ڕاپۆرتی کوردستانی

04:23 - 05/06/2020

شه‌ڕى كۆنتڕۆڵكردنى كۆرۆنا له‌ هه‌رێم دراوه‌ته‌ ده‌ست خه‌ڵك‌

پەیسەر

ژماره‌ى توشبووانى كۆرۆنا له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ خێرایى په‌ل ده‌هاوێت، ته‌ندروستى هه‌رێمى كوردستان له ‌دۆخى شڵه‌ژاندایه‌، كۆنتڕۆڵى كۆرۆنا له‌ هه‌رێم دراوه‌ته‌ ده‌ست خه‌ڵك خۆى و له‌ ده‌ست حكومه‌ت و وه‌زاره‌ت ده‌رچووه‌، پێچه‌وانه‌ى پێشوو ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ توشبووان پێویستیان به‌ ئامێرى هه‌ناسه‌دانه‌، رۆژانه‌ حاڵه‌تى مردن تۆمار ده‌كرێت، ئێستا ته‌نها له‌ سلێمانى ٥٠ توشبوو له‌ ژێر ئامێرى هه‌ناسه‌داندان، هیواكان هه‌مووى كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌ر خه‌ڵك.

"نه‌خۆشانى سلێمانى حاڵیان خراپه‌"

كاروانى دووه‌مى كۆرۆنا له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ سلێمانی-دا ته‌قییه‌وه‌، تا ئێستا ٢٠٠ توشبوو له‌ نه‌خۆشخانه‌كانن، ته‌ندروستى سلێمانى هه‌موو هیوایه‌كى خستووه‌ته‌ سه‌ر پابه‌ندى خه‌ڵك و ده‌ڵێن، كه‌ره‌نتنه‌ چیتر چاره‌ نییه‌. 

هێرش سه‌لیم جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى سلێمانى بۆ په‌یسه‌ر پرێس، به‌ په‌رۆشى زۆره‌وه‌ باسى له‌ خراپى دۆخى نه‌خۆشان كرد گوتى:"وه‌زعى نه‌خۆشه‌كانمان خراپه‌ به‌ڕاستى، زۆرى نه‌خۆشه‌كانمان ئێستا ئه‌وانه‌ى له‌ نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید تایه‌رن دۆخیان خراپه‌، كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌ر حاڵه‌تى ئۆكسجین و بگه‌نه‌ ئه‌وه‌ى جیهازى هه‌ناسه‌دان و شتیان بۆ دابنرێت. زیاد له‌ ١٥ نه‌خۆش حاڵه‌تیان زۆر خراپه‌".

سه‌ید سه‌لیم سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌رى روودانى كێشه‌ى كه‌مى ئامێرى هه‌ناسه‌دان گوتى، تا ئێستا كێشه‌ى كه‌مى و نه‌بوونى جیهازى هه‌ناسه‌دانیان نییه‌، به‌ڵام نه‌خۆشه‌كان زۆر هیلاكن.

"خه‌ڵك خۆى دێت بۆ پشكنین"

ئێستا ناوه‌نده‌كانى ته‌ندروستى هه‌ڵمه‌تى پشكنینیان نه‌هێشتووه‌و خه‌ڵك خۆى ده‌ڕوات بۆ پشكنین، جگه‌ له‌ به‌ركه‌وتووى توشبووه‌كان كه‌ ته‌ندروستى پشكنینان بۆ ده‌كات. دكتۆر هێرش گوتیشى:"خه‌ڵك خۆى دێت بۆ پشكنین، وه‌زعه‌كه‌ خراپه‌و باش نییه، هیوادارم لێره‌دا بوه‌ستێت، چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵك خۆى بپارێزێت". 

له‌ سلێمانى هه‌ر سێ نه‌خۆشخانه‌ى، جمهورى، شه‌هید ئاسۆ و شه‌هید تایه‌ر، تایبه‌تكراون به‌ توشبووانى كۆرۆنا، ژماره‌كان له‌ هه‌ڵكشاندان و وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى بیر له‌ بردنه‌ده‌ره‌وه‌ى توشبووه‌ بێنیشانه‌كان ده‌كاتەوە، بۆ ده‌ره‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌كان. 

تواناى له‌خۆگرتنى نه‌خۆش

له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌هه‌موو نه‌خۆشخانه‌كانیه‌وه‌، هه‌ر هه‌زار كه‌سێك 1.7 قه‌ره‌وێڵه‌یان به‌رده‌كه‌وێت، له‌كاتێكدا رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى بۆ دۆخى ئاسایى نه‌ك قه‌یران 8.1 قه‌ره‌وێڵه‌ى، بۆ هه‌ر هەزار كه‌سێك وه‌ك لانى كه‌مى پێویستیى دیاریكردووه‌، له‌ هه‌رێمى كوردستان هەزار كه‌س قه‌ره‌وێڵه‌و نویێكیان به‌رده‌كه‌وێت.

هه‌رێمى كوردستان له‌ دۆخى ئاساییدا نه‌ك دۆخى په‌تاى له‌م جۆره‌، پێویستى به‌ زیاتر له‌ 40 هه‌زار قه‌ره‌وێڵه‌ هه‌یه‌و خاوه‌نى هه‌شت بۆ نۆ هه‌زاره‌، هه‌م ژماره‌یه‌ش رێژه‌یه‌كى كه‌مى ده‌توانرێت بۆ توشبووانى كۆرۆنا سودى لێ وه‌ربگیردرێت.

پزیشك

له‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌ر هه‌زار كه‌سێك 1.3پزیشك بوونى هه‌یه‌، ته‌ندروستى جیهانى ده‌ڵێت لانى كه‌م ده‌بێت بۆ هه‌ر هه‌زار كه‌سێك 2.5 پزیشك هه‌بن. ئیسپانیا بۆ هه‌ر هه‌زار هاوڵاتییه‌كى پێنج پزیشكى هه‌یه. ‌فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا و هه‌ر هه‌زار كه‌سێك 3.5پزیشكیان هه‌یه، ئیتالیا كه‌ بۆ هه‌ر هه‌زار كه‌سێك چوار پزیشكى هه‌یه‌. 

ئامێرى هه‌ناسه‌دان

وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ته‌نها ٧٠ ئامێرى هه‌ناسه‌دانى هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هى نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كانیش حساب بكرێت ١٨٠ ئامێر هه‌یه‌، ئه‌و ژماره‌یه‌ زۆر كه‌مه‌ ئه‌گه‌ر توشبووه‌كان زیاتر به‌رزببنه‌وه‌ كێشه‌ دروست ده‌بێت.

هێشتا له‌ كۆنتڕۆڵ ده‌رنه‌چووه‌

محه‌مه‌د خۆشناو گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى بۆ په‌یسه‌ر پرێس جه‌ختى له‌ مه‌ترسى دۆخه‌كه‌ كرده‌وه‌، گوتى:"ژماره‌كان له‌ هه‌ڵكشاندایه‌، به‌ڵام ناتوانین بڵێن له‌ كۆنترۆڵ ده‌رچووه‌، تا ئێستا ده‌توانرێت چاره‌سه‌رى توشبووان بكرێت".

باسیله‌وه‌كرد، كه‌ ئێستا له‌ سلێمانى ٥٠ توشبوو پێویستیان به‌ ئامێرى هه‌ناسه‌دان هه‌یه‌ و له‌سه‌ر ئامێره‌كه‌ن، له‌ هه‌ولێریش نزیكه‌ى ١٠ حاڵه‌ت له‌سه‌ر ئامێرى ئۆكسجینن. به‌هۆى زۆربوونى ژماره‌ى توشبووانه‌وه،‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ژماره‌ى پشكنینه‌كانى رۆژانه‌ى بۆ سه‌رووى سێ هه‌زار پشكنین به‌رزكردووه‌ته‌وه‌. 

بڕیارى كۆتایى له‌ ده‌رمانه‌كان نه‌دراوه‌

له‌ هه‌رێمى كوردستان ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا كۆمپانیاى پایۆنێر به‌ فه‌رمى چاره‌سه‌رى ده‌رمانیى پێشكه‌شى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى كرد و هه‌ردوولا گرێبه‌ستێكیان واژۆكرد. 

گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى باسیله‌وه‌كرد، چاره‌سه‌ره‌ ده‌رمانییه‌كان، وه‌كو پاڵپشتى پێشتر به‌كار ده‌هات،"به‌پێى هه‌ندێك توێژینه‌وه‌ به‌م دواییانه‌ ده‌ڵێن، له‌وانه‌یه‌ سودێكى واى نه‌بێت، هه‌ندێك وڵات به‌كارى ده‌هێنن هه‌ندێك وڵات به‌كارى ناهێنن، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراقى بڕیارى كۆتایى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین". 

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئێستا سوود له‌ ده‌رمانه‌كان وه‌رده‌گرن یاخود به‌كاریده‌هێنن بۆ نه‌خۆشه‌كان گوتى:"پێویسته‌ به‌ توێژینه‌وه‌یه‌ك بڕیارى لێبدرێت. به‌كارمان هێناوه‌ بۆ هه‌موو توشبووان له‌ سلێمانى، هه‌ولێر و دهۆك، به‌ڵام بڕیاره‌كانمان داوه‌ته‌ ده‌ست لیژنه‌یه‌كى پسپۆڕ، كه‌ تاووتوێى ده‌رئه‌نجامه‌كان بكه‌ن و بڕیارى كۆتایى له‌باره‌وه‌ بدرێت". 

كۆرۆنا بووه‌ته‌ شه‌ڕێكى تاكه‌كه‌سى

محه‌مه‌د خۆشناو گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختیله‌وه‌كرده‌وه‌، به‌ ته‌نها حكومه‌ته‌كان و وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ناتوانێت رووبه‌ڕووى ئه‌و په‌تایه‌ بێته‌وه‌،"شه‌ڕى كۆرۆنا بووه‌ته‌ شه‌ڕێكى تاكه‌كه‌سى، كاریگه‌ریى خود پارێزى زۆر زیاتره‌ له‌ كه‌ره‌نتینه‌كردن، ئه‌گه‌رچى ره‌نگه‌ له‌ حاڵه‌تى ناچارى ره‌نگه‌ كه‌ره‌نتینه‌ رابگه‌یه‌ندرێت. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستى تاك خۆپارێزى نه‌كرێت كه‌رنتینه‌كردن ته‌نها شتێكى كاتى ده‌بێت".

گه‌رماو كۆرۆنا 

ئه‌گه‌رچى زۆرینه‌ى پێشبینییه‌ زانسیتییه‌كان رووه‌و ئه‌وه‌بوون كه‌ هاتنى وه‌رزى گه‌رما كۆرۆنا چالاكییه‌كانى كۆرۆنا رابگرێت، یاخود هێواشى بكاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌رێمى كوردستان پێچه‌وانه‌ى جیهان له‌گه‌ڵ گه‌رمادا ته‌قییه‌وه‌. 

محه‌مه‌د خۆشناو ده‌ڵێت:"ئه‌م داتایانه‌ى تا ئێستا، هه‌موویان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌ده‌ن چالاكییه‌كانى كۆرۆنا سنوردار ده‌بێت به‌ گه‌رما، بۆیه‌ ده‌كرێت پێشبینى ئه‌وه‌ بكه‌ین ئه‌گه‌ر له‌ وه‌رزى زستان ڤایرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت، گریمانه‌ى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ بارودۆخه‌كه‌ خراپتربێت، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و ڤایرۆسانه‌ى دووچارى كۆ ئه‌ندامى هه‌ناسه‌ ده‌بن، چالاكییه‌كانیان كه‌مده‌بێته‌وه‌ به‌ گه‌رما به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ناو ناچێت".

جیاكردنه‌وه‌ى توشبووى قورس و سووك

وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ده‌ڵێت، تا ئێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌وه‌ى ته‌نها توشبووه‌ قورسه‌كان وه‌ربگرن یاخود ئه‌وانه‌ى كه‌ نیشانه‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌ستیان به‌ جیاكردنه‌وه‌ى توشبووى بێ نیشانه‌ و نیشانه‌دار كردووه‌. وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به‌نیازه‌ بێنیشانه‌كان له‌ نه‌خۆشخانه‌كان نه‌هێڵێته‌وه‌ له‌ شوێنێكى دیكه‌ بیان هێڵێته‌وه‌ له‌ژێر چاودێرى چه‌ند كارمه‌ندێكى ته‌ندروستیدا. به‌گوته‌ى گوته‌بێژى وه‌زاره‌ت، ئه‌م كاره‌یان بۆ ئه‌وه‌یه‌ تواناى خۆیان به‌ توشبووه‌ قورسه‌كانه‌وه‌ سه‌رف بكه‌ن. 

دوا بڕیار، هاوڵاتى ده‌یدات

كاتێك له‌ پێشبینى به‌رپرسانى ته‌ندروستى ده‌پرسیت بۆ كۆرۆنا، هه‌موو یه‌ك قسه‌ دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌،"خه‌ڵك ده‌یزانێت"، ئێستا  به‌یه‌ك جاریى شه‌ڕه‌كه‌ دراوه‌ته‌ ده‌ست خه‌ڵك و خه‌ڵك شه‌ڕه‌كه‌ یه‌كلایى ده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ كه‌ره‌نتینه‌ هه‌ڵگیراوه‌ هه‌ركه‌سه‌و ده‌بێت چاودێرى خۆى بێت. خه‌ڵك بڕیار ده‌دات هه‌رێم له‌شه‌ڕى كۆرۆنا شایى یاخود شین ده‌گێڕێت.

گوته‌بێژى ته‌ندروستى دووپاتیكرده‌وه‌:"خه‌ڵك بڕیار ‌ده‌دات دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات، ده‌توانین باشترین ئه‌نجاممان هه‌بێت ئه‌گه‌ر رێنماییه‌كان جێبه‌جێبكرێـن، ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ به‌ كه‌م وه‌ربگیرێت كاره‌سات رووده‌دات".