10:13 - 10/06/2020
شەش تەوەری گفتوگۆی نێوان ئەمەریكا و عێراق ئاشكرا دەبێت
بە پێی
ڕاپۆرتێكی رۆژنامەی شرق الاوسط عێراق و
ئەمەریكا لە گفتوگۆی بەردەوامدان و بڕیارە
لە چەند کاتژمێری داهاتوو گفتوگۆی ستراتیژی نێوان واشنتۆن و بەغدا لەڕێگەی ڤیدیۆ
کۆنفرانسەوە بەڕێوەبچێت و لەو گفتوگۆیەدا چەند تەوەرێک لەنێوان هەردوولا تاوتوێ
بکرێت کە گرنگترینیان مانەوەی هێزەكانی ئەمریکایە لە عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان
ئێران و عێراقە..
دەیڤید هیڵ، یاریدەدەدەری
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سیاسی كە سەرۆكایەتی شاندی ئەمریكا دەکات لە
دانوستانەکاندا ئاشكرای كردووە، لایەنی ئەمریكی جەخت لەسەر شەش خاڵی سیاسی و
سەربازی و ئابوری گرنگ دەكاتەوە كە كورتەكەی لەمانەی لای خوارەوەدایە:.
1-عێراق چەند ڕێوشوێنێك بگرێتەبەر بۆ پاراستنی دیبلۆماتکار و سەربازانی ئەمریكا و هێزەكانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەشێوەیەكی گشتی لەسەر خاكی عێراق.
2-ڕاگرتنی پشتبەستن بە ئێران بۆ بازرگانیكردن بە وزەی كارەبا و پەلەكردن لە دۆزینەوەی جێگرەوەیەكی تر.
3-دانانی سنورێك بۆ ڕۆڵی ئێران لە تێكدانی ئارامی لە عێراق و ناوچەكە و چارەسەركردنی دەستوەردانی گروپە میلیشیاكانی لەلایەن ئێرانەوە، هەروەها سنورێك بۆ دەستوەردانی ئەو وڵاتە لە كاروباری ناوخۆی عێراقدا.
4-كرانەوەی عێراق بەڕووی دراوسێ عەرەبەکانیدا و هاندانی پلانەكانی حكومەت لەو بارەیەوە كە بەمدوایانە گرتویەتیەبەركە بریتیە لە نزیك بوونەوە لە وڵاتانی عەرەبی و لەناو ئەوانەشدا عەرەبستانی سعودی.
5-دانانی ڕێوشوێنێك بۆ چۆنیەتی هاریكاریی عێراق لە بەرەنگاریكردنی پەتای كۆرۆنا و دانانی پلانێك بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە دروستبووە و عێراقیش بەڕادەیەكی زۆر پشتی بەداهاتی نەوت بەستووە.
6-یەكلاكردنەوەی چارەنووسی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە عێراقدا و ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی جارێكی تری چەكدارانی داعش.
وەك چاودێران
باسی دەكەن پێدەچێت لەنێو گفت و گۆكاندا قسەوباسی دیكە بێتە پێشەوەو بۆچوونیان لە
بارەوە ئاڵوگۆڕ بكرێت.