ڕاپۆرتی کوردستانی

03:48 - 08/06/2020

یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە 2005 وە بۆ 2020‌

پەیسەر

سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات و هەرێمەكان چەندین شێوازی هەیە، یەكێك لەوانە سەرۆكایەتییەو یەكێكی دیكەش پەرلەمانییە، هەروەها هەشیانە تێكەڵاوە، هەرێمی كوردستان لەڕێگەی یاسای سەرۆكایەتیەوە كە دەسەڵاتی بەسەر پەرلەمانیشدا دەڕوات (بەپێی یاسا) و فراوانی دەسەڵاتەكانی بووەتە هۆی رەخنەی خەڵكانی پسپۆڕو شارەزایان، هەرچەندە لێكۆڵینەوەی زۆركرا بۆ ئەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی كەم بكرێتەوە بەڵام گوێی بۆ نەگیراو تێپەڕێندرا، ئێستا كە 15 ساڵ بەسەر دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا تێپەڕ دەكات، چی لەو دامەزراوەیە چاوەڕێ دەكرێت؟ 

رۆژی 7/6/2005 پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگ یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی دەركرد بەناوی " یاسای  سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراق" لەو كاتەدا پەرلەمانی كوردستان لەلایەن عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە سەرۆكایەتی دەكرا، و تێیدا لیستی نیشتمانی دیموكراتی كوردستان كە لە (یەكێتی) و (پارتی) و هاوپەیمانەكانیان پێكهاتبوو،خاوەنی 104 كورسی پەرلەمان بوو لە 111 كورسی پرۆژەكەی پێشكەش كرد و زۆرینەی بۆ مسۆگەركرد.

یاسای سەرۆكایەتی و رەخنەی رۆشنبیران:
یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە 20 مادە پێكهاتبوو، تێیدا دەسەڵاتێكی فراوان بۆ سەرۆكی هەرێم دیاری كرابوو لەمادەی 10ی یاساكە كە بریتی بوون لە 18 دەسەڵات  بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەكەم/ سەرۆكی هەرێم ئەو یاسایانە دەردەچوێنێ كە پەرلەمانی كوردستان دەریاندەكات لەماوەی 10 رۆژدا و مافی ئەوەشی هەیە تانە لەكۆی یاساكە یان بەشێكی بدات و رەوانەی پەرلەمانی بكاتەوە.
دووەم/ لەحاڵەتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یان كۆتایی هاتنی خولەكەی سەرۆكی هەرێم لەماوەی 15 رۆژدا فەرمانێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی دەردەچوێنێ.
سێیەم/ لەماوەی 10 رۆژ لەراگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان فەرمانی بانگهێشتكردن بۆ ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بۆ كۆبونەوە دەردەچوێنێ.
چوارەم/ لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا سەرۆكی هەرێم بە فەرمانێك پەرلەمانی كوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە:
1-   ئەگەر زیاتر لەنیوەی ئەندامانی پەرلەمان دەستیان لەكاركێشایەوە.
2-   ئەگەر لەماوەی 45 رۆژدا لەبانگهێشتكردن بۆ كۆبونەوەی پەرلەمان ژمارەی یاسای ئەندامان بەدەست نەهات.
3-   ئەگەر پەرلەمان متمانەی نەدا بە ئەنجومەنی وەزیران لەسێ پێكهاتەی وەزاری جیاوازی یەك لەدوای یەك.
4-   ئەگەر سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمان گۆڕدرا و خولی هەڵبژاردنیش شەش مانگ یان كەمتری مابوو.
پێنجەم/
كاتێك هەرێمی كوردستان و سیستمە سیاسیەكەی یان ئاسایشی گشتی هەرێم یان دام و دەزگا دەستوریەكانی بكەونە مەترسیەكی ئەوتۆوە هەرەشە لەبونی بكا و پەرلەمان نەتوانێت كۆببێتەوە، ئەوە لەو بارەدا سەرۆكی هەرێم دوای راوێژ و رێككەوتن لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڕیارگەلێك دەردەكات كە هێزی یاساییان هەیە، بەمەرجی ئەو بڕیارانە لەیەكەم كۆبونەوەی پەرلەمان بخرێنە بەردەمی، خۆ ئەگەر نەخرانە بەردەم پەرلەمان و یان خرانە بەردەم پەرلەمان و پەسەندی نەكردن ئەوە ئەو بڕیارانە سیفەتی یاساییان نامێنێت.
شەشەم/
لێبوردنی تایبەت لە بەند كراوان بەپێی یاسا.
حەوتەم/
پەسەندكردنی حوكمی لەسێدارەدان یان سوككردنی بۆ بەندكردنی هەتاهەتای
هەشتەم /جاردانی باری نائاسایی بەپێی یاسایەكی تایبەت.
نۆیەم/ لەكاتی پێویستدا بانگهێشتی ئەنجومەنی وەزیران دەكات بۆ كۆبونەوەی ناچاری و گفتوگۆكردنی پرس گەلێكی دیاری كراو كە كۆبونەوەكەی بۆ دەكرێت، سەرۆكی هەرێم سەرۆكایەتی كۆبونەوەكە دەكات.
دەیەم/ لەكاتی پێویستدا و بەرەزامەندی سەرۆكی پەرلەمان رێگە دەدات هێزەچەكدارەكانی حكومەتی فیدراڵ بێنە ناو هەرێمەوە.
یانزە/ سەرۆكی هەرێم بۆی هەیە بە رەزامەندی پەرلەمانی كوردستان هێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێم بنێرێت.
دوانزە/ دوای ناونانی سەرۆكی حكومەت لەلایەن پەرلەمانەوە سەرۆكی هەرێم داوای لێدەكات كابینەكەی لەماوەی 30 رۆژدا پێكبهێنێت.
سیانزە/ كاتێك پەرلەمانی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیران یان وەزیر لە متمانە دەخات سەرۆكی هەرێم فەرمانی قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەیان دەردەچوێنێ.
چواردە/ فەرمانی قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەی ئەنجومەنی وەزیران یان وەزیر دەردەچوێنێ و داواشیان لێدەكات لە ئەرك و فەرمانی خۆیان بەردەوام بن تا وەزارەتی نوێ پێكدەهێندرێت.
پانزە/ دامەزراندنی خاوەن پلە تایبەتەكان لەسەر پێشنیازی وەزیری پەیوەندیدار و رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران.
شازدە/ دامەزراندنی دادوەران و سەرۆك و ئەندامانی داواكاری گشتی دوای پاڵاوتنیان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری هەرێمەوە.
حەڤدە/ بەخشینی پلەی سەربازی بە ئەفسەرانی هێزە چەكدارەكانی هەرێم و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ودەركردن و خانەنشینیشیان بەپێی یاسا رەچاوكراوەكان.
هەژدە/ بەخشینی نیشان و مەدالیا بەپێی یاسا.

دەسەڵاتە زۆر و زەوەندەكانی سەرۆكی هەرێم لەو یاسایەدا بووە جێگەی رەخنەی رۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی هەرێم بەجۆرێك بەشێك لەچاودێران پێیان وابوو بەدڵی لایەنێك و بەدیاری كراویش چەند كەسێك دارێژراوە، بەڵام رێككەوتنی دووقۆڵی پارتی و یەكێتی بەجۆرێك بوو هیچ لەو رەخنانە كاریگەریان لەسەر یاساكە دروست نەكرد.

یاسای دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
ماوەیەكی كەم دوای دەركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و بەدیاری كراوی رۆژی 26/7/2005 پەرلەمانی كوردستان یاسای دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراق ی دەركرد بۆ تەواوكردنی قۆناغەكانی دروستكردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم و ئەو یاسایەش لە شەش مادە پێكهاتبوو.

یاسای سەرۆكایەتی و رێككەوتنی ستراتیژی
رۆژی 27/7/2007 جەلال تاڵەبانی سكرتێری ئەو كاتەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوو حزبیان واژۆكرد، ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی هەردوولا ئامادەی بوون، بەپێی رێككەوتنەكە پۆستی یەكەمی هەرێم بۆ پارتی و پۆستی یەكەمی پشكی كورد لەعێراق بۆ یەكێتی دەبێت، زۆری نەخایاند پارتی داوای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كرد.

هەمواری یەكەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم
رۆژی 21/1/2009 پەرلەمانی كوردستان هەمواری یەكەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان-عێراق لەدانیشتنێكی نائاسایدا پەسەند كرد، تێیدا یاسای هەموارەكە لەچوار مادە پێكهاتبوو كە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم فراوانتر و زیاتر كرد، لەو كاتەشدا پەرلەمانی كوردستان لەلایەن عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە سەرۆكایەتی دەكرا.

درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان-عێراق
رۆژی 30/6/2013 پەرلەمانی كوردستان كە لەلایەن ئەرسەلان بایز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە سەرۆكایەتی دەكرا ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی بۆ ماوەی دووساڵ درێژكردەوە بەهەمان ئەو دەسەڵاتانەی لەیاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێی درابوو.

هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان-عێراق
لەدوای ریفراندۆم و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و بەدیاریكراوی لە 29/10/2017 پەرلەمانی كوردستان یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوریەكانی هەرێمی پەسەند كرد.
كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم
رۆژی 8/5/2019 پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2019 ی دەركرد بەناوی " یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێرق- هەموار و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستور.
بەمەش جارێكی تر دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كاراكرایەوە، و بەهەمان دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پێشووی هەرێمەوە سەرۆكی نوێی هەرێم لەناو پەرلەمان لەبری هەڵبژاردنی گشتی هەڵبژێردرا.

ناكۆكی لایەنەكان و پرسی سەرۆكایەتی
پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ( لەناو خەڵك یان پەرلەمان) و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم و شێوازی حوكمرانی ( سەرۆكایەتی یان پەرلەمانی) لە دوای دروست بوونی بزوتنەوەی گۆرانەوە بووە خاڵی ناكۆك لە حوكمرانی هەرێم، بەهۆی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە ساڵی 2015 دا پەرلەمانی كوردستان پەكخرا و تیمی بزوتنەوەی گۆران لەحكومەت دەكرا، ئەم ململانێیە چەند ساڵێكی خایاند.

سەرۆكایەتی هەرێم و دەستوری هەرێم
رۆژی 24/ ئابی 2009 پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی 96 ئەندام لەكۆی 97 ئەندامی بەشداربوو رەشنوسی دەستوری هەرێمی كوردستانی پەسەندكرد كە لە 122 مادە پێكهاتبوو، ئەگەرچی بڕیاردرا بخرێتە دەنگدانی گشتیەوە بۆ پەسەندكردنی یان رەتكردنەوەی، بەڵام بەشێك لەلایەنە سیاسیەكان بەهۆی دەسەڵاتە فراوانەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و شێوازی حوكمرانی دژی تێپەراندنی دەستور وەستانەوە و تا بەئەمرۆ دەگات ئەو كێشەیە چارەسەر نەكراوە.