاری گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش تەنها رۆڵی تەماشاكەریان بینی.