ڕاپۆرتی کوردستانی

12:28 - 10/06/2020

به‌ سیاسیكردنى كۆرۆنا له‌ هه‌رێم به‌كوێمان ده‌گه‌یه‌نێت؟‌

پەیسەر

له‌ زۆرینه‌ی وڵاتانی جیهان له‌كاتی قه‌یران و ئاڵۆزی و ململانێ ناكۆكیه‌كان وه‌لاده‌نرێن، و هه‌موان به‌یه‌ك تیم سه‌رقاڵی تێپه‌راندنی قۆناغ و دۆخه‌ نائاسایی و دژواره‌كه‌ن، له‌سه‌ر ئاستی جیهان كۆرۆنا بووه‌ خاڵێكی تری ناكۆكی نێوان وڵاته‌ كێبڕكێكاره‌كان، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا كۆڤید ١٩ی به‌ ڤایرۆسی چینی وه‌سف كرد، ئه‌مه‌ دواتر به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له‌میدیاكان ره‌نگیدایه‌وه‌.

ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مریكا سی ئای ئه‌ی له‌ راپۆرتێكدا كه‌ ئاژانسی بلۆمبێرگ بڵاویكرده‌وه‌  چینی به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد، كه‌ قه‌باره‌ی راسته‌قینه‌ی ڤایرۆسی كۆڤید 19ی شاردۆته‌وه‌، و راپۆرته‌كه‌ی سی ئای ئه‌ی ئاراسته‌ی كۆشكی سپی كرا.

له‌به‌رامبه‌ردا رۆژی 2ی نیسان هواچونینگ وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند"مامه‌ڵه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی ڤایرۆسی كۆڤید 19 ڕوون و شه‌فاف بووه‌ به‌ڵام به‌شێك له‌ به‌رپرسانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌یانه‌وێت په‌نجه‌ی تۆمه‌ت ئاڕاسته‌ی چین بكه‌ن، ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ نامانه‌وێت بچینه‌ ده‌مه‌قاڵه‌ له‌گه‌ڵیان به‌ڵام ناچارین له‌به‌رده‌م ئه‌و شیكردنه‌وه‌ و ده‌رهاویشته‌ ئه‌خلاقیانه‌ی ئه‌وان ڕوونكردنه‌وه‌ بده‌ین".

كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان
له‌گه‌ڵ تۆماركردنی یه‌كه‌م حاڵه‌تی توش بوون به‌كۆرۆنا هاوڵاتیان و حزبه‌ سیاسیه‌كان دابه‌شی دووبه‌ره‌بوون، حكومه‌ت و حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان رێكاری توندیان گرته‌ به‌ر و ئاماری توش بووانیان بڵاوده‌كرده‌وه‌، له ‌به‌رامبه‌ردا چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی و په‌رله‌مانتارێك گومانیان ده‌خسته‌ سه‌ر راستی و دروستی توشبووان و دۆخی ته‌ندروستیان، ئه‌مه‌ش هێنده‌ی تر هاوڵاتیانی دردۆنگ كرد ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی په‌یره‌وی رێكاره‌ ته‌ندروستیه‌كان بكه‌ن یان نا.

به‌شێك له‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی نه‌یاری حكومه‌ت بوون بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌هۆی له‌ قه‌یرانێكی قوڵی داراییدا و توانای پێدانی موچه‌ی نیه‌ به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌ بۆیه‌ كۆرۆنا وه‌ك بیانوی كه‌ره‌نتینه‌كردنی خه‌ڵك به‌كارده‌هێنێت، له‌به‌رامبه‌ردا به‌رپرسانی هه‌رێم به‌به‌رده‌وامی جه‌ختیان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی رۆژانه‌ چه‌ندین ملیۆن دۆلار زیان به‌داهاتی حكومه‌ت گه‌یشتووه‌ به‌هۆی داخستنی مه‌رزه‌كان و راگرتنی ده‌وامی فه‌رمانگه‌كان به‌ڵام ئه‌و بژارده‌یان هه‌ڵبژاردووه‌ له‌پێناوی پارێزگاریكردن له‌دۆخی ته‌ندروستی هاوڵاتیان.

حكومه‌ت نه‌یتوانی گله‌یی هاوڵاتیان كۆتایی پێ بهێنێت
ئه‌وه‌ی كه‌ره‌نتینه‌ی هه‌رێمی له‌ كه‌ره‌نتینه‌ی هه‌موو وڵاتانی جیهان جیاكرده‌وه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم، نه‌یتوانی له‌كاتی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا نه‌ك هه‌ر پێداویستیه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هاوڵاتیان دابین بكات، ته‌نانه‌ت نه‌شیتوانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش بدات، هه‌روه‌ها بڕیاریدا كه‌ ده‌بێت كۆمه‌ك و هاوكاری خێرخوازی هاوڵاتیانیش له‌رێگه‌ی حكومه‌ته‌وه‌ بێت، دابین نه‌كردنی پێداویستیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی خه‌ڵك و گرتنه‌به‌ری رێكاری توندی كه‌ره‌نتینه‌ وایكرد ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانی چه‌ندین شار و شارۆچكه‌ی لێ بكه‌وێته‌وه‌.

كۆرۆنا وه‌ك چه‌كێكی سیاسی
وه‌ك هه‌ر دۆسیەیە‌كی تر له‌هه‌رێمی كوردستان، كۆرۆنا بووه‌ چه‌كێكی سیاسی و هه‌ندێك هێز و حزب له‌دژی یه‌كتر به‌كاریان هێنا، رۆژی 8-6-2020 ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لێدوانێكی بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا رایگه‌یاند:"خه‌ڵكیان به‌قاچاخ له‌ سنوره‌كانه‌وه‌ ئاسانكارییان بۆكراوه‌ و هێنراونه‌ته‌وه‌ ناو شاره‌كانی هه‌رێم و‌ خه‌ڵكی تریش، جگه‌ له‌ ئێران و شاره‌كانی تری عیراق له‌ وڵاتانی تری ده‌ره‌وه‌ هێنراونه‌ته‌وه‌، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی توشبووانی كۆرۆنا زیاد ببێت له‌هه‌رێمی كوردستان به‌وهۆیه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی كاره‌ساتی گه‌وره‌ ده‌كه‌ین له‌كوردستان، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌زموون و حكومه‌تی هه‌رێم ناشرین بكه‌ن". 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماده‌یى خۆى ده‌ربڕى بۆئه‌وه‌ى به‌ به‌ڵگه‌وه‌ قسه‌كانى خۆى بسه‌لمێنێت،
وته‌كانی سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی پارتی و یه‌كێتی له‌دۆخێكی خراپدایه‌ و سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتیش ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی ده‌ستنیشان نه‌كرد كه‌ له‌پشت هێنانی خه‌ڵكه‌وه‌ن به‌قاچاخ، هه‌روه‌ها پارتی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و هه‌رێم و وه‌زیره‌كانی ناوخۆ و ته‌ندروستی له‌لایه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ رێگری له‌هێنانی خه‌ڵك به‌قاچاخ.

خه‌ڵك باجی تێكه‌ڵكردنی كۆرۆنا و سیاسه‌ت ده‌دات
رۆژی 9-6-2020 فرسه‌ت سۆفی پارێزگاری هه‌ولێر له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند:"هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن پرسی كۆرۆنایان تێكه‌ڵ به‌ بابه‌ته‌ سیاسییه‌كان كرد و به‌م هۆیه‌وه‌ خه‌ڵكیان ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ كردووه‌ته‌وه‌".
 
راشیگه‌یاند:"له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای كۆرۆنا له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، خودی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جددی بوو كه‌ ژیانی هاووڵاتیان بپارێزرێ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ خۆی چاودێریی شوێنه‌كانی كردووه‌ و له‌ هه‌ر كوێیه‌ك قه‌ره‌باڵغی هه‌بووبێت، ئه‌وانی ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌. به‌ڵام دواتر هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن بابه‌ته‌كه‌یان تێكه‌ڵی پرسی سیاسی كرد، ئێستا رۆژ به‌ ڕۆژ دۆخی هه‌رێمی كوردستان خراپتر ده‌بێت، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی سنووری هه‌ولێر به‌ ته‌واوی ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی نه‌گرنه‌ به‌ر، ئێمه‌ به‌ره‌و مه‌ترسیی زیاتر هه‌نگاو ده‌نێین".

پارێزگاری سلێمانی له‌ هه‌ركه‌سێك زیاتر نیگه‌رانیى تێكه‌ڵكردنی سیاسه‌ت و كۆرۆنایه‌، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر له‌ په‌یامێكدا ده‌ڵێت:"بڕوا به‌ هیچ گومان و پڕوپاگه‌نده‌و شه‌ڕێكی ده‌روونیی‌و ئه‌جێندایه‌كی سیاسیی‌ و تێكه‌ڵكردنی دۆزه‌كان، مه‌كه‌ن، له‌ ڕابردوودا باوه‌ڕكردنی به‌شێكتان به‌وانه‌، ئه‌م كاره‌ساته‌ی خوڵقاند، له‌ ڕاستیی مه‌ترسیی‌و بوونی ڤایرۆسه‌كه‌ی كه‌منه‌كرده‌وه‌، له‌ ئێستادا ئه‌و كه‌س‌ و لایه‌نانه‌ كه‌ ڕاكانیان به‌ درۆ گه‌ڕاون، بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی باری لاری خۆیان گومان له‌سه‌ر ئه‌رك و چالاكیی‌و خزمه‌ت‌و خۆنه‌ویستیی‌و خۆبه‌خشیی‌و دڵسۆزیی داموده‌زگاكان‌و كه‌رتی ته‌ندروستیی دروست ده‌كه‌ن، مه‌هێڵن متمانه‌تان بكه‌وێته‌ چاڵه‌كانی گومانه‌وه‌".