03:38 - 08/06/2020
بۆ دابینكردنى مووچه، حكومه‌ت ده‌بێت له چییه‌وه ده‌ستپێبكات؟
تا ئێستا سه‌ره‌تاكانى یاساى چاكسازى نه‌خراوه‌ته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌یه‌وێت پێش ئه‌وه هه‌ندێك بڕیارى به‌په‌له بدات بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م دۆخه داراییه‌ى تێیكه‌وتووه، هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ رێککەوتن لێك نزیك نین، له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران مشت‌ومڕ له‌سه‌ر چه‌ند سیناریۆیه‌ك بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات گه‌رمه و بڕیاره رۆژى چوارشه‌ممه‌ى داهاتوو قسه‌ى له‌سه‌ر بكرێت و یەکلا بکرێتەوە.
زانیارییه‌كان چین؟
نێوانى هه‌ولێر و به‌غدا دیسانه‌وه ته‌قه‌ى تێكه‌وتووه، هه‌رێم مه‌رجه‌كانى به‌غدا به مه‌رجى قورس و ناواقیعى ده‌زانێت، بۆیه حكومه‌تى هه‌رێم كه‌وتووه‌ته خۆى ده‌یه‌وێت به‌په‌له چاره‌سه‌رێك بدۆزێته‌وه بۆ دابینكردنى مووچه، ئه‌م چه‌ند رۆژه مشت‌ومڕ له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌سه‌ر شێوازى دابینكردنى مووچه گه‌رمه.
چه‌ند سیناریۆیه‌ك ئاماده‌كراون و بڕیاره رۆژى چوارشه‌ممه حكومه‌ت له كۆبوونه‌وه‌ى خۆى یه‌كێك له سیناریۆكان په‌سه‌ند بكات. حكومه‌ت به‌رنامه‌ى وایه بڕى پێویست بۆ مووچه تا ئاستى ٦٠٠ ملیار و كه‌متریش كه‌م بكاته‌وه، كه ئێستا ئه‌و بڕه مانگانه ٨٩٥ملیار دیناره. حكومه‌ت ده‌یه‌وێت پێش جێبه‌جێكردنى یاساى چاكسازى چه‌ند بڕیارێكى خێرا بدات بۆ ئه‌وه‌ى مووچه‌ى پێبدرێت. بەپێی یەکێک لە سیناریۆکان باڵاترین مووچە نابێت لە سێ ملیۆن دینار زیاتر بێت. سیناریۆی دیکەش هەیە بۆ ئەوەی دەرماڵە بەپێی شایستەیی رێکبخرێتەوە.
حكومه‌ت له چییه‌وه ده‌ستپێبكات؟
سیناریۆكانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به ده‌ورى رێكخستنه‌وه‌ى مووچه‌و ده‌رماڵه‌دا ده‌خولێنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له بڕینى سه‌دا ٥٠ى مووچه‌ى هه‌موو پله باڵاكانه‌وه ده‌ستیپێكردووه، بڕیاره له مووچه‌ى مانگى داهاتووه‌وه كه‌مكردنه‌وه‌كه ده‌ستپێبكات، پله‌باڵاكان به خانه‌نشین و ئه‌وانه‌شى له وه‌زیفه‌دان نیوه‌ى مووچه‌یان كه‌مده‌كرێته‌وه. دادوه‌ره‌كان سه‌دا ٣٠ و پله‌كانى قایمقام وبه‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه سه‌دا ٢٠و سه‌دا ١٥.
به‌پێى به‌دواداچوونه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس تاوتوێكردنى سیناریۆكانى تایبه‌ت به كه‌مكردنه‌وه‌ى مووچه‌و ده‌رماڵه له كاتێكدایه، تا ئێستا حكومه‌ت ده‌ستى نه‌بردووه بۆ دۆسیه‌ى كۆمپانیا حزبییه‌كان و چاكسازى ته‌واو له داهاتى ناوخۆ‌و خاڵه سنوورییه‌كان، هاوكات حكومه‌ت تا ئێستا ده‌ستى بۆ دۆسیه‌ى خانه‌نشینى نا یاسایى نه‌بردووه‌و تا ئه‌مڕۆش داتاكانى بایۆمه‌ترى راده‌ستى وه‌زاره‌تى دارایى نه‌كراون بۆ ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى به‌پێى ئه‌و داتایانه مووچه بدات و رێگه له دوو مووچه‌و سێ مووچه بگرێت.
داتاى مووچه‌خۆران
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس له كۆى ژماره‌ى مووچەخۆرانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نها ٣٧٥ هه‌زاریان مووچه‌خۆرى مه‌ده‌نین، مووچه‌خۆرى كه‌رتى سه‌ربازى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و ناوخۆ و ئاسایش ژماره‌یان له فه‌رمانبه‌رانى مه‌ده‌نى زیاتره‌و نزیكه‌ى ٤٠٠ هه‌زار ده‌بێته‌وه ئه‌گه‌رچى مووچه‌ى كه‌رتى سه‌ربازیش ئه‌ركه له‌سه‌ر حكومه‌ت، به‌ڵام تۆمارى مووچه‌خۆرانى سه‌ربازى به‌هه‌ده‌ردانى زۆرى تێدایه‌و هیچ چاودێرییه‌كى به‌سه‌ره‌و نییه ژمێریارییه‌كانیان لاى حزبه.
بایۆمه‌ترى
به‌پێى بڕیارى رۆژى پێنجى مانگى رابردووى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، پێویستە وەزارەتى دارایى و ئابوورى مووچە تەنیا بۆ ئەو کەسانە خەرج بکات، کە لە داتابەیسى تۆمارى بایۆمەترى تۆماركراون و بە فیعلى لە خزمەتى وەزیفیدان، هەروەها مووچەى ئەو کەسانەى کە بە فیعلى خزمەتى وەزیفى ناکەن دەبڕدرێن. ئه‌گه‌ر ئه‌م بڕیاره جێبه‌جێبكرێت پاره‌یه‌كى زۆر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حكومه‌ت، كه هه‌ندێك په‌رله‌مانتار ده‌ڵێن، ٢٠٠ هه‌زار مووچه‌ى نا یاسایى ودووبارەو چەندبارەی تێدایه.
حكومه‌تى هه‌رێم پێویسته یه‌كه‌م كار بیكات له بایۆمه‌ترییه‌وه ده‌ستپێبكات، چونكه لابردنى مووچه‌خۆرى دووباره‌و نا یاسایى زۆر پێویستتره له رێكخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران.
یه‌كه‌كانى حه‌فتا و هه‌شتا
تا ئێستا هه‌ردوو یه‌كه‌كانى حه‌فتاو هه‌شتا، هیچ داتایه‌كیان راده‌ستى وه‌زاره‌تى دارایى نه‌كردووه، وه‌زاره‌تى دارایى نازانێت چه‌ند مووچه‌خۆرى راسته‌قینه‌یان هه‌یه، ئه‌گه‌رچى چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان كردووه، به‌ڵام زۆر به هێواشى هه‌نگاو ده‌نێن به ئاڕاسته‌ى جێبه‌جێكردنى یاساى چاكسازى. تا ئێستا به سولفه پاره‌یان بۆ ره‌وانه ده‌كرێت خۆیان به‌رپرسن له دابه‌شكردنى مووچه‌و یه‌كه ژمێریارییه‌كان به‌ته‌واوى حزب به‌ڕێوه‌ى ده‌بات.
كۆمپانیاكانى حزب
تائێستا حكومه‌ت ده‌ستى نه‌بردووه، بۆ فایلى كۆمپانیاكانى حزب و داهاته‌كانیان، حكومه‌ت ته‌نها له‌رێگه‌ى وه‌رگرتنه‌وه‌ى هه‌ندێك كار له‌و كۆمپانیایانه كه كارى زۆر ئاسانن و به حكومه‌ت خۆى ده‌كرێن ملیۆنان دۆلارى بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام حكومه‌ت ئه‌و كاره‌ى نه‌كردووه. له خاڵه سنورییه‌كان ئه‌و كۆمپانیانه‌ى داهاتێكى زۆریان له‌سه‌ر حسابى داهاتى گشتى ده‌ستده‌كه‌وێت. بۆ نمونه پاراستنى بۆرى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان دراوه به كه‌رتى تایبه‌ت و كۆمپانیا حزبییه‌كان له‌كاتێكدایه كه نیوه زیاترى مووچه بۆ كه‌رتى ئه‌منى ده‌چێت و ته‌نها وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌و یه‌كه‌كانى حه‌فتا و هه‌شتا نزیكه‌ى ١٦٠ هەزار میلاکیان هەیە.
چاكسازى له داهاتى نه‌وت
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپەیامێكی ڤیدیۆییدا ٢٢ی مانگی رابردوو رایگەیاند"مانگی نیسان كۆی داهاتی فرۆشتنی نەوت كە بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاوەتەوە، تەنیا ٣٠ ملیۆن دۆلار بووە" لەکاتێکدا لەو مانگەدا هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٥ ملیۆن بەرمیل هەناردەی هەبووە، واتە هەر بەرمیلێک دوو دۆلاری بۆ وەزارەتی دارایی گەڕاوەتەوە. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى نرخى نه‌وت له‌م مانگه‌دا زۆر دابه‌زى و ئێستا نرخه‌كه به‌رزبووه‌ته‌وه، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زۆر پێویستى به چاكسازى و پێداچوونه‌وه‌یه به داهاتى نه‌وت-دا، بۆ ئه‌وه‌ى داهاته‌كه زیاد بكات و داهاتێكى زیاتر بۆ وه‌زاره‌تى دارایى ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئه‌گه‌رچى حكومه‌ت هه‌رێمى كوردستان له قه‌یرانێكى كه‌مه‌ر شكێن و كه‌م وێنه‌دایه، به‌ڵام هه‌لێكى گه‌وره‌شى له به‌رده‌مه بۆ ئه‌وه‌ى له‌رێگه‌ى چاكسازیی له‌و كه‌رتانه‌وه متمانه‌ى خه‌ڵك بگێڕێته‌وه شه‌قامیش پشتیوانى هه‌نگاوه‌كانى بن، بارى سه‌رشانى خۆیشى كه‌مده‌كاته‌وه بێ ئه‌وه‌ى ناچاربێت ئه‌ركێكى ئه‌وتۆ بخاته سه‌رشانى مووچه‌خۆران.