05:19 - 17/06/2020
شاندى هه‌رێم چاوه‌ڕێى فه‌رمووى به‌غدایه
گه‌ڕى نوێى گفتوگۆكانى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى ناوه‌ندیى عێراق، چاوه‌ڕێى گڵۆپى سه‌وزى كابینه‌كه‌ى مسته‌فا كازمییه، كه‌شى دانوستانه‌كان به‌راورد به دانوستانه‌كانى زستانى رابردوو گه‌رم و توندتره، به‌غدا ده‌یه‌وێت تا دوا نه‌فه‌س سه‌برى هه‌ولێر تاقى بكاته‌وه، حكومه‌تى هه‌رێمیش ده‌خوازێت له‌ژێر فشارى زۆرى بێ پاره‌ییدا هه‌موو شتێك له‌سه‌ر مێزى دانوستان دانه‌نێت.
حكومه‌تى به‌غدا مانگى رابردوو له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینى ره‌زامه‌ندى بۆ ره‌وانه‌كردنى ٤٠٠ملیار دینار بۆ هه‌رێمى كوردستان، ٣٠رۆژى وه‌ك ماوه‌ى دانوستان دیاریكرد بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڵام به‌غدا ئێستا سه‌ردانى شاندى هه‌ولێرى راگرتووه.
لێك نزیك نین
به‌پێى زانیارییه‌كانى به‌غدا، سه‌قفى داواكارییه‌كانى به‌غدا ساردوسڕییه‌كى خستووه‌ته نێو ره‌وتى دانوستانه‌كانه‌وه، به‌جۆرێك به‌غدا نوسراوێكى ئاڕاسته‌ى هه‌رێمى كوردستان كردووه، داواى كۆى لیستى داهاتى گومركى ده‌كات، هاوكات نیوه‌ى داهاتى ده‌روازه سنورییه‌كانى ده‌وێت، به‌و جۆره‌ى كه‌خۆى چاودێرى داهاته‌كه بێت له سنووره‌كان، نیوه‌ى داهاتى ناوخۆش ده‌كات، دیسانه‌وه به چاودێرییه‌وه. تا ئێستا هه‌ردوولا له‌سه‌ر داواكارییه‌كانى خۆیان سوورن و سازش رووینه‌داوه، بۆیه تا ئێستا لێك نزیك نین، ئومێدى رێككه‌وتن زۆر نییه لە وه‌ره‌قه‌ی هه‌ردوولادا خاڵى هاوبه‌شى كه‌من.
"چاوڕێى به‌غداین"
فارس عیسا نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له به‌غدا به په‌یسه‌ر پرێس-ى راگه‌یاند، شاندى هه‌رێم چاوه‌ڕوانى لایه‌نى عێراقیین، ئێمه ئاماده‌ین چاوه‌ڕوانى ئه‌وانین هه‌ر وه‌ختێك ئه‌وان حازربوون ئێمه دێین.
سه‌باره‌ت به دوورى و نزیكى هه‌ردوولا نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌به‌غدا ده‌ڵێت:"هیچ لێك دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ك نییه، دوو بابه‌ت باس ده‌كرێت، دارایى و نه‌وت، تا ئێستا وه‌زیرى نه‌وت نه‌بووه، له‌به‌رئه‌وه‌ى دواكه‌وتووه، ئه‌ویش خۆى رێكده‌خات".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه ئایا ئه‌گه‌رى رێككه‌وتن هه‌یه له‌م سه‌ردانەى دوایى فارس عیسا ده‌ڵێت:"به‌رۆحیه‌تى رێككه‌وتن دێنه به‌غدا و تا ئێستا دیار نییه سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێم به‌شدار بێت له شانده‌كه، ئه‌وه‌ى هه‌یه شانده‌كه‌ى پێشوون". جه‌ختیكرده‌وه ئه‌وان وه‌ك هه‌رێم ئاماده‌ن بۆ گفتوگۆ هه‌رچى زوو دانوستان بكرێت باشتره.
ناوه‌ڕاستى ئه‌م هه‌فته‌یه، مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران رایگه‌یاند:"هەر کاتێك برایانمان لە حکومەتی فیدراڵی ئامادەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانمان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، ئامادەم سەردانی بەغدا بکەم".
به گوته‌ى فارس عیسا تا ئێستا ئه‌وه‌ى كه زانراوه تا ئێستا ئه‌ندامانى شانده‌كه هه‌مان شاندى پێشوون، به‌وپێیه بێت تا ئێستا كۆدى نه‌رم به حكومه‌تى هه‌رێم نه‌گه‌یشتووه بۆ رێككه‌وتن، ئه‌گه‌رچى خالید شوانى وه‌زیرى كاروبارى هه‌رێم بۆ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ڵێت:" ئه‌و مه‌سیجانه‌ی كه له به‌غداوه به كورد ده‌گات نیه‌تێكی تێدا به‌دی ده‌كرێت".
هه‌رچۆنێك بێت ده‌بێت بڕۆن
جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ په‌یسه‌ر پرێس ده‌ڵێت:"مه‌رجه‌كانى به‌غدا هه‌رچه‌ند قورس بن، ده‌بێت هه‌رێمى كوردستان بچێته به‌غداو له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ دابنیشن، كار بۆ سوككردنى مه‌رجه‌كان بكه‌ین، خۆزگه ئابوورى هه‌رێم ئه‌وه‌نده به‌هێزبا بێ منه‌ت حكومه‌ت قاچى له‌سه‌ر قاچ دانابا، به‌ڵام ناتوانێت مووچه‌ى ئه‌م مانگه بده‌ن، كه ناتوانێت ده‌بێت بچێته به‌غدا و گفتوگۆ بكەن".
به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت
په‌رۆشى بۆ دانوستان دابه‌زاند
ئه‌و په‌رله‌مانتاره پێى وایه، به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت وایكردووه شاندى هه‌رێمى كوردستان ساردبێته‌وه له دانوستان به‌ڵام ئه‌وه به هه‌ڵه ده‌زانێت:"ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌یه، نه‌وت زۆر به‌رزبێته‌وه هه‌ر ناچنه به‌غدا، تۆزێك به‌رزبوو وا هه‌ست ده‌كه‌ن هه‌ڵوێستیان به‌هێز ده‌بێت به‌ڵام هێزى هه‌رێم له نرخى نه‌وت نییه".
جه‌مال كۆچه‌ر باسى له‌وه‌كرد، به‌رامبه‌ر راده‌ستكردنى هه‌ر داهاتێك له هه‌رێمه‌وه، له ناوه‌نده‌وه پاره دێت، بۆیه جێبه‌جێكردنى داواكارییه‌كانى به‌غدا به‌ماناى ئه‌وه نییه، كه هه‌رێم هه‌موو شت له ده‌ست بدات.
جارێ دیارنییه ره‌وتى ئه‌مجاره‌ى گفتوگۆكان به چ لایه‌كدا وه‌رده‌گه‌ڕێت، به‌ڵام پێچه‌وانه‌وه‌ى ناڕه‌زایى و جۆش و خرۆشى خه‌ڵك بۆ چاره‌سه‌رى كێشه داراییه‌كان، هێشتا ئه‌و گه‌رموگوڕییه له‌سه‌ر مێزى دانوستانى هه‌ردوولا نابینرێت، به‌غدا پێى وایه به فشارى زیاتر هه‌موو شتێك به چنگى هه‌رێم ده‌رده‌هێنێت، هه‌رێمیش ده‌یه‌وێت به تێپه‌ڕاندنى كات دۆخى ئابوورى بگیریسێته‌وه‌و به‌هێزێكى زیاتره‌وه بچێته سه‌ر مێزى دانوستان.